راپۆرت 10:03 - 08/03/2021

دابه‌زینی بەهاى لیره،‌ گڕ له‌ لوبنان به‌رده‌دات

+ -

(سبەی):
ماوەى چەند رۆژێکە دوبارە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى بەیروتى پایتەختى لوبنانى گرتۆتەوە، خۆپیشاندەران توڕەیی خۆیان لە بارودۆخى سەختى ئابورى و دابەزینى بەهاى لیرە دەردەبڕن، بەڵام هیچ لایەنێکیش گوێ لەهاواری بەیروتیەکان ناگرێت.

بەیانى ئەمڕۆ دوشەمە جارێکى تر دانیشتوانى بەیروت بەبۆنى ئاگرى تایە سوتاوەکان و هاوارى ناڕەزایەتى خۆپیشاندەران و گرتنى شەقامە سەرەکیەکان رۆژەکەیان دەستپێکرد.

خۆپیشاندانى ئەمڕۆ ناوى دوشەمەى توڕەیی لێنرا، وەڵامدانەوەیەک بو بۆ بانگەوازى ئەنجامدانى خۆپیشاندان و دەبڕینى نارەزایەتى لەپاى بێباکیی دەسەڵاتداران لە بەرزبونەوەى بەردەوامى نرخ و دابەزینى بەهاى لیرەى لوبنانیی.

لەسەرەتاى ئەم مانگەوە لیرەى لوبنانیى نزمترین نرخى خۆى لەبەرامبەر دۆلار تۆمار کرد، (10) هەزار لیرە بەرامبەر یەک دۆلارى ئەمەریکى لەبازاڕى رەشدا، ئەمەش خراپترین دۆخە تا ئێستە دراوى ئەو وڵاتە لەبەرامبەر دۆلار تۆمارى کردبێت.

قەیرانى دارایی و ئابورى لوبنان بۆ سەرەتاى ساڵى (2019) ئەگەڕێتەوە، لەو ساڵەدا زۆرێک لە بانکەکان مایەپوچبونى خۆیان راگەیاند و چینى ناوەندى لوبنان زیانێکى گەورەی بەرکەوت، بەڵام بەهۆى دەستەوسانى سیاسیەکانى لوبنان لە چارەسەرکردنى قەیرانەکە، بارودۆخى وڵات رۆژ بەرۆژ خراپتربو.

سەرەڕاى چەندین هەوڵى نێودەوڵەتیی بۆ دەربازکردنى لوبنان لەو دۆخەى تێى کەوتوە بەتایبەت دواى تەقینەوە گەورەکەى بەنداوى بەیروت لە (2020) و هەڵوەشانەوەى حکومەت، بەڵام هێشتا دۆخى لوبنان رو لە خراپترینە و دابەشبونە سیاسیەکانیش ئەوەندەى تر چارەسەریان دورخستۆتەوە، پاساوى دەسەڵاتدارانیش لە بەردەوامیی خراپبونى دۆخى دارایی بڵاوبونەوەى پەتاى کۆرۆنایە، بەو پێیەى لوبنان وڵاتێکە زیاتر پشت بە کەرتى گەشتیاریی دەبەستێت بۆ تێر و پڕکردنى ئابوریەکەى.

بانگەوازە پزیشکیەکان
بەپێى راپۆرتى سکاى نیوز عەرەبى، بەشێکى زۆر لە رێگاو بانەکانى بەیروتى پایتەخت ئەمڕۆ دوشەممە بە تەپۆڵکەى دروستکراو لە خۆڵو ئاگر بەردان لە تایە لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە گیران، ئەمەش ئاستەنگى هاتوچۆى دروستکردوە و کێشەى بۆ پڕۆسەى پێدانى ڤاکسینى کۆرۆنا بە لوبنانیەکان دروستکردوە.

لەچەند رۆژى رابردودا میدیاکان دیمەنێکی جەرگ بڕیان لە بەیروتى پایتەختەوە بڵاو کردەوە، لوبنانیەکان شەڕ لە سەر وەرگرتنى قوتوى شیر دەکەن، ئەمەش ناخۆشترین دیمەنى ئەو وڵاتە بو کە لەساڵانى پێشودا بە بوکى رۆژهەڵات ناسرابو.

سەرلەبەیانى ئەمرۆش لایەنە پەیوەندیدارە پزیشکیەکان بانگەوازیی خۆپیشاندەرانیان کرد رێگا سەرەکیەکانیان بکەنەوە، لەپێناو گەیشتنى ئەو هاوڵاتیانەى وادەى بینینى پزیشکیى پێشوەختیان هەیە، هەروەها ئەوانەى وادەى وەرگرتنى ژەمى دوەمى ڤاکسینى کۆرۆنایان هەیە.

لە لوبنان پڕۆسەى پێدانى ڤاکسینى کۆرۆنا دەستى پێکردوە، بەشێک لەوانەى ژەمى یەکەمى ڤاکسینەکەیان وەرگرتوە، دەبێت ژەمى دوەم لەکاتى خۆیدا وەربگرن، لایەنە پەیوەندیدارەکان هۆشدارى دەدەن ئەگەر ئەو کەسانە لەکاتى خۆیا ژەمى دوەم وەرنەگرن پڕۆسەکە شکست دێنێت.

لایەنە پزیشکیەکان هۆشدارى دەدەن ئەگەر رێگا سەرەکیەکان نەکرێنەوە و هاوڵاتیان بەئاسانى نەگەنە بنکە پزیشکیەکان و بنکەکانى وەرگرتنى ڤاکسین، ئەوا پڕۆسەى وەشاندنى ڤاکسین لە لوبنان شکست دێنێت، ئەمە لەکاتێکدا لوبنان دەیان ملیۆن دۆلارى بە کڕینى ڤاکسین داوە.

لەلایەکى ترەوە کۆمپانیاکانى گەیاندنى ئۆکسجینیش بەهۆى گرتنى رێگاکانەوە کێشەیان بۆ دروستبوە و ناتوانن ئۆکسجین بگەیەننە توشبوانى کۆرۆنا.

چاودێرانى بارودۆخى لوبنان پێیان وایە ئاگرى شەقامى لوبنان بە ئاسانى دانامرکێتەوە ئەگەر بێت و چارەسەرێکى بەپەلە بۆ دۆخى ئابورى نەدۆزرێتەوە و ئاسایشى لوبنان لە گرێژنە دەردەچێت.

لە پاش بەهارى عەرەبى ناوبەناو شەپۆلێکى خۆپیشاندان وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەگرێتەوە و دەنگدانەوەى گەورە لەمیدیاى جیهانیدا دروستدەکات، بەڵام ئەمجارەیان لوبنان بە سکى برسى و بەتەنها خۆپیشاندان دەکات، هیچ لایەکیش بەدەم هاوارى گەلێکەوە ناچێت کە قوربانیی دابەشبونى سیاسى و ململانێى هەرێمایەتیى و نێودەوڵەتیە.