کوردستان 06:07 - 07/03/2021

وێنە؛ پاپا نوێژی گەورەی لە هەولێر ئەنجامدا

+ -
(سبەی):

بە ئامادەبونی هەزاران کەس و بەرپرسانی حیزبی و حکومی، پاپای ڤاتیکان نوێژی گەورەی یەکشەممەی لە یاریگای فرانسۆ هەریری لە شاری هەولێر ئەنجامدا.

دوای سەردانەکەی بۆ موسڵ و بەسەرکردنەوەی مەسیحییەکانی ئەو شارە و ئەنجامدانی مەراسیمی نوێژ و دوعا لە کەنیسەیەکی دێرینی ئەو شارە، پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیکان گەڕایەوە شاری هەولێر و بە ئامادەبونی بەرپرسانی حکومی و حیزبی نوێژی گەورەی یەکشەممەی لە یاریگای فرانسۆ هەریری لە شاری هەولێر ئەنجامدا و ژمارەیەک رێوڕەسمی ئاینی و دوعای تایبەتی شوێنکەوتوانی مەسیحی ئەنجامدا.

پاپای ڤاتیکان وتارێکی تایبەتی پێشکەش کرد و رایگەیاند: لێرە لە عێراق، ژمارەیەکی زۆر لە براکانتان برینی توندوتیژیی و جەنگیان هەیە، پێویستە بە هێز و داناییە روبەڕوی ببینەوە، پێویستە ویستی دەسەڵاتخوازی لە دڵمان دەربهێنین.

وتیشی :"دەبێت دڵێکی پاک و بێگەردمان هەبێت لە درۆ و دوپێوانەیی، کە هەمومان بەشێکیمان هەیە".

ئاماژەی بەوەکرد؛ کەنیسە لە عێراق زیندوە، مەسیح زیندوە، ئارامی و دانبەخۆداگرتنی ئێوە وای لێکردم سەردانی عێراق بکەم.

پاپای ڤاتیکان وتیشی :" لە ناخی دڵمەوە سوپاسی کورد و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم".

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان گەیشتە هەولێر و لەلایەن بەرپرسانی هەرێمەوە پێشوازی لێکرا و دواتر لە هەولێرەوە چوە موسڵ بۆ بەسەرکردنەوەی مەسیحی و کەنیسەکانی ئەو شارە و ئەنجامدانی چەند مەراسیمێکی ئاینی، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆش گەڕایەوە هەولێر و بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ کۆتایی بەسەردانەکەی بهێنێت و لە رێگەی فڕۆکەخانەی بەغداوە بگەڕێتەوە ڤاتیکان.

رۆژی هەینی رابردو، پاپای ڤاتیکان بە سەردانێک گەیشتە بەغدا، دوا کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، چوە شاری نەجەف و لەگەڵ عەلی سیستانی مەرجەعی شیعەکان کۆبوەوە، پاشان چوە شاری ئور زێدی لە دایکبونی پێغەمبەر ئیبراهیم بەشداریی مەراسیمی دیداری ئاینەکانی کرد.