دیمانە 02:58 - 13/03/2021

ناجی شێخ عیزه‌دین: بەهۆى قەیرانى داراییەوە (850) به‌ڵێنده‌ر مایه‌پوچ بون

+ -

 (سبەى):
سه‌رۆكی لقى سلێمانى یه‌كێتی به‌ڵێنده‌ران رایده‌گه‌یه‌نێت؛ به‌هۆی قەیرانى دارایى و كه‌ڵه‌كه‌بونی زیانه‌كان و له ‌ده‌ستچونی پاره‌ و نه‌ختیینه‌یه‌كی زۆر و نه‌بونی كاری به‌ڵێنده‌رایه‌تی له‌ ماوه‌ی شه‌ش بۆ حه‌وت ساڵی رابردودا لەكۆی‌ (1250) كۆمپانیا (850) به‌ڵێنده‌ر مایه‌پوچبونی خۆیان راگه‌یاندوه‌.

ناجی شێخ عیزه‌دین، سه‌رۆكی یه‌كێتی به‌ڵێنده‌رانی كوردستان – لقی سلێمانی، له‌ دیمانه‌یه‌ك لەگەڵ (سبه‌ی)، رایگه‌یاند؛ له ‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی قه‌ریرانی دارایی له‌ ساڵی (2014)ـه‌وه‌ (4500) پڕۆژه‌ له‌ كوردستان وه‌ستاون، ئێستا نزیكه‌ی (2000) پڕۆژه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان هەن له‌ (43%)ی له‌ شاری سلێمانییه‌ كه‌ نزیكه‌ی (1000) پڕۆژه‌ ده‌بێت.
دەشڵێت: "ئه‌و پڕۆژە نوێیانەی کە راده‌گه‌یه‌نرێت زیاتر له‌ ‌بواری رێگه‌وباندایه كه‌‌ بڕی‌ (11) ملیار دیناری بۆ ته‌رخانكراوه‌".

* دۆخى کایەى بەڵێندەرایەتى و ئەنجامدانى پڕۆژەى نوێ و کارکردن لە پڕۆژە کۆنەکان لە چ ئاستێکدایە؟
ناجی شێخ عیزه‌دین: ئه‌و پرۆژانه‌ی كه ‌هه‌ن و پێیان ده‌وترێت نوێ زۆر كه‌من، چه‌ند پرۆژه‌یه‌كن ئه‌وه‌نده‌ ده‌وریان نییه‌، پڕۆژه‌ زۆره‌كان ئه‌و پڕۆژانه‌ن كه‌ ماونه‌ته‌وه‌ له ‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی قه‌یرانی دارایی له‌ ساڵی (2014) ژماره‌یان (4500) پرۆژه‌ بون له‌ كوردستاندا، ئێستا (2500) پڕۆژه‌ دەبن، ئێمه‌ دوامانكردوه‌ پڕۆژه‌ كۆنه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مایه‌ك جێبه‌جێ بكرێن و دواتر له‌ كاتی هه‌بونی پارە و بودجەى پێویستدا پڕۆژه‌ی نوێ بكرێت. ناكرێت پڕۆژه‌ و قه‌رز و پابه‌ندبونی كۆنت له‌سه‌ر بێت و پڕۆژه‌ی نوێ رابگه‌یه‌نرێت، هه‌ندێ پڕۆژه‌ی نوێ هه‌ن (رێگه‌وبان و چاكسازییه‌كانی ‌بواری رێگه‌وبانه‌كان) ئه‌وه‌ پڕۆژه‌ نوێكانن كه‌ ئێستا نزیكه‌ی (11) ملیار دۆلار ته‌رخانكراوه‌ بۆ راده‌ستكردن كه‌ بڕیار بو له‌ پڕۆژه‌ به‌په‌له‌كان به‌ نه‌قدی بدرێت، به‌ڵام هه‌تا ئێستا نه‌دراوه‌ هیوادارین پاره‌ی پڕۆژه‌ كۆنه‌كان خه‌رجبكرێت پاشان بچنه‌ سه‌ر پڕۆژه‌ كۆنه‌كان.

* لە قەیرانى داراییدا هەموان زەرەرمەند بون، بەڵام ئێوە پێتانوابو لە زەرەرمەندە یەکەمەکانن، هۆکارەکە چى بو؟ چۆن زەرەمەند بون؟
ناجی شێخ عیزه‌دین: له‌به‌ر ئه‌وه‌ زه‌ره‌رمه‌ندی گه‌وره‌ و یه‌كه‌م له‌ پڕۆژه‌كان ئێمه‌ بوین، پڕۆژه‌كان هه‌ر ته‌وابون نییه‌، تێچویه‌كی زۆری پێویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت به‌رده‌وامی پێبدرێت له‌ كاتی وه‌ستانیشیدا، هه‌ندێ له‌ پڕۆژه‌كان له‌كاتی وه‌ستانیدا تێكده‌چێت ئه‌وه‌ ده‌بێت به‌زه‌ره‌ر و دواتریش هیچ ئایتمێك نیه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تدا له‌به‌ر كات و تێكچون ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر هاتوه‌ و بۆمان ئه‌ژماربكرێت، ئه‌و پاسه‌وان و كه‌سانه‌ی به‌دیار كاره‌كانه‌وه‌ ده‌مێننه‌وه‌ هه‌موی تێچوی ده‌وێت، ئه‌و خه‌ڵكه‌ی له‌چوارده‌وری به‌ڵێنده‌ره‌كه‌ و پڕۆژه‌كه‌وه‌ن به‌تاڵ و بێ كارده‌مێننه‌وه‌ و وه‌به‌رهێنه‌كه‌ به‌ناچاری تاماوه‌یه‌ك پاره‌یان بۆ خه‌رجده‌كات ئه‌وه‌ش ده‌بێت به‌ زیان بۆی. دواجاریش دابه‌زینی به‌های دینار و به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی دۆلار بە رێژەى (20%) ئه‌ویش كێشه‌یه‌ و له‌ پاره‌ی پڕۆژه‌كه‌ كه‌مده‌كاته‌وه‌.

* لەماوەى رابردودا چەند جارێک داواتان کرد حکومەت سلفەکانتان بۆ خەرج بکات، تا چەند ئەو داواکارییانە جێبەجێکران و ئەو پارەیەى بەڵێندەران کە لاى حکومەتە بە چەندى دەخەمڵێنن؟
ناجی شێخ عیزه‌دین: ئه‌و ئیشانه‌ی كه‌ ماون له‌ چه‌ند ساڵی داهاتودا زه‌روره‌ بكرێن ‌له‌ نێوان دو بۆ سێ ترلیۆن دیناره‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ قه‌رزه‌ و ئێستا له‌لای حكومه‌ته‌ ئاماری وردمان له‌لانیه‌‌، بەڵامبەهاکەیان نزیكه‌ی (400) ملیار ده‌بێت.

* بەپێى ئەو داتایانەى لاتانە لە سلێمانى چەند پڕۆژە لە کارکردندایە و چەند پڕۆژە وەستاوە؟
ناجی شێخ عیزه‌دین: ئێمه‌ دامه‌زراوه‌یه‌ك نین بتوانین ئه‌و ئامارانه‌ كۆبكه‌ینه‌وه‌ و ئه‌و ئامارانه‌شی لای حكومه‌ته‌ نادرێت به‌ئێمه‌، هه‌مو زانیارییه‌كان به‌ هه‌ستیاری وه‌رده‌گرن و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هیچ زانیارییه‌كی نهێنی تێدانییه‌، پێویستبو خۆیان مانگانه‌ و ساڵانه‌ زانیارییه‌كان بڵاوبكه‌نه‌وه‌، نزیكه‌ی (2000) پڕۆژه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان هەن کە له‌ (43%)ی له‌ سلێمانییه‌ و نزیكه‌ی (1000) پڕۆژه‌یه‌ك ده‌بێت.

* زۆرجار بەڵیندەران رەخنە لە حکومەت دەگرن کە سلفەکانتان بۆ خەرج ناکات، بەڵام لە هەمان کاتدا هەم حکومەت و هەم هاوڵاتیان رەخنەیان لەوە هەیە کە بەڵیندەران وەک پێویست کارەکان رایى ناکەن، هۆکارەکەى چییە؟
ناجی شێخ عیزه‌دین: ئه‌و كه‌سه‌ی ره‌خنه‌ له‌ به‌ڵینده‌ر ‌رده‌گرێت ئاگای له‌ كاری به‌ڵێنده‌رایه‌تی نییه‌، به‌ڵێنده‌ر خۆی خاوه‌ن بڕیار نییه‌ ئه‌گه‌ر ئیشه‌كانی خراپ بێت، لێپرسینه‌وه‌ له‌خۆی بكرێت، ئه‌و لایه‌نه‌ی كه‌ سه‌رپه‌رشتیاره‌ بۆی هه‌یه‌ لێپرسنه‌وه‌ له‌ به‌ڵێنده‌ر بكات.
به‌رپرسیارێتی له‌سه‌ر شانی لایه‌نی سه‌رپه‌رشتیاره‌، هه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك خراپ بێت ده‌توانێت له‌ به‌ڵێنده‌ركه‌ی وه‌رنه‌گرێت و پاره‌ی بۆ خه‌رجنه‌كرێت، بۆیە ئەوان بەرپرسیارن و گه‌له‌ییكردن له‌ به‌ڵێنده‌ر له‌ نه‌زانیینه‌وه‌یه‌.

* دەوترێت کایەى بەڵێندەرایەتیش بێبەش نییە لە قۆرخکارى و دەستوەردانى حیزبى و ئەوەش بە هۆکارێکى کێشەکان و دواکەوتنى پڕۆژەکان دادەنرێت، ئێوە چى دەڵێن لەو بارەیەوە؟
ناجی شێخ عیزه‌دین: ئه‌و رێژه‌ی كه‌مترین قۆرخكاری تێدایه‌ بواری به‌ڵێنده‌رایه‌تی بوه‌، پێش ئه‌وه‌ی بگاته‌ قۆناغی ته‌ندر و بڵاوبكرێته‌وه‌ بۆ كێبڕكێكردن له‌نێوان به‌ڵێنده‌ركاندا ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت، ناخرێته‌ ئه‌وه‌، به‌ڵام كه‌ نه‌چوه‌ ئه‌و قۆناغه‌ ئه‌وه‌ ده‌ستیان لێهه‌ڵگرتوه‌ و به‌ ئاڕاسته‌ی خۆیدا ده‌ڕوات كه‌ به‌ڵێنده‌ر له‌نێوانی یه‌كدیدا كێبڕكێ بكه‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه‌ كه‌رتێكی قورسه‌ و قازانجێكی باشیشی نیه‌ زۆر ته‌ماحیان تیایدا نه‌بوه‌.

* ئه‌م زه‌ره‌رمه‌ندیه‌ی باسی ده‌كه‌ن، چه‌ند كۆمپانیا بەهۆى قەرانە دارایى و ئابورییەکانەوە مایه‌پوچ بون؟
ناجی شێخ عیزه‌دین: تا ئێستا له‌ (1250) كۆمپانیا (850) كۆمپانیا مایه‌پوچ بون، ئەوەش نیشانەى ئەوەیە گه‌وره‌ترین زیان به‌ر به‌ڵێنده‌ران كه‌وتوه‌، ئه‌گه‌ر تێبینیتان كردبێت ئه‌وانه‌ی كه‌ چالاكن له‌ بواره‌كه‌دا به‌ڵێنده‌ران و كۆمپانیاكان نین.
ئه‌و زیان لێكه‌وتوانه‌ی باسمانكرد زه‌ره‌ری كه‌ڵه‌كه‌بوه‌ كه‌ بوه‌ته‌ هۆی له‌ده‌ستچونی پاره‌یه‌كی زۆر و نه‌ختیینه‌یه‌كی زۆر نه‌مێنێت، ئه‌و شه‌ش بۆ حه‌وت ساڵه‌ به‌بێ كارماونه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر پاره‌ی كۆنی خۆیان ژیاون.

* بڕه‌ پاره‌یه‌ك بۆ هه‌مو پارێزگاكان ته‌رخانكراوه‌ بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژە، كه‌ی ئەو پڕۆژانە ده‌چنە‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و كام پڕۆژانه‌ی پێ ته‌واو ده‌كرێت؟
ناجی شێخ عیزه‌دین: وه‌كو خه‌ڵك و ته‌نها له رێگەى شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وە ئاگاداری ته‌رخانكردنی ئه‌م بڕه‌ پاره‌یەن بۆ پارێزگاكان، به‌فه‌رمی هیچمان پێنه‌وتراوه‌، گوایە (30) ملیار بۆ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ (114) ملیار بۆ سلێمانی كه ‌به‌ رێژه‌ی له‌ (41%) بودجه‌ ته‌رخانكراوه‌كه، له‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌ كۆنه‌كان پێویست بو رێژه‌كه‌ی له‌ (43%) بێت، بۆئه‌وه‌ش پێویسته‌ ئیداره‌ی سلێمانی به‌دواداچون بكات و بزانن بۆچی له‌ (2%) كه‌می كردوه‌، ئه‌وی دیكه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ هه‌ولێر خه‌رجده‌كرێت.

بەڵام ‌تائێستا به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی هیچ به‌ به‌ڵێنده‌ران نه‌وتراوه‌ كه‌ به‌ ته‌مان له‌سه‌ر داهاتی ناوخۆ خه‌رجی بكه‌ن، شێوازی داهاتی ناوخۆكه‌ چۆنه‌، چۆن كۆ ده‌كرێته‌وه‌ و له‌ چ داهاتێك، ئایا له‌ ناوشاری هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هیددا داهاتی هه‌یه‌ (30) ملیار كۆبكرێته‌وه‌ له‌ ساڵێكدا، زانیاریمان له‌سه‌ری نیه‌ و هیچیان پێیان نه‌وتوین‌، بۆیه‌ به‌نیازین سه‌ردانی وه‌زیری پلاندانان بكه‌ین بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ و هه‌وڵ بده‌ین چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كمان وه‌كو ناوچه‌ جیاجیاكان له‌بیركراون بخرێنه‌ به‌رنامه‌ و بۆ پڕۆژه‌ كۆنه‌كان بخرێته‌ به‌رنامه‌ی  كاریانه‌وه‌.‌    

هەواڵی پەیوەندیدار