(سبەى):
جۆ بایدن بەشێوەیەكی
راستەوخۆ لەبەردەم تێستێكی سەرەكی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەیدایە وەك سەرۆك،
سەرەڕای ئەوەی ئەمە لەنێوخۆی ئەمەریكادا تێبینی ناكرێت، بەڵام رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
لەنزیكەوە چاودێریی دەكەن و خوازیارن ببینن بایدن چۆن كاردانەوەی دەبێ بۆ هێرشەكەی
سەر هێزە ئەمەریكییەكان.
شەوی یەكشەممە
(15/2/2021)، نزیكەی (24) موشەك ئاڕاستەی بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا و
فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر كرا لە هەرێمی كوردستان. هێرشەكە، كە بەدڵنیاییەوە
لەلایەن میلیشیا چەكدارەكانی نزیک لە ئێرانەوە ئەنجامدرا، بوەهۆی كوژرانی بەڵێندەرێكی
مەدەنی ئەمەریكی و برینداربونی پێنجی دیكە و برینداربونی سەربازێكی ئەمەریكی و ژمارەیەك
هاوڵاتی دیكەی مەدەنی.
سەرەتای ئەمساڵ، من باسم
لەوە كرد كە سەرۆكی نوێى ئەمەریكا رەنگە روبەڕوی سەرەتایەكی پڕئاڵنگاری ببێتەوە لە
كابینەكەیدا.
ویستی تۆڵەی كوشتنی قاسم
سولەیمانی بكاتەوە كە لە 2020دا كوژرا، بەڵام من لەبری هێرش و سەرخستنەسەر دۆناڵد
ترەمپ كە بەرەو كۆتایی ماوەی سەرۆكایەتییەكەی دەڕۆیشت، پێشنیارم كرد كە بایدن
دەستبەكاربونی خۆی وەك تاقیکردنەوەیەک سەیر بكات و چاوەڕێ بكات تا دوای
دەستبەكاربونی بە فەرمی وەك سەرۆكی ئەمەریكا. ئەمە دروست ئەوە بو كە رویدا و ئێستا
پرسیارەكە ئەوەیە كە كاردانەوەی بایدن چۆن دەبێت.
وەڵامی سەرەتایی ئەوەیە:
بە وریاییەوە. رۆژی سێشەممە، جینیڤەر پساكی وتەبێژی كۆشكی سپی رونیكردەوە كە
ئەمەریكا ئەو مافەی هەیە كاردانەوەی هەبێت بە شێوازێك كە بژاردەی خۆمان بێت، بەڵام
چاوەڕێیین لەسەرەتادا پرسی پشتیوانیكردنمان یەكلا بێتەوە.
هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی
گرنگە، بەڵام ئەمە زۆر ناخایەنێت. لە راستیدا، شارەزایانی هەواڵگری پێشتریش
بیرۆكەیەكی زۆر باشیان هەبوە لەبارەی ئەوەی لەكوێدا لۆمە و سەرزەنشتی خۆت دەكەیت.
نیگەرانی و رارایی گەورە ئەوەیە كە بە ئاشكرا ئێران ئاگادار بكرێتەوە لە
دەرەنجامەكانی هاندانی هێرشی زیاتر.
ئەوە موعجیزەیە كە خەڵكی
زۆرتر لە ئەنجامى ئەو هێرشانە نەكوژرا. دوان لە موشەكەكان ئاڕاستەی كەمپی سەربازی
ئەمەریكا كرابون. ئەگەر موشەكی زیاتر ئاراستەی ئەو بنكە سەربازییەی ئەمەریكا
بكرایە، رەنگبو كوژراوانی ئەمەریكا زیاتر بونایە هاوشێوەی ئەو هێرشەی لە (11)ی
مارسی (2020) ئەنجامدرا و لە هێرشێكی موشەكیدا دو ئەمەریكی و ژنە خزمەتگوزارێكی
بەریتانی لە عێراق گیانیان لەدەستدا.
زۆرینەی ئەو موشەكانەی
لە شەوی (15)ی ئەم مانگە ئاڕاستە كران، نەیانتوانی بگەنە فڕۆكەخانە و لە ناوچە
پڕدانیشتوانەكان كەوتنەوە كە كورد و عەرەب و ئاوارەیان تێدا نیشتەجێ بو لەگەڵ
دیپلۆماتكارە رۆئاواییەكان و كرێكارە بیانییەكان. ماڵ و بینای مەدەنی و كۆمەڵگەی
نیشتەجێبونەكان بەر بۆردومانەكە كەوتن. ئەگەر بهاتبایە و تەنانەت یەك موشەك
باڵەخانەیەكی بەرزی بپێكایە، بەتایبەت لە شارێكی وەك هەولێر كە توانای ئاگركوژانەوەی
سنوردارە، ژمارەی كوژراوەكان ماڵوێرانكەر دەبو.
لە كۆتایی (2019)،
شەپۆلێكی دیكەی هێرشى هاوشێوەی میلیشیا چەكدارەكان بەشێوەی پچڕپچڕ لە عێراق ئەنجامدرا
و تیایدا بەڵێندەرێكی ئەمەریكی كوژرا و باڵیۆزخانەی ئەمەریكا گەمارۆدرا و هەزاران
سەربازی ئەمەریكی بەرەو عێراق جوڵەیان پێكرا.
ئەمەریكا زیاترلە (30)
چەكداری میلیشیاكانی سەر بە ئێرانی كوشت لەگەڵ ژەنەراڵ قاسم سولەیمانی. دواتر
ئێران موشەكی بالیستی رەوانەی بنكەكانی ئەمەریكا كرد لە عێراق و نزیكەی (100)
سەربازی ئەمەریكیی بریندار كرد.
ئەو زنجیرە
روداوانە هۆشدارییاندا لەوەی هێرشەكەی هەولێر ئاماژەیەك نیە بۆ كۆتاییهێنان بە
شەڕی میلیشیا چەكدارەكان لەدژی ئیدارەی بایدن، بەڵكو تەنها سەرەتایەكە. پێویستە
ئەو داینامیكە بەخێرایی پێچەوانە بكرێتەوە بەرلەوەی ئەمەریكییەكان بكوژرێن و
سەریان لی بشێوێنرێت، بەرلەوەی كە ئەمەریكا بكەوێتە تۆڵەسەندنەوە یاخود بەرلەوەی
راستگۆیی ئەمەریكا لێی بدرێت لە چاوی هاوپەیمانەكانی و هاوبەشەكانی لە ناوچەكە.
هەروەك وتەبێژەى کۆشکى
سپى لە رۆژی سێشەمەی رابردو ئاماژەی پێكرد، دڵنیابون لە بەرپرسیارێتی هەڵە پێویستە
لەخاڵى دەستپێكدا بێت و وا دەكات پێشوازی بكرێت لە بیانوی ئیدارەی بایدن لە
خاوكردنەوەی پڕۆسەكە و پێداچونەوە بە بژاردەكاندا. وەك یەكێك لە نێوجەرگەی دەیان
پسپۆڕى بواری هەواڵگریدا بوم، من دەزانم كە كارێكی قورس و گران نیە بڵێن كێ
هێرشەكەی ئەنجامدا: چەندین فاكتەر خرانەڕو و هەروەها متمانەی تەواومان هەیە بەوەی
كە عەسائیبى ئەهلی هەق ئەو هێرشەی ئەنجامداوە، ئەو گروپە لەلایەن ئەمەریكاوە وەك
گروپێكی تیرۆریست دەستنیانكراوە و بەرلەوەی ئەمەریكا لە (2011) بكشێتەوە، خوێنی
چەندین ئەمەریكییان لە عێراق رشتوە.
با بچینەوە بە بەڵگەی
بەردەستی تایبەت بە دۆخەكە و تەنانەت بۆ چاودێرانی كە دەگەنە میدیا و سۆشیال
میدیا. عەسایبی ئەهلی هەق دەزگایەكی میدیایی بەڕێوەدەبات بەناوی (اصحاب الكهف) و
لە رۆژی (15)ی شوباتدا زۆرینەی كاتەكانی خۆی تەرخان كردوە بۆ هێرش و رەخنە لەدژی
هەرێمی كوردستان و دواتریش (13) خولەك بەرلە هێرشەكەی هەولێر نامەیەكی لە تێلگرام
بڵاوكردوەتەوە و هەڕشەی لە كوردستان و هەولێر كردوە. چەند سەعاتێك دوای هێرشەكە،
كەناڵی سابرین كە كەناڵێكی سەربە عەسائیبی ئەهلی هەقە لە تۆڕێ تێلگرام، روماڵی
هێرشەكەی كرد و لەگەڵ گروپی دیكەدا توانیان بەشێوەیەكی هێواشتر لە عەسائیبی ئەهلی
هەق زانیارییان دەست بكەوێت.
كاتێك كە راگەیاندنی
بەرپرسیارێتی هێرشەكە بڵاوكرایەوە و لەلایەن گروپە چەكدارەكانی ترەوە بەدرۆ
نەخرایەوە و نەبوە مشتومڕ، ئەوە مانای وایە كە لەلایەن (سەرایا ئەولیا دەم)ەوە
بڵاوكراوەتەوە ئەمەش باڵێكی میدیایی دیكەیە و سەر بە عەسایبی ئەهلی هەقە و
ناوبەناو بەكاردەهێنرێت بۆ راگەیەندنی بەرپرسیارێتی هێرشەكان. كاتێك ئەم وێنانە دێنە
پاڵ زانیارییەكانی دیكە و هەمان بەڵگەی دیكەی بەردەست بونیان دەبێ، دەیسەلمێنن كە
عەسایبی ئەهلی هەق وەك گروپێكی چەكدار لە (20)ی تشرینی دوەمی (2020) باڵیۆزخانەی
ئەمەریكای لە بەغدا موشەكباران كرد و هەر ئەویش بو كە لە سێپتەمبەری هەمان ساڵدا
هێرشی موشەكی بۆ سەر ئامانجەكانی ئەمەریكا لە هەولێر ئەنجامدا.
بۆ ئەوانەی لەناو
سیستەمەكەدان و دەتوانن بگەنە زانیارییە هەرە نهێنییە هەواڵگرییەكانی وەك تۆماری
دەنگی هێڵەكانی پەیوەندی، دۆزەرەوەی پێگەی بەكارهێنەرانی هێڵەكانی ئینتەرنێت، رێگەخۆشكەر
دەبێت ئەوەی شوێن و پێگەی عەسایبی ئەهلی هەق زۆر بەخێرایی ئاشكراتر بێت. مەسەلەی
ئاشكراكردنی ئەو بەڵگە نهێنییانەش بۆ جیهانی دەرەوە، پرسێكی دیكەیە.
بەڵگەیەكی لەو جۆرە ئەو
راستییە دەردەخات كە ئاخۆ ئێران فەرمانی داوە بۆ ئەو هێرشە یاخود بێئاگایە لێی
یاخود زۆر گوێی پێ نادات. سەبارەت بە عەسایبی ئەعلی هەق، ئەو گروپە عادەتیان وایە
هێرش دەكەنە سەر ئەمەریكییەكان لەپێناو بەهێزكردنی هەژمونی خۆیان بەبێ فەرمانێكی
رون و ئاشكرا لەلایەن تارانەوە، بەڵام تەنانەت ئەگەر هێرشەكەی هەولێر نیاز و
بەرنامەی تارانیش نەبوبێت وەك تاقیکردنەوەیەک بۆ راستگۆیی متمانەی بایدن، ئەوا
راستەوخۆ هێرشەكە بوە تێست بۆ ئیدارەی بایدن.
بەوپێیەی من تیشكم
خستوەتە سەر كارەكانی عەسایبی ئەهلی هەق و گروپە میلیشیاكانی دیكە لە عێراق، گومان
هەیە لەوەی ئێران هێزی هاندەر بوبێ لە هێرشەكەی هەولێر، بەڵام دڵنیام لەوەی ئێران
دەتوانێ هۆشداری بداتە ئەو گروپە كە دوربن لە هەر دەستدرێژییەكی تر لە داهاتو.
تیمەكەی بایدن
لە سەرەتادا بیر لە رێگەچارەی دیپلۆماسی دەكەنەوە پێچەوانەی لێدانی سەربازییانەی
راستەوخۆ یاخود سەپاندنی سزای نوێ. هەنگاوی زیرەكانە ئەوەیە راستەوخۆ هۆشداری بدرێتە تاران لەوەی كە
ئەمەریكا پێشبینی دەكات ئێران كۆتوبەند بخاتە سەر تەواوی بەكرێگیراوەكانی لە
گرتنەبەری هەر هەنگاوێكی وەك هێرشەكەی هەولێر یان هێرشەكەی (23)ی كانونی دوەم كە
لەرێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە بۆردومانی شاری ریازی كرد و لە عێراقیشەوە هێرشەكە
دەستی پێكردبو. پەیامێكی ئاوا ئاگاداركردنەوەیەكە بۆ سوپای پاسداران لەوەی كە
ئەمەریكا بە روكەش هەڵناخەڵەتێت، بەڵكو زیاتر چاوكراوە دەبێت لەبارەی هەژمونی
تاران بەسەر میلیشیا دژەئەمریكییەكانەوە.
پێویستە تیمی بایدن
بەئاشكرا هۆشداری بداتە ئێران لەوەی كە ئەگەر یەك ئەمەریكیی تر بكوژرێت یان
بریندار بێت لە عێراق یان هەرشوێنێکى تری كەنداو، ئەوا ئیدارەی بایدن هەوڵەكانی
هەڵدەپەسێرێت بۆ دوبارە دەستپێكردنەوەی دانوستانی تاییەت بە دۆسیەی ئەتۆمی. تەنها
هێڵێكی رون و ئاشكرا سەربازەكانی ئەمەریكا دەپارێزێت كە لە بەرەی پێشەوەی شەڕن
دژبە داعش لەگەڵ پاراستنی ئەوانەی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا دەپارێزن لە تەواوی رۆژهەڵاتی
ناوەڕاست.
كاتی هەڵسەنگاندن رەنگە
ئەوكاتە بێت كە تیایدا ئێران كاتی پێدەدرێت بۆ ئەوەی بە ئارامی چالاكییەكانی
میلیشیاكان هێوربكاتەوە لە لوبنان و سوریا و عێراق و یەمەن.
رەنگە وا دەربكەوێت
كارێكی پێشبینی نەكراو بێت كە پرسی هەڕەشەی میلیشیكان چارەسەر بكرێت بەر لە هەوڵە
كەڵەكەبوەكانی تایبەت بە رێگریكردن لە ئێران لە بون بە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی، بەڵام
سەرۆكی ئەمەریكا چۆن دەتوانێت دابنیشێت لەسەر مێزی گفتوگۆ و لەگەڵ حكومەتی ئێران
دانوستان بكات لەكاتێكدا ئەو هانی هەوڵەكانی تایبەت بە كوشتنی ئەمەریكییەكان
دەدەت؟!
بەدڵنیاییەوە دۆخێكی
باشتر بۆ دانوستانی تایبەت لەگەڵ ئێران بەندە بە هێوركردنەوەی میلیشیاكانی كە
ئێران پشتیوانیانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوەش بریتییە لە هەنگاوی یەكەمی
دیپلۆماسی بۆ پاراستنی ژیانی ئەمەریكییەكان و هاوبەشەكانی ئەمەریكا لەناوچەكە.
ئەگەر ئێران شكست بێنێت
لە سەركوتكردنی بەكرێگیراوەكانی، ئەوا نابێت ئەمەریكا دوربكەوێتەوە لە پیشاندانی
هێزی متمانەپێكراو و حساب بۆكراوی خۆی. میلیشیا چەكدرەكانی كە ئێران پشتیوانیان
دەكات ناترسن یاخود رێز لە ئیدارەی بایدن ناگرن بەهەمان نەترسن و رێزنەگرتنەی كە
بۆ ئیدارەی ترەمپ هەیانبو. ئەمە حاڵەتێكی مەترسیدارە و ئەكرێ ببێتە هۆی خراپ
هەڵسەنگاندن و مردنی زیاتری ئەمەریكییەكان.
بۆ ئەوەی توانای
بەرپەرچدانەوەی مسۆگەر بێت، پێویستە ئەمەریكا بژاردەكان لەبەرچاو بگرێت بۆ تێكدانی
متمانەی سەركردایەتیی عەسایبی ئەهلی هەق، لەو بژاردانەش وەك: بەكارهێنانی فڕۆكەی
بێفڕۆكەوان لەمەوداویەكی زۆرنزیك و بۆردومانی نهێنی بۆ سەر ناوچەكانی نزیك لە قەیس
خەزعەلی سەرۆكی ئەو گروپە، یاخود دزەكردنی ئاشكرا بۆ نێو پەیوەندییە شەخسییەكان و
كۆمپیوتەری تایبەتی خەزعەلی. ئەگەر ئیدارەی بایدن دەیانەوێ لە ئیدارەكەی پێشویان
جیاواز بن، ئەوا بیركردنەوەی دەرەوەی سندوقەكە لەهەر كاتێگی تر زیاتر پێویستە.
نوسینی: مایكڵ نایتس
لە ئینگلیزییەوە: فەلاح
حەسەن
سەرچاوە: پۆلیتیكۆ