(سبەى):
بەپێی راپرسییەك بۆ
یەكەمجار پشتیوانانی هەریەك لە ئاكپارتی و هاوپەیمانەكەی كە مەهەپەیە رویان لە
داكشان كردوە و گەیشتونەتە ئاستی (45%)، ئەو لایەنگرانەی لەئێستادا لە ئاكپارتی
بێئومێدبون پێناچێت جارێكی دیكە پشتیوانی لەو پارتە بكەنەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان كە
لەدوای مستەفا كەمال ئەتاتوركی دامەزرێنەری توركیاوە بەهێزترین سەركردەیە و زۆرترن
ماوە لە دەسەڵاتدا ماوەتەوە، لەدواى سستبونی گەشەسەندنی ئابوریی لەو وڵاتە و دابەزینی
لەناكاوی بەهای دراوەکەیان، پشتیوانی لەدەستداوە و ئەوەش دواى ئەوەى دوان لە
دامەزرێنەرانی ئاكپاتی جیابونەوە و حیزبی ركابەریان دروست كرد.
هەرچەندە هێشتا ئەردۆغان
وەك سیاسییەكی دیار لە وڵاتدا ماوەتەوە و دەسەڵاتێكی بەرفراوانی هەیە لەپۆستی
سەرۆكایەتیدا كە سێ ساڵ لەمەوبەر گرتیەدەست، بەڵام هێشتا پشت بە پەرلەمان دەبەستێت
لە پەسەندكرنی یاساكاندا.
بەپێی دەرەنجامەكانی (15)
راپرسی كە پێشتر ئەنجامدراون، پشتیوانی لە پارتەكەی ئەردۆغان كە بریتییە لە
پارتێكی خاوەن رەگ و ریشەی ئیسلامی بەناوی پارتى دادو گەشەپێدان (ئاكپارتی) و لە
ساڵی (2002)ـەوە لە دەسەڵاتدایە، لەدوایین هەڵبژاردنی ئەو وڵاتەدا دەنگەکانى لە رێژەی
(42%)ەوە هاتوە سەر (36%) پارتە هاوپەیمانەكەشی كە مەهەپەیە بە هەمان شێوە ریژەی
پشتیوانییەكانی بۆ (8%) دابەزیوە.
شكستهێنان ئاكپارتی لە
سێ گەورەترین شاری ئەو وڵاتە لەهەڵبژاردنی شارەوانییەكانی (2019)دا ئاماژەیە بۆ
ئاڵنگارییەكی مەترسیدار لەبەردەم ئەو پارتە بۆ هەڵبژاردنی داهاتو. بژاردە
نوێیەكانی بەردەم ئەو پارتە بۆ بەستنی هاوپەیمانی سنوردارە بەتایبەت دواى ئەوەی
ئەردۆغان ئیدانە و سەركوتی توندی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی كرد.
وەك هەوڵدانێك بۆ گەڕاندنەوەى
دەنگ و متمانەی پارتەكەی، رۆژی سێشەممە ئەردۆغان پلانێكی حكومەتی ئاشكرا كرد
تایبەت بە مافی مرۆڤ و رێوشوێن و قەدەغەكردنی هاتوچۆی تایبەت بە كۆرۆنای لە
سەرانسەری وڵات ئاسان كرد. بەڵێنیشی دا گۆڕانكاری لە یاسای هەڵبژاردنەكاندا بكات،
بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ زانیاری و رونكردنەوەیەكی زیاتر بدات لەوبارەیەوە.
ئەردۆغان رایگەیاند:
"دەستمان كردوە بە كاری چڕوپڕ بۆ گۆڕانكاری لە سیستەمی پارتە سیاسییەكان و
رێكارەكانی تایبەت بە هەڵبژاردن ئەویش لەپێناو بەرەوپێشبردنی بەشداریی سیاسی."
بە وتەی سێ سەرچاوەی نێو
ئاكپارتی كە نەیانویستوە ناویان ئاشكرا بكرێت بەشێك لە پلانەكان بریتین لە
دابەشكردنی بازنە گەورەكانی هەڵبژاردن لە قەزاو ناحیەكان بۆ بازنەی بچوكتری
هەڵبژاردن، ئەوەش گۆڕانكارییەكە كە بەوتەی بەرپرسێكی پارتەكە دەبێتە هۆی بەهێزبونی
بەرچاوی ژمارەی پەرلەمانتارەكانی ئاكپارتی.
پلانەكان بەهەمان شێوە
دەتوانن بەربەستی بەردەم چونەناو پەرلەمان بشكێنن (كە لەئێستادا بریتییە لە 10%ی
دەنگەكان) و بیكەن بە رێژەی (7%) ئەوەش هەنگاوێكە كە دڵنیایی دەداتە هاوپەیمانەکانى
ئەردۆغان بەتایبەت ئەوانەی دەنگەكانیان لەخوار رێژەی (10%)ـەوە بو.
بەربەرستی (7%) هێشتا
دەكرێت رێژەیەكی تەواو بەرز بێت بۆ رێگری لە جیابونەوەی هەردو پارتی (داهاتو،
دیڤا) كە هەردوكیان ناتوانن رێژەی (2%) زیاتر بەدەستبهێنن ئەگەر نەچنە پاڵ
هاوپەیمانێتییەكی گەورەوە.
بە وتەی رێكخەرانی راپرسییەكان،
دەستێوەردانە سەربازییەكانی ئەردۆغان و سیاسەتە دەرەكییە توندەكانی، كە توركیایان
پەلكێشی قەیرانی سیاسی كردوە لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا و یەكێتیی
ئەوروپا، بونەتە هۆی لەدەسەتدانی پشتیوانی و گرژی و ئاڵۆزی لەناوخۆدا.
"ئاكپارتی و ئەردۆغان خۆیان وێران كردوە،
بەتایبەت بەهۆی سیاسەتە ئابورییەكانیان و سیاسەتی دەرەوە"، ئەمە وتەی ئۆزێر سینتاری
بەڕێوەبەری دامەزراوەی توێژینەوەی (MetroPULL)ە.
سینكار شانبەشانی محەمەد
عەلی كوڵات بەڕێوەبەری راوێژكاریی دامەزراوە (MAK) دەڵێت: زیادبون و گەشەسەندنی ژمارەی دانیشتوان وای كردوە پشتیوانی لە
پارتەكەی ئەردۆغان كەم بكات و هێشتا نازانرێت دەنگدەرانی نوێ پشتیوانی لە چ لایەك
دەكەن.
كوڵات دەڵێت: "بۆ
یەكەمجار، دەنگی خۆڵەمێشی دەبینرێت كە دەڵێن زۆر توڕەن لە ئەردۆغان و رەنگە دەنگی
پێ نەدەن، لە رابردودا توڕەبون و هەر دەنگیشیان پێ دەدا، بەڵام پێناچێت ئەمجارە
دەنگی پێ بدەن."
دەشڵێت: دو پارتە
سیاسییە نوێیەكە، شانبەشانی پارتە میانڕەوە نەتەوەپەرستەكە (ئی پارتی)، پێشتر
هەندێ لە دەنگدەرانی ئاكپارتییان بردوە.
بەرپرسانی ئاكپارتی كە
لێدوانیان بۆ رۆیتەرز داوە ئاشكرایانكردوە كە پارتەكەیان بەردەوام پشتیوانی لەدەست
دەدات، بەڵام ئەوە بەشێكی پەیوەندی بە كاریگەرییە كاتییەكانی كۆت و بەندەكانی
تایبەت بە كۆرۆناوە هەیە، كە یەكێك لەو رێوشوێنانە بریتییە لە سەپاندنی قەدەغەی
هاتوچۆی شەوان و كۆتایی هەفتە لە سەرانسەری توركیا بۆ ماوەی سێ مانگ.
یەكێك لەو سەرچاوانە
دەڵێت: "ژمارەیەكی زۆر لە دەنگدەران توڕەن لە ئاكپارتی بەڵام كاری زۆر ماوە
كە بیكەین بۆ گەڕاندنەوەى پشتیوانیی ئەو دەنگدەرانە."
نوسینی: ئۆرهان كۆسكەن،
بیرسین ئاڵتایلی
سەرچاوە: رۆیتەرز
لە ئینگلیزییەوە: فەلاح
حەسەن