لە میدیاکانەوە 10:32 - 24/02/2021 ئەنەس مەحمود شێخ مەزهەر

بنكه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكا، لە سنورى نێوان هەرێم و تورکیا

+ -

پاش تێپەڕینى ماوەیەک بەسەر بە ئامانج گرتنى شارى هەولێر ، هێشتا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ دیارى کردنى لایەنى ئەنجامدەرى ئەم تاوانە، کە بە هۆیەوە دو سیڤیلى بێ تاوان بونە قوربانیی، لەگەڵ ئەوەدا لایەنى ئەنجامدەر هەرکەس بێت ئەوا هیچ لەو راستیە کەم ناکاتەوە کە کارى لە پێشینە لەمەو دوا دەبێت بۆ ئەوە بێت چى دى روداوى هاوشێوە دوبارە نەبێتەوە.

لەوانەیە توندکردنەوەى رێوشوێنە ئەمنیەکان یەکێک بێت لە چارەسەرەکان، بۆ دوبارە نەبونەوەى ئەوەى رویدا، بەڵام هەرگیز تاکە چارەسەر نیە، چونکە تواناى هێزە ئەمنیەکان لە هەر کوێى جیهان هەر چەند بێت، ئەوا هەر چەند کون و کەلەبەر دەمێنن بۆ ئەوەى لایەنى نەیار لێوەى پشێوى ئەمنى بنێتەوە، بۆیە ئەوەى پێویستە رێگا چارەى بنەڕەتیە بۆ پاراستنى شار و خەڵکى سیڤیل لە هەڕەشەکان لە داهاتودا.

هەمو دەزانین کوردستان لە روى جیۆسیاسیەوە دەکەوێتە ناوچەیەکى لێوان لێو لە ململانێى سیاسى و ئاینیى و مەزهەبیى، زۆر جار ئەم شێوە جیاوازانەى ململانێ تێکەڵ ئەبن و واقیعێکى تاڵ دروستدەکەن و پێویستە لەروى سیاسیى و ئاسایشەوە لێى هۆشیار بین.

ململانێى (شیعە – سونە)، (لەنێوان دەوڵەتانى عەرەبى و تورکیا لە لایەک و ئێران و عێراق و لوبنان سوریا لە لایەکى تر) تا دەگاتە ململانێى سیاسى و ئاسایش و ئابورى لە نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل و دەوڵەتانى کەنداو لەلایەک و ئێران و عێراق و لوبنان لە لایەکی تر، پاشان ململانێى نێوان تورکیا و پارتى کرێکارانى کوردستان کە هەرێم چەندین ساڵە نرخى ئەم ململانییە دەدات، هەروەها هەڕەشەى گروپە شیعەکانى سەربە ئێران، کە بونەتە هۆى هەڕەشە بۆ سەقامگیرى ناوچەکە، ئەم تۆڕە هەستیارە لە ململانێ بۆخۆى بەسە بۆ هەڵگیرساندنى هەر قەیرانێک لە هەر کاتێکدا.

بەر مەبناى ئەو واقیعە سیاسی و ئەمنیە ئاڵۆزە، بونى بنکەى بیانى لەناو و لەنزیک سنورەکانى عێراق و ئێران دەیکاتە گۆڕەپانى پاڵەوان بازیى چەندین لایەن، بەو هۆیەشەوە ئاسایش و ئارامى هەرێم و ئاسایشی هاوڵاتیانى دەکەوێتە بەردەم هەڕەشە.

لەبەر ئەوەى جوگرافیاى کوردستان قوڵایی ئەمنیى و سەربازیى فەراهەم ناکات، بەشێوەیەک بتوانێت پەردەیەکى ئاسایش و ئەمن بۆ دانیشتوانەکەى دروستبکات، بەتایبەت لە ناوچە قەرەباڵغى شارەکان.

بۆیە لێرەدا پرسیار ئەوەیە چۆن بتوانین باڵانس بکەین لە نێوان، پێویستیى بونى هێزى بیانیى لە کوردستان و لەهەمانکاتدا پاراستنى خەڵکە سیڤیلەکان لە هەڕەشەکان، بەتایبەت لەپاش تێبینى کردنى لاوازی سیستمى بەرگرى ئەمەریکى کە زۆر جار بوەتە هۆى دوچاربونى خەڵکە سیڤیلەکە بە پێکان لەکاتى روبەروبونەوەى سیستمەکە بۆ هێرشە موشکیەکان، هەروەها چۆن بتوانرێت بونى ئەو هێزانە لەبەرژەوەندیى هەرێمى کوردستان سودى لێ ببینرێت؟

لەسەر بنەماى ئەوەى وترا ، کەڵک وەرگرتن لە سنورى نێوان هەرێمى کوردستان و تورکیا بە درێژى هێڵى ئەو سنورە لە چیاى قەندیل لە نزیک ئێران تا ناوچەى فیشخاپور لە سنورى سوریا، پێگەیەکى ستراتیژی گونجاوە بۆ دامەزراندنى هەر بنکەیەکى سەربازیى، جا بۆ سوپاى ئەمەریکا یاخود هێزى هاوپەیمانان، ئەوەش لەبەر ئەم هۆیانە:

- تۆبۆگرافیاى ئەوناچەیە گونجاوە، لەبەر ئەوەى ناوچەیەکى شاخاوی سەختە، بەرگریەکى سروشتیى دەبەخشێتە هەر بنکەیەکى سەربازیى لەبەرامبەر هێرشى هەر جۆرە چەکێک و زیانەکان کەم دەکاتەوە.

- چڕى دانیشتوان لەو ناوچانە بونى نیە و دابەشبونى دانیشتوان بەشێوەى گوندى پچر پچڕە، دوریشە لەو شوێنە شاخاویانەى گونجاون بۆ بنکەى سەربازیى، ئەمەش وا دەکات لەکاتى بونى هێرش خەڵکى سیڤیل پێوە نەبن.

- ئەو ناوچەیە ناوچەیەکى دورە لەسنورى ئێران و ئەو ناوچانەى گروپە چەکدارە عێراقیەکانى دۆستى ئێرانى لێیە، ئەمەش وا دەکات بە ئامانجگرتنى لە لایەن هەردولاوە، ئاسان نەبێت.

- بونى بنکەیەکى سەربازیى لەو شێوەیە گەرەنتیەکیشە بۆ ئەوەى تورکیا بە ئاسایشى نەتەوەیی خۆى دەزانێت و دەڵێت لەلایەن پارتى کرێکاران کوردستانەوە هەڕەشەى لەسەرە، ئەمەش وا دەکات روبەروبونەوەى سەربازیى لە نێوان سوپاى تورکیا و پەکەکە و بەزاندنیان بۆ سنورەکان کەم ببێتەوە.

- بونى ئەو بنکەیە سەقامگیرى بۆ دێهاتەکانى ئەو ناوچەیە دەگێرێتەوە و هاوکارى خەڵەکەى دەبێت بۆ ئەوەى دوبارە گوندەکانیان ئاوەدان بکەنەوە، پاش ئەوەى بەهۆى شەڕى پەکەکە و تورکیاوە چۆڵیان کردوە.

- سنورى نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان نزیکەى چوار دەیەیە ئارامى بەخۆیەوە نەبینیوە، ئەەش بەهۆى ئەو شەڕەى لەنێوان تورکیا و پەکەکە لە هەشتاکانى سەدەى رابردەوە وە دەستى پێکردوە، هەردولا زیانى گەورەیان لێ کردوە، لەهەمانکاتدا هەرێمی کوردستانیش قوربانیەکى ئەم جەنگەیە، کە بەهۆیەوە نەیتوانیوە سود لەناوچەکە ببینێت وەک ناوچەیەکى کوشتوکاڵیى و گەشتیاریى و نەیتوانیوە ماستەر پلانێکى شیاو بۆ ئەو ناوچەیە بکێشێت.

- بونى بنکەیەکى سەربازیی دەبێتە هۆى وەستاندنى ئەو جەنگە و کەمبونەوەى کاریگەریەکانى، خەڵکى ناوچەکەش لە وەیلاتى ئەو جەنگە رزگاریان دەبێت و دەرفەتێکیان دەداتێ بۆ ئاوەدان کردنەوەى ناوچەکەیان.

- ئامانجى ئەمەریکا بە دى دێنێت لە نزیکبونەوە لە شەنگال، کە بوتە ناوچەیەکى ستراتیژى بۆ ململانێى نێوان ئەمەریکا و ئێران لە عێراقدا، بونى ئەو بنکە سەربازیە دەتوانێت کۆنتڕۆڵى هەر جموجوڵێکى سەربازیى و هەر هەماهەنگیەک لە نێوان پارتى کرێکاران و گروپە چەکدارەکانى سەربە ئێران بکات، بەم هۆیەشەوە کۆنتۆڵى ئێران بەسەر شەنگالەوە کەم دەبێتەوە.

- لەبەر ئەوەى تورکیا ئەندامى ناتۆیە بۆیە، هەماهەنگى ئەو بنکە ئەمەریکیە و سوپاى تورکیا ئاسان دەبێت لە سەر بنەماى پاراستنى سەروەریى خاکى کوردستان و لە هەمانکاتدا ئەوەش کە تورکیا بە ئاسایشى خۆى دەزانێت لە هەڕەشە پارێزراو دەبێت.

- هەر ئەمە دەبێتە هۆى ئاگربەستێکى رانەگەیەنراو لەنێوان پارتى کرێکاران و تورکیا بێ ئەوەى هەردولا ناچاربن رێکبکەون، ئەمەش واتە ناوبژیوانیەکى سیاسى لەنێوان هەردولا و لە حاڵەتى جەنگ و روبەروبونەوە دەریان دەکێشێت بۆ ئاشتى، بێ ئەوەى هیچ لایەکیان هەست بە ئیحراجیی بکەن.

- بونى ئەم بنکە سەربازیە دەرفەتێکى هەواڵگرى باشتر و فراوانتر دەداتە لایەنى ئەمەریکى لەزۆنى سێگۆشەى سنوریى نێوان عێراق و ئێران و سوریا.

- بونى بنکەى سەربازى ئەمەریکى لەو ناوچەیە سودى بۆ باڵادەستى سەربازى ئەمەریکاش دەبێت لە هەر روبەروبونەوەیەک لە داهاتودا لەگەڵ ئێران.

- هاوکاریى ئەمەریکا دەبێت بۆ کۆنترۆڵى باشتر بەسەر بارودۆخى سوریا ، لە رێگەى پەیوەندى راستەوخۆ لە گەڵ ناوچەکانى رۆژهەڵاتى سوریا ، بەتایبەت ئەگەر بێت و ئەو هێزانە زیاتر لە ناوچەى شەنگال و سنورى نێوان کوردستانى سوریا و عێراق نزیک ببنەوە.

- سەبارەت بە تێچوى بنکەیەکى سەربازى لەو شێوەیە ئەوا تێچوەکەى زۆر نابێت، بەتایبەت کە ئەو ناوچەیە دەکەوێتە نێوان دوبنکەى سەربازیى ئەمەریکى لە هەریر و بنکەیەک لە ئەنجەرلیک، بۆیە دروستکردنى بنەکەیەک لەو نێوانەدا تێچوەکەى زۆر نابێت.

- پێناچێت حکومەتى فیدراڵ لە عێراق دامەزراندنى بنکەیەکى سەبازیى ئەمەریکیی لەو ناوچەیە رەتبکاتەوە بەتایبەت کە دامەزراندنى ئەو بنکەیە یەکێک لەپاساوەکانى بەهۆى شکستى حکومەتى بەغداوەیە لە کۆنترۆڵکردنى هێرشى گروپە چەکدارەکان لە هێرش کردنە سەر بنکە سەربازیەکانى ئەمەریکا لە عێراق و هەرێمى کوردستان.

ئەنەس مەحمود شێخ مەزهەر
سەرچاوە: شەفەق نیوز
وەرگێڕان: سبەى