کوردستان 04:09 - 31/03/2021

بڕیاره‌ نوێییه‌كانی لیژنه‌ی باڵای ئۆپراسیۆنه‌كانی پارێزگای سلێمانی

+ -

(سبه‌ی):

لیژنه‌ی باڵای ئۆپراسیۆنه‌كانی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا له‌ سلێمانی كۆبوه‌وه‌ و له‌ گشتاندنێكدا بۆ هەمو یەکە کارگێڕیی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی جه‌خت له‌ جێبەجێکردنی بەیانی ژمارە (١٢)ی ساڵی (٢٠٢١)ی وەزارەتی ناوخۆو لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان ده‌كاته‌وه‌‌.

به‌پێی بڕیاره‌ نوێكانی لیژنه‌ی باڵای روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا، لە ژێر چاودێریی لیژنەی ئارامیی سلێمانی و یەکە کارگێڕییەکانی تردا، بۆماوەی سێ ڕۆژ ڕێنمایی بەستنی ماسک بەشێوەی ئیلزامیی پێشکەش بە هاوڵاتیان دەکەن و بەرپرسی هەر دامەزراوە و فەرمانگەیەکی حکومیی و ناحکومیی بەرپرسیارە لە جێبەجێکردنی بڕیارو ڕێکارە تەندروستیی و خۆپارێزییەکان لەناو فەرمانگەکەی خۆیدا.

هه‌روه‌ها، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، ڕۆژانە، بەردەوام دەبێت لە پشکنینی بەردەوام بۆ هاوڵاتیان و فەرمانگە حکومیی و ناحکومییەکان و ئەرکی دابەشکردن و بەکارهێنانی پێکوتەی تایبەت بە بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنای لەئەستۆدایە.

ده‌قی بڕیاره‌ نوێكانی لیژنه‌ی باڵای روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا له‌ سنوری پارێزگای سلێمانی؛

هەمو یەکە کارگێڕیی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی
بابەت/ گشتاندن

ئەمڕۆ، لە دیوانی پارێزگای سلێمانیدا، لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا، بە سەرپەرشتیی د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و بەئامادەبونی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و قائمقامەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی، کۆبۆوە.
لە کۆبونەوەکەدا دوا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئێستای تەشەنەکردنی پەتای کۆرۆنا کراو لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندن و ئاماژە تەندروستیەکان و بڕیارەکانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستاندا لە ڕۆژی (٣٠/ ٣/ ٢٠٢١) لە شاری هەولێر، بڕیاردرا بە:
١-  جێبەجێکردنی بەیانی ژمارە (١٢)ی ساڵی (٢٠٢١)ی وەزارەتی ناوخۆو لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان.
٢-  بۆ هەر بڕگەیەکی بەیانی ژمارە (١٢)ی ساڵی (٢٠٢١) لایەنە پەیوەندیدارەکانی جێبەجێکردنی ئەو بڕگەیە دیاریکران و ئەرکی جێبەجێکردن و بەدواداچون و چاودێریکردن و لێپرسینەوەیان لەئەستۆدا دەبێت.
٣-  لە ڕۆژی (١/ ٤/ ٢٠٢١)ەوە تیمە هاوبەشەکانی هێزەکانی ناوخۆو ئاسایش و لیوای یەکی پاراستنی سلێمانی و پێشمەرگە بەشێوەی جێگیرو جوڵاو هەماهەنگیی تیمەکانی تەندروستیی و پۆلیسی هاتوچۆ، لەژێر چاودێریی لیژنەی ئارامیی سلێمانی و یەکە کارگێڕییەکانی تردا، بۆماوەی (٣) ڕۆژ ڕێنمایی بەستنی ماسک بەشێوەی ئیلزامیی پێشکەش بە هاوڵاتیان دەکەن، لەدوای ئەوماوەیەوە هەر هاوڵاتییەک پابەندی بەستنی ماسک نەبێت بەپێی خاڵی (٨) لە بەیانی ژمارە (١٠)ی ساڵی (٢٠٢١) مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
٤-  بەڕێوەبەر و بەرپرسی هەر دامەزراوە و فەرمانگەیەکی حکومیی و ناحکومیی بەرپرسیارە لە جێبەجێکردنی بڕیارو ڕێکارە تەندروستیی و خۆپارێزییەکان لەناو فەرمانگەکەی خۆیدا، هەروەها بەرپرسیارە لە جێبەجێکردن و بەدواداچون و چاودێریی و لێپرسینەوەی هەرکەس و بوارو شوێن و پیشەیەک کە مۆڵەتی فەرمیی لەو فەرمانگەیە وەرگرتبێت.
٥-  سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان سەرپەرشتیی و چاودێریی و بەدواداچون و لێپرسینەوەی ڕاستەوخۆ لە جێبەجێکردنی بڕیارو ڕێکارە تەندروستیەکان دەکەن لە سنوری یەکە کارگێڕییەکانی خۆیانداو دەسەڵاتی تەواوی لێپرسینەوەیان دەبێت و لیژنە هاوبەشەکان لە قائمقامیەتەکاندا هاوکارو هەماهەنگی سێکتەرو فەرمانگەکانی تر دەبن لە هەردو کەرتی گشتیی و تایبەتدا.
٦-  بنکە تەندروستیەکان لە گەڕەکەکاندا ڕێنمایی تەندروستیی بەردەوام بەپێی ڕێنماییە خۆپارێزییەکان بڵاودەکەنەوەو هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی تر دەبن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارو ڕێکارەکان.
٧-  بنکەکانی ئاسایش و پۆلیس لە گەڕەکەکاندا بەپێی سنوری کارگێڕی بنکەکانیان هەماهەنگیی فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی تر دەکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان.
٨-  بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، ڕۆژانە، بەردەوام دەبێت لە پشکنینی بەردەوام بۆ هاوڵاتیان و فەرمانگە حکومیی و ناحکومییەکان.
٩-  بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، ئەرکی دابەشکردن و بەکارهێنانی پێکوتەی تایبەت بە بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنای لەئەستۆدایەو داوا لە کارمەندان و هاوڵاتیان دەکەین ناوی خۆیان تۆمار بکەن بۆ وەرگرتنی پێکوتە بەشێوەیەکی گونجاو بەپێی ئەو ڕێکارو شوێنانەی دیاریکراون.
١٠-  پێویستە هەمو کەناڵ و دامەزراوە مێدیاییەکان هاوکارو هەماهەنگ بن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارو ڕێکارە تەندروستیی و خۆپارێزییەکان، کە لە بەرژەوەندیی پاراستنی ئاسایشی تەندروستیی و تەندروستیی گشتیدان.
١١-  لەڕێی فەرمانگەی داواکاریی گشتییەوە داوا لەسەر هەرکەس و لایەن و شوێن و دامەزراوەیەک تۆماردەکرێت، کە زیان بە پاراستنی ئاسایشی تەندروستیی و تەندروستیی گشتیی و جێبەجێکردنی ڕێکارە تەندروستییەکان بگەیەنێت.
١٢-  پێویستە هەمو لایەنە سیاسیی و ڕێکخراوە مەدەنیی و ڕۆشنبیرییەکان کۆڕو چالاکیی و کۆبونەوە جەماوەرییەکانیان ڕابگرن و هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکان بن بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا.
١٣-  پێویستە هەمو ناوەندە ئایینی و زانکۆیی و ڕێکخراوەییەکان و دەستەبژێرو کەسایەتییەکان هەماهەنگ بن بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی خۆپارێزیی و پابەندبون بە ڕێکارە خۆپارێزییەکانەوە.

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر
پارێزگاری سلێمانی
سەرۆکی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا
٣١/ ٣/ ٢٠٢١