شیکارى: سبەی
ماوەیەکە ناکۆکیەکى قوڵ لەنێوان نوێنەرایەتى پێکهاتە
جیاوازەکانى پەرلەمانى عێراق هەیە، سەبارەت چۆنیەتى تەواو کردن و پەسەنکردنى یاساى
نوێى دادگاى فیدراڵى، هەستدەکرێت شیعەکان دەیانەوێت زۆرینەى خۆیان لە دادگاکەدا
بسەپێنن لە کاتێکدا ئەو دادگایە دەبێت رەنگدانەوەى کۆى پێکهاتەکانى عێراق بێت.
ئەم ناکۆکیە تەنها لەناو پەرلەماندا نیە بەڵکو لەسەر ئاستى حیزبەکان
و لەناو شەقامى عێراقیشدا ترس هەیە لەوەى هێزە شیعیەکان کۆنتڕۆڵکردنى دادگاکە بکەن
و سروشتێکى مەزهەبى بەسەر دادگاکەدا بسەپێنن.
ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لەماوەى رابردودا زۆربەى بڕگە
ئاساییەکانى یاساى نوێى دادگاى فیدراڵى تەواوکرد، تەنها ئەو بڕگانە نەبن کە بە
هەستیار و
گرنگ دادەنرێن لە پێکهاتەو کارى دادگاکەدا.
هەروەها هەست دەکرێت شیعەکان کە
زۆرینەى جومگەکانى حوکمڕانى عێراقیان کۆنترۆڵکردوە دەیانەوێت ئەم دادگایەش کۆنتڕۆڵ بکەن و ئەمەش
ترسی لاى پێکهاتەى کورد و سوننە
دروستکردوە.
لە یاسا نوێکەدا ماددەی (2) باس لەژمارەی ئەندامانی دادگاكە دەكات کە لە سەرۆک و جێگر و (11) ئەندام پێکدێت (5) یان دادوەرن و (4)یان شارەزای فقھی ئیسلامن و (2) دانەکەی دیکەش شارەزای یاسان.
ئەوەی لەم ماددەیەدا گرفتی دروست کردوە
پێشنیازى دانانى شارەزایانی فقھی ئیسلامیین، کە بەراى بەشێک
لەنوێنەرانى پەرلەمان و شارەزایانى سیاسیى و یاسایی ئەمە هەوڵێکە بۆ بە مەزهەبى
کردنى حکوم لە عێراقدا ئەمەش بەتەواوى پێچەوانەى نەک هەر دەستور بەڵکو دژى
ناسنامەى دەستورەکە و ئەو رژێمەیە کە وڵاتى لەسەر دامەزراوە لەپاش روخانى رژێمى
سەدام لە (2003) و دامەزراندنى عێراقى نوێ و بردنى وڵات بەرەو حوکمى تاک مەزهەبیى
لەبرى حوکمى مەدەنیى، کە تەواوى پێکهاتەکانى عێراق پێشتر لەسەرى رێککەوتون.
خواستى شیعەکان بۆ دانانى شارەزایانى
فیقهى ئیسلامى لە دادگاى فیدراڵى پرسیارى زۆرى وروژاندوە و وەک هەوڵێک بۆ دوبارە کردنەوەى رژێمى ویلایەتى فەقیهى ئێران لێک
دەدرێتەوە، لەو پرسیارانەش سەبارەت بە میکانیزمى کارکردنى ئەم شارەزیانە وروژاوە ،
ئایا ئەم شارەزایانە لە پیاوانی ئاینی دەبن؟ یان لە مامۆستایانی زانکۆ لە
شارەزایانى بواری فقھی ئیسلامی؟.
ھەروەھا ئایا مافی دەنگدانیان دەبێت؟
یان تەنیا راوێژکار دەبن، ئەگەر مافی دەنگدانیان ھەبێت، مافێکی یەکسان دەبێت لەگەڵ ئەندامانی تری دادگاکە یان مافی ڤیتۆشیان دەبێت؟.
شیعەکان بۆ سەپاندنى خۆیان
لەدادگاکەدا، کارتى بودجە بەکار دەهێنن
چەند رۆژێکە ناکۆکى لە ئەنجومەنى
نوێنەران بەردەوامە سەبارەت بە پەسەندکردنى یاساى فیدراڵى کە کاریگەریشى هەیە لەسەر هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەى عێراق و تەنانەت
شیعەکان پەسەندکردنى ئەم یاسایەیان خستە پێش پەسەندکردنى بودجە بۆ ئەوەى وەک کارتى
فشار بەکارى بهێنن.
لە چوارچێوەى هەوڵەکانیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنى
دادگاکە شیعەکان لە چەند رۆژى رابردودا پشکى هەرێمى کوردستانیشیان لەبەشە بودجە
بەستەوە بە دەنگدانى کورد بەم یاسایە کە بەدڵى ئەوان دوراوە، ئەمەش ئاشکراترین
بەکارهێنانى سیاسى بو بۆ بودجە و قوتى خەڵک
لە لایەن هێزە شیعەکانى عێراقەوە، بەڵام کورد
رازى نەبون بچنە ژێر فشارى پەسەند کردنى یاساکە.
دواى ناکۆکیەکى زۆر، ئێوارەى ئەمڕۆ
پێنجشەمە ئەنجومەنى نوێنەران دوبارە دەنگی لەسەر بڕگەی سێیەمی هەمواری یاسای
دادگای فیدراڵیدا و زۆرینەی کوردیش بەشداری دانیشتنەکەیان نەکرد.
بەراى د.بەهار مەحمود ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەران پەسەند کردنى هەموارى مادەى سێ بە
زۆرینە و کەمینە بە پێشێلکردنێکى دەستورى دادەنرێت چونکە لەمادە
دەستوریەکان دەبێت بە دو لەسەر سێ تێپەڕێنرێن نەک زۆرینەو کەمینە، بەڵام لەگەڵ
ئەوەشدا ئەو پەرلەمانتارە کوردە دەڵێت "نەمانهێشت
ئەوان یاسا نوێکە بسەپێنن و هەمواری یاسا کۆنەکە پەسەندکرا".
بەپێى هەموارى یاساکە، حکومەتى هەرێم
وەک پێشتر دەسەڵاتى دانانى دو نوێنەرى خۆى نابێت لە دادگاکە بەڵکو بەغدا ئەو دو
نوێنەرەى هەرێم دیارى دەکات.
گرنگیی دادگاى باڵاى دەستوریی
دادگاى باڵاى دەستورى عێراق یان دادگاى فیدراڵی بە باڵاترین دادگا دادەنرێت لە
عێراقدا بەڵام هیچ پەیوەندیەکى بە دادگاکانى دیکەى وڵاتەوە نیە و بەتەواوى
سەربەخۆیە لەوان، دەسەڵاتى سەربەخۆ و تایبەتى
هەیە لە یەکلاکردنەوەى ناکۆکیە دەستوریەکاندا واتە کاتێک دەقێکى دەستوریی
پێشێلدەکرێت یان لێکدانەوەى دەقێکى دەستوریی جیاوازیی دروستدەکات لەلایەن ئەم دادگایەوە
جیاوازیەکە یەکلا دەکرێتەوە و بە لایەکدا دەخرێت.
هەروەها ئەم دادگایە دەسەڵاتى قسەى
یەکلاکەرەوەى هەیە لە ناکۆکیە دەستوریەکانى نێوان حکومەتى ناوەند و هەرێمەکان، هەروەها پەسەند کردنى ئاکامى هەڵبژاردنەکان یان رەتکردنەوەى
لە دەسەڵاتى ئەم دادگایەدایە.
دادگاکە بە یاساى ژمارە (30) ساڵى (2005) بەپێ مادەى (93) لە دەستور،
بڕیارەکانى مولزەمن بۆ هەمو دەسەڵاتەکان، بارەگا سەرەکیەکەى لە بەغدایە.
یەکلاکردنەوەى یاساى دادگاى دەستوریی
عێراق هەنگاوێکى سەرەکى و پێویستە بۆ چون بەرەو هەڵبژاردن چونکە ئەو دادگایە تاکە
دەسەڵاتە بتوانێت ئەنجامى هەڵبژاردنەکان پەسەند بکات.