راپۆرت 09:47 - 13/03/2021

داواى بەرزکردنەوەى بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار دەکرێت

+ -

(سبەى):


ماوەیەکە نرخى نەوت لەبەرزبونەوەیەکى بەردەوامدایە و گەیشتوەتە نزیکەى (70) دۆلار بۆهەر بەرمیلێک، بەم شێویەش داهاتى عێراق کە پشت بە نەوت و سەرچاوەکانى وزە دەبەستێت زیاتربوە، بەڵام لەولاوە ماوەى سێ مانگ دەبێت بەبریارێکى فەرمیی بەهاى دینارى عێراقى بەرامبەر دۆلار دابەزێنراوە، پاساوى ئەم بڕیارەش لەکاتى خۆیدا روبەروبونەوەى کورتهێنانى دارایی بو لەبودجەى گشتى کە مانگانە دەگاتە پێنج ملیار دۆلار.

بەرپرسانى پەیوەندیدار لە حکومەتى عێراق بەرگریی لە بریارەکەیان دەکەن و دەڵێن:" دابەزاندنى نرخى دینار بوەتە هۆى کەمکردنەوەى خەرجیی مانگانە بۆ کەمتر لە چوار ملیار دۆلار."

بەڵام دیکەوە دابەزاندنى نرخى دینار، بارى سەرشانى هاوڵاتیانى قورسکردوە و بوەتە هۆى قوڵترکردنەوەى قەیرانى بژێوى و بەرزکردنەوەى نرخى شتومەکى رۆژانە و پێویستیەکان لە بازاڕدا و  تواناى کڕینى کەمکردوەتەوە.

ئەمە لە کاتێکدا هێشتاش لێکەوتەکانى کۆرۆنا کاریگەریی ماوە، بەم شێوەیەش دۆلار بوە بە بابەتێکى دیکەى سەرئێشە بۆ عێراقیەکان و خەم و نیگەرانیەکانى زیاتر کردون.


جوڵەیەک بۆ گەڕاندنەوەى بەها بۆ دینارى عێراقیى
دەرەنجامى هەمو ئەمە ئێستا لەناو پەرلەمانى عێراق هاوشان لەگەڵ شەقام جموجوڵێک دروستبوە لە پێناو هەموارکردنەوەى نرخى دانراو بۆ دینارى عێراقیی و کەمکردنەوەى.

لە ئێستادا بانکى ناوەندى عێراق نرخى هەر دۆلارێکى ئەمەریکى بەرامبەر بە (1450) دینار داناوە لەبرى (1182) دینار، نرخى پێشوى، ئەمەش بە ئامانجى قەرەبوکردنەوەى کورتهێنان لە داهاتەگشتیەکاندا و پڕکردنەوەى ئەو کورتهێنانە داراییەى لە بودجەى (2021)داهەیە، کە هۆکارەکەى دابەزینى نرخى نەوت بو لەماوەکانى پێشوتردا.

هەندێک لە پەرلەمانتاران جەخت دەکەنەوە لەوەى هیچ پاساوێک نەماوەتەوە بۆ هێشتنەوەى نرخى دینار بەرامبەر دۆلار بە شێوەى ئێستاى، چونکە وەک ئەوان دەڵێن بازاڕى نەوت لە ئێستادا بوژاوەتەوە.

بەڵام هەندێک پسپۆڕى ئابورى پێیان وایە پاشگەز بونەوە لەو بڕیارە ئاسان نیە، چونکە دەبێتە هۆى تێکچونى شیرازەى بازاڕ بەشێوەیەک قورستر بێت لەو ئاڵۆزیەى دابەزاندنى نرخەکەى لە کانونى یەکەمى ساڵى رابردو دروستى کرد.

هەندێک پێیان وایە جموجوڵەکەى پەرلەمانى عێراق بۆ دەستکاریکردنى نرخى فەرمیی دینار کارێکى پۆپۆلیستانەیە بۆ رازى کردنى شەقام، بەڵام هەندێکى دیکەیان پشتیوانى داواکەن و بەڕەواى دەزانن.

پرسیار ئەوەیە ئایا ئەگەر نرخى دۆلار بەردەوام بێت لە بەرزبونەوە، ئەو کات بە بڕیارێکى دیکە رێگە لە بەرزبونەوەى دەگیرێت و بڕیارى ئێستا هەموار دەکرێتەوە؟
لەوبارەیەوە، سەباح عەگیلى پەرلەمانتار لە لێدوانێکى بۆ سایتى ( ئەلعەرەبى جەدید) دەڵێت:"نرخى دۆلارو دینار بە هۆى خواست و خستنە ڕوەوە گۆڕانکارى بەسەردا نەهاتوە، بەڵکو بە بڕیارێک لەلایەن حکومەت و بانکى ناوەندیەوە بۆ پڕکردنەوەى کورتهێنان ئەم کارە کراوە، بۆیە هەردو لایەن پێویستە لەسەریان دواى بەرزربونەوەى نرخى نەوت هەموارى نرخى دینار بەرامبەر دۆلار بکەنەوە و نرخى دینار بەرامبەر دۆلار بەرزبکەنەوە."

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت "حکومەت یان دەبێت ئەوە بکات یان دەبێت هاوکاریی پێشکەش بە خێزانە هەژارەکان بکات کە بەم بڕیارە زیانیان بەرکەوتوە."
دەشڵێت:" مانەوەى نرخى کڕینى دۆلار بەم شێوەیەى ئێستا فشارى زۆرى سیاسیى و میلیی لەسەر حکومەت و وەزارەتى دارایی دروستدەکات، چونکە تواناى خەڵک بۆ کڕین قورستر دەکات".

ئاماژەش دەکات؛" دۆخى ئابورى عێراق تارادەیەک باش بوە، بڕى کورتهێنانیش لە بودجەى گشتى بۆ نیوە دابەزیوە، بەهۆى بەرزبونەوەى دوبارەى نرخى نەوت، بۆیە هیچ پاساوێک نیە بۆ مانەوەى بەهاى دۆلار بەم شێوەیەى ئێستاى چونکە کاریگەریی قورسى لەسەر چینە هەژارەکەى کۆمەڵگا هەیە."

بەڵام ئەحمەدى حاجى رەشید ئەندامى لیژنەى دارایی لە پەرلەمانى عێراق بەدورى دەزانێت لە ئێستادا نرخى دینار بەرامبەر دۆلار بگەرێتەوە بۆ نرخەکەى پێشوى.

حاجى رەشید لە لێدوانێکى بۆ (عەربى جەدید) دەڵێت" بانکى ناوەندیی دەسەڵاتێکى سەربەخۆى هەیە، ناتواندرێت دەستوەردان لەسیاسەتە داراییەکانى بکرێت، بۆیە ناکرێت لە ئێستادا نرخى دینار گۆڕانکاریی بەسەردا بهێنرێت دواى ئەوەى بە (1450) دینار جێگیر کرا."

رونیشى دەکاتەوە؛" ئەم بڕیارە بڕى (23) ترلیۆن دینارى بۆ حکومەت دابینکردوە و کورتهێنانى بودجەى (2021)ـى پڕ کردوەتەوە، بەتایبەت کە رێژەى کورتهێنان لە بودجەى ئەمساڵ زیاترە لە (70) ترلیۆن دینار."

هەروەک سەبارەت بە داواکانى هەندێ لە پەرلەمانتاران بۆ دەستکارى کردنى نرخى دینار وتى ؛" ئەم جۆرە بانگەوازانە دەرەنجامى تێنەگەیشتنە لە کارى دەسەڵاتى دارایی و سیاسەتى نرخى دینار بەرامبەر دۆلار."

ئاماژەش دەکات" حکومەت و  بانکى ناوەندیی نیازى کەمکردنەوەى نرخى دۆلار، یان گەڕانەوەى نرخەکەى پێشویان نیە، لە ئێستادا."
جەمال کۆچەر ئەندامێکى دیکەى لیژنەى داراییە لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق و لە لێدوانێکدا رایدەگەیەنێت:"لە پەرلەمانى عێراق جموجوڵێکى سیاسى هەیە بۆ گەڕاندنەوەى نرخى بەهاى دینار عێراقیی بۆ بەهای پێشوى بەرامبەر دۆلار." دەشڵێت:"لەپەرلەمان واژۆ کۆکراوەتەوە بۆ ئەو مەبەستە، بۆئەوەى وەک پێشنیازێک دەخرێتە بەردەم لیژنەى دارایی."

حەسەن کەعبی داواى هەموارکردنەوە دەکات
پێشتر جێگرى یەکەمى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق حەسەن کەعبى داواى کردبو پەرلەمان بکەوێتە کار بۆ گەڕاندنەوەى بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار، بۆ نرخى پێشوى.

لەمبارەیەوە کەعبى لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاندوە:" دابەزاندنى بەهاى دینار بەخراپ بەسەر ژیانى هاوڵاتیان و سەقامگیریی ئابورى لە وڵاتدا شکاوەتەوە، بۆیە پێویستە هەڵوێستەیەکى جدى و بەپەلە لەلایەن سەرجەم ئەندامانى پەرلەمانەوە بکرێت بۆ گەڕاندنەوەى نرخى دینار بۆ نرخى پێشوى."

لەلایەن خۆیەوە عەبدولرەحمان مەشهەدانى پسپۆڕى ئابورى لە لێدوانێکى بۆ (عەرەبى جەدید) دەڵێت؛ " داواکاریی پەرلەمانتاران بۆ گەڕانەوەى بەهاى دینار بۆ نرخى پێشوى سودى نیە."

رونیشى دەکاتەوە؛" ئەم بانگەوازانە تەنها لە چوارچێوەى بانگەشەى هەڵبژاردندایە و بۆ رازیکردنى شەقامە."

مەشهەدانى دەشڵێت:" گۆڕینى نرخى دینار بەرامبەر دۆلار لە ژێر فشارى حکومەتدا ئەنجامدراوە، نەک بە ئیرادەى بانکى ناوەندیی، ئەمەش دەستوەردانێکى رون و ئاشکراى حکومەتە لە سیاسەتى دراو."
رونیشی دەکاتەوە " پەرلەمان دەسەڵاتى ئەوەى نیە دەستوەردان لەکارو بارى سیاسەتى دراو بکات."

رایدەگەیەنێت؛" هەمو داواکان بۆ گۆڕینى نرخى دینار بەرامبەر دۆلار هیچ سودى نیە، هەر دەستکارى کردنێکیش لە ئێستادا بازاڕ ئەشێوێنێت، بەشێوەیەک زیانى بۆ هاوڵاتیان زیاتر دەبێت".

مەشهەدانى داوا لە حکومەت دەکات ئاگادارى بازاڕ بێت و لەماوەى داهاتودا رێوشوێنى پێویست بۆ پاراستنى هاوڵاتیان بگرێتە بەر و کۆنترۆڵى بازاڕى عێراق بکات.

هەروەها داواش لە حکومەتى عێراقیی دەکات رەچاوى بارودۆخى تەندروستى و ئابورى هاوڵاتیان بکات و دەلێت" هاوڵاتیان لە روى تەتدروستیی و ئابوریەوە لە قەیراندان".

سەرچاوە: (العربي الجديد)