جیهان 06:38 - 29/03/2021

ئێران؛ وێستگه‌ی بوشه‌هر له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی داخستندایه‌

+ -

(سبه‌ی):

به‌هۆی سزا‌ ئابوریه‌كانی ئه‌مه‌ریكا‌وه‌، وێستگه‌ی ئه‌تۆمی بوشه‌هری ئێران له ‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی داخستندایه‌.

ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌، مه‌حمود جه‌عفه‌ری، به‌ڕێوه‌به‌ری رێكخراوی وزه‌ی ئه‌تۆمی ئێران رایگه‌یاند؛ به‌هۆی سزا‌ ئابوریه‌كانی ئه‌مه‌ریكا‌ بۆسه‌ر ئێران و رێگریكردن له‌ گۆڕینه‌وه‌ی دراوه‌كانی بۆ دابینكردنی پێداویستیه‌كانی، وێستگه‌ی ئه‌تۆمی بوشه‌هری له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی داخستندایه‌.

وتیشی:"بەلەبەرچاوگرتنى دۆخى پەیوەندییە نێودەوڵەییەکان لەگەڵ ئێران و ئەو کێشانەى بۆى دروستبوە لە رەوانەکردنى پارە بەهۆى سەپاندنى سزا بەسەر بانکەکانى ئێراندا، گرفت و بەربەست هەیە لەبەردەم دانان و رەوانەکردنى پارە بۆ دابینكردنی پێداویستییه‌كانی وێستگه‌كه‌".

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد، ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌رێك بۆ كێشه‌كان‌ نه‌دۆزرێته‌وه‌ له‌ ئه‌مساڵدا (2021) وێستگه‌ی بوشه‌هر هه‌ڕه‌شه‌ی له‌كار وه‌ستاندن  و داخستن  ده‌بێته‌وه‌.
 جه‌ختیكرده‌وه‌؛ پێشتر ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران له‌ڕێگه‌ی كۆمپانیا به‌ڵێنده‌ره‌كانی روسیاوه‌ هه‌وڵی گۆڕینه‌وه‌ی دراویان داوه‌، به‌ڵام سه‌ركه‌وتو نه‌بون.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌، وڵاتانی ئه‌وروپا له‌ هه‌وڵی رازیكردنی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ئێراندان بۆ دانیشتن له‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ی ساڵی (2015)ـی نێوان هه‌ردو وڵات، ئێران رایگه‌یاندوه‌ بڕوایان به‌ به‌ڵێنه‌كانی ئه‌مه‌ریكا نییه‌ و به‌مه‌رجی هه‌ڵگرتنی سزا ئابورییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆكردن.