(سبەى):
ئەندامێکى جڤاتى نیشتیمانى
بزوتنەوەى گۆڕان جەخت دەکاتەوە لەوەى بزوتنەوەى گۆڕان بۆ ئەنجامدانى چاکسازى و
لەپێناو بەرژەوەندى خەڵک و بەپێى رێککەوتننامەیەک لە حکومەتدایە و ئێستاش کاتى
ئەوەیە چاکسازى فیعلى بکرێت و دەڵێت:" ئاڵا هەڵگرى چاکسازى بزوتنەوەى گۆڕانە،
هۆکارى شکستى چاکسازیش یەکێتى و پارتین، چارەسەرنەکردنى کێشەکان هەرێمى کوردستانى
بە دۆخێک گەیاندوە کە خەڵک لەم دۆخەدان و قەوارەى هەرێمیش بکەوێتە بەردەم
مەترسى".
هێمن شێخانى، ئەندامى جڤاتى
نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان لە دیمانەیەکدا لەگەڵ (سبەى) لەبارەى بەشداریکردنى
بزوتنەوەى گۆڕان لە حکومەت و پرسى چاکسازى و ئەو رەخنانەى لە بزوتنەوەکە دەگیرێن
کاتێک باسى پێداچونەوە بە رێککەوتننامەکان دەکات، دەڵێت: "ئەوەى وایکرد
بزوتنەوەى گۆڕان لە کابینەى نۆى حکومەت بەشداربێت، پەیوەندى بە ئیستیحقاقى
هەڵبژاردن و رێژەى دەنگى خۆى هەبوە و هیچ لایەنێک خێرى بە ئێمە نەکردوە کاتێک چوینەتە ئەم کابینەیە و ئامانجى ئێمەش تەسلیم بون نەبوە،
بەڵکو بە نیەتى چاکسازى بەشداریمان کردوە و رێککەوتنیشمان کردوە کە زیاتر لە (20)
خاڵى بۆ خزمەت و بەرژەوەندى خەڵکى هەرێمى کوردستانە بەبێ جیاوازى، بەڵام بەداخەوە دەبینین
هیچ خاڵێکى رێککەوتنەکە جێبەجێنەکراوە یان بە کەموکوڕى کارى لەسەر کراوە".
ئەو ئەندامەى جڤاتى نیشتیمانى، رەتى
دەکاتەوە چونى گۆڕان بۆ نێو حکومەت بۆ پۆست بوبێت یان لایەنێک خەیاڵى ئەوەى هەبێت
بۆ بێدەنگ کردن چوبێت، "وەک گۆڕان لەگەڵ پارتى رێککەوتوین بە پلەى یەک بۆ ئەوەى
چاکسازى لە حکومڕانى بکرێت، بەشى زۆرى ئەوەش بوەتە کارنامەى کابینەى ئەم حکومەتە،
بەڵام ئەوەى دەیبینین بەداخەوە ئەوەیە کە چاکسازى وەک پێویست بەڕیوە ناچێت چ لە
داهاتى نەوت تا خاڵە سنوریەکان و بوارەکانى دیکەش".
* نزیکەى دو ساڵى رێککەوتنى پێکهێنانى کابینەى
نۆى حکومەت تێپەڕیوە، بەشێک لە بەرنامەکانى بزوتنەوەى گۆڕان لە رێککەوتنەکەدا
جێگاى کراوەتەوە، بەڵام جێبەجێکردنى کارنامەکە تا چەندە لە ئاستى خواست و ویستى
ئێوەدایە؟
هێمن شێخانى: ئەوەى وایکرد بزوتنەوەى گۆڕان
بەشدار بێت لەم کابینەیە یەکەمین شتى پەیوەندى بە ئیستحقاقاتى خۆمانەوە هەبوە،
پەیوەندى بەو رێژەیەى دەنگەوە هەبوە کە هێناومانە و هیچ لایەنێک خێرى بە ئیمە
نەکردوە کە چوینەتە ناو ئەم کابینەیە و ئامانجى ئێمەش تەسلیم بون نەبوە بەرامبەر
بە پارتى، ئەمانجى ئێمە چونە ناو ئەو کابینەیە بوە بۆ ئەوەى بەرگرى لە مافەکانى
هاوڵاتیانى بکەین بەپێى ئەو پێگەیەى ئیمە هەمانبوە.
بە نیەتى چاکسازى چوینەتە ناو حکومەت و
بەشداریمان کردوە و رێککەوتنمان کردوە لەگەڵ پارتى کە زیاتر لە (20) خاڵ لەناو رێککەوتنەکەدا
هەیە و تەواوى خاڵەکان بۆ خزمەت و بەرژەوەندى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستانە بەبێ
جیاوازى، بەداخەوە تا ئەمڕۆ دواى نزیکەى دو ساڵ هیچ خاڵێک لەناو رێککەوتنەکە وەک
خۆى جێبەجێ نەکراوە یان لە کۆى گشتى خاڵێک یان دو خاڵى کە پەیوەندى بە پۆستەکانەوە
هەیە ئیشى لەسەر کراوە ئەویش بە نیوەچڵى یان بە کەموکورتى، ئەگەر هەندێک تێگەیشتن
وایە چونى ئێمە بۆ حکومەت تەنها بۆ وەرگرتنى چەند پۆستێک بوە یان ئەتوانرێت
پەلکێشى بزوتنەوەى گۆڕان بکرێت بۆ ناو ئەو کابینەیە بۆ ئەوەى لەوێوە چیتر نەتوانێت
قسە بکات یان بێدەنگ بێت و بەرگرى لە مافەکانى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان نەکات،
بە هەڵەدا رۆیشتون، چونکە ئامانجى ئێمە بۆ ئەم کابینەیە بۆ خزمەتکردنى هاوڵاتیانى
هەرێمى کوردستانە.
* رێککەوتنى سیاسى نێوان ئێوە و پارتى لەسەر
بنەماى کورسى بوە یان پۆستەکانتان لە حکومەت لەسەر بنەماى کورسى بوە؟
هێمن شێخانى: کورسییەکان پەیوەندییان بە وەرگرتنى پۆستەکانەوە هەبوە واتا
کاتێک رێککەوتنمان کردوە ئەم کورسییانە پەیوەندییان بەو پۆستانەوە هەبوە کە چەند
دەدرێت یاخود نادرێت، ئەوەى دیکە کە رێککەوتنى لەسەر کراوە ئێمە وەک بزوتنەوەى
گۆڕان چوینە ناو ئەو حکومەتە لەگەڵ پارتى رێککەوتوین لەسەر ئەوەى بە پلەى یەک
چاکسازى لە شێوازى حوکمڕانى هەرێمى کوردستان بکرێت و خاڵەکانى ناو رێککەوتنەکەى
ئێمە لەگەڵ پارتى بوەتە بەشى هەرە زۆرى بەرنامەى کارى ئەم کابینەیە.
لەگەڵ پارتى رێککەوتوین کە بە پلەى یەک چاکسازى لە شێوازى حوکمڕانى هەرێمى کوردستان بکرێت
* باس لە هەندێک بەربەست دەکرێت بۆ ئەنجامنەدانى چاکسازى، ئایا بەربەست
دەتوانێت رێگرى لە چاکسازى راستەقینە بکات؟
هێمن شێخانى: ئێمە وەک بزوتنەوەى گۆڕان وەک سەرەتا وتمان دواى شەش مانگ هەڵسەنگاندنێک
دەکەین، ئێستا نزیکەى دوساڵە، کە بێدەنگ بوین بە ماناى دەم چەورکردنى بزوتنەوەکە
نایەت، بەماناى ئەوە بوە رەچاوى دۆخى دارایی و تەندروستى هاوڵاتیان و رەچاوى ئەم
فشارە زۆرەمان کردوە کە ئاراستەى قەوارەى سیاسى هەرێمى کوردستان کراوە، بەڵام
لەپاڵ ئەوانەوە ئێستا کاتى ئەوەیە چاکسازى بە فیعلى بکرێت.
کاتێک کە بزوتنەوەى گۆڕان باسى چاکسازى دەکات یان باسى پێداچونەوەى ئەم
رێککەوتنە دەکات کە لەنێوان ئێمە و پارتى هەیە پێویست ناکات برادەرانى پارتى
پشوکورت بن و کاردانەوەى خێرایان هەبێت و هەڕەشە بکەن، چونکە بزوتنەوەى گۆڕان
لەسەرەتاى دروستبونییەوە چۆن بوێرانە هاتوەتە مەیدانەکە و تا ئێستاش لەسەر
پێیەکانى خۆیەتى سەردەمى رەوانشاد نەوشیروان مستەفا و دواى رەوانشادیش ئێمە
بەردەوامین لە خەبات و لە شۆڕش و لە خزمەتکردن، لە حکومەت بین یان لە دەرەوە کارى
خۆمان دەکەین و بەرگرى دەکەین لە مافەکانى هاوڵاتیان و بێدەنگ نابین لە ئاست ئەو
گەندەڵیانەى کە بەشێک لە بەرپرسان لەناو لایەنە سیاسییەکان ئەنجامى دەدەن.
* پێشتر سکرتێرى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان رایگەیاند کە
رێککەوتنەکەیان پێویستى بە پێداچونەوە هەیە، مەبەست لە چ جۆرە پێداچونەوەیەکە؟
هێمن شێخانى: ئەو باسى پێداچونەوە دەکات لە دواى نزیکەى دو ساڵ کاتێک
خاڵەکانى رێککەوتنەکە جێبەجێ ناکرێن، باسى ئەوە دەکات بزوتنەوەى گۆڕان و پارتى
دابنیشن لەسەر مێزى گفتوگۆ و پێداچونەوە بکەن بۆ ئەوەى هۆکارى چییە ئەم خاڵانە
جێبەجێ نەکراون لەکاتێکدا خاڵەکان بۆ خزمەتکردنى هاوڵاتى و هاونیشتیمانیانى هەرێمى
کوردستانە، پێویست ناکات هەندێک لە بەرپرسانى پارتى یاخود سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى
باسى ئەوە بکات کە ئێمە لە ئێوەمان پێ خۆشترە فەرمون ئامادەین بۆ پێداچونەوە.
ئەگەر جارێک ئەوان ئامادەن ئێمە سەدان جار ئامادەین بۆ پێداچونەوە و
هەلسەنگاندن، ئێمە ئامانجمان ئەوەبوە کە ئەم کابینەیە کابینەیەکى سەرکەوتو بێت بە
هەمو توانامانەوە تا ئێستا پاراستومانە و شانمان داوەتە بەر بەرپرسیارێتى بۆیە دەبێت کارەکانى ئەم کابینەیە بچێتە خزمەتى
هاوڵاتیانەوە.
هەڵگرى ئاڵاى چاکسازى بزوتنەوەى گۆڕانە و هۆکارى شکستى چاکسازیش پارتى و یەکێتین
* رەخنەى ئەوە دەگیرێت کە چاکسازى ناکرێت، کێ هۆکارى شکستى ئەم چاکسازییەیە
و کێ پشکى شێرى بەرکەوتوە لەم بارودۆخە؟
هێمن شێخانى: هەڵگرى ئاڵاى چاکسازى بزوتنەوەى گۆڕانە و لە پاڵ ئەوەشدا
هۆکارى شکستى چاکسازى بە دڵنیاییەوە پارتى و یەکێتین، تا ئێستا دو ئیدارەیی لە
هەرێمى کوردستان ماوە و تا ئێستا هێزى پێشمەرگە یەک نەخراوە و مەرزەکان دابەشکراون
بەسەر هەردولادا و کارى بازرگانى و قاچاخچێتى پێوە دەکرێت.
دەبێت سەرۆکى حکومەت بێدەنگ نەبێت لە ئاست ئەو گەندەڵیی و تاوان و
قاچاخچێتییەى کە دەکرێت و بوێرانەتر بێتە مەیدانەکە، چونکە بەشێک لەو قاچاخچێتییە
لەژێر دەسەڵاتى یەکێتین و بەرپرسانى یەکێتین و بەشەکەى دیکەى بەرپرسانى پارتین.
بێدەنگى و چارەسەرنەکردنى کێشەکان و بنبڕنەکردنى گەندەڵى هەرێمى کوردستانیشى بە
دۆخێک گەیاند بەداخەوە وەک خۆیان ئێستا باسى دەکەن قەوارەى هەرێمى کوردستان لە
مەترسیدایە ئەوە خۆیانن وایان کرد کە نەیارى کورد زیاتر ببێت ئەوە ئەوانن وایانکرد
و شێوازى سیاسەتکردنى ئەوان بون کە نەیارەکانمان لێ بوە دوژمن. ئەوە ئەوانن کە
دراوسێکانمان لە چواردەورى سنورى هەرێمى کوردستانەوە هەموى بون بە دوژمن و شێوازى
سیاسەت کردنى ئەوانە کە هاونیشتیمانیان لە خانەقینەوە تا بادینان دژایەتى ئەم
دەسەڵاتە دەکەن.
* بۆچى جۆرێک لە بێ منەتیتان پێوە دیارە لەکاتێکدا رەخنە لە ئێوەش دەگیرێت؟
هێمن شێخانى: پارتى و یەکێتى دەبێت رەچاوى دۆخى خۆشیان بکەن هەردولا کیشەى
ناوخۆییان هەیە هەردولا بەدۆخێکى خراپدا گوزەر دەکەن و کێشە ناوخۆییەکانیان قوڵتر
بوەتەوە و لەجێى جەمسەرێک ئێستا دو جەمسەریان هەیە، هەردولا میدیاى بەهێزیان هەیە
ئێستا دژ بە یەکترى، لەناو پارتیدا دو میدیاى زەبەلاح ئێستا یەکێکیان بەرگرى لە
کابینەکە دەکات و ئەویتر دژى کابینەکە خیتاب دەدات لەناو یەکێتیش هەمانشێوە.
بۆیە دۆخى خۆیان ئەوەندە باش نییە تا پێیانوابێت بزوتنەوەى گۆڕان لاوازە،
بزوتنەوەى گۆڕان پشت بەستن بەو هێزە جەماوەرییەى کە هەیەتى ئەتوانێت هەرکات بیەوێت
شەقام بجوڵێنێت، چونکە لە ئامانجى لاینەداوە.
* بەڵام بەوە تۆمەتبار دەکرێن کە پێیەکتان لە حکومەتە و پێیەکتان لە
ئۆپۆزسیۆن؟
هێمن شێخانى: ئەوە خۆیانن پێیەکیان لەناو دەسەڵاتە و پێیەکیان لەناو
گەندەڵى، ئەوە خۆیانن لە کۆبونەوەى ئەنجومەن باسى چاکسازى دەکەن و لە پشتى ئەنجومەنى وەزیرانەوە خەریکى دزى کردنن، ئەوە
بزوتنەوەى گۆڕان نییە.
ئێمە فراکسیۆنێکمان هەیە بە نمونە لە پەرلەمانى کوردستان یاخود
فراکسیۆنێکمان هەیە لە پەرلەمانى عێراق هەرچى ئەوانە ئەندامانى پەرلەمان ئازادن
کارى ئەوان دیارە ئەوان بەدەنگى هاوڵاتیان چونەتە پەرلەمان و لەسەر ئەوان واجبە
بەرگرى لە مافەکانى خەڵک بکەن و ئێش و ئازارى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان بهێنن بۆ
پەرلەمان و بیکەن بە پڕۆژە لەوێشەوە بیدەن بە حکومەت، بەڵام کاتێک کە حکومەت گوێ
لە پەرلەمانتار و لە پەرلەمان و لە سەرۆکى پەرلەمان ناگرێت ئیتر وای لێدێت لەوێش
ئاڕاستەکان بەشێوەیەک دەگۆڕێن کە لەژێر کۆنتڕۆڵى هەمولایەک دەردەچێت.
ئەوە خۆیانن پێیەکیان لەناو دەسەڵاتە و پێیەکیان لەناو گەندەڵى
* هەنگاوە کردارییەکان بۆ بەستنى دوەم کۆنفرانسى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان
بەکوێ گەیشت و کارەکان لە چ قۆناغێکدایە؟
هێمن شێخانى: لە چەند مانگى رابردودا لە جڤاتى نیشتیمانى بڕیارماندا کە
هەنگاوى جدى بنێین بۆ ئەوەى کۆنفرانسى نیشتیمانى ئەنجام بدەین، چەند لیژنەیەک
دروست کراوە ژورى تایبەت هەیە بەم پرسە
وەک ژورى هەڵبژاردن و ژورى یاسایی و ژورى پەیجورى و کۆمەڵێک ژورن راسپێردراون و
چەند لیژنەیەکیش دروست کراوە کە ئەندامانى خانە سەرۆکایەتیان دەکەن.
لەپاڵ ئەوەدا لە هەمو مەکۆکان هەنگاوەکان دەستیپێکردوە بە نمونە لە مەکۆى
هەولێر یەکەم هەنگاوى ئێمە ئەوەبو کە دەستەى رایەڵە و بازنەکانمان کۆکردەوە بۆ
گفتوگۆکردن لەسەر رەشنوسێک ئەم رەشنوسە دواجار لاى بزوتنەوەى گۆڕان گرنگە کە را و
بۆچون و هەڵوێستى هەمو هەڵسوڕاوان وەربگیرێت و راى ئەوان بگەڕێندرێتەوە بۆ
سەرکردایەتى، چونکە دواجار بزوتنەوەى گۆڕان هەڵسوڕاو و مەکۆکان خاوەنییەتى و دەیبەینە
کۆنفرانسى نیشتیمانى و لەوێ چڕتر دەکرێتەوە و دەنگى لەسەر دەدرێت.