(سبەى):
لە یەکەم ساڵیادى (16)ى
ئۆکتۆبەردا پارتى و یەکێتى یەکتر لە ئاستى بەرپرسە سەربازییەکانیانەوە تا ئاستێکى
باڵا یەکتر تۆمەتبار دەکەن لە بەدەستەوەدانى خاکى کوردستان، بەشێوەیەک بارزانى
دەڵێت: "لەو رۆژەدا بو كە خیانەتی نامەردانە، لە ئومێد و ئاواتەكانی گەلێكی
مەزڵوم كرا و بەهۆی دەستێكی ناوخۆییەوە یارییەكی بێویژدانانە بە چارەنوسی
گەلەكەمان كرا".
ئەمڕۆ (16)ى ئۆکتۆبەر یەک ساڵ
بەسەر بەدەستەوەدانى (51%)ى خاکى هەرێمى کوردستان تێدەپەڕیت، بەرپرسانى پارتى و
یەکێتى کە هەردو حیزب دەست و رۆڵیان هەبو لەو کارە ساتە گەورەیەى بەسەر گەلى
کورددا هێنرا چ بە ئەنجامدانى ریفراندۆم چ لە پاشەکشێى هێزەکانیان و بە شەهیددانى
ژمارەیەک پێشمەرگە و بە قوربانییکردنى خەڵکى ئەو ناوچانە و دۆسیەى کوردیان چەند
فرسەخێک بۆ دواو گەڕاندەوە.
میدیا فەرمى و سێبەرەکانى پارتى و یەکێتى بە
ئاشکرا لەم ساڵیادەدا هێرشیان کردە سەر یەکتر، بەشێوەیەک؛ رۆژنامه‌ى (خه‌بات)ى زمانحاڵى پارتى ديموكراتى كوردستان، لاپه‌ڕه‌ى
يه‌كه‌مى به سپى بڵاوكرده‌وه و هيچ بابه‌تێكى تێدا بڵاونه‌كردوه‌ته‌وه و تەنها
لە گۆشەى سەرەوەى لاپەرەکە نوسراوە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر خیانەتى (16)ى
ئۆکتۆبەر و بە کارێکى قێزەونیش ناوى بردوە.
هاوکات لە سەرلەبەیانى
ئەمڕۆوە روکارى سایتى (کوردستان 24) وێنەیەکى سێڵفى کوڕەکانى تاڵەبانى و شێخ جەنگى
لەسەرە و توسراوە؛ "ساڵرۆژى فرۆشتنى کەرکوکە".
میدیاکانى پارتى چەندین
بابەتیان لەسەر ئەو بابەتە بڵاو کردوەتەوە و هاوکات ئیدریس رەفعەت، بەڕێوەبەری ئاسایشی کەرکوک (پارتى) دەڵێت:"فرۆشتنی
کەرکوک بۆ چەند دەستکەوتێکی ماددی لایەنێکی دیاری‌کرا و هەوڵی نەهێشتنی قەوارەی
هەرێمی کوردستان دەگەڕێنێتەوە".
هەروەک کەمال کەرکوکى، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە کەرکوک-گەرمیان
کە ئەوکات بەرپرسی میحوەرى رۆژئاواى کەرکوک بو، لەساڵیادەکەدا دەڵێت:"ئەو هێزانەی خیانەتەییان کرد رو رەشن و پێش 16 ئۆکتۆبەر چەند جارێک
هەوڵی تێکدانی یەکێتی ریزەکانی پێشمەرگەیان داوە و ئەو باڵەی یەکێتی هەوڵی تێکدانی
پەیوەندی نێوان هێزەکانی پارتی و یەکێتییان داوە و دژی گیانی هاوکاری کوردانە
کارییان کردوە".
لاى خۆیەوە مەسرور بارزانى لە
لاپەڕەى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک لەو ساڵیادەدا نوسیویەتى؛ پیلانی
16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 گه‌وره‌ترین خیانه‌ت بو له مافی چاره‌نوسی نه‌ته‌وه‌یه‌كی چه‌وساوه
كرا، به‌ڵام له هه‌مانكاتدا روی راسته‌قینه‌ی خیانه‌تكارانی به‌دیارخست و
خاكفرۆشانی له نیشتمانپه‌روه‌ران جیاكرده‌وه.
دواجار مەسعود بارزانى-ش پەیامێکى بڵاو کردەوە و جگە لەوەى (16)ى
ئۆکتۆبەرى بە رۆژێکى تاریک ناوبردوە، وتویەتى؛ لەو رۆژەدا بو كە خیانەتی نامەردانە،
لە ئومێد و ئاواتەكانی گەلێكی مەزڵوم كرا، بەهۆی دەستێكی ناوخۆییەوە یارییەكی
بێویژدانانە بە چارەنوسی گەلەكەمان كرا و ئەو خاكەی بە خوێنی هەزاران ڕۆڵەی ئەم
نیشتیمانە پارێزرا بو، لە چوارچێوەی پیلانێك‌دا كەوتە ژێر داگیركاری و كاولكاری و سوكایەتیكردن
بە پیرۆزییەكانی گەلی كوردستان".
دەشڵێت: "ئێمە پێشبینیی هەمو ئەگەرێكمان كردبو، بەڵام هەرگیز
چاوەڕوانی ئەوە نەبوین دەستێكی ناوخۆیی بەمشێوەیە خەنجەر لە پشتی گەلی كوردستان
بدات، ئامانجی شازدەی ئۆكتۆبەر، نەهێشتنی كیانی هەرێمی كوردستان و بێماناكردنی
مافەكانی گەلی كوردستان بو. بە هاوكاری و چاوساغیی دەستێكی ناپاكی ناوخۆیی،
پیلانێكی زۆر گەورە لەدژی گەلەكەمان لە ئارادا بو"
لە بەرامبەردا میدیا و بەرپرسانى یەکێتى بەهەمان شێوە لە ساڵیادى (16)ى
ئۆکتۆبەردا ئۆباڵى
ئەو دۆخەیان خستوەتە پاڵ پارتى و چەندین لێدوان و راپۆرت و بابەتى رۆژنامەوانیان
بڵاو کردوەتەوە.
سایتى (puk media)لە راپۆرتێک‌دا وا باسى روداوەکەى کردوە کە پارتى هۆکارى
ئەو دۆخە بوە و ئاماژەى بەوە کردوە کە چۆن هێزه‌كانی پارتی لە رۆژی 16ی ئۆكتۆبه‌ردا، کێڵگە
نەوتییەکانى هاڤانا و بای حه‌سه‌نیان چۆڵكرد به‌بێ ته‌قه و
رادەستى سوپای عیراقیان کردن.
ئاماژەى بەوە
کردوە؛ ئه‌و هێزانه‌ی زێره‌ڤانی كه چه‌ند ساڵێك بو له‌و دو كێڵگه نه‌وتییه بو‌ن
چه‌ندین زرێپۆش و چه‌كی قورس و سوكیان پێبووه، به‌ڵام به‌بێ هیچ به‌رگری و ته‌قه‌كردنێك
ته‌سلیمیان كرد.
هاوکات باسى لە چۆنیەتى چۆڵکردنى ناحیەى گوێر و دوبارە جێهێشتنى
شەنگالى کردوە لە سنورى پارتى و لەلایەن هێزەکانیانەوە.
بە هەمان شێوە سایتى میللەت، بەهەمان شێوە ڤیدۆیى
"هەڵاتنى" هێزەکانى پارتى لە مەخمور و گوێر و شەنگال بڵاو کردوەتەوە و
جگە لەوە وێنەیەکى بارزانى داناوە لەگەڵ کۆمەڵێک راویژکارى پێش ئەنجامدانى
ریفراندۆم و نوسیەتى؛ لەدەستدانى بەدیلى زێڕ‌ینى پرسى کورد.
سایتەکە وتەکانى مەسعود بارزانى
داناوەتەوە پێش ریفراندۆم و لەبارەى کەرکوک و شکستهێنانى پرۆسەى ریفراندۆم.
لاى خۆیەوە، قادر ڕەزگەیی بڕیاردەری لیژنەی
کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان روداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرى بۆ دەرەنجامی ریفراندۆم
گەڕاندوەتەوە کە "بڕیارێکی خودی
مەسعود بارزانی بو"، وتوشیەتى؛ پارتی و بارزانی کارتى دروستکردنی دەوڵەتیان بێ
نرخ کرد.
هەر لەو سەرو بەندەداا هه‌ڵۆ پێنجوێنی
ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی وەڵامى پەیامەکەى بارزانى داوەتەوە و
دەڵێت:"له‌هاتنی داعش و تاوانی شنگال، جارێكی دیكه باجی ئه‌و سیاسه‌ته
تاكڕه‌ویانه‌و ئه‌و سیاسه‌ته نهێنیانه‌ی پشتی په‌رده ده‌ده‌ین، سه‌رۆكی پارتی و
پارتی له‌پێناوی جێگیركردنی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان و به‌رژه‌وه‌ندیه تایبه‌تیه‌كانیان
چاوپۆشیان له‌دروستبونی هێزێكی مه‌ترسیدارو دوژمنی وه‌كو داعش كرد، به‌دراوسێی
تازه‌یان ناوبرد تا تاوانی شنگالی لێكه‌وته‌وه كه ئه‌و تاوانه له‌ئه‌ستۆی
پارتیه".
وتوشیەتى؛ ئه‌وه‌ی له16ی
ئۆكتۆبه‌ر رویدا، ده‌رئه‌نجامی سیاسه‌تی پارتی و سه‌رۆكی ئه‌و حیزبه بو، له‌ته‌وقیتی
ریفراندۆم كه كردی، به‌ڵام ئه‌وان بۆ مه‌رامه‌كه‌ی خۆیان كارتێكی گرنگیان سوتاند،
نه‌ك سوتاندیان هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌شی لێكه‌وته‌وه، ئه‌نجامی ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ش كه‌ركوكیش
كه‌وته به‌ر شاڵاو و هێرشه‌كانی حكومه‌تی ناوه‌ندی و پارتی ده‌یانویست كه‌ركوك وه‌ك
شنگال ڕاده‌ستی دوژمنانی كورد بكرێت و ده‌مێكه ده‌یانه‌وێت كه‌ركوك و كه‌ركوكییه‌كان
وێران بن و نوقمی خوێن و كاولكاری بكه‌ن.
پێنجوێنى دۆخەکەى
خستوەتە ئەستۆى مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان و دەڵێت:"له‌م
قۆناغه‌ی ئێستادا شه‌خسی مه‌سعود بارزانی به‌رپرسی هه‌مو ئه‌و كاره‌ساتانه‌یه كه
رویداوه، چونكه له‌ژێر فه‌رمانده‌یی ئه‌ودا كاره‌ساته‌كان رویانداوه، به‌فه‌رمانی
ئه‌و هێزه‌كان له‌شنگال پاشه‌كشه‌یان پێكراوه و له‌به‌رده‌م دڵڕه‌قترین دوژمنی
مێژودا خه‌ڵكه‌كه‌ی كۆمه‌ڵكوژ كران، ئێمه ورده‌كاری زۆر زیاتری ئه‌و بابه‌ته‌مان
لایه‌و ده‌زانین چۆن مه‌خمورو ده‌شتی نه‌ینه‌واو سحێلاو زومماریان چۆڵكرد، مافی ئه‌وه‌یان
نییه به‌یه‌كێتی بڵێن خائین، به‌ڵكو به‌سیاسه‌تی هه‌ڵه شكستیان به‌شۆڕشی كورد
هێناوه".
ئەو تۆمەتبار کردن و خستنە ئەستۆى یەکترى
شکست و لەدەستدانى خاکى کوردستان لەلایەن پارتى و یەکێتیەوە، لەکاتێکدایە
ناکۆکیەکانى ئەو دو حیزبەى بەرپرسن لە هەمو ئەو قەیران و شکستانەى روبەڕوى خەڵکى
کوردستان بونەتەوە و ئێستا نێوانیان ناکۆکى تێکەوتوە بەتایبەت لە سەروبەندى پرۆسەى
هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمار لە پەرلەمانى عێراق.