دیمانە 03:28 - 27/12/2020

محەمەد حەکیم: خەڵک کە برسى بو تەڕ و وشک بەیەکەوە دەسوتێنن

+ -

(سبەى):
کارگێرى ئەنجومەنى سیاسى کۆمەڵى ئیسلامى ئاماژە بە خراپى دۆخى گوزەرانى خەڵک دەکات و دەڵێت: دو پارتی دەسەڵاتدار بەرپرسن لە بارودۆخى ئێستاى هەرێم، بەڵام خەڵک کە برسى بو هەمو شتێک دەکات و تەڕ و وشک بەیەکەوە دەسوتێنن.

محەمەد حەکیم، کارگێرى ئەنجومەنى سیاسى کۆمەڵى ئیسلامى لە دیمانەیەکدا لەگەڵ (سبەى) جەخت دەکاتەوە لەوەى هەرچەندە ئیستا ئەوان ئۆپۆزسیۆنن و بزوتنەوەى گۆڕان بەشدارە لە حکومەت، بەڵام پەیوەندییەکى باشیان لەسەر ئاستى باڵا لەگەڵ بزوتنەوەى گۆڕان هەیە و دەڵێت:"

هەروەک پێیوایە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لەو وادەیەى دیاریکراوە ئەنجام نادرێت، ئاشکراشى دەکات کە ساڵى داهاتو کۆنگرە دەبەستن و "هەمو پۆستەکانیش لەناو کۆمەڵى ئیسلامى قابیلی گۆڕانکاریین بە پۆستی مامۆستا عەلی باپیریشەوە".

دەقى دیمانەکە:
*دۆخى هەرێمى کوردستان دۆخێکى ناسەقامگیرە و بارودۆخێکە بارى شانى هاوڵاتیانیش قورس بوە بەهۆى ئەو قەیرانانەى کە هەیە، لە ماوە رابردودا ناڕەزایەتى لێکەوتەوە و خۆپیشاندانەکانى ئەم دواییانەشى بەدوادا هات، پێتانوایە هۆکارەکەى بۆچى دەگەڕێتەوە؟
محەمەد حەکیم: ئێمە ساڵانێکە هەمو هاوار دەکەین ئەو هێزانەى کە لە دەرەوەى دەسەڵاتن، دەسەڵات مەبەست ئەو دو هێزە سەرەکییەى کە هەمو جومگەکانى دەسەڵات لە کوردستاندا بەدەست ئەوانە بە تایبەت دو کایەى سەرەکى ئەوانیش هێزى چەکدار و هێزە ئابورییەکەیە کە بەدەست ئەو دو لایەنە سەرەکییە سیاسییەوەیە، بەداخەوە زۆرێک لەو هۆکارانەى کە بونەتە هێنانى ئەو بارودۆخەى کە ئێستا تێیایدا دەژیەین دەگەڕێتەوە بۆ خراپ حوکمڕانى ئەو دو دەسەڵاتە.

دیارە کۆمەڵێک بابەتى دیکەیش هەن کە هۆکارن لە تەنیشت ئەو هۆکارە سەرەکییانەى ئاماژەمان پێدا کە دۆخى هەرێمى کوردستانى بەم چەشنە گەیاندوە.
ئەو وڵاتانەى کە ژێرخانێکى ئابوریی پتەویان هەیە، کارى دامەزراوەیی دەکەن و پلانیان هەیە و لەکاتى بوندا بە پلان حسابیان بۆ کاتى نەبون یان کاتى ناڕەحەتییەکان کردوە دەبینین لەم شەپۆلى دابەزینى نرخى نەوت و نەخۆشى کۆرۆنا کە ئەمانە هۆکارن بۆ ئەوەى زۆرێک لە وڵاتان لە ئابورى جیهان بەرەو لاوازى چوە، بەڵام کاریگەرى ئەوتۆى نەکردوەتە سەر ئەو وڵاتانە بەوەى نەتوانن موچەى هاوڵاتیان بدەن، بەڵام بەداخەوە لەلاى ئێمە لەبەر ئەوەى هیچ پلانێک نەبوە و هیچ نەخشەسازییەک نەبوە و هیچ حسابێک بۆ دۆخێکى وەک ئەمڕۆ نەکراوە و هەمو هەوڵ و هەڵمەتەکان بۆ پڕکردنى گیرفانە شەخسیەکان بوە و بۆ پێگەیاندنى کەسەکان بوە و دەوڵەمەندکردنیان. بۆیە دۆخ بەم دۆخە گەیشتوە کە حکومەتى هەرێم لە ساڵى (2020)دا  تەنها توانیویەتى پینج موچە ئەویش بە بڕینەوە دابەش بکات.

* باسى دەسەڵاتى یەکێتى و پارتیت کرد لە (29) ساڵى رابردودا بەهۆى شێوازى حکومڕانیانەوە نەتواندراوە ژێرخانێکى باشى پتەوى ئابورىبنیات بنرێت، هۆکارەکەى چییە؟
محەمەد حەکیم: من هەمیشە باسم لەوە کردوە کە جیاوازییەک دەبێت لە نێوان حوکم و حکومەت بکەین، هەندێکجار حکومەتەکەى پارتى و یەکێتیش هەمو شتیان بەدەست نەبوە حوکم بەدەست حیزب بوە بەوانەى کە حیزب بەڕێوەدەبەن، بۆیە هەمیشە ئەو دو حیزبە زاڵتر بون بەسەر حکومەتەکانى خۆیشیاندا لەگەڵ ئەوەش هەندێک جاریش هەندێک لایەنى دیکە بەبەشدارییان حکومەتەکەى جوانتر کردوە لەناو هاوڵاتیانى کوردستان.

* لەو قسەیە مەبەستت کام لایەنەیە؟
محەمەد حەکیم: مەبەستم ئەو لایەنانەیە بە گشتى کە لە کابینەکانى حکومەت جگە لە یەکێتى و پارتى بەشدار بون، وەک قۆناغێ ئێمە قۆناغێ گۆڕان قۆناغێ یەکگرتو قۆناغى هەسێ لامان یان ئەو حیزبانەى کە پێشتر هەبون، چونکە هەمو بەو بەشدارییانە بۆمان دەرکەوتوە دواجار رێڕەوى حوکمڕانى لە هەرێمى کوردستان زیاتر بەدەستى ئەو دو هێزەیە و ئەگەر بە ویژدانیش بین ماوەیەکە یان چەند ساڵێکە بەرپرسیارى یەکەم پارتى دیموکراتى کوردستانە و یەکێتى نیشتیمانیش بەو رێژەیەى کە پارتى دەسەڵاتى لە حوکمڕانى هەرێمى کوردستان هەیە یەکێتى نیەتى.

* زۆرێک پێیانوایە رێککەوتنى هەرێم و بەغدا باشترین بژاردەیە بۆ دۆخى ئێستا، بەڵام هێشتا ئەنجامێکى کۆتایى و یەکلاکەرەوە نییە، ئەوەى مل نادات بۆ رێککەوتن کێیە؟
محەمەد حەکیم: من وەک خۆم زۆر لەو بابەتە ورد نەبومەتەوە، بەڵام ئەوەنەى کە دەیبیستم لە پەرلەمانتارانى کوردستان لە پەرلەمانتارانى بەغدا هەندێک جار لە کۆبونەوەکانمان لەگەڵ هاوبەشانى پارتى دیموکراتى کوردستان گوێبیستى ئەوە دەبین کە هۆکارى سەرەکى پارتیە، ئەویش بە حوکمى ئەوەى کە کۆمەڵێک رێککەوتنى تایبەت لەگەڵ وڵاتاندا کرابێت لەسەر دۆسیەى نەوت کێشەکەیش ئەوەیە ئەوانیش رونکردنەوەیان نییە.
من تا ئێستا هەر دەبیستم کە رێککەوتنێکى (50) ساڵەیان لەگەڵ تورکیا هەیە جگە لە رونکردنەوەى دواجارى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، هیچیکەم نەبیستوە بە وردەکارى کە پارتى دیموکرات یان بەرپرسانى پیشو لەسەر ئەو دۆسیەیە بێنە گۆ و بڵێن ئەم رێککەوتنە لەگەڵ تورکیا بەڵێ (50) ساڵە، بەڵام وردەکارى و رونکردنەوە بدەن بۆ رایشگتى ئەوەى کە لە رایگشتى و شەقامى کوردى ئەمڕۆ هەیە ئەویش ئەوەیە رێککەوتنێکى (50) ساڵە هەیە ئەمە بوە هۆکار، یان ئەو رێککەوتنانەى لەگەڵ رۆزنەفت و کۆمپانیاکانى دیکەدا کراوە ئەمە بوەتە رێگر کە حکومەتى هەرێم ناتوانێت نەوت رادەستى بەغدا بکات، بە ئەمڕۆوە کە من پرسیارم کردوە وەفدەکەى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە دەستبەتاڵى گەڕاونەتەوە.

* هۆکارى بەشدارینەکردنى ئێوە لەم کابینەیە چییە؟
محەمەد حەکیم: ئێمە بڕیارێکى یەکلا کەرەوەمان نەبوە بۆ بەشداریکردن، ئێمە بڕیارمان وابوە بڕیارى خۆمان لە پاش دیدارمان لەگەڵ هەر وەفدێک کە دێت بۆ لامان بۆ ئەوەى کە باسى بەشداریمان لە حکومەتدا لەگەڵ بکات، بەڵام وەفدى حکومەت قسەى لەگەڵ ئێمە نەکردوە.

* بەپێى زانیارییەکان لە زۆرێک لە کۆبونەوەکاندا وەفدى دانوستانى بزوتنەوەى گۆڕان زۆر جەختى لەوە دەکردەوە کە کۆمەڵى ئیسلامى بەشدارییەکى فعلى هەبێت لە کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئێستاش لەگەڵ ئەوەیە لایەنەکانى دیکەش لە پرسە گرنگەکان بەشداربن؟
محەمەد حەکیم: ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هاو هەڵوێستییە هاوبەشانەى کە کۆمەڵ و گۆڕان لە هەشت ساڵى پێشودا بەیەکەوە هەیانبوە و جۆرێک لە دۆستایەتى و جۆرێک لە موحیبەت لەنێوان کادر و رێکخستنەکان و سەرکردەکانى هەردولادا هەبوە و ئێمە سوپاسیان دەکەین، بەڵام پێدەچێت بەشدارى کۆمەڵیش بۆ گۆڕان هەم دەستکەوتێک بوبێت لەو روەوە کە لەناو خۆیان رەخنەى بەشداریکردنیان کەمتر دەبو ئەوەش هۆکارێکە کە واى لە گۆڕان کردبێت وێڕاى ئەوەى کە ئەوەى کە باسم کرد ئەو هاوڕێیەتییەى نێوانیان بوە پێیانوابوە چۆن خۆیان بڕیار دەدەن وایش باشە کە کۆمەڵى ئیسلامى بەشدار ببێت، بەڵام ئێمە سوپاسمان کردون و بەشدارى لە حکومەت هیچ بڕیارێکمان نەبوە وەک بڕیارى پێشوەخت، چونکە ئەزمونمان لەگەڵ کابینەى پێشودا هەبوە و لەڕێى وەزیرەکانمانەوە کە لە کابینەکەدا بەشدار بون سەرنج و تێبینى و کۆمەڵێک شتمان لا گەڵاڵە بوە.
ئەوەیش ماوەیەکى زۆرە ئێمە پێى گەیشتوین کە چاکسازى و گۆڕانکارى و ئیسڵاح کردن تەنها دروشم دەمێنێتەوە و تەنها حیبرێکە لەسەر کاغەزەکان دەنوسرێت، بەڵام لە ئەرزى واقعدا جێبەجێ ناکرێت، ئەمانە لایەنى سیاسى وەکو ئێمە بێئومێد دەکات کەوا بتوانین بەشدار بین بۆ چاکسازى کردن.

*ئێستا پەیوەندییەکانتان لەگەڵ بزوتنەوەى گۆڕان چۆنە؟
محەمەد حەکیم: پەیوەندییەکانمان خراپ نییە لەگەڵ گۆڕاندا پەیوەندییەکى ئاساییمان هەیە، بەڵام بە حوکمى ئەوەى ئێمە موعارەزەین ئێستا ئەوان لە حکومەتدان بەدڵنیاییەوە وەک جاران کۆبونەوەى بەردەوام و دیدارى بەردەوام نییە، بەڵام لەگەڵ گۆڕان پەیوەندى چاکمان هەیە لەسەر ئاستى باڵا و لەسەر ئاستى رێکخەرى گشتى و ئەمیرى کۆمەڵى ئیسلامى کوردستان و ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو تەمەنە درێژە حیزبایەتییەى کە لەنێوان هەردولامان هەبوە لە قۆناغێکدا ئێمە و گۆڕان تەنها هەم و غەم و داخوازى هاوڵاتیانى کوردستان کۆى کردبوینەوە.

*عێراق ئێستا لەبەردەم هەڵبژاردنێکى پێشوەختدایە، نزیکەى شەش مانگى ماوە، خوێندنەوە و دید و بۆچونى کۆمەڵى ئیسلامى چییە لەسەر بابەتەکە؟
محەمەد حەکیم: پێموانییە هەڵبژاردنەکان لەکاتى خۆیدا بکرێت نزیکم لەوەى بڵێم هەر دەکرێت لە ساڵى (2021)دا، بەڵام لەو مانگەى کە حکومەتى عێراق دیاریکردوە ئەستەمە هەڵبژاردن بکرێت، هەڵبژاردنى پێشوەخت دواجار  دەستکەوتێک بو بۆ کازمى کە تازە هاتبو و خەڵک هەمو ئومێدەکانى لەسەر ئەم سەرۆکى حکومەتە هەڵچنیبو، بەڵام پێموایە ئەوەش وردە وردە خاو بوەتەوە و ئەویش زۆرى وت و کەمى جێبەجێ کرد.

* لەدواى دەستبەکاربونى بایدن بە تایبەتى لە گۆڕانکارییەکانى ئەمەریکا باس لە نەخشەیەکى نوێ دەکرێت کە گۆڕانکار لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بە دیدى ئێوە عێراق لە کوێى ئەم گۆڕانکارییانەدایە و هەرێمى کوردستان لە کوێى ئەم گۆڕانکارییانەدایە؟
محەمەد حەکیم: لە نەخشەى کارى ئەمەریکا بەنێوان سەرۆکەکان گۆڕانکارى ئەوتۆ نابینم، پێموایە مەتبەخێک هەیە لە پشتى پەردەوە نەخشەسازى دەکات و سەرۆکەکان تێیایدا رۆڵى خۆیان دەبینن، دواجار عێراق بۆ ئەمەریکا گرنگە لەو روەوە کە ئەویش بۆ خۆى وا باس دەکات ئەم قوربانییەى جەستەیی داوە بۆ سەربازەکانى و هەم قوربانى دارایی داوە گەرچى بەشێوەیەک لە شێوەکان قازانجى دیکەى کردوە، ئەمەریکا هەوڵ دەدات هەژمونى ئێران لە عێراق لاواز بکات و هەوڵ دەدات لە روى ئابوریشەوە عێراق نەڕوخێت، چونکە روخاندنى عێراق دواجار بۆ ئەمەریکا دەبێتە خاڵێکى سلبى.
پێموانییە گۆڕانکارى ئەوتۆی لەوەى ئیستا کە هەیە لە قۆناغى ترەمپدا بۆ عێراقیش روبدات، دواجار دەبێت بزانین ئێمە لە زەمەنى دیموکراتەکانەوە سەرەتاى هەوڵدان بوە بۆ لێدانى عێراق و روخانى عێراق دەستیپێکردوە.

*ئەگەر بێت و گۆڕانکاری جەوهەری لە سیستمی حکومڕانی عێراق نەکرێت، ئایا عێراق بەرەو هەڵدێر دەڕوات؟
محەمەد حەکیم: پێموانیە بەرەو هەڵدێر بڕوات، عێراق ئیمکانیاتی خۆی هەیە و بەتایبەتیش نەوتی هەیە، ئەمەریکا لەبەر خاتری نەوتەکە نەک گەلی عێراق، هەوڵ دەدات عێراق بەرەو هەڵدێر نەڕوات، بەڵام بارودۆخی دارایی عێراق ساڵی داهاتو لە ساڵی (2020) باشتر نابێت، دەکرێت خراپتر بێت.

* باسی توڕەیی خەڵکت کرد، خەڵک ئێستا حیزبەکان بە یەک چاو سەیر دەکات، ئێوە لە حکومەتیشدا نین و بارەگاکانی ئێوەش وەک گۆڕان و پارتی یەکێتی بە ئامانج گیرا.
محەمەد حەکیم: خەڵک برسی بو هەمو شتێک دەکات، حکومڕانی یەکێتی و پارتی بەداخەوە کاریگەری سلبی لەسەر پەروەردەی خەڵکی دروست کرد، وە برسیکردنی خەڵک و هەرزەکار و گەنجان و لاوان گەیشتوەتە ئەو رادەیەی کە تەڕ و وشک پێکەوە بسوتێنن، هەیە رەخنەی لە ئێمە مانان و گۆڕان و یەکگرتو و حیزبەکانی دیکە هەیە، کە ئێوە هەڵوێستتان بەپێی داخوازی شەقام نیە.

*  قسە زۆرکراوە لەسەر دواکەوتنى بەستنى کۆنگرەى ناوخۆیی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، کەی کۆنگرە دەبەستن هۆکاری دواکەوتنەکەی چیە، ئایا کۆنگرە دەست دەبات بۆ گۆڕانکاری لە هەمو پۆستەکان بە پۆستی ئەمیری کۆمەڵیشەوە؟
محەمەد حەکیم: هۆکاری دواکەوتنی کۆنگرە، هاتنی پەتای کۆرۆنا بو، ئێستاش سەرکردایەتی کۆمەڵ کۆبوەتەوە و لیژنەی باڵای ئامادەکاری کۆنگرەی سەرپشک کردوە کە لەزوترین کاتتدا کۆنگرە ببەسترێت، ئەگەر پەتای کۆرۆنا رێگر نەبێت.

هەمو پۆستەکانیش قابیلی گۆڕانکارییە بە پۆستی مامۆستا عەلی باپیریشەوە، بەڵام ئەوە هەیە کە هەمو کۆمەڵ خواستی مانەوەی مامۆستا عەلی باپیری هەیە نەک خۆی دەست بە پۆستەکەوە بگرێت.

*بەدیلی مامۆستا عەلی باپیر هەیە لەناو کۆمەڵی ئیسلامی؟
محەمەد حەکیم: وەکو کەسایەتی مامۆستا عەلی باپیر بەدیلی نیە، وەکو شەخسی خۆشم بەدیلەکەی نابینم، بەڵام بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان حەتمەن دەبێت بە دیل بۆ مامۆستا عەلی باپیر هەبێت.

هەواڵی پەیوەندیدار