(سبەى):
سەرۆکى تیمى روبەڕوبونەوەى کۆرۆنا لە سلێمانى رایدەگەیەنێت؛ لە
ئێستادا ئاستى توشبون بە کۆرۆنا لە سلێمانى و هەرێمى کوردستانیش زۆر کەمیکردوە و
رۆژانە نەخۆشێکى زۆر لە کۆرۆنا چاکدەبنەوە و دەچنەوە ماڵەوە، بەڵام ناتوانین بەمە
بڵێین کۆتایی ڤایرۆسى کۆرۆنا و هێشتا لە مەترسیداین.
دکتۆر هێرش حەیدەر، سەرۆکى تیمى روبەڕوبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا لە سلێمانى لە
دیمانەیەکدا لەگەڵ (سبەى) باس لە خراپى دۆخى تەندروستى دەکات لە ساڵى (2020)دا و
ئەوەش دەخاتەڕو کە پەتاى کۆرۆنا ئەوەى نیشاندا کە سیستمى
تەندروستى سیستمێکى کۆنە و پێویست بە نوێبونەوە پێداچونەوە دەکات و بەوەى
"بودجە و خزمەتێکى زیاتر بۆ کەرتى تەندروستى دابنرێت و زیاتر گرنگى بە
تەندروستى و خۆپاراستن بدرێت وەک لەوەى بیر لە چارەسەرکردن بکرێتەوە".
هەروەک ئەوەدەخاتەڕو کە لە ئێستادا گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە
سلێمانى نزیکى سفر بوەتەوە، بەڵام "ئەوە گەرەنتى نییە پێویستە هاوڵاتیان
بەردەوام بن لە خۆپارێزى لانى کەم تا ئەم دۆخە تێدەپەڕێت و ڤاکسینەکە دەگات".
* ئەگەر
(2020) لە زۆرینەى لایەنەکانەوە بارگرانى هێنابێت، لە روى تەندروستیەوە دۆخەکە لە هەموى سەختتر بو، ئێوە ئەو ساڵە چۆن
وێنا دەکەن چۆن لە یادەوەریتاندا دەمێنێتەوە کە زۆرینەى کاتەکانتان لە نەخۆشخانە و
دۆخى نەخوازراوى خەڵکدا بەڕێکرد؟
دکتۆرهێرش حەیدەر: ساڵى
(2020) یەکێک بو لە ساڵە هەرە ناخۆشەکان بەتایبەتى لەروى تەندروستییەوە سەربارى
هەمو بارە ناخۆشەکان کە بەسەر هەمو خەڵکێکدا هات، بۆ دۆخى تەندروستى و ناو
نەخۆشخانەکان و پزیشکان هەرە ساڵە کارەساتبارەکان بو کە بەسەر ئێمەدا هات.
لە مانگى شوباتەوە کە یەکەم کەیسى کۆرۆنا دەستنیشانکرا، ئێمە وەک تیمى
پزیشکانى هەناوى چوینە ناو نەخۆشخانەکان بەدۆخێکى زۆر سەخت و ناهەموارەوە، لەوکاتەوە
رۆژ بە رۆژ کەیسەکان رو لە زیادبون و قورساییەکان زیاتر بون و نیشانەکان قورستر
ئەبون، ئەمەش وایکرد (2020) ببێتە یەکێک لە هەرە ساڵە ناخۆشەکان، هەندێک جار ئەو
ئازار و ناڕەحەتیانەى کە نەخۆش هەستى پێدەکات پزیشک زیاتر هەستى پێدەکات، چونکە
نەخۆش ئەگەر تەنها هەست بەخۆى بکات ئەوا پزیشکەکە هەست بە دۆخى ناهەموارى هەمو
نەخۆشەکان دەکات.
سەرەراى ئەوەى زۆرترین نەخۆشیش هەندێک جار نەیتوانیبێت دەرمنانێک یان
پشکنینێک بکات ئەوە زیاتر ئازارى پزیشەکەکەى داوە.
* ئێستا
دۆخى تەندروستى و توشبون و چاکبونەوە بە کۆرۆنا لە چ ئاستێکدایە؟
دکتۆرهێرش حەیدەر:
بەراورد بە چەند رۆژ و چەند مانگى پێشوتر، رێژەى توشبون کەمترە و رێژەى داخڵ بون
بۆ نەخۆشخانەکان کەمترە. خۆشبەخاتنە ئێستا توشبوان هەم نیشانەکانیان کەمتر و باشترە
هەم رێژەى داخڵبونیش کەمترە و بەو شێوەیەش ئێمە توانامان هەیە خزمەتى زیاتر بکەین
و رۆژانە نەخۆشێکى زۆر دەڕۆنەوە ماڵەوە و رێژەى مردنیش نزیکى سفر بوەتەوە.
* راستە
ئامارە نوێیەکان دڵخۆشکەرن، بەڵام هیچ گەرەنتییەک هەیە بۆ کۆتاییهاتنى کۆرۆنا لەکاتێکدا
کە هێشتا ڤاکسین نەگەیشتوەتە عێراق و هەرێمى کوردستان؟
هێرش حەیدەر: بە هیچ شێوەیەک گەرەنتى لە هەوکردنە ڤایرۆسەکان ناکرێت
بەتایبەتى لە کۆرۆنادا، ئێمە ساڵى رابردو بینیمان کە چەند جارێک نەخۆشى ناو نەخۆشخانەکان
نزیکى سفر بونەوە، بەڵام دوبارە سەریهەڵداوەتەوە و ژمارەکان هەڵکشاونەتەوە.
هەمو پەتایەکى ڤایرۆسى شەش بۆ هەشت بۆ دوانزە هەفتە دەخایەنێت، دواى ئەوە
کەمدەکاتەوە بەڵام ئایا پارێزبەندى هاوڵاتیان چەندێک دەبێت بۆ ئەوەى دوبارە
سەرهەڵنەداتەوە، ئێستا وەک هەمو ئاگادارن لە دۆخێکدا دەژین دراوسێکانمان سەرجەمیان
بارێکى سەخت و قورستریان هەیە هەر لە وڵاتى ئێران لە وڵاتى تورکیاوە کە جۆرە
تازەکەى کۆرۆناشە کە هەمان ڤایرۆسى کۆرۆنایە، بەڵام چەند گۆڕانکارییەکى تێدا
رویداوە و رۆژانە نەخۆشەکانیان رویان لە زیادبونە لە ئەوروپاش رۆژ بە رۆژ ئامارى
توشبون و ئامارى مردنى زیاترە.
ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت؛ هیچ گەرەنتییەک نییە، ئەکرێت بڵێین ئێمە هێشتا لە
مەترسیداین بەڵام ئەگەر پارێزبەندى هاوڵاتیان و هۆشیارى زیاتر لەگەڵدابێت بە هیواى ئەوەى نەگەینە ئەو دۆخە.
* چۆن
مامەڵە لەگەڵ ڤاکسین و خودى پەتاى کۆرۆنا و ئەو جۆرە نوێیەى دەکەن کە ئێستا لە هەندێک
لە وڵاتان سەریهەڵداوە؟
دکتۆر هێرش حەیدەر: ئەوە نییە کە هەمو کەسێک بە ڤاکسین کوترابێت ئەمە
خاڵێک، خاڵى دوەمیش ئەم ڤاکسینە بەهەمانشێوەى لێکۆڵینەوەکان دەریدەخات کە کاریگەرى
لەسەر جۆرە نوێیەکەى کۆرۆناش دەکات ،بەڵام دەکرێت کەسێک توش بوبێت بە رێژەیەکى
سوکتر دەیگرنەوە و بە جیاواز لە کەسێک کە ڤاکسینى نەکردبێت، بەڵام لەم حاڵەتەدا مەرج
نییە هەمو ئەوروپا ڤاکسینى کردبێت، چونکە ڤاکسینەکە بەشێوەیەکى گشتى نەهاتوە تا
ئێستا، لەگەڵ ئەوەشدا توێژینەوەکان دەڵێن کە ئەم ڤاکسینە کار لە جۆرە نوێیەکەى
کۆرۆناش دەکات.
* ئەگەر ڤاکسینەکە بگاتە هەرێمى کوردستان دەبێت یەکەمجار بۆ کێ بەکاربهێنرێت؟
هێرش حەیدەر: بەپێى هەمو یاسایەک و ئەو سیستمە نێودەوڵەتیەى هەیە، دەبێت ڤاکسین
یەکەم کەس بۆ ئەو کەسانە بکرێت کە لەناو نەخۆشخانەکان کاردەکەن و بەرکەوتەى زۆریان
لەگەڵ توشبوان هەیە، دوەم بۆ ئەوانە بکرێت کە بەتەمەنن و مەترسیى لەسەریان زیاترە،
ئینجا ئەو کەسانەش کە نەخۆشى درێژخایەنیان هەیە دواتر بۆ کەسانى دیکە.
* کۆرۆنا
چ وانەیەکى پێبو بۆ پێداچونەوە بە دۆخى تەندروستى لە هەرێمى کوردستان؟
دکتۆر هێرش حەیدەر: وەک دەزانن سیستمى تەندروستى ئێستا سیستمێکى کۆنە و
پێویست بە نوێبونەوە دەکات بەتایبەتى کۆرۆنا وایکرد کە چەند بەشێکى زۆر هەستیارى
ناو نەخۆشخانەکان پێویست بکات پێداچونەوەیەکى باشترى پێدا بکرێت و خزمەتێکى زیاتر
بکرێت. جگە لەوەش دانانى بودجەیەکى زیاتر بۆ کەرتى تەندروستى بوەتە پێویستى لە
هەمو وڵاتەکان یەکێک لە پایەکانى بودجەى وڵات بۆ تەندروستى دادەنرێت.
جگە لەوە کۆرۆنا وایکرد ئەو ئایدییایە بگۆڕێت کە بەرامبەر کەرتى تەندروستى
هەیە بەوەى زیاتر گرنگى بە تەندروستى و خۆپاراستن بدرێت تا بیر لە چارەسەرکردن
بکرێتەوە.