کوردستان 09:58 - 09/07/2018

بۆ دابەشكردنەوەی داهات و پۆستەكان رێککەوتن دەکەن

+ -

(سبەى):
جارێکى دیکە و بۆ دابەشكردنی داهات و پۆستەكان، پارتی و یەكێتی رێکكەوتنێكی نوێی ستراتیژیی واژۆ دەكەن و بەمزوانەش كوڕانی تاڵەبانی سەردانی مەسعود بارزانی دەكەن لەسەری رەش.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەی باوەڕپێكراوە دەستكەوتوە؛ لەدوای هەڵبژاردنەكەی (12)ی ئایارەوە پارتی و یەكێتی چەندین كۆبونەوەیان بۆ رێكخستنەوەی پەیوەندییەكانیان كردوە و لەو چوارچێوەیەدا گەیشتون بە رێکكەوتنێكی سەرەتایی بۆ واژۆكردنی رێكکەوتنێكی نوێی ستراتیژی وەك بەدیلی رێکكەوتنەی پێشویان.

ئەو سەرچاوەیە بۆ (کەى ئێن ئێن)ى ئاشكراکردوە؛ رێکكەوتنە نوێیەكە لە چەند خاڵێك پێكهاتوە، كە دیارترینیان دابەشكردنی پۆستەكانی بەغدا و هەولێر و دابەشكردنی داهاتی كوردستان و چۆنیەتی بەشداریكردنیانە لە گفتوگۆكانی تایبەت بە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق.

زانیارییەکان ئەوە دەخەنەڕو؛ هەردولا رێکكەوتون كە پۆستی سەرۆك كۆمار بدرێتەوە بە یەكێتی، لەبەرامبەردا پۆستی یەكەم و سیادی هەرێم بۆ پارتی بێت، بە هەمان شێوەش لەبەرامبەر هەر پۆستێكدا كە لە بەغدا بەر لایەنێكیان دەكەوێت لایەنەكەی تر پۆستێك لە هەرێم وەردەگرێت.

خاڵی دوەمی رێکكەوتنەكە؛ تایبەتە بە داهات و وەک پێشو داهاتی كوردستان بەتایبەت داهاتی نەوت لەنێوان خۆیاندا دابەش دەکەن، بەشێوەیەك (57%)ی داهات بۆ هەولێر و دهۆك و (43%) بۆ سلێمانی بێت و هەردو حیزب خۆیان لەبری حكومەت تەحەكومی پێوە بكەن و چەندیان بوێت و چۆنیان بوێت بەوشێوەیە بەكاری بهێنن.

سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقیش هەردولا گەیشتون بەو رێكەوتنەی بەیەكەوە بەشداری گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی عێراق بكەن و داوای ئەو پۆستانە بكەن كە مەبەستیانە لە حكومەتی نوێدا.

سەرچاوەكە ئەوەشى ئاشکرا کردوە؛ بۆ گەیشتن بە ئەنجامی كۆتایی و واژۆكردنی رێکكەوتنەكە، كوڕانی ماڵباتی تاڵەبانی، پاڤێڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بەمزوانە سەردانی مەسعود بارزانی دەكەن لە سەری رەش.