(سبەى):
هیومان رایتس وۆچ رەخنەی توند لە ئەردۆغان دەگرێت دژ بە
پارێزگارینەكردن لە مافەكانی مرۆڤ و پێوەرە دیموكراتیەكان
رێكخراوی بەرگری لە مافەكانی مرۆڤ (هیوامن رایتس وۆچ)
كە بارەگا سەرەكییە لە شاری نیویۆركە، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك کۆماری توركیا
تۆمەتبار دەكات بە پێشێلكردنی رێكارەكانی تایبەت بە پارێزگاری لە مافەكانی مرۆڤ و
پێوەرە دیموكراتییەكان لە توركیا ئەویش بەئاستێك كە پێشتر و بەدرێژایی ماوەی (18)
ساڵی فەرمانڕەوایی ئەردۆغان نەبینراوە.
ئەمەش دەقی ئەو راگەیەندراوەیە كە هیومان رایتس وۆچ
بڵاویكردوەتەوە:
هەفتەی رابردو حكومەت چەندین رێكاری مەترسیداری زیاتری
گرتەبەر بۆ كەمكردنەوە رۆڵی یاسا و بەئامانجگرتنی رەخنەگران و نەیارە سیاسییەكانی.
لە (19)ی ئەم مانگەدا (ئازار)، ئەردۆغان فەرمانێكی
لەناكاوی دەركرد سەبارەت بەكشانەوەی توركیا لە كۆنگرەی ئەنجومەنی ئەوروپا بۆ
رێگرتن و بەگژداچونەوەی توندوتیژی دژبە ژنان و توندوتیژی خێزانی كە بە كۆنگرەی
ئیستانبوڵ ناسراوە و هاوپەیمانێتییەكە كە بە توندی لەلایەن بزوتنەوەی بەرگریكارەكانی
ژنانەوە لەناوخۆی توركیادا پشتیوانیی لێ دەكرێت. ئەو هەنگاوە دو رۆژ دوای ئەوە هات
كە داواكاری گشتی توركیا لە دادگای تێهەڵچونەوەی توركیا رایگەیاند كە كەیسێكی
یاساییان كردوەتەوە بۆ داخستنی پارتی كۆمەڵگەی دیموكراتی (هەدەپە) ئەمەش تەنها
چەند سەعاتێك دوای ئەوە رویدا كە پەرلەمانی توركیا پەرلەمانتارێكی هەدەپەی دەركرد.
كینیش رۆس بەڕێوەبەری جێبەجێكاری رێكخراوی هیوامن رایتس
وۆچ رایگەیاند: "ئەردۆغان هەمو دامەزراوە و پارتێك دەكاتە ئامانج كە ببنە
لەمپەر لەبەردەم هەوڵەكانی بۆ دوبارە بنیاتنانەوەی كۆمەڵگەی توركی."
دەشڵێت: "دوایین بەرەوپێشچونەكانی دژبە ئۆپۆزسیۆنی
پەرلەمانی و كورد و ژنان، سەرجەمیان لەچوارچێوەی هەوڵەكاندان بۆ مانەوەی ئەردۆغان
لە لوتكەی دەسەڵات و لەهەمان كاتدا پێشێلكارین بۆ سەر مافەكانی مرۆڤ و بنەما
دیموكراتییەكان."
هەنگاوە دراماتیكییەكانی ئەردۆغان بۆ كشانەوەی لە
كۆنگرەی ئیستانبوڵ و هاوكات فەرمانە سەرۆكایەتییەكەی، بەشێكە لە هەوڵەكانی بۆ
بەدەستهێنانی پشتیوانی لە كەسایەتییە ئاینییە موحافیزكارەكانی دەرەوەی پارتەكەی و
دەرخستنی ئامادەیی خۆیەتی بۆ بەكارهێنانی كۆنگرەی ئیستانبوڵ وەك بیانویەك بۆ
هاندانی گوتار و دیالۆگی سیاسی دابەشكاری و دژبە هاورەگەزخوازەكان. ئەو گوتارە بە
ناڕاستگۆیانە بانگەشەی ئەوە دەكات كە مافی ژنان دەبێتە هۆی كەمبونەوەی بەهاكانی
خێزان و هاندانی هەستی رقلێبونەوە و پێدانی بە خەڵكانی هاوڕەگەزخواز.
سەرۆكی بەشی پەیوەندییەكانی ئەردۆغان لە (21)ی ئەم مانگەدا
بەیاننامەیەكی نوسراوی بڵاوكردەوە و باسی لە بڕیاری كشانەوەی توركیا كرد لە
كۆنگرەی ئیستانبوڵ و رایگەیاند: كە ئەو كۆنگرەیە لەلایەن كۆمەڵێك خەڵكەوە
قۆرخكراوە كە هەوڵدەدەن بۆ ئاساییكردنەوەی هاوڕەگەزخوازیی، ئەوەش ناكۆكە لەگەڵ
بەها كۆمەڵایەتی و خێزانییەكانی توركیا. ئەو راگەیەندراوە وەك وڵامێك بو بۆ زمانی
كۆنگرەی ئیستانبوڵ كە بانگەشەی ئەوە دەكات رێگر دەبێت لە جیاكاری لەسەر بنەمای
رەگەزی و جێندەری. گروپە بەرگریكارەكانی ژنان لە سەرانسەری توركیا پشتیوانییەكی
بەهێز لە كۆنگرەی ئیستانبوڵ دەكەن بەوپێیەی كە كۆنگرەكە بەشێوەیەكی یاسایی حكومەت
پابەند دەكات بە گرتنەبەری هەنگاوی جددی بۆ رێگری لە توندوتیژی دژبە ژنان و بەرگری
لە هەڵاتوان و رزگاربوانی توندوتیژی و لەهەمان كاتدا لێپیچینەوەش لە تاوانكاران.
هیومان رایتس وۆچ دەڵێت: بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی سەدان
تاوانی كوشتن دژ بە ژنان لەلایەن هاوسەرەكانیان یان هاوسەری پێشویان لە توركیا لە
هەر ساڵێكدا، هەنگاوەكەی ئەردۆغان بۆ كشانەوە لە كۆنگرەی ئیستانبوڵ و ناشرینكردنی
بەمەبەستی سیاسی و هەوڵەكانی لەپێناو پەراوێزخستنی ئەو كۆنگرەیە هەنگاوێكی
شۆكهێنەرە.
رونیشیدەكاتەوە؛ بڕیاری كشانەوەكە بە قوڵی هەنگاوێكی
پێچەوانە و بەرەودوا بو لە هەوڵەكانی تایبەت بە پارێزگاری لە مافەكانی ژنان لە
توركیا و وەك تەقینەوەیەكی بەهێز وابو بۆ تەواوی ژنان لە فەزای سیاسیدا.
لە بەرامبەردا، رۆژی (20)ی ئازار، هەزاران ژن لە
شارەكانی توكیا خۆپیشاندانیان كرد و بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كە بزوتنەوە
بەرگریكارەكانی ژنان لە توركیا بەردەوام دەبن لە تێكۆشان و داوا دەكەن هەنگاوەكانی
حكومەت بە ئاڕاستەی بەگژداچونەوەی كێشە گەورەكانی توندوتیژیی خێزانی و كوشتنی ژنان
بێت.
هیومان رایتس وۆچ باس لەوە دەكات: ئەو هەنگاوەی كە لە
17ی ئەم مانگە لەلایەن سەرۆكی دادگای كاسەیشن باسی لێوە كرا بۆ داخستنی هەدەپە كە
دوەم گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە لە پەرلەمان، دوای ماوەیەكی كورت هات لەدەركردنی
عومەر فاروق گەرگەرئۆغڵو پەرلەمانتاری هەدەپە لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانەوە بەتۆمەتی
بڵاوكردنەوەی چەند پۆستێك لە سۆشیال میدیا. دەركردنی ئەو پەرلەمانتارە وەك تۆڵەیەك
بو بۆ گرنگیدانە بەردەوامەكانی ئەو بە قوربانیانی هەڵمەتە سەركوتكارییەكانی
ئەردۆغان كە دژبە مافی مرۆڤ بون، لەكاتێكدا كە هەوڵەكان
بۆ داخستنی هەدەپە، بە ئامانجگرتنی مافی ملیۆنان دەنگدەری كوردە و پێشێلی بنەماكانی
دیموكراسیی پەرلەمانییە.
بەدرێژایی ماوەی (30) ساڵی رابردو، توركیا پێنج پارتی
سیاسیی كوردیی داخستوە. هەروەك لە كەیسەكانی پێشوتردا، لیستی تۆمەتباركردنەكانی
سەرۆكی دادگا پارتی كۆمەڵگەی دیموكراتیی تۆمەتبار كردبو بە تێوەگلانی لە هەنگاوی
دژبە سەلامەتیی یەكێتیی خاكی دەوڵەت و هەوڵی جوداخوازی و هەروەها پێشێلكردنی
دەستور و یاسا كە ئەوەش پێویست بە داخستنی تەواوەتی و هەمیشەیی هەدەپە دەكات.
داواكاری گشتی داواشی لە دادگا كردوە رێگری بكات
لەبەشداری سیاسی بۆ ماوەی پێنج ساڵ دژ بە (687) كەس كە لەنێویاندا پەرلەمانتاری
ئێستا و پێشوی و چەندین بەرپرسی حیزبیی تێدایە، داواشی كردوە تەمویلكردنی هەدەپە
رابگیرێت. بەڵگەكان ئاماژە بەوەش دەكەن كە بەدرێژایی ماوەی هەشت ساڵی رابردو
گوتاردان و چالاكیی سیاسی لەلایەن پەرلەمانتارەكانەوە لەنێو ئۆفیس و لە كاتە
جیاوازەكاندا قەدەغە كراوە.
رۆس دەڵێت: "كردنەوەی كەیسێك بۆ داخستنی پارتێكی
سیاسی كە (11) ملیۆن و (700) هەزار دەنگی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی (2018) و (55)
ئەندامی پەرلەمانی هەیە، دەستدرێژییەكی گەورەیە بۆ سەر مافی دامەزراوە سیاسییەكان
و مافی رادەربڕین، ئەو هەنگاوە نوێنەرانی هەڵبژاردراوی نزیكەی شەش ملیۆن كەس
رەتدەكاتەوە كە ئەمەش پێشێلی مافی دەنگدانە."
لە (20)ی ئازاردا، دەنگدەرانی پارتی كۆمەڵگەی دیموكراتی
(هەدەپە) لە جەژنی نەورۆزدا كۆبونەوەی جەماوەریی بەرفراوانیان لە شارە گەورەكانی
توركیا ئەنجامدا و پشتیوانییان لە هەدەپە كرد وەك ناڕەزاییەك لە بەرامبەر
هێرشكردنە ئەو پارتە كە زۆرینەی كوردە.
لە (22)ی ئازاردا داواكاریی گشتی دیاربەكر فەرمانی دا
بە لێكۆڵینەوە لە هاوسەرۆكی پارتەكە دژبە لێدوانێكی لەمیانی جەژنی نەورۆزدا،
هەروەها دادگایەكی ئیستانبوڵیش سەڵاحەدین دەمیرتاشی هاوسەرۆكی پێشوی ئەو پارتەی بە
سێ ساڵ و شەش مانگ زیندانی سزادا بەتۆمەتی هێرشكردنە سەر سەرۆك لە (2015)دا.
دوایین بەرەوپێشچونەكانی چەند رۆژی رابردو دوابەدوای
زنجیرە پاشەكشەیەكی مەترسیدار دێت لە مافەكانی مرۆڤ كە لە ماوەی 2020 بۆ 2021
رویانداوە. حكومەتەكەی ئەردۆغان بەردەوام سوكایەتی بە بڕیارەكانی دادگای ئەوروپا
بۆ مافەكانی مرۆڤ دەكات كە داوای ئازادكردنی عوسمان كاڤالا بەرگریكاری مرۆڤ و
سەڵاحەدین دەمیرتاش دەكەن.
لە كانونی یەكەمی (2020)دا پەلەی كرد لە دەرچواندنی
یاسایەك كە دەسەڵاتێكی زۆر زیاتری پێدەدات لەپێناو بەئامانجگرتنی رێكخراوەكانی
كۆمەڵی مەدەنی بەبیانوی دژایەتیكردنی تەمویلكردنی تیرۆر بڵاوبونەوەی چەكی كۆكوژ.
حكومەت بانگەشەی ئەوە دەكات كە ئەو یاسایانە كۆكن لەگەڵ بڕیارەكانی ئەنجومەنی
ئاسایشی نێودەوڵەتی.
لە مانگی كانونی دوەمی ئەمساڵدا، ئەردۆغان هەنگاوی نا
بە ئاراستەی بەرفراوانكردنی كۆنترۆڵی خۆی بەسەر خوێندنی باڵادا ئەویش لەڕێی
بەئامانجگردتنی سەرۆكی زانكۆ و راگری كۆلێژەكانی یەكێك لە بەناوبانگترین زانكۆكانی
توركیا و سەپاندنی كۆتوبەندی توند بەسەر دامەزراوە و ناوەندەكاندا وەك
روبەڕوبونەوەیەك بۆ ناڕەزایە بەرفراوانەكانی مامۆستا و خوێندكارانی زانكۆكان.
لێدوانەكانی ژبە هاوڕەگەزخوازەكان و پۆستەكانی سۆشیال میدیا لەلایەن
گەورەبەرپرسانی حكومەتەوە، بونەتە شتێكی بەربڵاو و زۆرینەی ئەو پۆست و لێدوانانە
دژبەو خوێندكارانە بون كە كاری هونەرییان كرد لەسەر نەخشەكێشانی ئاڵا و لۆگۆی
هاوڕەگەزخوارەكان و رۆژی جیهانی ژنان.
بڵاوبونەوەی پلانی كاری رێكخراوی مافی مرۆڤ لە دوی
ئازاردا، بەتەواوەتی پێچەوانەیە لەگەڵ ئەوەی لەسەر ئەرزی واقع دەگوزەرێت كە تیایدا
هەڵمەتی رەشبگیری و دەستگیركردنی هەرەمەكییانە و دەستدرێژی بۆ سەر رۆژنامەنوسان و
چالاكوانان بونەتە شتێكی رۆتین و لە زۆربونەوەدان.
دو هەفتە دواتر، ئەردۆغان رایگەیاند كە ئۆزتورك
توركدۆغان هاوسەرۆكی كۆمەڵەی مافی مرۆڤ كە لە هەڵمەتێكدا لە ئەنقەرە دەستگیر
كراوە، دواتر ئازاد كراوە.
یەكێتی ئەوروپا و ئیدارەی ئەمەریكا دركیان كردوە بە
پاشەكشەی قوڵی مافەكانی مرۆڤ لە توركیا، بەڵام بەردەوام تەركیزیان لەسەر گرنگیدان
بە ستراتیژی توركیایە لە ناوچەكەدا لەگەڵ سیاسەتی دەرەكی ئەو وڵاتە و رۆڵی
چالاكانەی لە ناكۆكییە هەرێمییەكان و سیاسەتی پانەبەراندا.
لە (25 و 26)ی ئازاردا، سەركردەكانی یەكێتی ئەوروپا
پێداچونەوە دەكان بە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ توركیا. ئەنجومەنی ئەوروپا دەبێ
بەرونی قسە بكات لەبارەی پاشەكشەی توندی دۆخی مافەكانی مرۆڤ لە توركیا. ئەو
ئەنجومەنە دەبێ رونی بكاتەوە كە یەكێتی ئەوروپا ئەجێندایەكی ئەرێنیانەی ئامادە
كردوە بۆ ئەوەی توركیا پابەند بكات بە كۆتاییهێنان بە هێرش بۆ سەر ئۆپۆزسیۆن و
هەروەها كار بكات بۆ بەرەوپێشبردنی دۆخی مافەكانی مرۆڤ.
رۆس دەڵێت: "سەركردەكانی یەكێتی ئەوروپا مابێ وا
لێكی بدەنەوە كە ئەمە بزنسە وەك شتێكی هەمیشەیی، لەكاتێكدا حكومەتی توركیا
بەردەوام بێت لە زیادكردنی هێرشەكانی بۆ سەر رەخنەگران و دیموكراسیی پەرلەمانی و
مافەكانی ژنان."
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: فەلاح حەسەن