راپۆرت 08:40 - 24/03/2021

ئاو؛ لە سەر زەوی بەفیڕۆى دەدەن و لە مەریخ بەدواى دا دەگەڕێن

+ -

(سبەى):

لە رۆژى جیهانى ئاودا، رێکخراوى یونسکۆ هۆشدارى دا لە بەفیڕۆدانى بڕێکى زۆرى ئاو لەسەر گۆى زەوى و زەنگى کەمئاوى لە ساڵى (2030) لێدەدات، لەلایەکى ترەوە ناسا لەناو توێژاڵەکانى هەسارەى مەریخ بەشوێن ئاودا دەگەڕێت.

لەوانەیە ئەمە یەکێک بێت لە دژبەیەکییە سەیرەکانى هەڵسوکەوتى مرۆڤ، لەکاتێکدا لەسەر هەسارەکەى خۆى هەمو سەرچاوەکانى ئاو بونیان هەیە، بەڵام بەهۆى خراپیی دابەشکردن و بەکارهێنان ئەم سامانە بەنرخە رو لە کەمبونەوە دەکات، لە هەمانکاتدا بە ملیار دۆلار بۆ دۆزینەوەى ئەو پێکهاتە گرنگە کە بەسەرچاوەى ژیان دادەنرێت، لەسەر هەسارەى سور، لە دورى (252.72) ملیۆن کیلۆمەتر لە دوریی زەوی خەرج دەکرێت.

لەماوەى ڕابردودا ئاژانسى بۆشایی ئاسمانى ئەمەریکیی (ناسا) پرۆژەى (بیرسیفیرانس)ى رەوانەى سەر هەسارەى مەریخ کرد، کارى ئەم پرۆژەیە گەڕان و پشکنینە بەشوێن دۆزینەوەى سەرچاوەکانى ژیان و بونى توێژاڵى ئاو، یان روبار لەسەر هەسارە سورەکە، بەڵام لەهەمانکاتدا تێکچونى ژینگەیی بەهۆى پێشکەوتنى زانستیی و خراپیی دابەشکردن یەکێکە لە هەڕەشەکانى سەر سامانى ئاو لەسەر زەوى.

ساڵانە قەبارەى بەکارهێنان زیاد دەکات
لە رۆژى جیهانى ئاودا، دەزگاى یونسکۆى سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان، هۆشداریی دەدات لە بەردەوامیی گوێنەدان و دواخستنى هەنگاوە پێویستەکان بۆ پارێزگارى لە سامانى ئاڵتونى شین لەسەر زەوى و گرەنتیکردنى دابەشکردنێکى باش و بەکار هێنانێکى بەپێى پێویست و رێکوپێک لەنێوان دانیشتوانى جیهاندا بۆ ئەم سامانە بەنرخە.

ساڵانە قەبارەى بەکارهێنانى ئاو لە جیهاندا زیاد دەکات، لە ساڵى (1980) وە بەکارهێنانى ئاو لەسەر زەوى بەرێژەى (1%) ساڵانە زیاد دەکات و رۆژ بەرۆژ لەگەڵ زیادبونى خێرایى ژمارەى دانیشتوان ئەو رێژەیە رو لە هەڵکشانە و ئێستاش نزیکەى دو ملیار کەس تواناى دەستڕاگەیشتنیان بە ئاوى پاکژ نیە.

بەپێى هەندێک هەڵسەنگاندنى زانستى لە ساڵى (2030) بە رێژەیەکى گشتى کورتهێنان لە جیهاندا بەرێژەى (40%) لە بونى ئاودا دروستدەبێت، ئەوەش نەک تەنها بەهۆى وشکەساڵیى کە دیاردەیەکى سروشتیە، بەڵکو بەهۆى مامەڵەى خراپى مرۆڤ لەگەڵ ئەو سامانە بەنرخە.

بەڕێوەبەرى گشتى یونسکۆ دەربارەى سامانى ئاو دەڵێت "ئاو بەنرخترین سامانى ئێمەیە، نزیکەى دو ملیار کەس بەشێوەیەکى راستەوخۆ و بە رێکوپێکى ئاویان بەدەستناگات، ئاڵتونى شین تەنها بۆ مانەوە بەزیندویی پێویست نیە، بەڵکو رۆڵێکى تەندروستى و کۆمەڵایەتى و فەرهەنگى گرنگ لەژیانى کۆمەڵگاکانى مرۆڤایەتیدا دەبینێت."

هەرێمى کوردستان پلانى بۆ پارێزگاریى لە سامانى ئاو نیە
لە هەرێمى کوردستانیش وەک زۆر جێگەى دیکەى جیهان سەرەڕاى بونى سەرچاوەى گرنگى ئاو، بەڵام لەبەر ئەوەى بەشێوەیەکى رێک و پێک و بەرێگا زانستیەکان مامەڵە لەگەڵ ئەو سامانە بەنرخە ناکرێت مەترسیی ئەوەهەیە کێشە لە بونى ئاوى پێویست لە داهاتودا دروستببێت، لێدانى بیر بەرێژەیەکى زۆر لە زۆر شوێن هەڕەشەى لەسەر کانى و کارێزە سروشتیەکان دروستکردوە. هاوکات هیچ بەنداوێکى نوێ بۆ گلدانەى ئاو دروستنەکراوە.

پێویستە هاوتەریب لەگەڵ زیادبونى ژمارەى دانیشتوان و زۆربونى رۆژانەى بەکارهێنانى ئاو، رێکخستن و بەڕێوەبردن و چاودێریەکى باش هەبێت بۆچوینەتى مامەڵە کردن لەگەڵ ئەم سامانە سروشتیە بەنرخە و ناکرێت لەبەر زۆرییەکەى، گوێ بە شێوەى بەکارهێنان و بەفیڕۆدانى نەدرێت.

جگە لە بەکارهێنان، گۆڕانى کەشوهەواو هەڕەشەى وشکەساڵی و گۆڕانکارى لە دابەزینى رێژەى بارانبارین لە زۆر شوێنى جیهان و رودانى کارەساتى سروشتى و دروستبونى لافاو، هۆکارى دیکەى هەڕەشەن لەسەر ئەم سامانە بەنرخەى ژیانى مرۆڤایەتى.

کشتوکاڵ یەکێکە لەو بەشانەى ئاوێکى زۆر لە جیهاندا پێویستە، رێژەى (70%)ى ئاوى جیهان بۆ ئەم کەرتە و کەرتى بەخێوکردنى مەڕو ماڵات دەڕوات و لەهەندێ وڵاتیش ئەم کەرتە رێژەى (95%)ى ئاوى پێویستە.

بۆئەوەى جیهان بتوانێت پارێزگاى لە سامانێکى بەنرخى وەک ئاو بکات، پێویستە هەنگاوى گەورە لە سەر ئاستى جیهان بگیرێتە بەر بۆ دەسپێوەگرتن و دابەشکردنێکى دادپەروەرانەى ئاو، هەروەها بەشێوەیەکى توندوتۆڵیش حکومەتەکان چاودێریى بەکارهێنانى ئەم سامانە بەنرخە بکەن.