دیمانە 11:36 - 18/02/2021

د. محەمەد شوانى: نوێنەرانى کورد نەیانتوانیوە لە ئاست بەرپرسیارێتیدا بن بەرامبەر کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان

+ -

(سبەى):
د. محه‌مه‌د شوانی، رێكخه‌ری ژوری ناوچه‌ كوردستانییه‌ دابڕێنراوه‌كانى بزوتنەوەى گۆڕان،  لە دیمانەیەکدا لەگەڵ (سبەى) رایدەگەیەنێت؛ یه‌كێك له‌ كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌باشوری كوردستان، ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان و یه‌كلایی نه‌كرد‌نه‌وه‌ی ئاینده‌ و چاره‌نوسی ئه‌م ناوچانه‌یه‌ کە دانیشتوانە کوردەکانیان لە زۆری شۆڕش و ماڵوێرانییەکاندا قوربانییان داوە و پشكی شێریان به‌ركه‌وتوه و ئێستاش بەهۆى بەهێزبونى حکومەتى ناوەند و هەڕەشەى گروپە تیرۆریستیەکانەوە لەبەردەم مەترسیدان.

رێكخه‌ری ژوری ناوچه‌ كوردستانییه‌ دابڕێنراوه‌كانى بزوتنەوەى گۆڕان، ئاماژە بەوە دەکات کە نوێنەرانى کورد لە پەرلەمانى عێراق و دەسەڵاتى جێبەجێکردن لە عێراق نەیانتوانیوە لە ئاست بەرپرسیارێتیدا بن سەبارەت بە کێشەکانى کەرکوک و ئەو ناوچانە لە سەرو هەمویانەوە جێبەجێکردنى مادەى (140)، بەتایبەت لەوە كورد له‌و گۆڕانكارییانه‌ی ساڵی (2003)ـوه‌ ئه‌گه‌ر سودێكی وه‌رگرتبێت و "تا ئێستا له‌زۆربه‌ی ئه‌و ناوچانه‌دا دان به‌گه‌ڕاندنه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌دا نه‌نراوه‌ هێشتا كار به‌بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی به‌ناو (مجلس قیادة الثوره‌) ده‌كرێ، بۆیه‌ نوێنه‌رانی كورد له‌به‌غدا نه‌یانتوانیوه‌ به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ بێن ئه‌م ناوچانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی بگه‌ڕێننه‌وه‌ پێش روداوه‌كانی ساڵی (1968) یان پێش روداوه‌كانی ساڵی هه‌شتاكان".

بۆ دورخستنەوەى ئەو مەترسیانەى لەسەر ئەو ناوچانە هەیە بەتایبەت لە گۆڕینى دیمۆگرافیاکەى و کردنى بە ئەمریى واقیع، د. محەمەد شوانى دەڵێت: "ئه‌وه‌ی له‌ رابردودا سه‌پێنراوه‌ به‌شێكی بوەته‌ ئه‌مری واقیع بەو پێیەى هێزێک نیە لە پشت خەڵکى کورد لەو ناوچانە، ئێستاش به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ پێیوسته‌ ئه‌و مافه‌ نه‌ته‌وایه‌تییانه‌ی له‌ ده‌ستوردا چه‌سپێنراوه‌ كار بۆ جێبه‌جێكردنیان بکرێت و یەکڕیزى کورد هەبێت لەو ناوچانە کارکردن و بەشداریکردن پێکەکوە لە هەڵبژاردنەکان بۆ پەرت نەبونى دەنگى کورد، چونكه‌ درێژه‌ كێشانی چاره‌سه‌ر نه‌كردنی ئه‌م كێشانه‌ به‌زیانی كورده‌".

* دۆخى کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم و هاوڵاتیانى کورد لەو ناوچانە لە چ ئاستێکدایە؟
د. محه‌مه‌د شوانی: یه‌كێك له‌ كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌باشوری كوردستان، ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان و یه‌كلایی نه‌كرد‌نه‌وه‌ی ئاینده‌ و چاره‌نوسی ئه‌م ناوچانه‌یه‌. دانیشتوانی ناوچه‌كه‌ به‌درێژایی ئه‌و مێژوه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی لای كورد پێگه‌یشتوه‌، شۆڕشی به‌رپاكردوه‌، داوای مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی خۆیی كردوه‌ و هه‌میشه‌ خه‌ڵكی ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم له‌ سه‌نگه‌ری پێشه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر میلله‌تی كورد بون، بۆیه‌ لە به‌شێكی زۆری قوربانییه‌كانی ئه‌م شۆڕش و ماڵوێرانییانه‌ ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی به‌سه‌ر كوردا هاتون، پشكی شێریان به‌ركه‌وتوه،‌ به‌تایبه‌ت له‌م دۆخه‌ی ئێستادا هه‌مو ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی له‌ ئه‌نجامی دروستبونی گروپی تیرۆرستی و به‌هێزبونه‌وه‌ی حكومه‌تی ناوه‌ندی و هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌ر گروپه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و توندڕه‌وه‌كانی عه‌ره‌ب، ئه‌م ناوچانه‌ی گرتوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌و هۆكارانه‌ كه‌واده‌كات‌ مرۆڤ نائاسوده‌ و نائارام و جێگیر نه‌بێت له‌و ناوچه‌ی تیایدا ده‌ژی لە لایه‌نی ده‌رونییه‌وە.
به‌تێكڕایی خه‌ڵكی ئه‌م ناوچانه‌ له‌ دۆخێكی ده‌رونی خراپدا ده‌ژین، چونكه‌ هه‌میشه‌ هه‌ست به‌مه‌ترسی ده‌كه‌ن و به‌رنامه‌یان بۆ ئاینده نییه‌، دڵیان به‌ناوچه‌كه‌ خۆش نییه‌، هه‌رئه‌وه‌شه‌ به‌رنامه‌یان نییە بۆ گه‌شه‌پێدان و به‌رهه‌مهێنان و بوژاندنه‌وه‌ی ناوچه‌كانیان ده‌ستپێبكه‌ن لە روى كشتوماڵی و ئاژه‌ڵداری، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی دۆخه‌ ده‌رونییه‌كه‌ی نائارامه‌ هیوا و ئومێدیان به‌چاره‌سه‌ركردن و یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی كێشه‌كانیان نیه‌،‌ به‌گشتی دڵیان به‌مانه‌وه‌ له‌ ناوچه‌كانیان و ئاوه‌دانكردوه‌نه‌وه‌ و بوژاندنه‌وه‌ی ناوچه‌كانیان خۆش نیه. ‌  

* ئایا نوێنەرانى کورد لە پەرلەمانى عێراق و دەسەڵاتى جێبەجێکردن لە عێراق توانیویانە لە ئاست بەرپرسیارێتیدا بن سەبارەت بە کێشەکانى کەرکوک و ئەو ناوچانە لە سەرو هەمویانەوە جێبەجێکردنى مادەى (140)؟
د. محه‌مه‌د شوانی: نه‌خێر، هه‌تا ئێستا هیچ شتێكی نه‌ته‌وه‌یی بۆ ناوچه‌ کوردستانییەکانى ‌دەرەوەى ئیدارەى هەرێم نه‌كراوه‌، ئه‌وه‌ی كورد له‌ گۆڕانكارییانه‌ی ساڵی (2003)ـوه‌ ئه‌گه‌ر سودێكی وه‌رگرتبێت به‌گشتی جۆرێك له ‌گه‌ڕاندنه‌وه‌ی دانیشتوانه‌كه‌یه‌تی‌ بۆ ناوچه‌كانی خۆیان ئه‌ویش به‌رێژه‌یه‌كی زۆر كه‌م، تا ئێستا له‌زۆربه‌ی ئه‌و ناوچانه‌دا دان به‌گه‌ڕاندنه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌دا نه‌نراوه‌ هێشتا كار به‌بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی به‌ناو (مجلس قیادة الثوره‌) ده‌كرێ، به‌شێكی زۆری خزمه‌تگوزارییه‌كان، كۆبونه‌وه‌ و چڕبونه‌وه‌ی دانیشتوان له‌م ناوچانه‌دا ئه‌و خزمه‌تگوزاریانه‌ی حكومه‌ت پێشكه‌شی ده‌كات هێشتا به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی له‌م ناوچانه‌دا نین، بۆیه‌ نوێنه‌رانی كورد له‌به‌غدا نه‌یانتوانیوه‌ به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ بێن ئه‌م ناوچانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی بگه‌ڕێننه‌وه‌ پێش روداوه‌كانی ساڵی (1968) یان پێش روداوه‌كانی ساڵی هه‌شتاكان.

* پێویستە کورد چى بکات بۆ ئەوەى دیمۆگرافیاى ئەو ناوچانە نەگۆڕێت و لە ئایندەدا ئەوەى بەسەریاندا سەپێنراوە نەکرێنە ئەمری واقیع؟
د. محه‌مه‌د شوانی: ئه‌وه‌ی له‌ رابردودا به‌سه‌ریدا سه‌پێنراوه‌ به‌شێكی بوەته‌ ئه‌مری واقیع، چونكه‌ هه‌ر پێكهاته‌ی كه‌سایه‌تی تاكی كورد یان جیهان بینی و عه‌قڵیه‌تی تاكی كورد هه‌ست به‌ هێز و چه‌ك ده‌كات كه‌له‌ پشتییه‌وه‌ بێت، ئه‌مڕۆ ئه‌و هێزه‌ له‌پشت خه‌ڵكی ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كانی كوردستان نه‌ماوه‌ و هه‌ست به‌مه‌ترسی ده‌كه‌ن.
به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ پێیوسته‌ ئه‌و مافه‌ نه‌ته‌وایه‌تییانه‌ی له‌ ده‌ستوردا چه‌سپێنراوه‌ كار بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و مافه‌ ده‌ستوریانه‌ بكرێت و هه‌وڵیش بدرێت ئاینده‌ی ئه‌م ناوچانه‌ به‌هه‌ر جۆرێك بێت یه‌كلایی بكرێته‌وه‌، چونكه‌ درێژه‌ كێشانی چاره‌سه‌ر نه‌كردنی ئه‌م كێشانه‌ به‌زیانی كورده‌ ئه‌گه‌ر هیچ توندڕه‌وییه‌كیش نه‌بێت، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی عێراق ده‌ست له‌سه‌ر ته‌عریب و ده‌ركردنی زۆره‌ ملێش هه‌ڵبگرێت پێیوسته‌ له رڕوی گه‌شه‌كردنی سروشتیی دانیشتوانه‌وه‌ به‌راورد به‌ پێكهاته‌كانی دیكه‌ كورد كه‌متر زیاد ده‌كات له‌ ئه‌م ناوچانه‌، كه‌متر گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ شوێنه‌كانی خۆیان بۆیه‌ له‌ زیانی كورده‌.

* ئێستا لەبەردەم هەڵبژاردنداین، پێویستە چ بۆ هەڵبژاردنەکە چ بۆ یەکخستنەوەى ماڵى کورد لە کەرکوک و ئەو ناوچانەى دیکە و خزمەتکردن بە هاوڵاتیان، کورد چۆن مامەڵە بکات ئایا یەکڕیزى و یەکهەڵوێستى بەچى بەدى دێت؟
د. محه‌مه‌د شوانی: پێویسته‌ تاڕاده‌یه‌كی زۆر هه‌مو حیزبه‌ كوردستانییه‌كان له‌ قه‌واره‌یه‌ك یان لیستێكدا له‌ پێكهاته‌یه‌كدا كۆببنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ رێگربن له‌و گۆڕانكارییه‌ی ده‌وترێت نەهێڵرێت ببنە ئه‌مری واقیع، ناوچەیەکى زۆر ته‌عریب كراوه‌ و كورد ده‌ركراوه‌ و ژماره‌ی كورد له‌وناوچانه‌دا كه‌مبوه‌ته‌وه‌ و ژماره‌یه‌كی زۆری عه‌ره‌ب هاورده‌كراوه‌.
ئه‌گه‌ر بتوانرێت به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی و ده‌ستوری چاره‌سه‌ری ئه‌م كێشانه‌ بكرێت له‌به‌غدا و یه‌كڕیزی هەبێت، هاوکات ئه‌و نوێنه‌رانه‌ی كه‌ پێویستن بۆ ئه‌م ناوچانه‌ كارێك بكه‌ین بگه‌ن به‌ په‌رله‌مانی عێراق.