(سبەى):
پێش (22) ساڵ لەمەوبەر،
رێکخراوى یونسکۆ (21)ـى شوباتى هەمو ساڵێکى وەک رۆژى جیهانیی زمانى دایک بەمەبەستى
هەبونى مافى خوێندنى زمانى دایک لە هەمو جیهاندا ناساند.
لە ساڵى (1952) کۆمەڵێک
لە گەنجان و خوێندکارانى وڵاتى بەنگلادیش کە ئەوکات بەشێک بو لە وڵاتى پاکستان، بۆ
نارەزایەتى بە بڕیارى وڵاتى پاکستان سەبارەت بە بەرەسمى ناسینى زمانى ئۆردو و پەراوێز
خستنى زمانى بەنگالى خۆپیشانادانێکى ناڕەزتیەتییان ئەنجامدا و لەو خۆپیشاندانەشدا
چوار کەس گیانیان لە دەست دا.
ئەم روداوە بوە
هەوێنى داننان و دانانى رۆژێکى تایبەت بە زمانى دایک و لەسەر پیشنیارى بەنگلادیش
لە ساڵى (1999) ئەو رۆژە لە لایەن یونسکۆ رێکخراوى کولتورى _ کۆمەڵایەتى نەتەوەیەکگرتوەکان
وەک رۆژى زمانى دایک بە فەرمى ناسێندرا.
مافى خوێندن بە زمانى دایک لە مافە سەرەتاییەکانى گشت کەسێکە کە لە لایەن
سەرجەم رێکەوتننامەکانى مافى مرۆڤ وەکو مافێکى سروشتى بە فەرمى ناسراوە و لە بەندى
(30) ئەو رێککەوتننامەیەدا دەوڵەتەکان ناچار دەکات کە لە ئەگەرى بونى کەمایەتى
نەتەوەیی و مەزهەبى مناڵانى ئەو نەتەوانە دەبێ لە مافى خوێندن و بەرێوەبردنى
رێورەسمى ئایینى خۆیان ئازاد بن.
زمانى دایک بۆ هەر نەتەوەیەک کاریگەرترین هۆکارى پاراستنى دەسکەوتە مادى و
مەعنەویەکانە و پاراستنیشى پاراستنى شوناس و بەردەوام بون و پارێزگارییە لە کولتور
و فەرهەنگى نەتەوەکە.
لە جیهاندا زیاتر لە حەوت هەزار
زمان هەیە، زمانى کوردیش زیاتر لە (40) ملیۆن کەس قسەى پێدەکات، بەڵام بەهۆى داگیركردنی كوردستان و دابەشكردنی بۆ چەند
پارچەیەك، هەروەها قەدەغەكردنی خوێندن و نوسین بە زمانەكە لە بەشێكی ئەو وڵاتانەی
كوردستانی بەسەردا دابەشكراوە بۆتە یەكێك لە كێشەكان بۆ زمانی كوردی، بۆیە پێویستە
گرنگییەكی زیاتری پێبدرێت و بەتایبەت لەڕووی دانانی زمانێكی ستاندارد، چونكە
دەبێتە هۆی زیاتر بەهێز كردن و بڵاوبونەوەی زمانەكە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و جیهانی.