دیمانە 07:05 - 05/11/2020

نزار محەمەد: هەرێم و بەغدا وەک پارێزگا مامەڵەیان لەگەڵ هەڵەبجە نەکردوە

+ -

(سبەى):
باژێروانى هەڵەبجەى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ چ لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە چ لەلایەن عێراقەوە وەک پارێزگا مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجە نەکراوە و ئەو دۆخەى پارێزگاکەی تێدایە کەڵەکەبوى ساڵانى حوکمڕانیی رابردوە کە هێزەکانى دەسەڵات نەیانتوانیوە لەو ماوەیەدا خزمەتى بکەن و ژێرخانێک بۆ ئەم ناوچەیە دروست بکەن.

نزار محەمەد، باژێروانى هەڵەبجە و ئەندامى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان لە دیمانەیەکدا لەگەڵ (سبەى) دەڵێت:"لەسەرەتاى بە پارێزگا بونیەوە، ژورى ئەندازیارانى بزوتنەوەى گۆڕان پڕۆژەیەکیان پێشکەش کرد بۆ پێشخستن و بوژانەوەى هەڵەبجە لەماوەى پێنج ساڵدا، بەڵام بەداخەوە کار بەو پڕۆژەیە نەکراوە".

لەبارەى رێککەوتنى گۆڕان و پارتى و ئەنجامدانى چاکسازیشەوە، ئەندامەکەى جڤاتى نیشتیمانى دەڵێت: خەڵک و خۆشمان نیگەرانین لە خێرا جێبەجێنەکردنى هەنگاوەکانى چاکسازى، بەڵام حکومەت پاساوى قەیرانى دارایى و پەتاى کۆرۆنا و دابەزینى نرخى نەوت و مامەڵەکردنى بەغداى هەیە، "بەڵام ئەوەى گرنگە ئێمە مەرجمان بۆ بەشداریکردن لە حکومەت بۆ چاکسازى بوە و هیچ مەبەست و مەرامێکى ترمان نەبوە لە بەشداریکردن لە حکومەتدا، لە ئایندەشدا بۆ خەڵک دەردەکەوێت کە بەشداریکردنى بزوتنەوەى گۆڕان لە حکومەتدا ئیجابى بوە و لە قازانجى خەڵک بوە".

* هەڵەبجە وەک پارێزگا مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت و بۆ حکومەتى خۆجێی هەڵەبجە و ئەنجومەنى پارێزگاش، چەندین کۆبونەوە و دواتر رێککەوتن لەنێوان هێزە سیاسییەکان ئەنجامدرا، ئەم رێککەوتنە بە کوێ گەیشت بۆچى لەسەر ئەرزى واقیع جێبەجێ نەکرا؟
نزار محەمەد: من ناڵێم وەک پارێزگا مامەڵەى لەگەڵدا دەکرێت، چونکە تەنها هەر پارێزگار و جێگرێکى هەیە ئەوەى ماوە هەمو ئیش و پێداویستیەکانى کە دەبێت لە پارێزگارێکدا هەبێت لە هەڵەبجە نییە. ئەتوانم بڵێم لە کاتێکدا کە هەڵەبجە قەزابو ئیشەکانى باشتر دەڕۆیشت بەراورد بە ئێستا کە پارێزگایە، ئێستا دەتوانم بڵێم بەشێکە لە وێرانەیەکى تر.

هەڵەبجە ئێواران ناتوانیت بڕۆیتە ناو بازاڕەکەى وایلێهاتوە سەرپێچى و تەجاوزات زۆر بوە، نەک هەر من هەمو کەس لەم شارە ئەڵێت کاتى قەزاکەى باشتر بوە لە پارێزگاکەى و بەشى هەرە زۆرى ئەمە پەیوەندى بە حکومەتى هەرێمەوە هەیە کە نەیتوانیوە هەندێک رێکار هەن بیگرێتەبەر بۆئەوەى دامودەزگاکانى ئەم پارێزگایە وەک هەمو پارێزگاکانى دیکە بکەوێتە سەر پێى خۆى و بەشێکیشى لە ئەستۆى عێراقە، بەڵام دەتوانم بڵێم حکومەتى عێراق هێشتا هەنگاوى باشترى ناوە تا حکومەتى هەرێمى کوردستان.

* هۆکار و رێگرییەکانى بەردەم ئەم کێشە ئیدارییەى تۆ باسى دەکەیت چین، هەر مەسەلەکە رێکنەکەوتنى لایەنە سیاسییەکانە هاوشێوەى حکومەتى خۆجێیی سلێمانى؟
نزار محەمەد: لە هەڵەبجە کۆمەڵێک رێککەوتن کراوە لە نێوان لایەنە سیاسییەکانى هەڵەبجە. ئەو رێککەوتنانە هیچیان جێبەجێ نەکراون، چونکە بە دڵ و ویستى ئەو دو حیزبەى دەسەڵات نەبوە کە جێبەجێى بکەن. ئەگەر نا دو رێککەوتن کراوە بۆ هەڵەبجە ئەو دو رێککەوتنە ئەتوانم بڵێم هەڵەبجەى دەبردە قۆناغێکى باشتر و دەیتوانى خزمەتێکى باشتر بەم شارە بکات، بەڵام بەداخەوە ئەو دو رێککەوتنە هەردوکیان ئیشیان پێنەکراوەو تا ئێستا ئەوە خەلەلێکى گەورەیە و خەلەلێکى دیکەیش ئەوەیە کە ئێمە و خەڵکى هەڵەبجەیش پێمانوایە حکومەتى هەرێم نایەوێت هەڵەبجە ببێتە پارێزگا و کارى بۆ ناکات بۆ ئەوەى ببێتە پارێزگایەک بە فەرمى بناسێندرێت و تەنانەت بۆ بازنەکانى هەڵبژاردن حسابى پارێزگا بۆ هەڵەبجە نەکراوە.

* هەڵەبجە یەکێکە لەو شارانەى دەنگى بڵندترە مەسەلەکە خزمەتنەکردنە؟، لە (28) ساڵى رابردودا حکومەت نەیتوانیوە ئەو داخوازى و داواکارییانە جیبەجێ بکات بۆ خەڵکى ئێرە یان مەسەلەکە ئەم ساڵ و سێ مانگەیە کە ئێوە لە حکومەتەکەدان؟
نزار محەمەد: من ناڵێم هیچ بۆ هەڵەبجە نەکراوەئ لەم ساڵانەى پێشودا، بەڵام ئەوەى کە کراوە بەپێى ویست و دڵى خەڵک نییە و ئەوە نییە کە خەڵک دەیەوێت. ئەوەیش نییە کە پارێزگایەک یان شارێک ئەو هەمو کارەسات و ناخۆشیەى بەسەردا هاتبێت و وەکو خۆى حسابى بۆ کرابێت.

ئەوەى هەیە هى ئەم ساڵ و هەشت مانگە نییە، لە راستیدا ئەوە کەڵەکەبوى ساڵانى حوکمڕانییە کە هێزەکانى دەسەڵات نەیانتوانیوە لەو ماوەیەدا ئەو پارە زەبەلاحە زۆرە هاتوە ژێرخانێک بۆ ئەم ناوچەیە دروست بکەن، خۆتان دەزانن ئەم ناوچەیە چەپەک و کەنارە و ئەگەر حکومەت کارى بۆ نەکات بۆ ئەوەى ژێرخانێکى بەهێزى بۆ دروست ببێت و بکرێتەوە بەڕوى شارەکانى دیکەدا بەراستى پێشناکەوێت، بەڵام ئەوان هەنگاویان بۆ ئەوە نەناوە.

کاتى خۆى ژورى ئەندازیارانى بزوتنەوەى گۆڕان پڕۆژەیەکیان هەبو بۆ ئەوەى هەڵەبجە لەماوەى پێنج ساڵدا ببوژێتەوە، ئەو پڕۆژەیە کرایە کتێبێک و درایە پارێزگار و دامودەگاکانى هەڵەبجە بۆ ئەوەى کارى لەسەر بکرێت لەماوەى پێنج ساڵدا دەتوانرا هەڵەبجە زۆر ببوژیندرێتەوە و پێشبکەوێت و پارەیەکى زۆریش لەسەر حکومەت نەکەوێت و هەمو پارەکە لەسەر کۆمپانیا و کەرتى تایبەت و ئەو بەڵێندەرانە بێت کە لێرە کاردەکەن، بەڵام بەداخەوە کار بەو پڕۆژەیە پێناکرێت.

* ئەم پڕۆژەیەى ئێوە پێشکەشتان کردوە ئێستا لە کوێیە؟
نزار محەمەد: ئەم پڕۆژەیە دراوەتە هەمو دامودەزگاکانى حکومەت لاى پارێزگار و جێگرەکەى و قائیمقام هەیە و کاتى خۆى بۆ حکومەتى هەرێمیشمان ناردوە و کەس نییە نەیبینیبێت کە تەنها بۆ بوژاندنەوەى هەڵەبجەیە لەماوەى تەنها پێنج ساڵدا و بۆ هەمو پڕۆژەکانى سەقفى زەمەنى هەیە.

* بەدواداچونتان بۆکردوە بزانن بۆ جێبەجێ نەکرا؟
نزار محەمەد: ئێمە لە حکومەتدا نەبوین و لە حکومەتى خۆجێییش دەسەڵاتى وامان نەبو کە پێیان بڵێین بۆ جێبەجی ناکرێت، ئیستا ئەگەر بە حکومەت بڵێیت بۆ جێبەجێ ناکرێت ئەڵێت پارە نییە یان داهات نییە بۆیە.

* تۆ ئەندامى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕانیت ئاگات لە مەسەلەى ریککەوتنە سیاسییەکەى بزوتنەوەى گۆڕان و پارتى هەیە لەسەر مەسەلەى پێکهێنانى ئەم کابینەیەى حکومەت و خەڵکیش ناڕەزایی و نیگەرانى هەیە، ئەوەى لەم نێوەندەدا رۆڵى دەبێت هەنگاوەکانى چاکسازییە، بۆچى هەنگاوەکانى وەک خۆى جێبەجێ ناکرێت و ئەو پرسە بەکوێ گەیشتوە؟
نزار محەمەد: ئێمە خۆشمان نیگەرانین لە جێبەجێنەکردنى هەنگاوەکانى چاکسازى، چونکە ئێمە دەمانویست وادەیەکى دیارکراو (سەقفى زەمەنی) هەبێت و دیاریشمان کردبو کە لەو کاتەدا ئەنجامەکانى ببینرێت، بەڵام بەداخەوە کە ئێمە چوینە ناو حکومەت خۆتان دەزانن نەخۆشى کۆرۆنا بڵاوبوەتەوە و پارەى نەوت دابەزیوە و قەیرانێکى گەورەى ئیدارى و دارایی رویکردوەتەوە حکومەتى هەرێم. ئاسان نییە تۆ بتوانیت قۆناغەکان وەک خۆى جێبەجێ بکەیت، ئەگەر هەرکەسێکیش داواى ئەوەى بکات وەک خۆى جێبەجێ بکرێت، پێموایە هەڵە دەکات، چونکە ئەو کارەساتە کە هاتوە بەرۆکى هەمو جیهانى گرتوەتەوە و هەرێمى کوردستانیشى گرتوەتەوە.

لێکەوتەکانى ئەو پەتایە لە هەمو کەس زیاتریش کاریگەرى هەبوە لەسەر ئێمە، چونکە ئێمە خاوەنى سیادە و خاوەنى دەوڵەتى خۆمان نەبوین، بۆیە نابێت بڵێین کە هەنگاوەکان وەک خۆى و لەکاتى خۆى دەبوایە جێبەجێ بکرایە و دیارە کە چاکسازى بە ساڵێک و بە مانگێک ناکرێت، بەڵام هەنگاوى بۆ نراوە و ئێمە بڕوامان وایە لە ئایندەدا هەوڵدەدرێت شتى باش دەکرێت.

* قەسەکە لەسەر ئەوەیە کە ئەم رێککەوتنە دەکرێت دەستکارى بکرێت بۆ نمونە ئەگەر هەنگاوەکانى چاکسازى ئەگەر لەماوەى ئەم دوساڵەى دیکەیشدا جیبەجێ نەکرێت رۆژێک دەبێت بیر لە دەستکاریکردن و ئاڵوگۆڕکردنى ئەم رێککەوتنە سیاسییە بکەن؟
نزار محەمەد: بە دڵنیاییەوە وایە، ئێمە مەرجمان بۆ بەشداریکردن لە حکومەت هەر بۆ چاکسازى بوە هیچ مەبەست و مەرامێکى ترمان نەبوە لە بەشداریکردن لە حکومەتدا بۆیە ئەگەر چاکسازى نەکرێت و نیەتى چاکسازییان نەبێت ئەوە شتێکى ترە و ئێمە قسەى دیکەیشمان هەیە بۆ ئەم رێککەوتنە، بەڵام لە راستیدا ئێمە پێمانوایە ئەو هەنگاوانە دەنرێن.

خەڵک دەیەوێت لە چەند مانگێکدا ئەنجامەکانى چاکسازى دەرکەوێت، چونکە خەڵک لە ئێستادا موچەى نییە پارەى نییە وەزعى خراپە و خزمەتگوزارى نییە و پڕۆژە نییە، بۆیە خەڵک ئەو وەزعە خراپەى خۆى وای لێدەکات هەمیشە بەتەماى ئەوەبێت لە شەو و رۆژێکدا ئەو شتانە بکرێت، بەڵام لە ئایندەدا بۆیان دەردەکەوێت کە ئەوەى ئیمە بۆى چوینەتە حکومەتەوە کاتێک جیبەجێ دەکرێت و نەتیجەى باشى دەبێت و ئەوکاتە خەڵک تێدەگات کە بزوتنەوەى گۆڕان بەشداریکردنەکەى بەشداریکردنى ئیجابى بوە و لە قازانجى خەڵک بوە.

هەواڵی پەیوەندیدار