لە میدیاکانەوە 09:25 - 27/03/2021 محەمەد وانى

چاکسازى لە عێراق پێویستیی بە هێزێکى ئەفسوناویە!

+ -

(سبەى):

گەندەڵى لایەنگرانى خۆى هەیە هەروەک چۆن چاکسازیش لایەنگرانى خۆى هەیە، هەردو گروپەکە لە ململانێدان لەو کاتەوەى مرۆڤ لەسەر زەوى بونى هەیە.

هەمو ئەو کارەساتانەى بەسەر مرۆڤدا هاتوە هەموى دەرەنجامى ململانێى نێوان لایەنگرانى ناهەق و لایەنگرانى هەق یاخود لایەنگرانى گەندەڵیی و لایەنگرانى چاکسازیی رویداوە.

قابیل، هابیلى براى کوشت، چونکە پێیوابو ئەو لەو باشترە و پێگەى لەو گەورەترە، بۆیە رێگەى بەخۆى دا زیاتر لە بەشى ئەو بەرێت و دەست بگرێت بەسەر موڵکى براکەیدا و هیچ گومانى لەوە نەبو کە دەبێ بیکوژێت و لەسەر رێگاکەى لاى ببات.

بۆچى؟ چونکە هابیل لەو کەسانە نیە بە ئاسانى سازش لە مافى خۆى بکات و لە هەڕەشەو گوڕەشەش ناترسێت و ئەمەشى لەگەڵ تاقیکردەوە سودى نەبو (ئەوەبو بەر لەوەى بیکوژێت پێىوت "ئاخر ئەتکوژم" بەڵام هابیل بێئەوەى سازش بکات وتى "ئەگەر تۆ من بکوژى من تۆ ناکوژم")

بۆیە سەرەنجام قابیل براکەى کوشت و دەستى گرت بەسەر موڵک و ماڵیدا، پێىوابو بەم کوشتنە خەونەکەى دێتە دى، بەڵام وا نەبو بەڵکو ژیانى پاش ئەوەى پڕ بو لە زەحمەت و پەشیمانیی .

ئەگەر گەندەڵى کارى کەسانى سەرەوە بێت لە دەسەڵاتدارانى وەک فیرعەون و هامان و قارون سێ کوچکەى هێزى چەکدار و سیاسەت و پارە، ئەوا چاکسازییش لەلایەن هەژاران و پێغەمبەران و بەندەکان و زۆرینەى خەڵکەوە وەک سوهەیب و بیلالى حەبەشى و عەمارەوە پشتیوانیی دەکرێت.

هەمو پێغەمبەران و شوێنکەوتوانیان دوچارى ناڕەحەتى و کۆسپ و تەنگەژە بونەتەوە لەلایەن گەندەڵەکانەوە ئەوانەى دەستیان بەسەر موڵکو ماڵى گشتیدا گرتوە، (وَكَانَ فِي الْمَدِينَةِ تِسْعَةُ رَهْطٍ يُفْسِدُونَ فِي الْأَرْضِ وَلَا يُصْلِحُونَ).
(نۆ) گروپى چەکدار دەستیان گرتبو بەسەر دەوڵەتى (سەمود)دا هەروەک ئەوەى ئەمڕۆى عێراق کە دەبینى (67) گروپ لە گروپەکانى حەشدى شەعبى کۆنترۆڵى حکومەت و پەرلەمان و دارایی و نەوتیان کردوە، تەنانەت کۆنترۆڵى هەردو سەرۆکایەتی کۆمارو وەزیرانیشیان کردوە، جا هەروەک چۆن پەیامبەر ساڵح و هاوڕێ لاوازەکانى تواناى ئەوەیان نەبو روبەروى ئەو (نۆ) گروپەى سەمود ببنەوە تەنها لەرێگەى پشتیوانیەکى دەرەکیەوە نەبێت و هەر ئەمەش رویدا، ئەوا عێراقیەکانیش تواناى روبەڕوبونەوەى ئەم گروپانەیان نیە، مەگەر بە پشتیوانەیەکى دەرەکى نەبێت، پشتیوانیەک وەک ئەوەى لە (2003) رویدا و هەمو وێنە چەقبوەستوەکەى عێراق بگۆڕیت.

بەدرێژایی مانەوەى لە شارى (مەدینە) پەیامبەر موسا ئەو توانایەى نەبو بگەڕێتەوە میسرو بانگەوازى فیرعەن بکات بۆ سەر رێگاى راست و ملکەچکردنى بۆ هەق، بەڵام کاتێک بە هۆکارەکانى هێز و موعجزە و هێزى ئەفسوناوى خۆى پڕچەککرد، توانى روبەڕوى بەهێزترین هێزى دنیا لەو سەردەمەدا ببێتەوە، فیرعەونى سەرۆکى دەوڵەت و هامانى سەرۆک وەزیران و قارونى وەزیرى دارایی و سەرۆکى بانکى ناوەندى میسر! ئەو بەو هێزە توانى هەر سێ هێزەکە بەیەکەوە تێکبشکێنێت.

هەمو پەیامبەران و پیاوچاکان بە (موعجزەکان) بەسەر نەیارەکانیاندا سەرکەوتن، تەنها پەیامبەر محەمەد (د.خ) نەبێت کە توانى بە (قورئان) سەرکەوێت. قورئان ئەو هێزە ئەفسوناویە مەعنەویەیە بۆ رێنماییکردن و نیشاندانى توانای ئینسان و هێزە شاراوەکەى لە روبەڕوبونەوەى گەندەڵیدا.

خودا دەیەوێت دیوارى ناهەق لە رێگەى هێزى مرۆڤ خۆیەوە تێکبشکێنێت، لە رێگەى ئەو هێزەى لەناوەڕۆکى مرۆڤ خۆیدا دایناوە بۆ روبەڕوبونەوەى گەندەڵکاران و تاوانکاران.

دواجار مرۆڤى چاک دەتوانێ بەسەر ئەم گەندەڵانەدا سەربکەوێت بەبێ موعجیزە و بەبێ هێزى ئەفسوناوى، بەڵکو بە هێزە حەشاردراوەکەى ناو ناخى خۆى.

محەمەد وانى
سەرچاوە: ئیلاف
وەرگێڕانى: (سبەى)