لە میدیاکانەوە 09:00 - 03/03/2021 ئیندیپێندێنت

به‌ تۆمه‌تی "سوکایەتى به‌ سه‌رۆكى وڵات" زیندانی ده‌كرێت

+ -

(سبەى):
لە دواى نیو سەدە خزمەت لەبوارى هونەردا و وەرگرتنى چەندین خەڵاتى ناوخۆیی و جیهانیی، هونەرمەندی کۆمیدیی و نوسەرى تورک موجدەت غیزان روبەروى دادگایی و زیندانیکردن دەبێتەوە، تۆمەتەکەش سوکایەتى کردنە بە سەرۆکى وڵات.

غیزان تەمەن (77) ساڵ پێشتر کاندیدى باڵیۆزى نیازپاکى بوە لەلاى نەتەوەیەکگرتوەکان و یەکێکە لە هونەرمەند و نوسەرەکانى تورکیا و جیهان کە لە بوارى تەنز و کۆمیدیا بەناوبانگە.

غیزان تاکە کەس نیە بەتۆمەتى سوکایەتى کردن بە سەرۆکى دەوڵەت، "لەوڵاتێکى دیموکراسیدا" دادگایی دەکرێت، بەڵکو  هونەرمەندێکى هاوڕێشى بەناوى مەتین ئەکبینار تەمەن (79) ساڵ بە هەمان تۆمەت روبەڕوى دادگاییکردن دەبێتەوە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا ئەو هونەرمەندانەى وڵاتەکەى بە "هونەرمەندانى فەیک" ناو دەبات و هونەرمەندانیش سەرۆک بە دیکتاتۆر وەسف دەکەن و پێى دەلێن؛ "کەسێکیت لە هەموشتێکدا قسە دەکەیت و سنورى خۆت نازانیت".

یەکێک لەو تۆمەتانەى ئاڕاستەى ئەم هونەرمەندە کراوە ئەوەیە لە بەنامەیەکى تەلەفزیۆنیدا قسەى ئاڕاستەى سەرۆکى ئەو وڵاتە کردوە و وتویەتى:"رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆت نیە نیشتیمانخوازیی ئێمە تاقى بکەیتەوە، سنورى خۆت بزانە!".

بەڵام مەتین ئەکبیتار لەوە زیاتر رۆشتوەو لە لێدوانێکدا دەڵێت "ئەگەر وڵاتەکەمان لە جێبەجێکردنى دیموکراسیەتدا شکست بهێنێت، ئەوا سەرۆکەکەمان دەبینین سەرەو خوار بە قاچەکانى هەڵواسراوە، یاخود لە چاڵێکدا خۆى حەشارداوە وەک چۆن لە زۆربەى رژێمە فاشیەکاندا ئەمە رویداوە"، لێدوانانى ئەو هونەرمەندانە سەرۆک کۆمارى تورکیاى بێتاقەتکردو داواى گرتنى دو هونەرمەندەکەى کرد.

چالاکوانانى مافەکانى مرۆڤیش سەرۆک کۆمارى تورکیا بە هەڵسوکەوتى دیکتاتۆرانە تۆمەتبار دەکەن بەتایبەت لەدواى کودەتا شکستخواردوەکەى ساڵى (2016)، دواکارى گشتى تورکیاش داوا دەکات هەرکام لەو دو هونەرمەندە بە زیندانى کردن حوکم بدرێن، کە کەمتر نەبێت لە چوار ساڵ و هەشت مانگ.

لەم ساڵانەى دواییدا هەزاران کەس بە تۆمەتى "سوکایەتى کردن بەسەرۆکى دەوڵەت" دادگایی کراون، لەوانە چەندانیان قوتابى ناوەندیین یان هونەرمەندن، شاجوانێکى پێشوى تورکیاش بە هەمان تۆمەت دادگایی و زیندانیی کراوە.

ئەردۆغان بەردەوام هەڕەشەى لەو کەسانە کردوە کە رەخنە دەگرن یان سوکایەتى بە سەرۆکى وڵات دەکەن، پێیان دەڵێت: "باجى ئەوە کارەتان دەدەن".

هەر لە رۆژى دوەمى لێدوانەکانى غیزان، پۆلیس هەڵیان کوتایە سەر ماڵەکەى، غیزان دەڵێت: "لەگەڵ نزیکەى (50) تاونباردا کە هەندێکیان بکوژ و تۆمەتباربون بە ئەنجامدانى تاوانى گەورە، دەستەکانم کەلەپچە کراو، فرێدرامە زیندانەوە".

لەگەڵ هەمو ئەم رێوشوێنانە، بەڵام هونەرمەندە تورکەکە بەردەوامە لە گوزارشت کردن لە بۆچونەکانى و دەڵێت: "لەژێردەسەڵاتى ئەردۆغاندا وڵات بەرەو ئاڕاستەیەکى مەترسیدار دەڕوات".

غیزان بە رۆژنامەى ئینتیپێنتدى بەریتانى رایگەیاندوە "لە تورکیا ژمارەیەکى زۆر رۆژنامەوان لە زینداندان ئەمەش لە مێژوى تورکیادا وێنەى نەبوە".

ئەو کە تائێستا زیاتر لە پەنجا کتێبى هەیە و سەنتەرێکى رۆشنبیریی لە ئیستانبوڵ دامەزراندوە، دەڵێت: "لەچەند دەیەى پێشو لە تورکیا بێ هیچ دو دڵیی و ترسێک رەخنە و تەنانەت گاڵتەم بەچەندین کەس لە سیاسەکانى تورکیا کردوە لەپێش چاوى خۆیان، هەر ئەوەش واى کردوە جەماوەرێکى زۆرم هەبێت و ساڵى (2007)یش وەک باڵیۆزى نیازپاکی نەتەوە یەکگرتوەکان کاندید بکرێم، بەڵام ئەمرۆ دەترسم رێچکەى رەسەنى هونەرمەندەکانى تورکیا لە رەخنەگرتن لەناو ببرێت".

وەک خۆى دەڵێت "خەمبارە بەوەى دەبینێت (خوسانسۆریی) لەناو هونەرمەندەکاندا زیاتربوە و زۆرێک لە هونەرمەندەکان خۆیان بەدور دەگرن لە رەخنەگرتن بۆ ئەوەى هونەرەکەیان بە سیاسیی نەکرێت، لە کاتێکدا هونەر بە سروشتى خۆى ئۆپۆزسیۆنە و لەدەسەڵاتى سەرۆکیشدا نیە هەڵسوکەتى هونەرمەندان سنوردار بکات".

هەندێک لە پارێزەرو  یاساناسان دەڵێن؛ دەبێ غیزان بەشێوەیەک رەخنە بگرێت یاساکان نەتوانن تۆمەتبارى بکەن، بۆیە ئێستا پارێزەرەکانى دەیانەوێت بە شێوەیەک دەق و تەنز و رەخنەکانى دەستکارى بکەن لەگەڵ یاسا کارپێکراوەکان یەک بگرێتەوە و بتوانێت خۆى بگونجێنێت، بۆ ئەوەى چیتر روبەروى لێپێچینەوەى یاسایی نەبێتەوە.

لەگەڵ زیندان و دادگاییکردن و زیاتر بونى چاودێریی،بەڵام غیزانى هونەرمەند هێشتا بە دوارۆژى تورکیا گەشبینە، ئەو وڵاتەکەى بە پاپۆڕێک دەچوێنێت لە کۆتایی گەشتێکى دورودرێژى تاقەت پروکێندا و دەڵێت: "رۆژێکدێت کەسێک پەیدا ببێت و ئەم کەشتیە ماندوە بگەیەنێتە کەنارى ئارامیی".

سەرچاوە: ئیندیپێندێنت

لە عەرەبییەوە: سبەی