جیهان 09:54 - 25/03/2021

روسیا: مامه‌ڵه‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی منداڵه‌ داعشە روسییەکانمان لە عێراق كۆتایی هاتوه‌

+ -

(سبه‌ی):

كۆمسیۆنی روسیا بۆ كاروباری منداڵان رایده‌گه‌یه‌نێت: مامه‌ڵه‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی منداڵه‌ روسییه‌كان له‌ به‌ندینخانه‌كانی عێراق كۆتایی هاتوه‌، ده‌شڵێت: تا ئێستا (274) منداڵیان له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گه‌ڕاندوه‌ته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، ئانا كۆزنتسۆڤا، سه‌رۆكی كۆمسیۆنی روسیا بۆ كاروباری منداڵان له‌ لێدوانێكیدا بۆ میدیاكانی ئه‌و وڵاته‌ رایگه‌یاند؛ مامه‌ڵه‌ی كاروباری گه‌ڕاندنه‌وه‌ی منداڵه‌ روسییه‌كانی له‌ به‌ندینخانه‌كانی عێراق كۆتایی هاتوه‌.

 وتیشی:"له‌ ساڵی (2017)ـه‌وه‌ به‌ فه‌رمانی ڤلادمیر پۆتین، سه‌رۆكی روسیا كار له‌سه‌ر مه‌له‌فی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی منداڵه‌ روسیییه‌كان ده‌كه‌ین له‌ عێراق و سوریا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌یه‌ك له‌ نێوان ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ و كۆمسیۆنی مافه‌كانی منداڵ بۆ ئاسانكاری گه‌ڕاندنه‌وه‌ی منداڵه‌كان بۆ روسیا، پێكهێنرا".

سه‌رۆكی كۆمسیۆنی روسیا بۆ كاروباری منداڵان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد، تا ئێستا زیاتر له‌ (274) له‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كانی‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ روسیا گه‌ڕندراوه‌ته‌وه‌ كه‌ (122) منداڵ له‌ عێراق و (152) منداڵی دیكه‌ له‌ سوریا بون.

لە ساڵی (2017) لیژنەیەکی هاوبەش لەلایەن کۆمیسیۆنی روسیا بۆ کاروباری منداڵان دامەزرا بۆ وەرگرتنەوەی ئەو منداڵانەی کە لە دایک یان باوکێکی داعشی هەڵگری رەگەزنامەی روسی لە دایک بون.