(سبەى):
دامەزراوەیەكی دیاری
ئەمەریكی تایبەت بە لێكۆڵینەوە داوا لە حكومەتی ئەو وڵاتە دەكات بەپلەی یەكەم
گرنگی بدات بە بواری پەرەپێدان و "حكومڕانیی باش" لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
لەبری ئەوەی گرنگی بدات بە بواری ئەمنی و ئاسایش.
راپۆرتەكەی دامەزراوەی (RAND) باس لەوە دەكات كە ویلایەتە یەكگرتوەكانی
ئەمەریكا پێویستی بەوەیە دوبارە هاوسەنگیی هێز لەبارەی پشتیوانییەكانی خۆی بۆ
ناوچەی پڕكێشمەكێشمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رێكبخاتەوە و ئاماژە بەوەشكراوە كە
ئیسرائیل و میسر و ئوردن لە ساڵی (2019)دا، (81%)ی پشتیوانییە سەربازییەكانی
ئەمەریكایان بەدەستگەیشتوە و ئەوەدەخاتەڕو کە سیاسەتی ئەمەریكا بۆ رۆژهەڵاتی
ناوەڕاست بەسەرچوە و بەزۆری تیشكی خستوەتە سەر فرۆشتنی چەك و پرسی ئێران.
لە بەرامبەردا دامەزراوەی (RAND) پێشنیاری ئەوە دەكات كە ئەولەویەت بدرێتە
وەبەرهێنانی ئابوری و حكومڕانی و دیپلۆماسی و پرۆگرامەكانی تایبەت بە خەڵك.
راپۆرتەكە پێیوایە؛ پشتیوانییە
سەربازییەكانی ئەمەریكا، كە زۆر لە پشتیوانییە ئابورییەكان لەپێشترە، نەبوەتەهۆی
بەرجەستەبونی پڕۆسەی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرەڕای سزا توندەكان،
راپۆرتەكە ئاماژەی بە مەترسی و هەڕەشەی پرسی ئەتۆمیی ئێران كردوە. هەروەها ئاماژە
بەوەشكراوە كە هەبونی بەردەوامی داعش، هۆكارەكەی بریتییە لە زوڵم و ستەمی ئابوری و
دەستەجەمعی كە ئەوەش بوەتە هۆی خوڵقاندنی مۆڵگەی چەكداران.
دامەزراوەی (RAND) پێشنیاری كەمكردنەوەی جیاوازی و كەلێنی
پشتیوانی دەكات لەنێوان ئیسرائیل و میسر و ئوردن لەلایەك و وڵاتانی دیكە لەلایەكی
تر، لەبری ئەوەش وەبەرهێنان زیاد بكرێت لە بوارەكان تەندروستی و رەخساندنی هەلی
كار بۆ گەنجان و گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا. لەسەروی هەموشیەوە، راپۆرتەكە پشتیوانی
لەوە دەكات كە گرنگی بدرێت بە وەبەرهێنانی ئابوری و مافی مرۆڤ و دژایەتیكردنی
تونددڕەوی بەشێواز ناتوندوتیژی.
دالیا داسا یەكێك لە
نوسەرانی راپۆرتەكە كە لێكۆڵیارێكی سیاسی دیارە لە دامەزراوەی (RAND) دەڵێت: "پێویستە بیر بكەینەوە لەبارەی
ئەوەی بۆچی لەم هەرێمەین، نەك ئەوەی دژایەتی كێ دەكەین."
سەرچاوە: ئەلمۆنیتەر
لە ئینگلیزییەوە: فەلاح
حەسەن