(سبەی):
دوای دو ساڵ لەسەر هەڵدانى ڤایرۆسى کۆرۆنا لە چینەوە و بڵاوبونەوەى
بە جیهاندا، هێشتا سەرچاوەى دروستبونى ڤایرۆسە تاجیەکە و یەکەم شوێنى دروستبونى، مەتەڵێکى
هەڵنەهێنراوە.
ساڵى (2017) چەند دیپلۆماتکار و بەرپرسێکى ئەمەریکیی، هۆشداریان داوەتە
ئیدارەى پێشوى وڵاتەکەیان، سەبارەت بە تاقیگەى پەیمانگاى وهانى چینیى بۆ زانستى ڤایرۆسناسیی.
ئەو بەرپرس و دیپلۆماتکارانە، ئیدارەى دۆناڵد ترەمپ، سهرۆكی ویلایهته
یهكگرتوهكانی ئهمهریكا ئاگادار دەکەنەوە سەبارەت بە کەمیی ژمارەى پسپۆڕانى
هونەریی و لێکۆڵەر و راهێنەر، لە پەیمانگاى وهان بۆ کۆنترۆڵکردنى ڤایرۆسە کار
لەسەر کراوەکان و بەرێوەبردنى تاقیگەکە بەشێوەیەکى پارێزراو بەپێى ستانداردە
جیهانیەکان.
ئەم تاقیگەیە مەترسیدارە
گۆڤارى (پۆلیتیکۆ) چیرۆکى ئەو بەرپرسە ئەمەریکیانەى بڵاو کردۆتەوە،
چەند ساڵێک پێش سەر هەڵدانى کۆرۆنا سەردانى پەیمانگاى وهانیان بۆ زانستى
ڤایرۆسناسیی، کردوە.
ئەوبەرپرسانە لەوکاتەدا لە باڵیۆزخانەى ئەمەریکا لە پەکینى پایتەختى
چین کاریان کردوە، بۆ گۆڤارى (پۆلیتیکۆ)یان گێراوەتەوە "ئێمە هەوڵماندەدا
هەموان لەوە تێبگەیەنین ئەم تاقیگەیە مەترسیدارە، پێمان وابو ڤایرۆسێکى هاوشێوەى
سارس جارێکى دیكه بڵاودەبێتەوە، دەشمانزانى دەبێتە گەورەترین پەتا لە مێژوى
مرۆڤایەتیدا."
بەڵام بروسکەکانى هۆشداریى کە دواتر لە نیسانى (2020) بڵاوکرانەوە،
هیچ سەرنجى واشنتۆنى رانەکێشابو.
چین لەسەرەتاى روداوەکەوە مکوڕبو لەسەر ئەوەى
ڤایرۆسى کۆرۆنا ( SAR-COV2)، سەرەتا لە بازاڕێکى خواردنە دەریاییەکانەوە لە شارى وهان سەریهەڵداوە،
ئەمەش ئەو چیرۆکە بو کە بەشێوەیەکى بەر فراوان بڵاوبوبویەوە و باوەڕى پێکرا، بەڵام
دواتر پەکین لەو قسانەى پاشگەز بویەوە و پەنجەى تۆمەتى ئاراستەى ئیتاڵیا و
ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئهمهریكا کرد.
پسپۆڕانى رێکخراوى تەندروستى جیهانیی کە بەم دواییانە سەردانى
چینیان کردوە بۆ دۆزینەوەى شوێنى یەکەمى سەرهەڵدانى ڤایرۆسەکە، بە دوریانزانى
ڤایرۆسەکە لە تاقیگەکانى پەیمانگاى وهانى
ڤایرۆسناسییەوە، کە دەکەوێتە نزیک بازاڕى فرۆشتنى خواردنە دەریایەکان، بڵاو
بوبێتەوە، بەڵام رێکخراوەکە دەڵێت:"هەمو گریمانەکان بەکراوەیی ماونەتەوە و
هێشتا لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت".
سەرەتاى هۆشداریەکان
لە کۆتایی ساڵى (2017)
گەورە بەرپرسانى باڵیۆزخانەى ئەمەریکا لە چین کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیان لە پەکینى
پایتەخت گرێدا، لەو کۆنگرەیەدا بەرپرسە ئەمەریکییەکان راپۆرتێکیان خستەرو کە چەند
زانایاکى چینیی بە هاوبەشیی لەگەڵ پەیمانگا نیشتیمانیەکانى ئەمەریکا ئامادەیان
کردبو.
لەوساتەوەى پەتاى سارس
لە ساڵى (2002) لە چین بڵاو بویەوە زانایانى جیهان دەستیان کرد بە لێکۆڵینەوە
دەربارەى چۆنیەتى پێشبینى کردن و رێگاکانى سنوردارکردنى هەر پەتایەک لە داهاتودا.
وەک پشتیوانیەک بۆ ئەو
هەوڵانە، پەیمانگا نیشتیمانیەکانى ئەمەریکا سەپۆرتى چەندین پرۆژەی تایبەت بەکارکردن
لەسەر ڤایرۆسى شەمشەکوێرەى تاجییان کرد، لەو پرۆژانەدا چەندین زاناى چینییش لە
وهانەوە بەشدار بون.
سارس نەخۆشیەکى
گوازراوەى بکوژە، لە رێگەى ڤایرۆسى کۆرۆناى شەمشەمە کوێرەوە بڵاودەبێتەوە.
بەرپرسانى ئەمەریکا ئاگاداربون لێکۆلەرە چینیەکان کۆمەڵێک شەمشەمە کوێرەیان
لە یەکێک لە ئەشکەوتەکانى شارى (یوننان)ى چین دۆزیوەتەوە و بەهۆیانەوە زانیاریی
سەرەتایی وردیان سەبارە بە چۆنیەتى دروستبونى ڤایرۆسى سارس و بڵاوبونەوەى
دەستکەوتوە.
بەڵام بەرپرسە ئەمەریکیەکان زیاتر گرنگیان بەلایەنێکى دیکەى
بابەتەکە دا، ئەویش لێکۆڵینەوە بو سەبارەت بە سێ ڤایرۆسى نوێ، کە تایبەتمەندیی سەرنجراکێشیان
هەیە، ئەویش ئەوەیە ئەم شەمشەمە کوێرانە (پرۆتینى خۆ هەڵواسى دڕکاویان) هەیە، کە ئەم
ڤایرۆسى کۆرۆنایەى ئێستاش هەمان تایبەتمەندیى ئەو پرۆتینەیان هەیە.
کارى (پرۆتینى خۆهەڵواس) ئەوەیە هێز دەبەخشێتە
ڤایرۆسەکە بۆ خۆهەڵواسین بە خانەکانى بۆرى هەناسەدانى مرۆڤدا، ئەمەش مەترسیی لەسەر
ژیانى کەسەکان دروستدەکات، هەر بەهۆى ئەم دۆزینەوەیەوە بەرپرسانى تەندروستیی لە
باڵیۆزخانەى ئەمەریکا لە پەکین بڕیاریاندا بچن بۆ وهان و لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە
بکەن.
باڵیۆزخانەکە لە کۆتایی (2017) و سەرەتاى
(2018) سێ تیمى لە پسپۆڕیان نارد بۆ
بینینى چەند زانایەک لە وهان، یەک لەوانە (شى جینجلی) بو، کە شارەزاییەکى فراوانى
هەیە سەبارەت بە لێکۆڵینەوە لەو ڤایرۆسى کۆرۆنایەى لەناو شەمشەمە کوێرەدا هەیە.
تیمە ئەمەریکیەکە ترسان.
کاتێک تیمە ئەمەریکیەکە لەگەڵ زانایانى تاقیگەى وهان دەستیانکرد بە
گفتوگۆ، توشى شۆک بون، زانا چینیەکان دەڵێن ئەوان ژمارەى لێکۆڵەر و ڕاهێنراوى
تەکنیکى پێویستیان لەبەردەستدا نیە بۆ
ئەوەى تاقیگەکە بە شێوەیەکى لە سەدا سەد پارێزراو، بەرێوەبەرن، ئەمەش بەرپرسە ئەمەریکیەکان دەترسێنێت.
زاناکان داواشیان لە بەرپرسە
ئەمەریکیەکان کردبو هاوکاریان بکەن بۆ دابینکردنى ژمارەى پسپۆڕى پێویست بۆ
تاقیگەکە، بۆ ئەوەى بتوانن لەئاستێکى بەرز و بەپێى پێوەر و ستاندارەکان، تاقیگەکە بەرێوەبەرن.
دیپلۆماتکارە
ئەمەریکیەکان سەبارەت بە سەردانەکانیان بۆ تاقیگەى وهان دو بروسکەیان ئاراستەى
واشنتۆن کرد:
یەکەم: پێویستە هاوکارى
ئەم تاقیگەیە بکرێت بۆ ئەوەى پێوەرەکانى پاراستنى بۆ دابینبکرێت" و جەختیان
لە ئیدارەى کۆشکى سپى کردەوە، ئەم کارە بکات.
دوەم: سەبارەت بە
دۆزینەوەى نوێ لەبارەى ڤایرۆسى کۆرۆنا لەناو شەمشەمەکوێرەدا، هۆشداریاندا کە دەکرێت بەئاسانى بگاتە خانەکانى
مرۆڤ.
بەڵام وەزارەتى دەرەوەى
ئەمەریکا هیچ وەڵامێکى ئەو بروسکانەى نەدایەوە، بروسکەکان پاشتر لە ساڵى (2020)
بڵاو بونەوە، پاش ئەوەى کۆرۆنا هەمو جیهانى گرتەوە و وەک پەتایەکى جیهانى ناسێنرا.
لەگەڵ هەڵکشانى
ئاڵۆزیەکان لەنێوان واشنتۆن و پەکین لە ساڵى (2018) چى دى دیپلۆماتکارە ئەمەریکییەکان
نەیانتوانى جارێکى دیكه سەردانى هیچ جێگایەک بکەن، لەوانەش تاقیگەکانى وهان.
لە کۆتا رۆژەکانى ئیدارەى پێشو، مایک پۆمپیۆ،
وەزیرى دەرەوە بەیاننامەیەکى دەرکرد و تیایدا باسى لەوە کرد دەزگاى هەواڵگریی
ئەمەریکا بەڵگەى هەیە سەبارەت بە بەرکەوتنى چەند لێکۆڵەرێکى پەیمانگاى وهان لە
پایزى (2019) بە نیشانەى هاوشێوەى
نیشانەکانى (کۆڤید19) ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەى حکومەتى چین زانیارى هەبوە
سەبارەت بە بڵاوبونەوەى پەتاکە، پێش چەند مانگێک بەر لە بڵاوبونەوەى، بەڵام ئەو
زانیاریانەى شاردۆتەوە.
شوێنى
لەدایکبونى (کۆڤید19) هێشتا پرسیارێکى وەڵام نەدراوەیە، بەڵام تیدروس ئیدهانوم گیبریسوس،
بەڕێوبەرى گشتى رێکخراوى تەندروستى جیهانیی، ڕایگەیاندوە:"ئەو تیمە پسپۆڕەى
سەرەتاى ئەمساڵ سەردانى وهانیان بۆ لێکۆڵینەوە، کردوە سەبارەت بەسەرچاوەى
سەرهەڵدانى ڤایرۆسە تاجیەکە، لە پانزەى ئازارى ئەمساڵ ڕاپۆرتى خۆیان بڵاو
دەکەنەوە" واتە چەند رۆژێکى تر.
سەرچاوە: سایتى ئەلحورە