(سبەى):
چەند رۆژى رابردو جیهان سەرقاڵ بو بە گیرخواردنى پاپۆڕێکى
بارهەڵگرى زەبەلاح لە کەناڵى سوێس لە میسر کە ئەمڕۆ دواى هەڵێکى زۆر خرایەوە جوڵە،
روداوەکە بوە هۆى بەرزکردنەوەیەکى کاتیی بۆ نرخى نەوت و گەیاندنى زیانێکى گەورە بە
بازرگانى جیهان کە خۆى لەبنەماوە بەدەست کێشەکانى کۆرۆناوە دەناڵێنێت.
بەڵام ئەمە یەکەمجار نیە کەناڵى سوێس وەک رێرەوێکى بازرگانى
گرنگ دەبێت بەجێى باس و خواسى جیهان، بەڵکو ئەم کەناڵە مێژویەکى پڕ لە بەسەرهاتى
هەیە و یەکەمجاریشى نیە دەرگاکانى بە روى هاتوچۆى کەشتیەکانى جیهاندا دادەخات.
مێژوى سیاسیی کەناڵى (سوێس)
مێژوى نوێى کەناڵى سوێس پەیوەستە بە ناوى سەرکردەى نەتەوەیی
عەرەب، جەمال عەبدولناسر، ئەو لە ساڵى (1956) بڕیارى خۆماڵیکردنى کەناڵەکەى دا و
میسریەکان بەوبۆنەیەوە ئاهەنگى سەرکەوتنیان گێڕا، بەڵام ئەمە هەروا بەئاسانى
تێنەپەڕى، ئەوەبو بەریتانیا و ئیسرائیل و فەرەنسا لەو کاتەدا بڕیارەکەیان پێ
قبولنەکرا و هێرشى سەربازییان کردە سەر کەناڵەکە و جەنگێکى گەورە دروستبو.
لەو جەنگەدا کەناڵەکە بوە سەربازگەیەکى گەورە و بەدەیان کەشتى
نوقوم بون و مین و کەشتى جەنگیى و فڕۆکەى سەربازى رێرەوەکەیان پڕکرد، ئەمەش بوە
هۆى پەکخستنى بازرگانى و رێڕەوەکە بە روى تێپەڕینى کەشتیە بازرگانیەکانى جیهاندا
داخرا.
بەڵام سەرەنجام دەرگاى سەرکەوتن لە میسریەکان کرایەوە، کاتێک
ئەمەریکا و روسیا بەئاشکرا دژایەتى خۆیان بۆ هێرشە سێقۆڵیەکە نیشاندا و هەرسێ
لایەنیان ناچار کرد لە کەناڵەکە پاشەکشە بکەن، بەمەش بڕیارى خۆماڵیکردنى کەناڵى
سوێس سەرکەوتنى بەدەستهێنا.
بڕیارى خۆماڵى کردنى کەناڵى سوێس لە لایەن جەمال عەبدولناسرەوە
بە سەرەتاى سەربەخۆبونى سیاسى و ئابورى میسر دادەنرێت.
جەنگى (1967) و دوبارە داخستنى کەناڵەکە
جارێکى تر لە ساڵى (1967) رێڕەوەکە بە روى هاتوچۆدا داخرایەوە،
ئەویش ئەو کاتەى ئیسرائیل ناوچەکەى بۆردومان کرد، لەچوارچێوەى شەڕى بەناوبانگى
(1967)ى (عەرەب – ئیسرائیل). لە ئەنجامى ئەو جەنگەش ئیسرائیل نیوە دورگەى سیناى داگیرکرد،
کە دەکەوێتە ئەوبەرى کەناڵەکە.
شەڕى (1967) بە درێژترین ماوەى داخستنى کەناڵەکە دادەنرێت، ئەمجارەیان
کەناڵەکە بۆ ماوەی (هەشت) ساڵ داخرا و زیانێکى گەورە بەر ئابورى جیهان کەوت، لەو
ماوەیەدا مینى چێنراو و پاپۆڕى تێکشکاوى سەربازیى و لاشەى سەربازانى کوژراو، رێگەى
کەناڵەکەیان داخست و هەردو لایەنى جەنگ لەمبەر و ئەوبەرى کەناڵەکەیان کردە خەندەق
و لولەى تفەنگ و تۆپەکانیان روبەڕوى یەکتر کردەوە.
بەڵام پاش گفتوگۆکانى ئاشتیى لە ساڵى (1975) جارێکى تر رێڕەوەکە
بە روى هاتوچۆى کەشتیەکاندا کرایەوە ئەوەش بەبڕیارى ئەنوەرسادات کە پاش مەرگى ناسر،
سەرۆکایەتى میسرى گرتە دەست، ئیتر لە پاش ئەمە جیهان بۆماوەیەکى زۆر دەستى کردەوە
بە هاتوچۆ بەو کەناڵەدا کە بە کورترین رێگەى بەیەکگەیشتن دادەنرێت لەنێوان دەریاى
سور و دەریاى ناوەڕاستدا.
لەماوەى جەنگەکەدا (12) کەشتیى بارهەڵگر لەناو دەریاکەدا گیریان
خوارد، هەروەها بەپێى لێکۆڵینەوەیەکى نەتەوەیەکگرتوەکان لەوە ماوەیەدا جیهان زیانى
(1.7) ملیار دۆلارى ئەو کاتەى لێکەوتوە و میسریش ساڵانە (250) ملیۆن دۆلار زیانى
بەرکەوتوە، ئەو بڕە پارەیە بۆ ئەو کاتەى میسر زیانێکى گەورەبو.
لەماوەى ئەو هەشت ساڵەدا پاپۆڕە بارهەڵگرەکان ناچار بون رێگاى
دەریاى سەخت بۆ بازرگانى بەکاربهێنن، بۆ ئەمەش دروستکەرانى کەشتیی، ناچار بون
کەشتى زۆر گەورە دروستبکەن وەک کەشتی زەبەلاحى (ئیفرگیفن) کە لەچەند رۆژى رابردودا
بەهۆى زەبەلاحیەکەى بوەهۆى داخستنى رێڕەوەکە.
تێپەڕاندنى گرفتەکان و بەردەوام بون
ئەم کەناڵە، میسر دادەبڕیت لە نیوە دورگەى سینا کە ناوچەیەکى
نائارامە و تیرۆرستانى داعش رێکخراوێکى سەربەخۆیان تێدا دروستکردوە و ناوبەناو
لەگەڵ سوپاى میسر دەکەونە شەڕو پێکدادان.
لە ساڵى (2013)، چەکدارانى نیوە دورگەى سینا بە چەکى (ئار پی جى)
هێرشیان کردە سەر کەشتیەکى بازرگانى و زیانێکى سوکیان پێگەیاند، ناوبەناو هەڕەشەى
راگرتنى بازرگانى جیهانیی لە کەناڵەکەدا دەکەن ، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە هاتوچۆى رێرەوەکە
پەکبخەن.
هەندێ کات مەوداى بینین لەناو رێڕەوەکەدا زۆر کورت دەبێتەوە و باوبۆرانیش
دەبێتە هۆى روداوى هاتوچۆ، وەک لە ساڵى (1937) کەشتیەکى بارهەڵگرى بەریتانى خۆى
کێشا بە لێوارى یەکێک لە لاکانى رێرەوەکە و بوەهۆى داخستنى کەناڵەکە.
هەرچەندە دەسەڵاتدارانى میسر ویستویانە مەوداى پانیی کەناڵەکە
زیاتر بکەن بەشێوەیەک بیکەنە "دو ساید" بەڵام لەماوەى سەدەى رابردو چەند
جارێک روداوى هاتوچۆ لەناو کەناڵەکە رویداوە و بوەهۆى داخستن و دروستبونى گرفتى
هاتوچۆ.
ساڵى (1954) بارهەڵگرێکى نەوتى یۆنانى و ساڵى (2004)
بارهەڵگرێکى نەوتى روسى و لە (2018)شدا بارهەڵگرێکى دیکە لەناو کەناڵەکەدا پەکیان
کەوت و هەمو ئەمانەش بونەهۆى بەیەکداکێشانى چەندین پاپۆڕو کەشتى دیکە، بەڵام لەگەڵ
هەمو ئەمانەدا هێشتا کەناڵى سوێس بە تاکە رێرەو بۆ بازرگانى جیهان دادەنرێت و
کورتترین رێگاى پەڕینەوەیە لە نێوان هەردو دەریاى ناوەڕاست و بۆ دەریاى سور.