دیمانە 06:35 - 19/01/2021

مەحمود محەمەد: حوکمڕانى ئێستاى کوردستان سەرتاسەریى نییە

+ -

(سبەى):

دیمانە: بڕیار نامیق

وتەبێژى پارتى دیموکراتى کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە پڕۆسەى چاکسازى لە هەرێمى کوردستان هەنگاوى بۆ نراوە، بەڵام هەندێک گرفتى هاتوەتە بەردەم کە بەشێکىیان پەیوەندى بە حکومەتى فیدڕاڵەوە هەیە و دەشڵێت:"حکومڕانى ئێستاى کوردستان سەرتاسەریى نییە، ئەوەش خاڵێکى رێککەوتنەکانە کە جێبەجێ نەکراوە".

مەحمود محەمەد، وتەبێژى پارتى دیموکراتى کوردستان لە دیمانەیەکدا لەگەڵ (سبەى) ، باس لەوە دەکات کە لەگەڵ لایەنەکانى حکومەتى هەرێم لەسەر ئەوە سوربون چاکسازى لە ناوخۆى کوردستان ئەنجام بدرێت و قۆناغەکە پێویستى بە چاکسازییە و لە کارنامەى کابینەى نۆیەمیشدا چەسپێندرا و بوە بەشێک لە کارنامەى حکومەتى هەرێم و پڕۆژەیەکیش ئامادەکرا کە دەستپێکێک بو بۆ ئەنجامدانى چاکسازى، "بەڵام کۆمەڵێک ئاستەنگى هاتە بەردەم".
هەروەک پێیوایە حکومڕانى ئێستاى کوردستان سەرتاسەریى نییە و باس لەوە دەکات لە رێککەوتنیان لەگەڵ گۆڕان و یەکێتیش ئەوەیان چەسپاندوە کە حکومڕانى ئەم وڵاتە دەبێت سەرتاسەرى بێت، "بەڵام ئەوە یەکێکە لەو خاڵانەى رێککەوتنەکە کە جێبەجێ نەکراوە و کۆمەڵێک کێشە دروست دەکات بۆ ئەوەى یاسا و رێنماییانەى دەردەچێت بۆ شێوازى بەڕێوەبردنى کاروبارەکان لە هەمو شوێنێک وەک یەک جێبەجێنەکرێت".

پڕۆژەى چاکسازى هەنگاوى بۆ نرا بەڵام ئاستەنگى هاتە بەردەم

* چاکسازى؛ کە فریادڕەسى دۆخى هەرێم و بنەماى کارنامەى کابینەى نۆى حکومەتى هەرێمیشە، لە ئاست چاوەڕوانیەکاندا نییە، بەربەستەکان چین؟ بەتێڕوانینى پارتى بۆچى هەنگاوە گەورەکەى چاکسازى نەنراوە و لە واقیعى ژیانى خەڵکدا رەنگى نەداوەتەوە؟
مەحمود محەمەد: ئەو بابەتە لە کاتى کۆبونەوەکان لەکاتى پیکهێنانى حکومەتى هەرێمى کوردستان چ لەگەڵ بزوتنەوەى گۆڕان و چ لەگەڵ یەکێتى نیشتیمانى کوردستان تاوتوی کرا، چاکسازى یەکێک بو لەو خاڵانەى لایەنەکان بە پارتیشەوە لەسەر ئەوە سور بوین کە دەبێت چاکسازییەک لەناوخۆى کوردستان ئەنجام بدرێت و هەست دەکەین قۆناغەکە گەیشتوەتە ئەو ئاستەى کە پێویستى پێیەتى.
واتە پێداچونەوەیەکى گشتى بە کارگێڕى، دارایی و ئەو بابەتانەى پەیوەستن بەوەوە، ئەمە بابەتێک بو کە قسەى لەسەر کرا و لە کارنامەى کابینەى نۆیەمیشدا چەسپێندرا و بو بە بەشێک لە کارنامەى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەمە کارى لەسەر کرا و و پڕۆژەیەک ئامادە کرا کە دەستپێکێک بو بۆ چاکسازییە گشتییەکان لە بابەتى موچە بو لە بابەتى کەمکردنەوەى خەرجییەکان و زیادکردنى داهات بو، ئەمە کۆمەڵێک بابەتى جیا جیا دەگرێتەوە کە لەکوێوە دەستیپیکردوە و لەکوێ کۆتایی پێدێت. ئەمە ماوەتەوە ئەوەى بەشێکى لەوانە کە نێردراوە بۆ پەرلەمان و بڕیارى لەسەر دراوە و بوەتە کارى حکومەت کە ئێستا کارى لەسەر دەکات و بەردەوامە.
بەڵام ئەو ئاستەنگانەى هاتونەتە پێشى کۆمەڵێک بابەتن، ئەوەى لە هەرێمى کوردستان کێشەمان بۆ دروست بو لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەتى فیدراڵى بەتایبەتى لەسەر بابەتى بودجە ئەوەش بۆخۆى بەشێکە لەو کێشانەى کە دەبوایە چارەسەر بکرایە کە بەداخەوە وەک گوشار حکومەتى فیدراڵى بەکاریدەهێنێت بۆ ئەوەى نەتوانین کارنامەکەى خۆمان وەک چۆن رێککەوتوین جێبەجێ بکرێت، هەروەها لەوانەیە بەشێک لەو گوشارانەى ناوخۆش کە هیشتا ئامادەنین بۆ ئەوەى چۆن چاکسازى بکرێت لەوانەیە شێوازى چاکسازیکردنەکە تاوەکو ئیستا هەندێک لایەن قەناعەتیان پێ نەهاتبێت.

چاکسازى یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانى ئەوەیە چۆن رێگە بگرین لە گەندەڵى

* لاى ئێوە چاکسازى کامانەن بە تایبەتى ئەو پڕۆژانەى لەسەر رێککەوتون بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەت؟
مەحمود محەمەد: چاکسازى وەک ئەوەى ئێمە تێیگەیشتوین و باسمان لێکردوە لەگەڵ لایەنەکانیش کە پێکهێنەرى حکومەتن باسکراوە ئەوەیە ئێمە چۆن نەهێڵین گەندەڵى بەردەوام بێت.
ئێمە ناتوانین بڵێین لە هیچ شوێنێکى دیکە گەندەڵى نییە، بەڵام ئەوە بەو مەفهومە نەبێت کە لە شوێنى دیکە هەیە دەبێت لێرەش هەبێت، چاکسازى یەکێک لە شتە سەرەکییەکانى ئەوەیە چۆن رێگە بگرین لە گەندەڵى چۆن باشترین جۆرى ئیدارەى ئەم وڵاتە پێکبهێنین بەشێوازێک بێت کە ئیشوکارى هاوڵاتیانى کوردستان بە باشى و بە رێکى بە زویی بەڕێوەبچێت. لە روى داراییەوە هەوڵبدەین ئەو خەرجییانەى کە پێویست نین و دەکرێت لێى کەمبکرێتەوە دەبێت کەمبکرێتەوە و دەکرێت لە هەندێک بواردا داهات زیاد بکرێت لە بوارى جیاجیاى ناو سێکتەرى ئابوریدا بە شێوەیەکى گشتى هەمو بابەتەکان بگرێتەوە تەنانەت لە بابەتى چاکسازى لە بوارى دامەزراندندا لە بوارى کارکردندا و لە بوارى سیستمى پەروەردەدا لە بوارى سیستمى تەندروستیدا و هەمو جۆرەکانى دیکە.

* ئێوە زۆرترین جومگەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستانتان بەدەستە کێ بەربەستە لە رێگرییەکانى بەردەم چاکسازى؟
مەحمود محەمەد: لێرە دەبێت ئەوە بڵێین؛ جومگە لەبەردەستدا بون لەگەڵ حوکمڕانى سەرتاسەرى لەیەکترى جیا بکەینەوە.
حوکمڕانى ئێستاى کوردستان سەرتاسەرى کوردستان نییە ئێمە لەگەڵ رێککەوتنى هەردو لایەن چ لەگەڵ بزوتنەوەى گۆڕان و چ لەگەڵ یەکێتى ئەو خاڵەمان چەسپاندوە کە دەبێت حوکمڕانى ئەم وڵاتە حوکمڕانییەکى سەرتاسەرى بێت، بەڵام تائێستا ئەوە یەک لەو خاڵانەیە کە لە رێکەوتنەکەماندا جێبەجێ نەکراوە ئەم حوکمڕانی نەکردنەى سەرتاسەرى کۆمەڵێک کێشە دروست دەکات بۆ ئەوەى کە ئەو یاسا و رێنماییانەى دەردەچێت بۆ ئەوەى شێوازى بەڕێوەبردنى ئیشەکان لە هەرشوێنێک بێت وەک یەک لەوانەیە بەڕێوە نەچێت، لایەکى دیکەى ئەم بابەتە ئەوەیە هەندێک گرژى لەناو خودى هەرێمى کوردستان هەیە کە ئەوەش بوەتە بابەتێک بۆ ئەوەى کە بەشێک لە رێگرییەکانى دروست کردوە لەوانەیە بەشێکى دیکەیشى ئەو دەستخستنەناوەى کە لەلایەن حکومەتى عێراقەوە دەست دەخرێتە ناو ئەم بابەتەوە لەرێى هەندێک عەناسرى کە ئێستا لە بەغدا ئیش و کاریان هەیە، هەندێک عەناصرى کە لە بەغداوە پۆستیان هەیە و دەیانەوێت بە لاڕێدا ببەن، وەک هەندێک لە ئەندام پەرلەمانەکان ئەوانە بونەتە رێگرییەک لەوەى کە حکومەتى هەرێمى کوردستن وەک ئەوەى دەیەوێت لەگەڵ حکومەتى فیدراڵى گفتوگۆ بکات ئەوان بە شێوازێکى دیکە گفتوگۆ دەکەن و ئێستا لەوانەیە  حکومەت بیناى کردبێت لەسەر هەڵوێستى ئەم ئەندام پەرلەمانانە و ئەمە بوەتە بەشێک لە گرفتەکان، هەتا ئەمە کاریگەرى لەسەر خودى هەرێمى کوردستان کردوە، لە بەغدا ئەوەندەى لە وەزیر و ئەندام پەرلەمانان چاوەڕێ دەکرێت ئەوەندە لە وەکیل وەزیرى و لە بەڕێوەبەرییە گشتییەکان چاوەڕێ نەکرێت ئەوەندەى کە لە سەرۆکى کۆمار چاوەڕێ دەکرێت ئەوەندە لە دەستەیەک چاوەڕێ ناکرێت.
بەشێوەیەکى گشتى رێگرییەکى گشتى هەیە بۆ ئەوەى کە هەرێمى کوردستان وەک ئەوەى کە لە دەستورى داهاتودا بەڕێوە نەچێت و هەوڵەکە بۆ ئەوەیە کە ناوەڕۆکى قەوارەى هەرێمى کوردستان خاڵى بکەنەوە تەنها وەک ناوێک بمێنێتەوە و ئەمە پیلانێکە کە داندراوە بە شێوەیەکى زۆر گشتى داڕێژراوە .

 

ئەو شێوازى قسەکردنەى کە جاران لاى شیعەکان هەبو ئێستا ئەو شێوازە قسەکردنانەیان نییە

* زۆرجار باس لە بونى مەترسى بۆسەر قەوارەى هەرێم دەکرێت، ئەم مەترسیانە تاچەند بونیادین و رەگ و ریشەیان هەیە؟
مەحمود محەمەد: ئێستا بچیت لەگەڵ لایەنەکان دابنیشیت ئەو شێوازى قسەکردنەى کە جاران لاى شیعەکان هەبو و ئێستا ئەو شێوازە قسەکردنانەیان نییە.
ئێستا بە شێوەیەکى زۆر ئاشکرا هەوڵى ئەوە دەدەن کە  ئەو خاڵانەى کە لە دەستوردا جێگیرکراوە نەمینێت، ئەمە یەکێک لە شتەکانیەتى کە زۆر بە رونى دەڵێت: ئەم برادەرانەى ئێمە کە چونەتە ئەوێ لەناو کۆبونەوەکاندا هێندێک قسەکراوە کە بە دڵنیاییەوە پەیوەندى بەو بابەتەوە هەبوە، پێدەچێت لە راگەیەندنەکانیش زۆر شت رەنگیدابێتەوە کە زۆرجار دەڵین دەستور لەکاتێکى هەستیاردا نوسراوە و دەسەڵات نەبوە و کورد هەندێک شتى خۆى فەرزکردوە و کۆمەڵێک لەو بابەتانە لەناو سۆشیال میدیا و رۆژنامە و تەلەڤزیۆنەکانیشیاندا ئەو بابەتانە بڵاو دەکەنەوە ئەمە نیشانەى ئەوەیە کە باوەڕیان بە بابەتى جیبەجێکردنى دەستور نییە بۆیە دەبینین چەندین مادەى دەستورى هەیە کە دەبێت جێبەجێ بکرێت و تاوەکو ئێستا خۆى لێ دەدزنەوە.

* ئێوە وەک لایەنە سیاسییەکان لە هەرێمى کوردستان ناکۆکییەکانتان ئەم ژینگەیەى رەخساندوە کە ئەو مەترسییە لەسەر قەوارەى هەرێمى کوردستان دروست ببێت؟
مەحمود محەمەد: بە دڵنیاییەوە ئەویش یەکێک لە هۆکارەکانە وەک وتم لەوانەیە هەندێک لایەنى عێراقى کە لە دەسەڵاتدان بینا لەسەر ئەم بابەتە بکەن.

* بە دیدى پارتى یەکڕیزى نیشتیمانى لە هەڕیمى کوردستان بەچى دروست دەبێت؟
مەحمود محەمەد: یەکڕیزى نیشتیمانى بەوە دروست دەبێت کە ئێمە لەسەر مافە دەستورییەکانمان، لەسەر مافەکانى نەتەوەیی و نیشتیمانى یەک وتار و یەکڕیز بین و هەوڵ نەدەین هەندێک شت تێکەڵاو بکرێت ئەگەر خیلافى سیاسیمان هەیە ئەوە ئاساییە، چونکە ئەگەر وا نەبوایە ئەوا حیزبى جیاواز نەدەبوین، بەڵام با ئەوانە تێکەڵاو نەکەین لەگەڵ بابەتە نیشتیمانییەکان لەگەڵ مافە چارەنوسسازەکانماندا لەسەر ئەو بابەتانەى کە بۆ کۆى گشتى قەوارەى هەرێمى کوردستان پێویستە.

قاعیدەى پارتى دیموکراتى کوردستانیش گلەیی لە پارتى و سەرکردایەتییەکەى هەیە

* بەڵام لەناوخۆشدا بۆنمونە گۆڕان ناڕازییە لە رێککەوتنى نێوانتان و پێىوایە تا ئێستا رێککەوتنەکەى نێوانتان جێبەجێ نەکراوە پێکهێنانى ئەم کابینە نوییەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەسەر رێککەوتنێک بوە کە گۆڕانى روبەڕوى رەخنە کردوە ئێستا لە ناوخۆى خۆیشیدا و پێیانوایە رێککەوتنى نێوانتان جێبەجێ نەکراوە؟
مەحمود محەمەد: قاعیدەى پارتى دیموکراتى کوردستانیش گلەیی لە پارتى و سەرکردایەتییەکەى هەیە لەوەى ئیمە لەگەڵ بزوتنەوەى گۆڕان رێککەوتنمان ئەنجامداوە لەوەى کە پێتج ئەندام پەرلەمانیان لە بەغدا هەیە و (12) ئەندام پەرلەمانیان لە کوردستان هەیە کە کۆى هەمو ئەو پڕۆسەیە بۆچییە؟ بۆ ئەوەیە کە حوکمڕانى لە کوردستاندا بکرێت بە ئەندام پەرلەمانەوە و ئەو کێشانەى کە لەگەڵ بەغدا هەمانە لەرێگەى ئەم ئەندام پەرلەمانانەوە.
بەڵام ئێوە ئەوە دەزانن کە نە بزوتنەوەى گۆڕان پێنج پەرلەمانتارەکەى بەغداى هەیە نە (12) پەرلەمانتارەکەى کوردستان بەو شێوەیەیە، بەڵکو ئەمە کاریگەرى زۆرى هەیە بۆیە لەوانەیە مەکتەبى سیاسى و سەرکردایەتى پارتى دیموکراتى کوردستان روبەروى رەخنەیەکى زۆر گەورە بوبێتەوە لەوەدا هەمو ئەو رەخنانەى کە لەسەرى رێککەوتبوین کە زیاتر لە (80%)ى ئەو رێککەوتنە  لەروى ئیدارییەوە جێبەجێ کراوە هەندێک لە پۆستەکان بەڵێ لەوانەیە مابێت، بەڵام کێشەکە لەوانەیە لەنیوان پارتى و گۆڕان نەبێت بەڵکو پەیوەندى بە لایەنى دیکەوە هەیە کە هێشتا لەو شوێنەدا ماونەتەوە.

* بەڵام زۆرجار ئەوەى سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى دەیڵێت لەسەر گۆڕان و هەندێک لە سیاسەتى ئێستاى، پەرلەمانتارەکانى بزوتنەوەى گۆڕان لە بەغدا راستەوخۆ ئەمەیان بەوشێوەیە نەوتبێت، مەسەلەکە لەسەر ئەوەیە بنەماى رێککەوتنى ئێوە لەوە گەورەتر نەبو کە ببەسترێتەوە بە مەسەلەى هەڵوێستى سیاسى پەرلەمانتارێک یان وەزیرێک یان کەسێکى دیکە  چونکە ئێوە ئەم رێککەوتنە سیاسەییەتان بۆ ئەوە نەکردوە کە ئیستقراریەت لە هەرێمى کوردستان دروست ببێت؟
مەحمود محەمەد: ئیستقرارمان کردوە، بەڵام عادەتەن حیزبەکان کە رێککەوتن دەکەن یان پێکەوە هاوپەیمانییەک دروست دەکەن بۆ دروست کردنى کابینە لەسەر بنەماى ئەو کورسییانەیە کە چەند پشتگیرى ئەو حکومەتە دەکرێت، ئێمە باس لە پشتگیرى حکومەت دەکەین، باس لەوە ناکەین کە ئەو ئەندام پەرلەمانانە بۆ وایکرد یان بۆ واینەکردوە ئێمە باس لەوە دەکەین کە ئەگەر (12) پەرلەمانتارەکەى هەرێمى کوردستانى بزوتنەوەى گۆڕان پشتگیرى حکومەت نەکات و ئەوانەى بەغدا پشتگیرى هەرێمى کوردستان نەکەن کۆمەڵێک ئیش هەیە بەستراوەتەوە بە ژمارەوە لە دەنگداندا. ئێمە تەسەور دەکەین ئەوانەى ئێمە زۆربەى زۆرى کاردانەوە بێت ئەگینا کادرەکانى ئێمە زۆر ئیلتیزامیان بە مەسەلەى رێککەوتنەکان هەیە و بەردەوامیش ئەو بابەتەیان پێدەگوترێت کە دەبێت ئەو رێککەوتنانەى هەمانە لەبەرچاوى بگرن.

* بەڵام ئەوەندەى من ئاگادارم رێککەوتنى سیاسى بزوتنەوەى گۆڕان پارتى دو بنەماى هەبوە لە رێککەوتنەکاندا کورسى بۆ حساب کراوە بۆ پشک و رێککەوتنى سیاسى وەک مەبادیء؟
مەحمود محەمەد: هەموى راستە، بەڵام مەبادیئەکانى کە هەیە یەک لەوانە مەسەلەى پاراستنى قەوارەى هەرێمى کوردستانە.

 

بزوتنەوەى گۆڕان لەگەڵ پاراستن و بەهێزکردنی قەوارەى هەرێمى کوردستانە

* لەم سۆنگەیەوە هەڵوێستى سیاسى بزوتنەوەى گۆڕان چۆن بوە؟، جەنابت لەناو کۆبونەوەى وەفدەکاندا بونت هەبوە هەمو جارێک هەڵوێستى رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان و خانەى راپەڕاندن و جڤاتى نیشتیمانى کە لە هەڵوێست و بەیانە سیاسییەکانیشدا رەنگ دەداتەوە بۆ پاراستن قەوارەى هەرێم چۆن بوە؟
مەحمود محەمەد، راستە ئەوە وایە، ئەوان لەگەڵ یەکێتى سەرتاسەرى هەرێمى کوردستانن لەگەڵ پاراستن و بەهێزکردنی قەوارەى هەرێمى کوردستانن، بەڵام ئەو ئالیەتەى کە دەبێت ئەمەى پێ جێبەجێ بکەن لە هەندێک شوێندا خەلەلى تیایە.

* دیدى پارتى لەبارەى هاوپەیمانیەتى نێوان لایەنە کوردیەکان بۆ هەڵبژاردنەکان چییە، پارتى هاوپەیمانیەتى لەگەڵ کێدا دەکات؟
مەحمود محەمەد: ئەو شاندەى ئێمە کە چوە بەغدا لە ئاستێکى بەرزى مەکتەبى  سیاسیدا چون بۆ ئەوە بو کە پەیامى ئێمە وەک پارتى دیموکراتى کوردستان کە ئایا لایەنەکان هێشتا سورن لەسەر ئەوەى کە شەراکەتى کورد و هەرێمى کوردستان لەگەڵ ئەوان بەردەوام بێت و ئەو تەوازنەى کە بریارمان لەسەر دابو ئەو تەوافوقەى کە بڕیارمان لەسەر دابو لەسەر بنەماى ئەوە حکومەتى فیدراڵى دروست بو و هەر لەسەر بنەماى ئەوە دەستور نوسرایەوە ئەوانە  تا ئیستا سورن لەسەر ئەوەى کە پارێزراو بێت.
ئەویتریش ئەم کێشانە هەقە چارەسەر بکرێت نەک کێشە لەسەر کیشە کەڵەکە بکرێت وەکو ئەوەى ئێستا لەسەر بابەتى بودجە بۆ پشتگیرى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ ئەوەى کە وەفدەکەى حکومەتى هەرێمى کوردستان کە چەندین جار چون سەردانى بەغدایان کرد بۆ رێککەوتن لەگەڵ حکومەتى فیدراڵى و زەمینە خۆشکردن و لەگەڵ لایەنەکان قسە کراوە بۆ ئەوەى کە پشتگیرى ئەو بابەتە بکەن بۆ ئەوەى دەرباز بێت بۆ ئەوەى دیسان ئاستەنگێکى دیکە و کێشەیەکى دیکە دروست نەکەن، چونکە ئەمانە رەنگدانەوەى خراپیان دەبێت لەناو هەرێمى کوردستان بەرامبەر بە حکومەتى فیدرال.


* دیدى ئێوە بۆ مەسەلەى یەکدەنگى بەرەو عێراق واتا لیستێکى کوردى هەبێت چۆنە؟ ئەم هاوپەیمانێتییەى ئێوە باسى دەکەن دەبێت چۆن بێت؟
مەحمود محەمەد: شێوازى هەڵبژاردن ئێستا یەک لیستى تیدا نییە، چونکە بەشێوازى دائیرییە، بەڵام دەکرێت هاوپەیمانێتییەک هەبێت بەوەى کە ئەندام پەرلەمانەکانمان بە شێوازێک رەفتار بکەن کە هەماهەنگیان لەگەڵ پەرلەمان و لەگەڵ حکومەتى هەڕیمى کوردستان لەگەڵ سەرۆکایەتى هەرێممدا هەبێت و تەعیبر لەو بابەتە سیاسیانە بکەن کە ئەم سێ دەزگایە بڕیارى لەسەر دەدەن.

 

دەکرێت بۆ ناوچە جێناکۆکەکان بەک لیست بین بۆیە دەنگى کورد نەفەوتێت

* واتە بابەتى یاساى هەڵبژاردنەکان وایکردوە لاى پارتى یەک لیستى زۆر گرنگ نییە یەکهەڵوێستى دواتر گرنگە؟
مەحمود محەمەد: یەک هەڵوێستى زۆر گرنگە یەک لیستى ئەگەر لەناو خۆشماندا رێکنەکەوین لە دهۆک و هەولێر و سلێمانى و هەڵەبجە، بەڵام دەکرێت ئێمە بۆ کەرکوک و ناوچە جیناکۆکەکان بۆ ئەو شوێنانەى کە کێشەمان لەگەڵ حکومەتى فیدراڵى هەیە لەوێ رێککەوتنمان هەبێت بۆ ئەوەى بتوانین دەنگەکانمان بەفیڕۆ نەچێت.

* ئەم ئەگەرە بوەتە بڕیار لاى ئێوە لە هەرێمى کوردستان هەر یەکەو لیستى خۆى و لە ناوچە جێناکۆکەکان یەک لیستى؟
مەحمود محەمەد: ئەوەندەى من ئاگادارم دەزگاى هەڵبژاردنى ئێمە لەگەل دەزگاى هەڵبژاردنى بزوتنەوەى گۆڕان و یەکێتى لەم بابەتە قسەیان کردوە و چەند چونەتە پێش دەبێت تا ئەم دو سێ رۆژە ئەوەش ساغ بکرێتەوە.

هەندێک لایەنى شیعە هەوڵى ئەوەیاندا کە حاڵەتێکى برسی بون لە کوردستان دروست بکەن

* بەتێڕوانینى پارتى، کورد چۆن مامەڵە لەگەڵ داهاتوى عێراق یان عێراقى دواى هەڵبژاردنەکان بکات، پەیوەندى کورد و سونە؛ کورد و شیعە، ئەم پەیوەندیانە لە چ ئاستێک و شێوازێکدابێت؟
مەحمەد محەمەد: دەتوانین بڵێین بەشێک لە لایەنە شیعەکان گەمەیەکى مەترسیداریان کرد لە شێوازى حوکمڕانى و دەسەڵاتدارى لە عێراقدا، ئەویش بۆ ئەوەى کە کۆى هەمو کێشەکانى عەرەبى سوننەیان لە مەسەلەى پۆست و پلە و پایەدا کورت کردەوە دەیانەویست لەگەڵ کوردیش بە هەمانشێوە مامەڵە بکەن.
ئێستا هەوڵى زۆرى ئەوە دەدەن کە هەمو کێشەکانى کە کورد باسى لێدەکات لە مەسەلەى جێبەجێکردنى دەستورە لە مەسەلەى مادەى (140)، پێشمەرگە، یاساى نەوت و غاز و لە کۆمەڵێک ئیستحقاقاتى دەستورى کە هەیەتى بچوکى بکەنەوە لە مەسەلەى بودجەدا و لەبەر ئەوەى کە شتێکى حەساسە، بۆیە دەبینین پەنایان بردە بەر بڕینى بودجە و لە کۆتاییدا نەک هەر بودجە، بەڵکو هەوڵى ئەوەیاندا کە حاڵەتێکى برسی بون لە کوردستان دروست بکەن.






هەواڵی پەیوەندیدار