کوردستان 03:20 - 31/03/2021

ئۆپراسیۆنەکانی سلێمانی: هەرکەس و شوێنێک پابەند نەبێت رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر

+ -

(سبەی):
لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا جەخت دەکاتەتەوە لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا و دەشڵێت: هەرکەس و شوێنێک پابەندنەبێت رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

ئەمڕۆ چوارشەممە (31/3/2021) لە دیوانی پارێزگای سلێمانی بە سەرپەرشتی د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و بەئامادەبونی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و قائیمقامەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی، لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا، کۆبونەوە.

لە کۆبونەوەکەدا جەخت لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و رێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەکان کرانەوە و رێکار و میکانیزمی پێویست بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان دیاریکران.

هەروەها داوا لە هاوڵاتیان کرا، کە پابەندی تەواوی بڕیارو رێنمایی و رێکارە تەندروستی و خۆپارێزییەکان بن و هاوکارو یارمەتیدەری فەرمانگاکانی دەوڵەت بن بۆ جێبەجێکردنیان، هەمولایەک ئاگادارکرایەوە کە هەرکەس و دامەزراوەو شوێنێک پابەندنەبێت رێکاری یاسایی لەبەرامبەریدا بگیرێتەبەر.