لە میدیاکانەوە 09:29 - 20/02/2021 دەیڤید پۆڵۆك

هێرشە موشەكییەكەی سەر هەولێر

+ -

(سبەى):

 

گفتوگۆی زیاتر لەبارەی دوایین هێرشی سەر هەولێر كە بوە هۆی كوژران و برینداربونی هاوڵاتیانی مەدەنی لە فڕۆكەخانە و نزیك باڵیۆزخانەی ئەمەریكا، پڕیەتی لە هەڵەتێگەیشتنی زۆر.
یەكەم: هێرشێكى لەو جۆە شتێكی پێشبینی نەكراو نیە و یەكەمجاریش نیە، هێرشێكی دیكەی هاوچەشن، بەڵام بچوكتر لە كۆتاییەكانی مانگی سێپتەمبەری رابردو رویدا. بۆیە، ئەگەر كاریگەریی گەورەیان نەبێت، ئەوا ئەو هێرشانە بەدڵنیاییەوە بەرلە تێپەڕینی ماوەیەكی زۆر بەسەریاندا دوبارە دەبنەوە.

دوەم: لوغز و نادیاریی ئەوەی كە كێ لەپشت ئەم هێرشانەوەیە، بەهیچ جۆرێك شتێكی نهێنی نیە، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستای چەكدارانی عەسائیبی ئەهلی حەق لە رێگەی یەكێك لە گروپەكانیەوە كە بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە راگەیاندوە ئەویش (سەرایا ئەولیائـ دەم)ە.

سێیەم: تەواوی دیبەیتەكە لەسەر ئەوەیە كە ئاخۆ ئێران فەرمانی كردوە بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە؟!. سەبارەت بە ئێران ئاشكرایە كە توانای هەیە، ئەگەر راستەوخۆ هەڕەشەی لێ بكرێت ئەوا سەرجەم ئەو هێرشانەی رادەگرێت، هەروەكو چۆن ئەوە سەلمێنرا لە ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوەوە تا ناوەڕاستی مانگی كانونی دوەمی ئەمساڵ.

چوارەم: بۆچونی پێشتر لە واشنتۆن كە روداوی لەو شێوەیەیان تەنها وەكو گێچەڵێك دەبینی، هەروەها سەرقاڵبون بە شتی لابەلا لەكاتی هەبونی ركابەریی سەرەكی لەسەر "دەسەڵاتی گەورە" لەگەڵ چین و روسیا، ئەمانە تارادەیەكی زۆر پەراوێزخراون. چین و روسیا نەك بە تەنها ئێران، زۆر بە وریاییەوە چاودێریی كاردانەوەی ئەمەریكا دەكەن و حسابە هەنگاوی داهاتوی خۆیان كردوە لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی.

پێنجەم: روماڵی سەرەتایی و لێدوانە سەرەتاییەكان لەبارەی دوایین هێرشە موشەكییەكەی سەر هەولێر هەندێك جار دەچێتە نێو گفتوگۆكانی تایبەت بە هەبونی لینکی توركیا بەم پرسەوە، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی ناكۆكیەكانی پێشتر لەگەڵ پێشمەرگە چەكدار عەرەب و تەنانەت ئێزدییەكانیش لە شنگال لەبارەی هەبونی گەریلای پەكەكە لەو ناوچەیە. ئەوە راستە كە هەندێ لە چەكدارانی حەشدی شەعبی بەم دواییانە هاتنە پێشەوە لەناوچەكە.
بەهەمان شێوە ئەوەش راستە كە هەماهەنگی باشتری نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی دیكە لەو ناوچەیە یارمەتیدەر دەبێت لە كەمكردنەوەی هەڕەشەكانی توركیا یاخود پەكەكە، بەڵام هیچ بەڵگەیەك بونی نیە بیسەلمێنێ ئەم هێرشەی دوایی بۆ سەر هەولێر هیچ پەیوەندییەكی هەبوبێ بە توركیا یان پەكەكەوە. جگە لەوەش، بە رونی ئەوە دەر دەكەوێ كە جۆرێكی دیكە لە تاكیتیك و جموجۆڵ لەلایەن بەكرێگیراوەكانی ئێرانەوە بونی هەبێت بۆ فشارخستنە سەر ئەمەریكا و بنكەكانی لە عێراق، ئەمە لەكاتێكدا كە واشنتۆن بەنیازە دوبارە سزاكان زیندو بكاتەوە بەسەر تاراندا.

لەم روانگەیەوە، كاردانەوەكانی هێرشەكەی سەر هەولێر تائێستا فرە و هەمەچەشنن لە ئەرێنی و نەرێنییەوە. لە لایەنی ئەرێنییەوە، بەرپرسانی ئەمەریكا بەخێرایی و بە زەبری هێز و هەروەها لە ئاستێكی زۆر بەرزدا لێدونیاندا لەنێویاندا وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگری هەردوكیان هێرشەكەیان ئیدانە كرد و بەڵێنیاندا بە هێشتنەوەی ستراتیژیی سەرەكی هاوبەشییانە لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان. ئەمە بە راست و دروستی هاتەدی لەڕێی رێكاری دیپلۆماسیی فرەلایەن لەوانەش لێدوانی پشتیوانی لە لایەن هەریەك لە بەرپرسانی ئەوروپی و نەتەوە یەكگرتوەكانەوە.

بەڵام لەلایەنی نەرێنییەوە، بەیاننامە ئەمەریكییەكان تائێستاش دورە لە وردەكانییەوە.
بیرۆكەیەكی باشتر دەكرێ بوترێ، یەكەم/ ئەوەیە كە هچ پلانێك بۆ كشنەوەی زیاتری هێزە سەربازییەكان لە عێراق و جێگرتنەوەیان بە هێزی وڵاتانی تری سەربە ناتۆ، لەئێستادا بونی نیە. دوەم/ بیرۆكەی ئەوەیە كە هەر بیركردنەوەیەك دەبارەی لابردن یاخود كەمكردنەوەی سزاكانی سەر ئێران لەئێستادا بونی نیە و تا ئەو كاتەی ئێران هێرشی بەكرێگیراوەكانی رادەگرێت ئەوە رونادات.
ئەمە دەبێتە هۆی وەلانانی ئەو هەڵە زەقەی پێشتر كە هەوڵدان بو بۆ دابڕانی پرسی ئەتۆمیی ئێران لەسەرجەم كارە خراپەكانی تری ئەو وڵاتە لە ناوچەكە.
سێیەم/ هەر هێرشێكی تری لەو جۆرە بۆ سەر هەر ئامانجێكی تری دۆستانە، نەك بەتەنها هێرشی كوشندە بۆ سەر ئەمەریكییەكان، لەئێستا بەدواوە حسابی بۆ دەكرێت. ئەمە دەبێتە هۆی سڕینەوەی ئەو بۆچونە ئەمەریكییە زیانبەخشە كە گوایە ئەمەریكا بەجۆرێك لە جۆرەكان هێرشی ناكوشندە بۆ سەر ئەمەریكییەكان یان تەنانەت بۆ سەر هاوبەشە ناوخۆییەكانی قبوڵ دەكات.

بەهەمان شێوە، چاوپۆشیكردنی زۆر لەم گفتوگۆیە، وا دەكات كاردانەوەكانی هەردو حكومەتی هەرێم و بەغدا بەرەوپێش بچن. هەردولا (هەولێر و بەغدا) بەلێكتێگەیشتنەوە روبەڕوی فشرێكی زۆر بونەتەوە هەریەكەیان لەلایەن ئێران و توركیا و میلیشیا ناوخۆییەكان و قەیرانی ئابوری و دارایی و هەروەها ناڕەزایی دانیشتوانە زوڵملێكراوەكەیان بونەتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا لێپرسراوێتیی ئەمنی بەشێوەیەكی سەرەكی لەسەر شانی ئەوانە، ئەوەش بەو مانایەیە كە ئەوان پێویستیان بە راستكردنەوە و نەهێشتنی بەپەلەی ناكۆكییە دوقۆڵییەكانیانە لەگەڵ راگرتنی ئەو كێشانە و كۆتاییپێهێنانیان بەتایبەت لە پرسی ناوچە دابڕاوەكان و دەستور و بودجە.

لەكۆتاییدا، تا ئەو كاتەی هەریەك لە هەولێر و بەغدا پێویستیان بە پشتیوانی ئەمەریكا و رۆژئاوا بێت، پێویستە خۆیان پاك بكەنەوە لە هەڵسوكەوت و مامەڵەی ئابڕوبەرانەی نادیموكراتیانە وەك هێرشكردنە سەر خۆپیشاندنی ئاشتییانە و دەستگیركردنی رۆژنامەنوسان. ئەو جۆرە مامەڵە وروژێنەرانەیە نەك هەر پێویست نیە و بێزاركەرە، بەڵكو دەبێتە هۆی لەكەداربونیان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و بەجێیان دەهێڵێت و دەیانخاتە بەردەم بەزەیی ئێران و ئەوكات زۆر هێرشی دیكەی هاوشێوەی هێرشەكەی هەولێر دەبینرێت.

نوسینی: دەیڤید پۆڵۆك
سەرچاوە: واشنتۆن ئینستیتیوت
لە ئینگلیزییەوە: فەلاح حەسەن