(سبەى):
رێکخەرى ژورى حکومەتى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ ئەو
جموجۆڵەى گۆڕان دەستیپێکردوە بۆ کۆبونەوەى لایەنە سیاسییەکان لەپێناو دۆزینەوەى
رێگە چارە و دەرچەدایە بۆ کەمکردنەوە و رەواندنەوەى ئەو قەیرانە قوڵەی بەرۆکى
هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستانى گرتوە.
کاوە عەبدوڵا، رێکخەرى ژورى حکومەتى بزوتنەوەى گۆڕان لە
دیمانەیەکدا لەگەڵ (سبەى) کە دواتر دەقەکەى بڵاودەبێتەوە، دەڵێت: "هەرێمى
کوردستان لە قەیرانێکى زۆر گەورە و قوڵدایە و ئەم قەیرانە بەرۆکى تاک بە تاکى
خەڵکى هەرێمى گرتوە لە فەرمانبەرانەوە تا کاسبکارانى بازاڕ و هەمو ئەو کەسانەى لەم
هەرێمەدا دەژین، بۆیە بزوتنەوەى گۆڕان وازى لە هەمو بەرژوەندییەکانى حیزبایەتى خۆى
هێناوە و دەستیکردوە بە جموجوڵێکى گەورە و کۆکردنەوەى هەمو لایەنەکان، لەپێناو
رەواندنەوەى ئەو قەیران و نەهامەتیانەى بەرۆکى خەڵکى گرتوە".
رێکخەرى ژورى حکومەتى گۆڕان، ئاماژە بە پێویستى بونى ئاشتەوایى
لایەنە سیاسییەکان دەکات لەپێناو دانانى نەخشە رێگایەک بۆ ئەوەى بژێوى خەڵک دابین
بکرێت و دەشڵێت: "بژاردەى یەکەم ئەوەیە کە لەگەڵ بەغدا رێک بکەوین".
*جوڵەیەکى
سیاسى لەنێوان لایەنە سیاسیەکان بە دەستپێشخەرى بزوتنەوەى دەستپێکراوە، ئامانجتان
لێى چییە و دەتانەوێت چى بە خەڵک بڵێن؟
کاوە عەبدوڵا: هەرێمى کوردستان لە قەیرانێکى
زۆر گەورە و قوڵدایە و ئەم قەیرانە بەرۆکى تاک بە تاکى خەڵکى هەرێمى گرتوە لە
فەرمانبەرانەوە تا کاسبکارانى بازاڕ و هەمو ئەو کەسانەى لەم هەرێمەدا دەژین لە
قەیرانێکى قوڵدان. بزوتنەوەى گۆڕان وازى لە هەمو بەرژوەندییەکانى حیزبایەتى خۆى
هێناوە و چۆن پێشتریش هەر لە پێناوى خزمەتکردنى خەڵکدا دروستبوە، دەستیکردوە بە
جموجوڵێکى گەورە و کۆکردنەوەى هەمو لایەنەکان.
ئێمە پێمانوایە تەنها پارتى و یەکێتىش بەس
نین بۆ ئەوەى کۆبونەوە بکەن و کۆبونەوەى سێ قۆڵى بکرێت، لە بەرنامەى ئێمەدایە کە
پێویستە هەمو لایەنەکان بەشدار و بەرپرسیار بکەین لە بژێوى خەڵک و لە سەلامەتى و
لە هەمو ئەو نەهامەتیانەى کە خەڵک بەرۆکى گرتوە ئێمە وابکەین بیڕەوێنینەوە.
* لە دەرەوەى وازهێنان لە بەرژەوەندى
بزوتنەوەى گۆڕان ماوەیەکە خەریکى ئاشتەوایی نێوان لایەنە سیاسییەکانن بە تایبەتى
یەکێتى و پارتى، ئایا پێتانوایە ناکۆکى ئەوان بارودۆخەکە بەرەو خراپتر دەبات یان
ئەم لێکنزیکبونەوەیە و ئەو هەوڵانەى ئێوە داوتانە لەپێناوى چیدایە؟
کاوە عەبدوڵا: بزوتنەوەى گۆڕان سەرەتاى
دروستبونى لەسەر بنەماى ئەوە بو کە دەنگى خەڵک بگەیەنێت بە دەسەڵاتدرانى هەرێمى
کوردستان، راستە ئێستا ئێمە لە دەسەڵاتین، بەڵام بیرمان نەچێت پێکهاتەى سەرەکى
حکومەت پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتیمانى کوردستانە و زۆرینەى
هێزەکانیش ئێستا بەدەست ئەوانەوەیە بۆیە ئێمە پێمانوایە بێ ئاشتەوایی ئەوان و بێ
ئەوەى کە ئەوان کۆک بن لەسەر مەسەلەکان بزوتنەوەى گۆڕان و هەمو لایەنەکانى
ئۆپۆزسیۆن هیچیان پێناکرێت.
باشترین چارەسەر ئەوەیە کە هەمومان پێکەوە
کۆببینەوە و بتوانین نەخشەڕێگایەک دابنێین بۆ ئەوەى کە بژێوى خەڵک دابین بکەین.
* پێتانوایە چارەسەرى ئەم دۆخە چییە؟
کاوە عەبدوڵا: حکومەتى کوردستان دەبێت
بژاردەى هەبێت بژاردەى یەکەم؛ ئەوەیە کە ئێمە لەگەڵ بەغدا رێک بکەوین و لە ئێستادا
وەفدێک بنێرین بۆئەوەى ئەو (320) ملیارەى کە نەنێردراوە بیهێنین و بتوانین
موچەیەکى دیکە دابەش بکەین بەسەر هاوڵاتیاندا، چونکە نەبونى بودجە و نەبونى ئەو
بژێویەى خەڵک پێویستییەتى دەبێتە لێکترازانى خەڵک، بۆیە ئێمە پێمانوایە سەرەتا
حکومەتى هەرێم دەبێت ئەوە بکات، دواتر وەفدێک بچێت و ئەم وەفدە دەبێت پێداگرى بکات
لە بودجەى ساڵى (2021) و بەشى هەرێمى کوردستان بچەسپێنێت جا رێژەکەى هەرچەنێک بێت
ئەوە کاروبارى لیژنە فەرمییەکەیە بۆیە ئێمە پێمانوایە پێویستە دو وەفد بێت
وەفدێکیان تەکنیکى بێت کە حکومەتى هەرێمى کوردستان بینێرێت و وەفدێکیان سیاسى بێت
کە لایەنە بەشداربوەکانى حکومەت لەگەل ئۆپۆزسیۆن هەمومان پێکەوە بتوانین فشارێک
بکەین لە حکومەتى عێراق و لە پەرلەمانى عێراق بۆ بودجەى ساڵى (2021) تێپەڕێنین.
* هەنگاوەکانى ئێوە بۆ لامەرکەزییەت گەیشتە
کوێ، هەنگاوە کردارییەکان دەستیپێکرد؟
کاوە عەبدوڵا: ئێمە لە حکومەتى هەرێمى
کوردستان یاسایەکمان هەیە یاساى ژمارە (3)ى ساڵى (2009) کە لە پەرلەمانى کوردستان
دەرچوە. ئەم یاسایە پێویستى بە هەموارکردنەوە هەیە بەڵام هەموارکردنەوەى یاسا
کاتیکى زۆرى دەوێت و پێویستى بە لیژنەى تەکنینکى هەیە بۆیە ئێمە هەمو لایەکمان
رێککەوتوین لەسەر ئەوەى قۆناغى دوەم یاساى ژمارە (3) کە لامەرکەزییە بتوانین
هەموارى بکەینەوە.
لە
ئێستادا هەرسێ لایەن جموجۆڵێکیان هەیە پەیڕەوێک لەلایەن ئەنجومەنى وەزیرانەوە کە
ئێستا خۆشبەختانە لیژنەیەک لەلایەن سەرۆکایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە دروستبوە
و سەردانى هەم یەکێتى و هەم بزوتنەوەى گۆڕانى کردوە و لەگەڵ پارتى دیموکراتى
کوردستان کۆبوەتەوە هەمومان بتوانین پێکەوە لە داهاتودا هەمو ئەو دەسەڵاتانەى بە
تایبەتى وەزارەتە خزمەتگوزارییەکان هەیە دایبەزێنین بۆ پاریزگار، ئەنجومەنى
پارێزگار و قائیمقامەکان و بەڕێوەبەرییە گشتییەکان هەریەکەیان بەپێى پسپۆڕى خۆیان
و ئەم یاسایانەى کە ئێستا باسى دەکەین لە داهاتویەکى دوردا دەکرێت دەستکارییان
بکرێت، بەڵام بنەما و پەیڕەوەکان دەکرێت لە ئیستادا ئێمە بیخەینە بوارى
جێبەجێکردنەوە بەشێک لە نەهامەتییەکانى خەڵک واتا (شەفافى لە بودجە و داهاتدا،
نەمانى رۆتین، بەشداریپێکردنى خەڵک لە دەسەڵاتدا) ئێمە دەتوانین زۆرینەى ئەو
پشێویەى کە ئێستا هەیە کە لە کوردستاندا پشێوى گەورە هەیە، بەڵام پشێویە هەرە
گەورەکە نەبونى خزمەتگوزارى پێویستە ئەم خزمەتگوزارییە خزمەتگوزارى سەرەتایین
دەکرێت حکومەتى خۆجییی بەرپرسیار بێت لەسەر ئەم خزمەتگوزارییانە و حکومەتى هەرێمى
کوردستان بەرپرسیار بێت لە پرۆسە ستراتیژییەکان.
* کۆبونەوەکان قەتیس دەکەن لە نێوان ئەم سێ
لایەنەدا یاخود فراوانى دەکەن لەبەرەیەکى دیکەدا، چونکە ئێوە هاوپەیمانێتیتان لەگەڵ
هەندێک هێزى سیاسى دیکەیش هەبو وەک یەکگرتو و کۆمەڵ، دەتانەوێت کۆبونەوەکە لە سێ
قۆڵیەوە ببێت بە چەند قۆڵى؟
کاوە عەبدوڵا: ئێمە پەیوەندیمانە لەگەڵ
یەکگرتو و کۆمەڵ پەیوەندییەکى ستراتیژییە لە پێناوى خزمەتکردنى خەڵک ئەگەر
بگەڕێینەوە بۆ ئەو کاتەى کە هەرسێ لامان ئۆپۆزسیۆن بوین شەقام ئێمە دەمانجوڵاند و
هەمو ئەو پڕۆژە یاسا جوانانەى کە لە پەرلەمانى کوردستان گفتوگۆى لەسەر دەکرا ئێمە
ئەمانبردە پەرلەمانى کوردستان ئەم ستراتیژییەتە لاى ئێمە زیندوە نەک لەگەڵ
ئۆپۆزسیۆندا ئێستا ئێمە لەناو حکومەتیشداین لەگەڵ پارتى و یەکێتیشدا بەهەمانشێوە
کاردەکەین، چونکە وەک باسم کرد ئامانجى ئێمە خزمەتکردنى خەڵکە ئامانجى ئێمە نەمانى
ئەو گیروگرفت و کۆسپانەیە کە لەبەردەمى نان و ئیسراحەت و کارى خەڵکدایە ئەوە
ئامانجى سەرەکى ئێمەیە بە تەنها لە حکومەتدا جێبەجێ ناکرێت پێویستە ئێمە رێکخراوەکانى کۆمەڵگاى
مەدەنیش لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن بهێنینە سەر خەت. هەمومان پێکەوە بەرپرسیار
بین لە بەڕێوەبردنى ئەم وڵاتە.