(سبەى):
بەڕێوەبەری خۆپاراستنی
تەندروستی سلێمانی دەڵێت: لە ئەگەرى گەیشتنى وەجبەى دیکەى ڤاکسینى کۆرۆنا، هاوڵاتیان
دەتوانن بە رێگەی ئەلیکترۆنی ناوی خۆیان تۆماربکەن بۆ وەرگرتنى ڤاکسینەکە.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی
خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی بە (سبەى) راگەیاند؛ لە سلێمانی (14) هەزار پزیشک و
کارمەندی تەندروستی هەن، لە قۆناغی یەکەمدا (750) پزیشک و کارمەند ڤاکسینی (سینۆفارمی
)چینیی پێدراوە و لە ئێستاشدا پێدانی ڤاکیسنی (ئەسرازینیکا)ـى بەریتانى پێیان بەردەوامە.
سەبارەت بەو فۆرمەی
کە هاوڵاتی پڕی دەکاتەوە بۆ وەرگرتنی ڤاکسین، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی
دەڵێت: لەدوای کوتانی سەرجەم پزیشک و کارمەندان بە ڤاکسینەکە، هێزەکانی ناوخۆ و کەسانی
بەتەمەن ڤاکیسن وەردەگرن، دواتر لە قۆناغی سێیەمدا چین و توێژە جیاوازەکان پێیان دەدرێت.
باسی لەوەشکرد،
بەڵێنیان پێدراوە لە ماوەی سێ هەفتەی داهاتو وەجبەیەکی دیکەی ڤاکیسن بێتە هەرێمی
وکوردستان و پارێزگای سلێمانی، بەڵام جۆری ئەمجارەیان (فایزەری ئەمەریکی) دەبێت.
لە سەرەتای مانگی
ئادار بڕی پێنج هەزار ڤاکسینی چینی فارمی چینی گەیشتە هەرێمی کوردستان و لە ناوەڕاستی
مانگیشدا (43 هەزار و 800) ژەمە ڤاکسینی دیکە لە جۆری ئەسترازینیکای بەریتانی لە
لایەن بەغدادەوە رەوانەی هەرێم کراو تا ئێستاش کوتانی پزیشک وکارەمەندان بەو ڤاکسینانە
بەردەوامی هەیە.