(سبەى): ئەمڕۆ (17/3/2021) چوار ساڵ بەسەر کۆچى دوایى شوعلە عەلى، خوشکى دو شەهید و هاوسەر و هاوڕێى خەباتى نەوشیروان مستەفا سەرکردەى نیو سەدە لە خەباتى گەلى کورد تێدەپەڕێت. نوسینی: لالۆ ئەحمەد "مرۆڤـ لە دایک ئەبێ، ئەمرێ، کەمن، بگرە زۆر کەمن، ئەوانەی کە نامرن. ئەوانەی کە نامرن و لە دڵی میللەتەکەیاندا ئەژین. ئەوانەن، کە ژیانی خۆیان بۆ گەلەکەیان تەرخان ئەکەن و، لە کاتی پێویستدا گیانی خۆیان بەو پەڕی ھۆشیاری و ئاگاییەوە بە گەلەکەیان ئەبەخشن" ئەم چەند دێڕە هەستی نەوشیروان مستەفایە، کە لەبری پێشەکی بۆ کتێبی "شەھید شوان ناسنامەی بزوتنەوەی خوێندکاران" نوسیویەتی. بێگومان شوعلە عەلی-ش یەکێکە لەو مرۆڤە شۆڕشگێڕ و سەنگینانەی بەشێکی زۆری ژیانی گەنجی خۆی بۆ گەلەکەی تەرخان کرد، بۆیە هەمیشە لە دڵی میلەتەکەی دا ئەژی. شوعلە عەلی سەعید رۆژی (٢٢ی ٢ی ١٩٥٥) لە گەڕەکی سەرشەقامی سلێمانی لە خێزانێکی شۆڕشگێڕ و بنەماڵەیەکی رۆشنبیر، لە دایک بوە. خێزان و بنەماڵەکەی لە دو لاوە کاریگەری هەستی نەتەوایەتی و شۆڕشگێڕییان بەسەر شوعلە خانەوە هەبوە، لە لایەک باوکی، کە لە لاوێتییەوە خەریکی کاری سیاسی و حیزبایەتی بوە و سەردەمانێک ئەندامی باڵای لقی ناوخۆیی حیزبی شیوعی بوە لە سلێمانی، ئەمە بێجگە لەوەی پیاوێکی خوێنەوار و ڕۆشنبیری سەردەمی خۆی بوە. لە لایەکی ترەوە ماڵی خاڵوانی یەکێکن لە بنەماڵە ناسراوەکانی سلێمانی و هەمیشە لە کۆڕی خەبات و تیکۆشانی ئەو کاتی سلێمانیدا دەور و کاریگەرییان هەبوە، بە تایبەت لە دروست بون و سەرهەڵدانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان لە سلێمانی. ماڵەکەی عەلی سەعید وەکو ماڵی هەمو خوێنەوار و رۆشنبیرەکانی سەردەمی خۆی، کتێبخانەیەکی بچوکی تێدا بوە. بێگومان ئەو کتێبخانەیەش کاریگەری خۆی هەبوە، نەک بە تەنیا بەسەر شوعلە خانەوە، بەڵکو بەسەر براکانیشییەوە، کە دواتر دوان لەو برایانەی بە ناوەکانی شێرکۆ و شوان (شامیل) لە پێناو کاری سیاسی و خەبات کردن لە پێناو گەل و نیشتمانەکەیان شەهید بون. خۆشی لە تەمەنێکی زۆر کەمدا بیری پێشکەوتنخوازی لا دروست بوە. ئازا و ئازاد و خۆڕاگر بە هەمان توانای پیاوانی قۆناغەکەی خۆیەوە، بێ گوێدانە جیاوازی رەگەز، لە پاڵ براکانیدا کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی دەست پێ کردوە. شوعلە عەلی، سەرەتای لە قوتابخانەی زەهرا و، ناوەندی و ئامادەیی لە کوردستانی کچان لە سلێمانی تەواو کردوە، دواتر دەچێتە بەشی کارگێڕی لە زانکۆی سلێمانی و بە سەرکەوتویی قۆناغەکانی زانکۆ ئەبڕێ. ئەو کاتەی لە زانکۆی سلێمانی ئەبێ، کاتی گەشەی رێکخستنەکانی کۆمەڵەی رەنجدەران بوە لە سلێمانی. لە ساڵی (١٩٧٧) لە کاتەدا شوعلە ئەبێ بە ئەندامێکی چالاکی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان، کاری سەرەکی لە رێکخستنەکاندا چاپ و رۆنیۆ بوە، لەگەڵ یەکێک لە هاوڕێکانی بە ناوی گوڵزار غەریب، بەشێکی زۆری بەیان و چاپ کراوەکانی کۆمەڵەیان لە سلێمانی چاپ و بڵاو کردوەتەوەو دوای تەواوکردنی زانکۆ، دەبێتە کارمەند لە بەڕێوبەرایەتی باج و دەرامەتی سلێمانی، لەوێش نەک دەستبەرداری کاری رێکخراوەیی و سیاسی نابێ، بەڵکو چالاکتر لە جاران کارەکانی رێکخراوەیی ئەنجام ئەدا. لەم سەروبەندەدا قۆناغێکی سەخت روی ئەکاتە شۆڕشگێرانی کورد، چونکە بەعس لەوپەڕی نەشئەی سەرکەوتنەکانیدا بوە، بۆیە بە ئاگر و ئاسن ئەکەوێتە گیانی کۆمەڵە و رێکخراوە سیاسییەکانی ئەو سەردەمە. لەم کاتەدا شوانی (شامیل) برای، چەند پلەیەکی رێکخراوەیی لەناو کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان ئەبڕێ و ئەبێتە سکرتێری کۆمەڵەی خوێندکاران، دواتر ئەندامی سەرکردایەتی هەرێمەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان. شوعلە خان هاوکارێکی زۆر باشی شوانی برای ئەبێ، بە تایبەت لە گواستنەوەی بەیان و نامەکانی کۆمەڵە. دوای ئەوەی لە ساڵی (١٩٧٧) شوان و بەشێ لە هاوڕێکانی لەلایەن بەعسەوە گومانیان ئەچێتە سەر و دواتر ئاشکرا ئەبن، چەکی پێشمەرگایەتی ئەکاتە شانی و لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی ئەچنە قازانقایە، پاش چەند مانگێ لە رۆژی (٣ی ٩ی ١٩٧٧) جەیش و جاش ئەدەن بەسەر شوان و شەش هاورێی تریا، نزیکەی سێ سەعات بەرگری ئەکەن، لە شەڕەکەدا پێنج هاوڕێیان شەهید ئەبێ، تەنها شوان و رێبوار ئەمێننەوە، بەڵام فیشەکیان پێ نامێنێ، ناشیانەوێ خۆیان بدەن بە دەستەوە، بۆیە هەردوکیان باوەش ئەکەن بە یەکتردا و بەو تاکە نارنجۆکەی پێیان ماوە، خۆیان شەهید ئەکەن. شەهید بونی شوان نابێتە شکست بۆ شوعلە، بەڵکو ئەبێتە هێز و باوەڕی زیاتر بە ئامانجەکەی. ساڵی (١٩٨٢) رەوانشاد "نەوشیروان مستەفا" خوازبێنی شوعلە خان ئەکا، بەو پێیەی کاک نەوشیروان ناو ناوبانگێکی باشی لە خەبات و خۆنەویستی و شۆڕشگێریدا لای بنەماڵەکەی شوعلە عەلی ئەبێ، بە داواکەی رازی ئەبن. دواتر رێورەسمی خوازبێنی لەلایەن هەردو بنەماڵەوە لە سلێمانی بە نهێنی ئەنجام ئەدرێ، دوای مانگێک شوعلە خان لەگەڵ پوری ئەچێتە سەرگەڵو، لەوێ ئەچێتە ماڵی یەکێک لە براکانی، کە پێشمەرگە ئەبێ، هەر لەوێ رێورەسمی مارە کردن و گواستنەوەی بۆ ئەنجام ئەدرێ. لێرە بە دواوە خەباتی نهێنی شار ئەباتە شاخ، ئەمە بێجگە لەوەی ئەرکی ماڵ و هاوسەری ئەکەوێتە سەر شان، بەتایبەت ئەرکی هاوسەرەکەی، کە سکرتێری کۆمەڵەی رەنجدەران بوە و هەمیشە ماڵەکەی پڕ بوە لە کادر و پێشمەرگە، بۆیە ژیانی پڕ ئەبێ لە کار و فرمان، لە هەمانکاتدا ئەبێتە قەڵایەکی گەورە بۆ هاوسەرەکەی. شوعلە خان لە شاخیش بە هەمان شێوەی خەباتی شار، سۆز و میهرەبانی زۆری هەبوە بۆ هاوڕێ پێشمەرگەکانی، هەمیشە حەزی بە هاوکاری دەوروپشتەکەی بوە، بێگومان ئەوەشی سەلماندوە، چونکە لە زۆربەی ئەو شەڕانەی روبەروی هێزی پێشمەرگە بۆتەوە، ئەم و بەشێ لە هاوڕێکانی، کە بە پەنجەی دەست ئەژمێردرێن، هەمیشە لە هەوڵی ئامادەکردنی خواردن و پێداویستی و دەرمان بون بۆ پێشەوەی جەبهەکان. بە تایبەت ئەو هێزانەی لە ناوچەکانی شارەزور و گەرمیان و هەولێرەوە دەهاتنە سەرکردایەتی و دواتر ئەگەڕانەوە بۆ شوێنی چالاکییەکانیان. ساڵی (١٩٨٤) کوڕێکیان ئەبێ و ناوی ئەنێن نما، نما کورتکراوەی ناوی "نەوشیروان مستەفا ئەمین"ە. دواتر لە ساڵی (١٩٨٦) کوڕ و کچێکی بە سکێ لە شاری کرماشان ئەبێ و ناویان ئەنێن "چیا و چرا"، لەو کاتەی لە نەخۆشخانە ئەبێ، هەواڵی شەهید بونی شێرکۆی برای بۆ ئەهێنن، شێرکۆ یەکێ ئەبێ لە ئەندامی رێکخستنەکانی کۆمەڵە لە سلێمانی، لە چالاکییەکی ئەو رێکخراوەدا لە شەقامی پیرەمێرد، بە دەستی دەزگا ئەمنییەکان شەهید ئەبێ. ساڵی (١٩٨٧) لەبەر ئەوەی وەزعی شاخ تا دێ بەرەو خراپی ئەڕوا، ئەمیش ئەرکێکی زۆری لەسەر شان ئەبێ، بۆیە بڕیار ئەدا چیا و چرا بهێنێ بۆ سلێمانی و لای خزمەکانی دایانبنێ. شوعلە خان بە دو منداڵەکەیەوە دێتە سلێمانی، دواتر لە ڕێگای ڕێکخراوی سلێمانی کۆمەڵەوە بەڕێ ئەکرێتەوە بۆ سەرکردایەتی، سەرەتا دو سەیارەی بۆ ئامادە ئەکەن، یەکێک لە سەیارەکان لە دوایانەوە ئەبێ و چاودێریان ئەکا بۆ کاتی پێویست، ئەو سەیارەیەی شوعلە خانی تیا ئەبێ، رەزاق عارف لێی ئەخوڕێ، مامۆستا شێخ عەبدول، کە یەکێک ئەبێ لە ئەندامە باڵاکانی رێکخراوی سلێمانی لە هەمان سەیارەی شوعلە خان ئەبێ. لە رێی سورداش وەرئەگەڕێ، دەستبەجێ شێخ عەبدول گیانی ئەسپێرێ، بە سەیارەی دوەمیان شوعلە خان و عەبدولڕەزاق بە برینداری و شێخ عەبدول بە مردویی ئەهێنێتەوە بۆ سلێمانی. لەم روداوەدا شوعلە خان فەقەرات و سەری عەزێتی پێ ئەگا. لە رێگای د. نەجات ئەیبەنە نەخۆشخانە، بەڵام بە ناوی خوازراوەوە داخڵی نەخۆشخانەی ئەکەن. پاش ئەوەی سێ رۆژ لە نەخۆشخانە ئەمێنێتەوە، ئەمنی سلێمانی بە روداوەکە ئەزانن، بۆیە ئەچن نەخۆشخانەکانی بۆ ئەگەڕێن، بەڵام لەبەر ئەوەی بە ناوی خوازراوەوە داخڵی نەخۆشخانە کراوە، نایدۆزنەوە ودوای سێ رۆژ لە نەخۆشخانە لە رێگای رێکخراوی سلێمانییەوە ئەیبەنە ماڵی خزمێکی خۆی، کە زۆر لا چەپەک بوە. رێکخراوی سلێمانی رێگای سەردانکردنی لەلایەن کەسە نزیکەکانییەوە لێ قەدەغە ئەکات و خۆیان سەرپەرشتی هەمو کاروبارەکانی ئەکەن. رۆژانە برپنپێچێک بە ناوی ئەحمەدەوە ئەبەنە لای و تەداوی ئەکا، دوای ماوەیەک دو کەس لە بەرپرسانی رێکخراوی سلێمانی بە ناوەکانی شەهید جەبار و ئاکۆ وەهبی، ئەیبەن بۆ ماڵی خزمێکی کاک نەوشیروان، پاش ماوەیەک لەوێش ئەیگوێزنەوە بۆ ماڵی شەهید جەبار. پاش ئەوەی رێکخراوی سلێمانی دڵنیا ئەبنەوە لە تەندروستی، هەر خۆیان جارێکی تر بە رێگای قەڵادزێدا ئەیبەنەوە شاخ. ئەم روداوە ئەبێتە ئازارێکی نەبڕاوە بۆ گیانی شوعلە خان و تا گیانیشی سپارد راستەخۆی کاریگەری لەسەر تەندروستی هەبو، چونکە بەردەوام عیلاجی بەکار ئەهێنا. دوای راپەڕینی بەهاری (١٩٩١) شوعلە خان دێتەوە بۆ سلێمانی، لەو ساتەوە تا دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان ناچێتە ناو هیچ حیزب و رێکخراوێکی سیاسی و پێیوایە ئەرکی سەرشانی لە خەبات و قوربانیدانا بەجێ هێناوە، بەڵام لەو کاتەی کاک نەوشیروان لیستێک بە ناوی "لیستی بزوتنەوەی گۆڕان" دروست ئەکا، ئەمیش شانبەشانی هاوڕێ ژنەکانی بۆ پشتیوانی لەو لیستە، لە هەمو کۆڕ و کۆبونەوە جەماوەرییەکان و، تەنانەت هەمو شار و شارۆچەکەکانی کوردستان بەشدار ئەبێ، ئەمە جگە لەوەی هاوکار و پشتیوانێکی گرنگی کاک نەوشیروان ئەبێ لە کارەکانیدا. لەم سەروبەندەدا لە ساڵی (٢٠١٢) ئەچێتە ماڵی خوا و فەریزەی عەمرە بەجێ ئەهێنێ. هەرچەندە شوعلە خان ژیانی گەنجی و جوانیی لە کوخ و پەناو پاساردا. جار جارەش لە ماڵێکی سادەیا، بە کوێرەوەری و دەربەدەری بردوەتە سەر، بەڵام توانیویەتی ببێتە ژنێکی سەنگین و خۆشەویستی هەمو کوردستان، چونکە خەمی ئەو ژیانی پێشمەرگە و خێزانی شەهید و نادادی دەسەڵاتداران بوە. نەک هەر ئەوە، بەڵکو بۆ یەک جاریش مەکانەی هاوسەرەکەی بۆ مەرامی شەخسی بەکار نەهێناوە. بۆیە هەر کەسێ، بە یار و نەیارەوە ئەم شاژنەی بناسیایە، شایەتی ئەوەی بۆ ئەدا چەند مرۆڤێکی راستەقینەیە، چەند سادە و لەخۆبردو، چەند میهرەبان و گەورە بوە. شوعلە خان رۆژی هەینى (١٧ی ٣ی ٢٠١٧) لە شاری سلێمانی بە نەخۆشی کۆچی دوایی ئەکا و لە گردی سەیوان، لای شەهیدان شوان و شێرکۆی برایەوە بە خاک ئەسپێردرێ. مەراسیمی بەخاک سپاردن و پرسەکەی، گەورەیی ئەم شاژنەی دەرخست. کورتەیەک لە ژیاننامەکەی: - شوعله عهلی، له بنهماڵهیهكی ناودار و نیشتیمانپهروهری شاری سلێمانییه. - رۆژی (22/2/1955) له گهڕهكی سهرشهقامی سلێمانی لهدایك بوه. - قۆناغی سهرهتایی و ناوهندیی و ئامادهیی له سلێمانی تهواوكردوه. - دهرچوی كۆلێژی كارگێڕی و ئابوری زانكۆی سلێمانییه. - ساڵی (1977) پهیوهندی به رێكخستنهكانی كۆمهڵهی رهنجدهرانهوه كردوه. - خاوهنی دو برای شههیده بهناوهكانی شوان و شێركۆ، كه لهسهرهتای شۆڕشی نوێدا و له پێشمهرگایهتی و خهباتی رێكخستنی شاردا شههید بون. - شههید شوان لهگهڵ كۆمهڵێك هاوڕێیدا له گوندی قازانقایه شههید بوه. شههید شێركۆش لهناو شاری سلێمانی لهلایهن رژێمی بهعسهوه شههید كرا. - ساڵی (1981) هاوسهرگیری لهگهڵ نهوشیروان مستهفا كردوه. - له ههمو وێستگهكانی خهباتی شاخ و شاردا شانبهشانی نهوشیروان مستهفا كاری كردوه. - خاوهنی دو كوڕو كچێكه بهناوهكانی (نما و چیا و چرا). - بهرهبهیانی (17)ی ئازاری (2017) له سلێمانی بههۆی نهخۆشیهوه كۆچی دوایی كرد.
ئێران ئەمەریکاى شۆک کرد
کەناڵى سوێس .. مێژوى گرنگترین "رێڕەوى بازرگانى" جیهان
ئەجێنداى بایدن لە عێراق؛ حکومەتێک پشت بەخۆى ببەستێت
هیومان رایتس وۆچ ئەردۆغان تۆمەتبار دەکات بە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و پێوەرە دیموكراتییەكان
ریسكی قهدهغهكردنی ههدهپه
حکومەت پارەدار و هاوڵاتی هەژار
ئاو؛ لە سەر زەوی بەفیڕۆى دەدەن و لە مەریخ بەدواى دا دەگەڕێن
نەورۆز؛ ئەو جەژنەى گەل و ئاین و نەتەوەى جیاواز ئاهەنگى بۆ دەگێڕن
دادگاى باڵاى فیدراڵى "جیامان دەکاتەوە"