دیمانە 06:23 - 24/11/2020

شەماڵ عەبدولوەفا: دەمانەوێت لە ساڵى نوێدا هەڵبژاردنى ناوخۆیی بکەین و کۆنفرانسى نیشتیمانی ببەستین

+ -

(سبەى):
شەماڵ عەبدولوەفا، ئەندامى خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان، ئاماژە بەوە دەکات کە هەنگاوەکانى ئۆرگانەکانى بزوتنەوەکە دەستیپێکردوە بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان و بەستنى کۆنفرانسى شارەکان و کۆنفڕانسى نیشتیمانى و دەڵێت: هەوڵ و ئامانجمان ئەوەیە لە پێنج تا شەش مانگى دیکەدا هەڵبژاردنەکان بکرێن و کۆنفرانسى نیشتیمانیش ببەستین.

شەماڵ عەبدولوەفا، سکرتێرى کاروبارى باژێرەکان و ئەندامى خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان لە دیمانەیەکدا لەگەڵ (سبەى) باس لە پرسە ناوخۆییەکانى بزوتنەوەى گۆڕان و هۆکارەکانى دواکەوتنى هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان و بەستنى کۆنفڕانسى نیشتیمانى دەکات و دەڵێت: دواکەوتنى ئەو بابەتانە پەیوەندى بە هۆکارى خودى و بابەتییەوە هەبوە لە هاتنە پێشى شەڕى داعش تا بڵاوبونەوەى پەتاى کۆرۆنا، بەڵام دواى کۆبونەوەى جڤات و لە (15) رۆژى رابردودا بە چڕى لەنێو ئۆگانەکانەوە کارمان لەسەر ئەو پرسانە کردوە بە ئامانجى ئەوەى لە پێنج تا شەش مانگى دیکەدا هەم هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان بەڕێوەببرێن هەم کۆنفرانسى شارەکان و کۆنفرانسى نیشتیمانى ببەستین".

لەبارەى گۆڕانکارى لە دەستور و کارى رێکخراوەیى بزوتنەوەکەش، ئەندامەکەى خانەى راپەڕاندن دەڵێت: "دەستورى بزوتنەوەى گۆڕان مەبدەئەکەى بەشداریپێکردنى هەمو شارەکانە لە دەسەڵاتى بزوتنەوەکەدا، بۆیە دەست لەستراتیژى رێکخراوەیی گۆڕان نادرێت، بەڵام لە وردەکارییدا رەنگە پێویستمان بەوە بێت هەندێک گۆڕانکارى لە پەیڕەوى ئۆرگانەکان بکرێت، لە هەشت ساڵى رابردوشدا گۆڕانکارى زۆر لە بوارى رێکخراوەیى هاتوەتە ئاراوە ئەوەش پێویستى بە پێداچونەوە هەیە".

* هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانى بزوتنەوەى گۆڕان و بەستنى کۆنفرانسى شارەکان و کۆنفرانسى نیشتیمانى، دەبو لە ماوەى رابردودا ببەسترێن، بەڵام وادەکەیان دواکەوتوە و ئەوەش بەشێکە لەو رەخنە و سەرنج و تێبینیانەى لە بزوتنەوەى گۆڕان دەگیرێت، بۆچى ئەو رێکارانە دواکەوتون؟
شەماڵ عەبدولوەفا: بڕیارى کۆنفرانسى نیشتیمانى و هەڵبژاردنى پێشوەخت بە دەستور رێکخراوە، بەڵام ئەمە چەند ساڵێکە دواکەوتوە و هۆکارەکانیشى هەم زاتین هەم بابەتین، مەسەلەى داعش و هەڵبژاردنەکانى رابردو، دواتریش ساڵى رابردو بڕیارماندا هەمو پڕۆسەکانى هەڵبژاردنى ناوخۆ و کۆنفرانسى شارەکان قەزاکان و کۆنفرانسى نیشتیمانیش ئەنجام بدەین، بەڵام بەداخەوە سەرهەڵدان و بڵاوبونەوەى کۆرۆنا رێى لێگرتین.
ئێستاش بەپێى ئەو بڕیارەى کۆبونەوەى جڤاتى نیشتیمانى کە ئەمجارەش جەختمان لێکردوەتەوە پلانێکمان داناوە، پلانەکەش ژورە پەیوەندیدارەکان دواییش لەگەڵ خانە و سەرجەم ژورەکان دواییش خانە و سەرجەم باژێڕوانەکان ئەم (20) رۆژە بە تیروتەسەلى و بە چڕوپڕى گفتوگۆمان لەسەر ئەو بابەتە کردوە کە لە پێنج بۆ شەش مانگى داهاتودا ئێمە هەمو پڕۆسەکان ئەنجام بدەین.

* بە چەند قۆناغ بەڕێوەدەچێت و یەکەمین قۆناغ کەى دەستپێدەکات؟
شەماڵ عەبدولوەفا: چەند قۆناغێکە، قۆناغى یەکەم چێککردنەوەى ئامارە کە ساڵى رابردو ئامارمان چێککردوەتەوە ئەو کارە بە لیژنەیەکى هەشت کەسى ئەنجام دەدەین کە پێکهاتون لە ژورى پەیجورى و ژورى هەڵبژاردن هەمو بازنە و رایەڵەکان چێک دەکەنەوە و جێگیرى دەکەن و دەیکەن بە ئامارى فەرمى و دەیخەنە بەردەم خانە. لەسەر ئەو دوا ئامارە وەکو پلانێک بۆ تۆمارى دەنگدەران کە لە دو پڕۆسەدا بەشدارى دەکات یەک؛ هەڵبژاردنى ناوخۆ، دو؛ دیاریکردنى هەڵبژاردنى نوێنەرانى شارەکان بۆ کۆنفرانسى نیشتیمانى، ئەمە قۆناغى یەکەمە.
قۆناغى دوەم؛ لیژنەکانى کۆنفرانس بەپێى دەستور بۆ کارى تەنفیزى پێنج بەرپرسى ژور پڕۆسەکە بەڕێوەدەبەن شەش رێکخەرى ژور و پێنج لیژنە بەپێى پسپۆڕییەکان دیاریدەکرێت کە بریتییە لە لیژنەى دەستور و لیژنەى بەرنامە و لیژنەى پلاتفۆرمى هەڵبژاردنەکان لیژنەى هەڵسەنگاندنى ئەداى بزوتنەوەکە لە حکومەت و پەرلەمان لیژنەیەکیش بۆ لۆگۆ و دروشمە. ئەم پێنج لیژنەیە رۆژى شەممەى داهاتو لە کۆبونەوەى جڤاتى نیشتیمانى کە ئێمە هەندێک کاندیدمان بۆ دیاریکردوە بۆ سەرۆکى لیژنەکان بە دەنگدان جێگیردەکرێت.

* پەیکەرى رێکخراوەیی بزوتنەوەى گۆڕان و دەستوریش هیچ گۆڕانکارییەکى تێدا دەکرێت لە کۆنفڕانسى نیشتیمانى؟
شەماڵ عەبدولوەفا: بنەماى دەستورەکە لەسەر پەیڕەوى چەند ئەحزابێکى دنیا هەم ئەوروپى هەم ناوچەیی دارێژراوە مەبدەئەکەى بەشداریپێکردنى هەمو شارەکانە لە دەسەڵاتێکى بزوتنەوەکە کە ئەندامى سەرکردایەتى هەیە هەندێک شارى شارى گەورەیە و لە هەڵبژاردندا دەنگى زیاتر دەهێنێت تەواوکارى دەبێت لە ژن لە پیاو ئەویش دەبێت بە ئەندامى سەرکردایەتى حیزبەکە لەگەڵ بەرپرسى ژورەکان و ئەو جڤاتى گشتییەى کە وەک بۆردێکى راویژکارییە بۆ بزوتنەوەکە.
بۆ نمومە ئەگەر باسى حیزبێکى ئەوروپى بکەین پێکهاتەکان بەمشێوەیەیە، مەسئولى هەمو شارەکان ئەندامى سەرکردایەتین سێ ژوریان هەیە ژورێکى تەنزیمە ژورێکى مالییە ژورێکى یاساییە، پەرلەمانێکیان هەیە، هەمو ژورەکانى دیکە لەو پەرلەمانەدان لەگەڵ حکومەتى سێبەریش، ئەو پەرلەمانە ئەنجومەنێکى راوێژکارییە بۆ مەسەلەى حکومەتى سێبەر بۆ توێژینەوە و لیکۆڵینەوە بۆ هەندێک وردەکارى دیکە بۆ حکومەتێکى یەدەگ، سەرۆکیشیان هەیە و سەرۆک لەناو کۆنگرە هەڵدەبژێردرێت و وەک ئێمە نییە هەندێک موفارەقەى بچو بچوک سودى لێوەرگیراوە. لە چەند پەیڕەوێکى ناوچەیی و هەندێک حیزبى ئەوروپیش.
ئەوە پێکهاتەى بزوتنەوەى گۆڕانە و دەست لەم ستراتیجییە رێکخراوەییە نادرێت، بەڵام لە وردەکارییدا ئێمە ئەگەر پێویستمان بەوەبێت پەیڕەوى رەوەندى کوردى بگۆڕین پەیڕەوى ژورەکان بگۆڕین مەسەلەى بازنە و رایەڵە پێکهاتەکەى بگۆڕین و ئەوانە هەمویان قابیلى دەستکاریکردنە.

* باسى ئەو گۆڕانکارییانەى ئۆرگانەکانت کرد، بەڵام سێ ئۆرگانى بزوتنەوەکە زۆر دیارن مەسەلەن گۆڕانکارى لە جڤاتى نیشتیمانى و خانەى راپەڕاندن و رێکخەرى گشتى، ئایا لەوانە گۆڕانکارى دەکرێت؟
شەماڵ عەبدولوەفا: جڤات دەستکارى ناکرێت، جڤات سەرکردایەتى بزوتنەوەکەیە و لە باژێروانى شارەکان و رێکخەرى ژورەکان و سەرۆکى جڤاتى گشتى پێکهاتوە و ئەمانە دەستکارى ناکرێن، بەڵام پێشنیارێک هەیە و وەک پیشنیار ئەڵێن خانەى راپەڕاندن با نەمێنێت ئەمە دەنگ دەهێنێت لە کۆنگرە یاخود نا؟!.
بەڵام حیزب دەبێت سەرۆکى هەبێت، ئەبێت سکرتێرى هەبێت و دەبێت رێکخەرى هەبێت، واتە کەسى یەکەم دەبێت هەبێت، بەڵام ئایا ئیشەکانى پێ جێبەجێ دەکرێت و پێویستى بە خانەیەک یان شانەیەک نییە بۆ ئەوەى کارى رۆژانە بەڕێوەبەرێت؟ ئەگەر ئەوە پێویست نییە بەدیلەکەى چییە؟ ئەمانە هەموى جێى دیراسەیە.

* دەستور رێگاى داوە چ رێکخەرى گشتى چ خانەى راپەڕاندن چ جڤاتى نیشتیمانى بۆ سێ خول بێت، ئایا هیچکامتان ئەو سێ خولەتان تەواو کردوە و دەتوانن خۆتان کاندید بکەن؟
شەماڵ عەبدولوەفا: بەپێى دەستور دیاریکراوە، بەڵێ تیایەتى و ئەندامى خانە بۆ چەند خول خۆى کاندید دەکات.

* ئێستا کەستان تێدایە سێ خولەکەتان تەواو کردبێت؟
شەماڵ عەبدولوەفا: پێموایە کەسیان ئەو وادەیەیان تەواو نەبوە.

* با لە تۆوە دەستپێبکەم؛ خۆت کاندید دەکەیتەوە؟
شەماڵ عەبدولوەفا: بۆ هەمو باسێک خواسێک، من لەوانەیە مەهامەکەم ئەم خولە تەواو ببێت، من ئیستا تەرکیزکەم لەسەر خۆڕێکخستنەوەیە، مەسەلەى ئامار و چێککردنەوەیە مەسەلەى هەڵبژاردنى نوینەرایەتى کۆنفرانسە مەسەلەى هەڵبژاردنى ناوخۆییە لەگەڵ ئامادەکارییە بۆ کۆنفرانسى نیشتیمانى. ئەو سێ قۆناغە بەلاى منەوە گرنگە.

* هەر لە سەردەمى رەوانشادەوە دو شت هەیە تا ئێستا بە رێڕەوى خۆیدا رۆیشتوە مەسەلەى خوێنى تازە و خەڵکى بە ئەزمون واتا رۆڵى گەنج و کەسانى وەک ئێوەش بە ئەزمون پێکەوە لەناو ئەم بزوتنەوەیە ئایا ئەم دوانە وەک خۆى هەر بە رێڕەوى خۆیدا دەڕوات؟
شەماڵ عەبدولوەفا: ئەویش وەستاوەتەوە سەر ئەوەى ئایا لە دەرەوەى دەسەڵاتى یان لەناو حکومەتدایت ئەمە دەیگۆڕێت، بۆ نمونە ئێمە لە ئۆپۆزسیۆندا بوین خیتابەکەمان زۆر جیاواز بو لەوەى کە ئێستا لە حکومەتداین. ئەمە بەراوردکارییەکى زۆر بابەتیانەیە و عەقڵانیانەیە ئەبێت خەڵکیش بەو چاوەوە سەیرى بکات بزوتنەوەى گۆڕان بزوتنەوەیەکى ئارەزومەندانەى خۆبەخشانەیە کارکردن لە حیزبێکى وەک بزوتنەوەى گۆڕان هەم ئاسانە لە هەندێک بواردا هەندێکیش قورسە لە هەندێک بوارى دیسپلینى حیزبایەتى و رێکخراوەیی.

* لەماوەى رابردودا قسە لەسەر جیاوازى یان لادان لە دیسپلیینى حیزبى و پابەند نەبونى هەندێک کەس و ئۆرگان بە بڕیارى سیاسى بزوتنەوەکەوە دەکرێت و بەشێک لە هۆکارەکەشى بۆ دواکەوتنى هەڵبژاردنەکان و کۆنگرە و هەندێکیشى بۆ دەستورى ناوخۆیى دەگەڕێنرێتەوە، ئەم بابەتە پێویستى بە رێکخستنەوە نییە؟
شەماڵ عەبدولوەفا: بەدڵنیاییەوە، بەڕاستى لەناو دەستوردا زۆر شت غائیبە، ئێمە کە دەستورمان داڕشت لە (2012)دا بەراورد بە ئێستا کە (2020)ـە، گۆڕانکارى زۆر بوە لە پێکهاتەى رێکخراوەیی، کەموکورتى زۆر هەیە لە دەستوردا کە بەڕاستى بەپێى دەستور ناتوانین مامەڵە لەگەڵ تەنزیم و کارى رێکخراوەیی و دامەزراوەکانمان بکەین و دەبێت ئەوانە هەموى رێکبخرێت.

* ناوەڕاستى ساڵى داهاتو ئەم خولە کۆتایی پێدێت و تۆ دەڵێیت شەش مانگى پێدەچێت، ئایا ئەم هەڵبژاردنە ناوخۆییانە و ئەم کۆنفرانسە تا ئەو وادەیە کۆتایی پێدێت؟
شەماڵ عەبدولوەفا: بەپێى پێشنیارى خانە یان بەپێى پێشبینیکردنى خانە کە ئێمە دەبێت مانگى چوار لە نێوان مانگى سێ و چوادا کۆنفرانسى نیشتیمانى ببەستین.

هەواڵی پەیوەندیدار