راپۆرت 10:19 - 31/03/2021

ئێران ئەمەریکاى شۆک کرد

+ -

رێکكەوتنى (25) ساڵەى ئێران لەگەڵ چین بەیەکێک لە روداوە گرنگەکانى چەند ساڵى ڕابردودا له‌ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دادەنرێت.

ئەمەش لەبەر ئەوەى لەوانەیە ئەم رێکەوتنە ببێتە هۆى گۆڕینى زۆرێک لە هاوکێشە جیهانیەکانى سیاسەتى نێودەوڵەتیی لەپاش جەنگى جیهانى دوەم و رێساکانى ململانێ لە ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست.

عەبدولرەحمان راشید، یەکێکە لەنوسەرە گرنگەکانى رۆژنامەى شەرقلئەوسەت لەوتارێکدا باس لە رێکەوتنەکە دەکات و دەنوسێت :"رێکكەوتنى (25) ساڵەى نێوان چین و ئێران لەوانەیە ببێتە هۆى ئاڵوگۆڕپێکردنى هاوکێشەکانى ناوچەکە، ئەو هاوکێشانەى لە جەنگى جیهانى دوەمەوە تا ئەمرۆ پەیڕەو دەکرێت."
هێشتا بەتەواوى دیار نیە کاریگەریەکانى ئەم رێکەوتنە لە دور مەودادا چى دەبێت، ئایا ئەمە تەسلیم بونى "کۆمارى بەرگریە" بە هەژدیهاى چینیی لە برى سەرنەوى کردن بۆ "شەیتانى گەورە" یاخود تەنها کارت راکێشانێکى ئێرانە بۆ دەربازبون لەو دۆخە چەقبوەستوەى تێى کەوتوە؟
هەرچۆن بێت ئێران بەم هەنگاوە کارتى زۆرى لە دەستى ئەمەریکیەکاندا سوتاندوه‌، توانى دەلاقەیەکى گرنگ بەسەر خۆیدا بکاتەوە لەململانێیەکدا کە خەریکبو دەیخنکاند.

کاریگەریەکانى رێکەوتنەکە
دیارترین کاریگەریی ئەم رێکەوتنە لە سەر هاوکێشەکان، کاریگەریەتى لەسەر ململانێى ئەمەریکا-ئێران کە لە دامەزراندنى کۆمارى ئیسلامى ئێرانەوە لە ساڵى (1980) وە دەستى پێکردوە.
 ململانێى ئەمەریکا- ئێران بە هەڵوەشاندنەوەى تاک لایەنەى ئەمەریکا بۆ رێکكەوتنى ئەتۆمیی لە (2015) و گرتنەبەرى سیاسەتى (ئەوپەڕى فشار) لە دژى ئێران و پاشان کوشتنى دیارترین پیاوى ئێران لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست (قاسمى سولەیمانی) لەسەردەمى ئیدارەى دۆناڵد ترەمپدا، گەیشتە لوتکە.
 بەڵام بەم رێکەوتنە ئیدى پێدەچێت کێرڤى ئەو ململانێیە لە لوتکەوە بەرەو خوار جارێکى تر بگەڕێتەوە و ئێرانیش دەڵێت:"ئامادەین هەمان رێکەوتن لەگەڵ وڵاتانى دیکە لەوانە وڵاتانى ئەوروپایی ئەنجام بدەین".
رێکكەوتنى درێژخایەنى ئێران و چین لەکاتێکدایە چاوەڕێ دەکرا ئیدارەى نوێى ئەمەریکا بە سەرۆکایەتى جۆ بایدن دەرگایەکى نوێ لەگەڵ ئێران بکاتەوە و لاپەڕەى سەردەمى دۆناڵد ترەمپ بپێچرێتەوە.

بەڵام وادیارە ئەم رێکەوتنە لەم کاتەدا وەک یەکێک لە شکستە سەرەتاییەکانى ئەو ئیدارەیە تۆمار دەکرێت، ئەویش شکستێکى بچوک نا، بەڵکو شکستێکى ستراتیژیی کە دورنیە باجەکەى بۆ ئەمەریکا لەداهاتودا قورس بێت.

ئیدارەى جۆبایدن کاتى زۆرى بەفیڕۆدا لەوەى بڕیارێک سەبارەت بەئێران بدات، هەرچەندە ئێران و وڵاتانى ئەوروپا  هیوا خوازبون بەهاتنى بایدن و رۆشتنى ترەمپ، رێکكەوتنى ئەتۆمیی دوبارە زیندوبکرێتەوە، بەڵام کاتى زۆر تێپەڕیی و ئەم ئیدارەیە نەیتوانى بڕیارێک لەکاتى خۆیدا سەبارەت بە چۆنیەتى مامەڵە کردن لەگەڵ ئێران بدات و کار لەکار ترازا.

هەژدیهاکەى چین ئارەزوى بۆ رۆژهەڵات جوڵاوە
چینیەکان لەم جۆرە رێکەوتنەى لەگەڵ ئێران ئەنجامیاندا، لە زۆر شوێنى دیکە هەیانە و لە بەرێوەبردنى ئەو ئەزمونەشدا سەرکەوتوبون، بەتایبەت کە رێکەوتنەکە زیاتر رویەکى ئابوریی هەیە و راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ژیان و گوزەرانى خەڵک هەیە، ئەمەش بۆ ئەو وڵاتانە گرنگە کە بەدەست کێشەى ئابوریەوە گیرۆدەن.
عەبدولرەحمان راشید لە شەرقلئەوسەت نوسیویەتى:"لە پاش بڵاو بونەوەى (18) لاپەڕەى نهێنى لە رێکەوتنەکە لە میدیاى ئەمەریکیدا دەرکەوت ئەم رێکەوتنە رێکەوتنێکى زۆر قوڵە، تارادەیەک هەمو ئاستەکانى کارکردنى گرتۆتەوە لە دروستکردنى چەکەوە تا کۆکردنەوەى زبڵ و خاشاک".

وادیارە چینیەکان لەم رێکەوتنەدا تەنها چاویان لە ئێران نیە، بەڵکو ئارەزویان بۆ هەمو رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەکوڵێت و خوازیارن بەم پاکێجەوە بەرەو رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بێن.

وەزارەتى دەرەوەى چین لە چەند رۆژى رابردودا ئامادەیی وڵاتەکەى نیشاندا بۆ هاوکارى کردنى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە تیپەڕاندنى کێشەکانی.

پێشتریش چین لەسەردەمى دکتۆر عادل عەبدولمەهدى، رێکەوتنێکى هاوشێوەى لەگەڵ عێراق ئەنجامدا، بەڵام هەرپاش ئەو رێکەوتنە خۆپیشاندانەکانى عێراق بەهێزتر بون ، تا عادل عەبدولمەهدى ناچاربو دەست لە پۆستى سەرۆک وەزیران هەڵبگرێت.

تائێستا بە تەواوى رون نیە ئایا عێراق ئەو رێکەوتنەى لەگەڵ چین ماوە، یاخود کۆتایی پێهاتوە، بەڵام ئەوەى لاى چاودێران رونە ئەوەیە ئەو رێکەوتنە بەتەواوى ئەمەریکیەکانى نیگەران کردبو.
راشید دەنوسێت:"ئەمە یەکەم جارە چینیەکان ئارەزوى خۆیان بۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست ئاشکرا دەکەن، لەمەشدا پشت بە ستراتیژى هاریکارى ئابورى چڕ دەبەستن".

رێکەوتنەکە بۆ داهاتو چى پێیە؟
رێکكەوتنى (25) ساڵەى چین- ئێران، ئەگەر چى تەمەنى بۆ (2016) دەگەرێتەوە بەڵام لە ئێستادا لەدایک بو پرسیارى زۆرى لەگەڵ خۆى هێناوە، ئایا ئەم رێکەوتنە چۆن کاریگەریی لەسەر ئێران دادەنێت، ئایا لەو دۆخە ئابورییە رزگارى دەکات کە ئێستە تێى کەوتوە؟ ئایا کاردانەوەى ئەمەریکیەکان کە پانتاییەکى ئەوتۆى جوڵەیان بەدەستەوەبێت، چى دەبێت؟
ئایا هاتنە پێشەوەى هەژدیهاى چینیی بەم شێوەیە و بەزاندنى هێڵە سورەکانى "پۆلیسى نێودەوڵەتى" داهاتوى ململانێى جەمسەرە گەورەکانى جیهان بەرەو کوێ دەبات؟
دواجار ئایا ئێران بەم رێکەوتنەوە هێشتا هەر پێشڕەوى هێڵى "بەرگریە" بەرامبەر رۆژئاوا یاخو ئەمە تەسلیم بونە و ئێران هەڵەیەکى مێژویی ئەنجامداوە؟


شیکارى سیاسى : عەبدولڵا رێشاوى