لە میدیاکانەوە 09:25 - 31/03/2021

ئەمەریكا رەخنەی توند لە توركیا دەگرێت دژبە پێشێلكارییەكان بۆ سەر مافی مرۆڤ

+ -

(سبەى):

ئیدارەی بایدن رەخنەی توند لە توركیا دەگرێت بەهۆی ئەو زنجیرە پێشێلكارییە بەرچاوەی دژ بە مافەكانی مرۆڤ ئەنجامی دەدات لە "كوشتنی بەمەبەست و ئەشكەنجەدانی هەزاران نەیاری سیاسیی دەستگیركراو و پارێزەران و رۆژنامەنوسان و چالاكوانانی بەرگریكاری مافی مرۆڤ".

درەنگانێكی رۆژی سێشەممە راپۆرتی ساڵی (2020)ی تایبەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە وڵاتان بڵاوكرایەوە و تیایدا ئەوە ئاشكرا كراوە كە لە ژێر سایەی ئیدارەی جۆ بایدن، بێمتمانەیی هەڵكشاو لە ئارادایە لەنێوان هەردو لایەنی هاوپەیمان و ناكۆكییە بەردەوامەكان لەگەڵ توركیا.

بایدن لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ نیویۆرك تایمز لە ساڵی (2019) رەخنەی لە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا گرت و وەك كەسێكی "ئۆتۆكرات" ناوی برد و لەو كاتەشەوە كە ئیدارەی ئەمەریكای گرتوەتە دەست ناوی ئەردۆغانی نەبردوە.

ئەمانەی خوارەوە ئەو خاڵە سەرەكییانەن كە لە راپۆرتەكەدا هاتون و پێشتر جێی تێبینی ئەمەریكا بون، لەنێویاندا هەڵمەتی رەشبگیری و دەستگیركردن و لەناوبردنی دەیان هەزار لایەنگری فەتحوڵا گولەن كەسایەتیی ئاینی توركی كە لە ویلایەتی پەنسلڤانیا نیشتەجێیە و بە وتەی حكومەتی توركیا ئەو كەسایەتییە لە پشت كودەتا شكستخواردوەكەی ساڵی (2016)وە بوە.

1-   دەسەڵاتە مەدەنییەكان كۆنتڕۆڵی تەواویان كردوە بەسەر جێبەجێكردنی یاسا رەسمییەكان، بەڵام میكانیزمەكانی لێكۆڵینەوە و سزا و ئەشكەنجە و گەندەڵی وەكو خۆیان ماونەتەوە و بەردەوامییان هەیە.

2-   لەو كاتەوەی كودەتا شكسخواردوەكە بەرپا كراوە، دەسەڵات دەیان هەزار ئەندامی هێزەكانی پۆلیس و سەرباز و دادوەری دەركردوە یان كارەكانیانی هەڵپەساردوە و نزیكەی (1500) رێكخراوی ناحكومیی داخستوە بەتۆمەتی تیرۆر و هەبونی پەیوەندییان بە بزوتنەوەكەی فەتحوڵا گولەنەوە.

3-   حكومەت چەند هەنگاوێكی سنورداری گرتوەتەبەر بۆ لێكۆڵینەوە و لێپێچینەوە و سزادانی ئەو ئەندامانەی پۆلیس و هێزە ئەمنییەكان كە تۆمەتبارن بە پێشێلكاری بۆ سەر مافەكانی مرۆڤ. پارێزبەندی (حصانە) وەك كێشەیەك ماوەتەوە و بەردەوامیی هەیە.

4-   دەستگیركردنی هەڕەمەكییانە و بەمەبەست لەدژی هەزاران كەس، لەنێویاندا سیاسەتمەدارانی ئۆپۆزسیۆن و ئەندامانی پێشوی پەرلەمان و پارێزەران و رۆژنامەنوسان و چالاكوانانی مافی مرۆڤ و هەروەها ستافی ئەمەریكی بەتۆمەتی هەبونی پەیوەندییان بە تۆمەتی هەبونی پەیوەندی بەو گروپانەی كە بە بۆچونی توركیا تیرۆریستن.

5-   سەپاندنی كۆتوبەندی توند بۆ سەر ئازادی رادەربڕین و میدیا و ئینتەرنێت، لەنێویاندا هەڕەشەی ئەنجامدانی توندوتیژی دژبە رۆژنامەنوسان و لێپێچینەوەی یاسایی دژ بە رۆژنامەنوسان و هەمو ئەوانەی تر كە رەخنە لە سیاسەتی حكومەت و بەرپرسانی حكومەت دەگرن شانبەشانی چاودێریكردن و بلۆككردنی وێبسایتەكان.


نوسینی: سلیجان هاجائۆفڵو
لە ئینگلیزییەوە: فەلاح حەسەن

سەرچاوە: بلومبێرگ