لە میدیاکانەوە 09:54 - 28/12/2020 نەوزاد حەسەن

گالیلۆ و عەلى عەلاوى

+ -

بە چاودێرى کردنم بۆ کاردانەوەى توڕەی خەڵک لەپاش دیدارە رۆژنامەوانیەکەى وەزیرى دارایی عێراق عەلى عەلاوى لەگەڵ کۆمەڵێک لە رۆژنامەنوسان، مەوداى فراوانى ئەو دابڕانەم بۆ رون بویەوە لە نێوان میللەت لە لایەک و چینى دەسەڵاتدارى وڵات لە لایەکى تر هەیە.

مەودایەکى دابڕانى ئەوەندە فراوانە تەنانەت عەقڵێکى گەورەى وەک گالیلۆش دوچارى سەر ئێشەو گێژبون دەکات، تەنانەت ئەم عەقڵە گەورەیەش ناتوانێت نهێنى ئەو دابڕانە گەردونیە گەورەیە ئاشکرا بکات لەنێوان هاوڵاتى و دەسەڵاتداراندا هەیە.

لەو دیدارەى عەلاوى و لە دەرەوەى ئەو دیدارەش قسەى زۆر کراوەو دەکرێت، کێشەکەش هەر یەکە و چارەسەریش ئاسان نیە، بەڵام دەبینین ئەنجامەکەش هەر ئەوەیە رێوشوێنى توند بەرامبەر ئەوانە دەگیرێتە بەر کە موچەیان نیە، یان موچەکانیان بە زەحمەت بەشى خۆیان و خێزانەکانیان ئەکات.

قسەى زۆر کرا بەڵام ئەوەى زۆر سەیر بو لەو قسانەدا، ئەو قسەیەى وەزیرى دارایی عێراق عەلى عەلاوى بو کە وتى "ئەوەى زیان لە بەرزکردنەوەى نرخى گۆڕینەوەى دۆلار و کەمکردنەوەى موچە دەکەن ئەو کەسەیە کە (زۆر گەشت دەکات) یان پێویستیەکانى رۆژانەى بە دۆلار دابیندەکات، بەڵام ئەوانەى پشت بە بەروبومى ناوخۆ دەبەستن هیچ زیانێک ناکەن".

 لە راستیا من تەنها لەو حاڵەتەدا لەم قسەیە تێدەگەم ئاڕاستەى کۆمەڵێک بوکەڵە کە بە پاترى ئیش دەکەن بکرێت، نەک ئاڕاستەى مرۆڤ بکرێت، ئەو مرۆڤانەى کاریگەرن بە یاساکانى نەخۆشکەوتن و دڵەراوکێ و برسێتى و حەزى موڵکایەتى و بون ونەبون و هتد.

کاتێک مەسەلەکە پەیوەست بێت بە خواردن و خواردنەوە، لەوانەیە مرۆڤ بتوانێت ماوەیەکى زۆر خۆى رابگرێت، بەڵام چۆن خۆى رابگرێت ئەگەر لەپڕ توشى نەخۆشیەک بو؟ ئایا هیچ بیمەیەکى تەندروستیمان هەیە پشتیوانى نەخۆشەکان بکات و هێز و هەستکردن بە کەرامەتیان پێ ببەخشت؟.

هەروەها جگە لە نەبونى بیمەى تەندروستى گرفتى خزمەتگوزاریەکانیشمان هەیە، کارەباى نیشتیمانى هاوڵاتى ناچار بە دانى پارەى مانگانە دەکات، لەولاوە موەلیدە ئەهلیەکان کە ئەوانیش مانگانەى خۆیان بە نرخێکى زۆر لەسەر هاوڵاتى داناوە.

پاشان خزمەتگوزارى شارەوانى ئەویش داواى پارە لە هاوڵاتى دەکات، ئەمانەو زیاتر لەمانەش مانگانە لە موچەى موچە خۆران لە کرێى رۆژانەى هاوڵاتیانى کاسب لە ناوبازاڕ دەڕوات، ئەوەش کە زۆرمایەى پێکەنین بو لە قسەکانى وەزیر ئەوەبو وتى "ئەو هاوڵاتیەى ئۆتۆمۆبێلى نیە هیچ زیان لە بەرزبونەوەى نرخى بەنزین ناکات".

هەر لەم وتەیەوە دەبێ تێبینى ئەوە بکەین نرخى بەنزینیش لە پاڵ نرخەکانى تردا بەرز دەبێتەوە، بەڵام وەزیر کێشەى ئەمەى نیە چونکە ئەو هاوڵاتیەى لەخەیاڵى ئەودایە هاوڵاتیەکە وەک بوکەڵە مامەڵە دەکات، کە پاتریەکەى فول شەحن دەجوڵێت و ئیتر جگە لەمە هیچ پێویستیەکى ترى نیە.

بەڵام لە هەمو ئەمەدا دەبێت یەک پرسیارى گرنگ بخەینەڕو : ئایا بەڕاست کەسانى تەکنۆککرات لە بەرێوەبردنى وڵاتدا، شکستیان هێناوە؟

پێم وایە وەڵامەکە زۆر رونە، بەڵام بۆ ئەوەى وردبین ئەبێت هەندێک لەو تەکنۆکراتانە جیاکەینەوە کاتێک بینیان لە ژورە تاریکەکانى سیاسەت چى دەگوزەرێ هاتنە دەرەوەو نەفرەتیان لەو بارودۆخە کرد.

بەڵام ئەوەى لەناو ئەو تاریکاییەى گرێبەستەکانى تیا واژو دەکرێت و ئیمتیازاتەکانى تێدا دابەش دەکرێت، مایەوە، ئەوە ئەو تەکنۆکراتەیە هیچ لە ماناى ژیان و چەمکى هاوڵاتى بون تێنەگەیشتوە.

نوسینی: نەوزاد حەسەن

وەرگێڕانى: سبەى


سەرچاوە: رۆژنامەى زەمان