دیمانە 07:17 - 07/12/2020

کاردۆ محەمەد: گۆڕان دەیەوێت پەرلەمان دامەزراوەیەکى کارابێت بۆ چاودێریى و لێپرسینەوە لە حکومەت

+ -

(سبەى):
رێکخەرى ژورى پەرلەمانى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ بزوتنەوەى گۆڕان لەو سەکۆیەى تێیدایە لە حکومەت و پەرلەمان بەرگرى سەرسەخت لە  هاوڵاتیان و مافەکانیان دەکات و "ئەرکى نوێنەرانى ئێمەیە لە حکومەت هەوڵەکانیان لەپێناو چارەسەرى کێشەکانى خەڵکدا بێت و ئەرکى فراکسیۆنەکەشمانە داکۆکى لە مافى خەڵک بکات".

کاردۆ محەمەد، رێکخەرى ژورى پەرلەمانى بزوتنەوەى گۆڕان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ (سبەى)، دوپاتى دەکاتەوە کە دروستبونى گۆڕان لەپێناو باشکردنى ژیانى خەڵک بوە، ئەرکى سەرەکى بزوتنەوەى گۆڕانە داکۆکیکارى سەرسەختى ماف و ژیانى خەڵک بێت، بەتایبەت کە ئێستا دەبینین خەڵکى کوردستان ژیان و بژێویان لە دۆخێکى سەختدایە و ئەرکى ئێمەیە وەک بزوتنەوەى گۆڕان لە هەر شوێنێکە لەو سەکۆیەى کە تیایداین بەرگرى سەرسەخت لە  هاوڵاتیان بکەین و لەگەڵ ماف و داواکاریەکانیان بین.

لەبارەى رۆڵى فراکسیۆنى گۆڕان و داکۆکییەکان ماوەى رابردوى لە دۆخى خەڵک و ئەو گەندەڵى و نا شەفافیەى هەیە، رێکخەرى ژورى پەرلەمانى گۆڕان دەڵێت:" کارابونى فراکسیۆنى ئێمە و بەرگرییان لە مافى خەڵک پەیوەندى بە بەشدارى ئێمە نیە لە حکومەت، پەرلەمان و فراکسیۆنى ئێمەش کە متمانەیان بە کابینەى حکومەت و کارنامەکەى داوە، مافى خۆیانە چاودێرى کارنامەکەى حکومەت بکەن و لە حکومەت بپرسن داهاتەکەى چەندە و چۆن موچە دابەش دەکات".


* ژیان و گوزەرانى موچەخۆران لە دۆخێکى سەختدایە و پشکى شێرى قەیرانەکانیان بەرکەوتوە، ئەو داخوازیانە لە کوێى بەرنامە و ستراتیژى گۆڕاندایە؟
کاردۆ محەمەد: دروستبونى گۆڕان لە پێناو باشترکردنى ژیانى خەڵک بوە، ئێستاش خەڵکى کوردستان لە دۆخیکى زۆر ئاڵۆزدایە و توانایان نەماوە بە تایبەتى کە ئەوەى پەیوەندى بە ژیان و بژێوى و موچەوە هەیە لەبەر ئەوە ئەرکى سەرەکى بزوتنەوەى گۆڕانە داکۆکى سەرسەختى مافى خەڵک و ژیانى بێت.
بەرنامەى سەرەکى گۆڕان و هەنگاوەکانى باشترکردنى ژیان و گوزەران و بژێوى خەڵک و مافەکانیانە بەتایبەتى ئێستا کە ئێمە دەبینین خەڵکى کوردستان و ژیانیان و بژێویان لە رەوشێکى سەختدایە و ئەرکى بزوتنەوەى گۆڕانە لە هەر شوێنێکە و هەرچى پێدەکرێت بۆ ئەوەى بتوانێت دابینکەرى مافەکانى خەڵکى کوردستان بێت، ئێمە پێمانوایە یەکێک لەو دەرگایانەى کە دەتوانێت چارەسەرى کێشەى خەڵک بکات بەغدایە، کە بە شەفافى و بە شێوەیەک کە گونجاوە بۆ ئەوەى دابینى ئەو ئیستیحقاقە بکرێت کە دەبێتە مایەى ئەوەى چارەسەرى کێشەى موچەى خەڵک بکات.
خاڵێکى دیکەیش لێرەدا شەفافیەت خستنە داهاتە بەوەى کە حکومەتى هەرێم داهاتى چەندە ئیتر کۆتایی بەو دیاردە ناشرینانە بهێنرێت کە پەیوەندى بە گەندەڵیی و ناشەفافییەوە هەیە، پێویستە داهاتى هەرێمى بە شەفافى کۆبکرێتەوە و هەرچەندێک بێت خەڵک ئامادەیە ئەگەر راستگۆ بین و شەفاف بین ئازارەکان تەحەمول بکات کە بۆ هەموان وەک یەکە.

*  هەندێکجار ئێوە دەخرێنە ئاستى هێزە دەسەڵاتدارەکان و بەبەشدار لە هۆکارى ئەم دۆخە ناودەهێنرێن، ئایا ئەمە هەڵسەنگاندێکى واقیعییە؟ لەکاتێکدا ئێوە هەمیشە خۆتان بە داکۆکیکار لە بەرژەوەندییەکانى خەڵک وێنا کردوە.
کاردۆ محەمەد: ئێمە کە بەشداریى حکومەتمان کردوە لەسەر بنەماى ئەوە بوە کە ئەم حکومەتە داکۆکیکارى بەرژەوەندییەکانى خەڵک بێت و ئەو بەرنامەیەى لەسەرى رێککەوتوین جێبەجێ بکرێت، ئێمە کە لە دەسەڵاتین بەرپرسیارێتیمان هەیە خەڵک چاوەڕێى ژیان و چارەسەرکردنى کێشەکان لە دەسەڵات دەکات.
ئێمە کە لە بەشێک لە دەسەڵات بین روبەڕوى خەڵک و بەرپرسیارێتى دەبینەوە، بۆیە دەبێت لەو سەکۆیەى کە تیایداین داکۆکى سەرسەخت لە مافەکانى خەڵک بکەین و چارەسەرى قەیرانەکان و کێشەکانى خەڵک بکەین و خۆمان بە بەرپرسیار بزانین و لەگەڵ ماف و داواى خەڵک بین بۆیە ئەرکى نوێنەرانى ئێمەیە هەوڵەکانیان لەپێناو چارەسەرکردنى کێشەکان بێت و بەرپرسیارێتى لە ئەستۆى ئێمەش هەیە بۆ قەیران و کێشەکانى خەڵک.

* فراکسیۆنى گۆڕان و پەرلەمانتارەکانى لە دوا دانیشتنى پەرلەمانى کورستاندا رۆڵى کاریگەرى بەرچاویان هەبو بۆ ئەوەى پرسى موچە و ژیانى خەڵک بکرێتە بابەتى سەرەکى دانیشتنەکان و بزوتنەوەکەش پێشتر جەختى کردوەتەوە لەوەى کە پەرلەمان ببێتە ناوەندى بڕیار بۆ ئەو پرسانەى پەیوەندیییان بە خەڵکەوە هەیە، ئەمە نیشاندەرى ئەوەیە کە چ فراکسیۆن و چ بزوتنەوەکە بەردەوامە لەسەر ستراتیژ و بەرنامەکانى خۆى؟
کاردۆ محەمەد: دەمەوێت ئەوە یەکلا بکەینەوە، کارا بونى پەرلەمان و فراکسیۆنى ئێمە و داکۆکى لە مافى هاوڵاتیان پەیوەندى بە کارى پەرلەمانییەوە هەیە و پەیوەندى بە بەشداریکردن نییە لە حکومەتدا.
کاتێک پەرلەمان متمانە دەداتە دەسەڵات لەسەر بنەماى بەرنامەیەک ئەم متمانەیەى دەداتێ بۆیە مافیەتى چاودێرى بکات ئایا ئەم بەڵێنانەى کە لەسەرى متمانەى وەرگرتوە جێبەجێى کردوە یاخود نا؟ ئێستا لە کوردستاندا کێشە هەیە کێشەى ژیان و موچە هەیە، ئەرکى پەرلەمانە لە حکومەت بپرسێتەوە و بڵێت تۆ داهاتەکەت چەندە و چۆن موچە دابین دەکەین و دابەشى دەکەیت، واتە حکومەت بەرپرسیارێتى هەیە.

ئێمە هەمیشە لەگەڵ ئەوەدا بوین کە پەرلەمان دەبێت ناوەندێکى دامەزراوەیی کارا بێت بۆ چاودێریکردن و لێپرسینەوە لە حکومەت بۆ ئەو یاسایانەى کە بەرگرى لە مافى خەڵک دەکات بۆ هێنانى بودجە بۆ پەرلەمان کە شەفاف بێت و دابەشکردنێکى دادپەروەرانە بێت، ئەمە ئەرکى فراکسیۆنە، بۆیە دەستخۆشى لە فراکسیۆنى گۆڕان دەکەین کە داکۆکى لە مافى خەڵک کردوە و ئەرکیەتى هەمیشە داکۆکیکارى مافەکانى خەڵک بێت لە پەرلەمان.


* بڕیاربو دانیشتنى پەرلەمان بە ئامادەبونى شاندى حکومەت بۆ دانوستان بەڕێوەبچێت، بەڵام دواتر بێ ئاماژەکردنى ورد بە هۆکارەکەى دواخرا، وەک ئاگاداربن هۆکارى دواخستنى دانیشتنەکە چى بو، وە بڕیارە کەى ئەو دانیشتنە بەڕێوە بچێت؟
کاردۆ محەمەد: زۆرجار لە کوردستان بەڕێوەبردنەکان و بڕیارەکان سەرپێیی دەدرێن و بڕیارى رۆژن واتە هیچ نەخشەیەک نییە لەوەى کە ئێمە لە کوردستاندا رێگایەکمان گرتوەتەبەر بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان. ئەرکى حکومەتە بێتە بەردەمى نوینەرانى خەڵک رونکردنەوەى راستگۆیانە و شەفافانە بدات لەسەر بەرەوپیشچونى هەنگاوەکانیان بۆ رێککەوتن یان ئەو دەرەچەیەى کە چارەسەرى کێشەکانى خەڵک دەکات دواخستنیان پێموایە بەرپرسیارێتییەکى گەورەى سەرۆکایەتى پەرلەمان بو کە خۆمان بینیمان فراکسیۆنەکان هەڵوێستیان زۆر توند بو لەبەرامەبەر ئەوەى کە حکومەت نەهات بۆ رونکردنەوەى خۆى سەبارەت بەو کێشانەى کە پەیوەندى بە موچە و ژیانى خەڵکەوە هەیە.

* لە کۆبونەوەى جڤاتى نیشتیمانیدا جگە لەوەى بەشێکى زۆرى کۆبونەوەکە تایبەت بو بە پرسى ژیانى خەڵک و دۆخى ئابورى، پرسێکى گرنگى دیکە هەنگاوەکانى خۆ رێکخستنەوەى گۆڕان بو؟ ئەو پرسە بە چى گەیشت و بڕیار لەسەر چى درا؟
کاردۆ محەمەد: جەختمان لەسەر داواکارى خۆپیشاندەران و مافى موچەخۆران کردەوە لەوەى کە حکومەت چارەسەرى ئەم کێشەیە بکات و دژى بەکارهێنانى توندوتیژین بەرامبەر خۆپیشاندەران کە بە ئاشتەوایی دەیانەوێت داواى مافە رەواکانى خۆیان بکەن، بۆیە جڤات کۆبونەوەى لەسەر ئەوە کرد کە جەختى لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە ئەم هەڵوێستە بە نوێنەرانى خۆمان رابگەیەنین.

* هەنگاوەکانى رێکخستنى پەیکەرى رێکخراوەیی و هەنگاونان بۆ بەستنى کۆنفڕانسى نیشتیمانى بە چى گەیتن؟
کاردۆ محەمەد: گەیاندمانە نەخشەرێگایەک کە ئەمڕۆ بە کۆى دەنگى جڤاتى نیشتیمانى پەسەندکرا، ئەویش ئەوەیە لە ماوەى ئەمساڵەى کارکردنمان کە ماوە بۆ وێستگەیەکى دیکەى هەڵبژاردن. جڤات و خانەى راپەڕاندن پابەندى ئەو نەخشە رێگایە دەبن کە پێمانوایە رۆڵێکى گەورە لە رێکخستنەوەى بزوتنەوەى گۆڕان دەبینیت لە هەمو کایەکان.

هەواڵی پەیوەندیدار