کوردستان
12:20 - 21/12/2020
بەهار مەحمود: (840) فەرمانبەرمان گەڕاندنەوە بۆ نوسینگەکانی کۆمیسیۆن لە هەرێمی کوردستان
(سبەی):
پەرلەمانتارێکی
فراکسیۆنی گۆڕان رایگەیاند: رەزامەندیی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانیان
وەرگرتوە، بۆ گەڕاندەوەی فەرمانبەران بۆ ئۆفیسەکانی کۆمسیۆن لە پارێزگاکانی هەرێمی
کوردستان.
د.بەهار مەحمود
پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان و ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
رایگەیاند: دوای هەوڵ و ماندوبونێکی زۆر و چەندینجار سەردانیکردن و بانگهێشتکردنی
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبزاردنەکان، توانیمان دوای پەسەندکردنی یاسای پاڵپشتی دارایی
هەڵبژاردنەکان، رەزامەندی وەربگرین بۆ گێرانەوەی فەرمانبەرانی گرێبەستی کۆن لە کۆمیسیۆن
لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، بە جۆرێک ژمارەی فەرمانبەرانی هەر وێستگەیەک لە سێ
کەسەوە دەکرێتە هەشت فەرمانبەر، هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق بە گرێبەست
دادەمەزرێن.
پێشتر بە پاساوی
ئەوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، لە هەر
نوسینگەیەکی کۆمسیۆن پێنج فەرمانبەر دورخرابونەوە، بەڵام لەبەرئەوەی بڕیارە مانگی
حوزەیرانی ساڵی داهاتو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجام بدرێت، بۆیە
فەرمانبەرانی نوسینگەکانی کۆمسیۆن لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێنەوە سەر
کارەکانیان.
بەپێی ئەو
بڕیارە (840) فەرمانبەری گرێبەست دەگەڕێنرێنەوە بۆ ئۆفیس و نوسینگەکانی کۆمسیۆنی
باڵای هەڵبژاردنەکان، لە هەرێمى کوردستان (168) نوسینگەى کۆمیسۆنى باڵاى هەڵبژاردن
هەیە کە (53) نوسینگە لە هەولێرە و (265) کارمەند بەر ئەو نوسینگەیە دەکەوێت، (73)
نوسینگە لە سلێمانییە و (365) کارمەند بەر ئەو نوسینگەیە دەکەوێت، (42) نوسینگە لە
دهۆکە و (210) کارمەندیش بەر ئەو نوسینگەیە دەکەوێت.
بەوتەی بەهار
مەحمود، لە پاریزگاکانى دیکەى عێراق لە هەر نوسینگەیەکى کۆمیسیۆنى باڵا هەشت کارمەند
و فەرمانبەری هەیە، بەڵام لە هەرێم تەنها سێ کارمەند هێڵراوەتەوە و لە دواى ئەو بڕیارەشەوە
و بەدیاریکراوى دواى سەری ساڵ هەر نوسینگەیەکى هەرێم پێنج فەرمانبەرى بۆ دەگەڕێتەوە
هاوشێوەى نوسینگەکانى دیکەى عێراق، دوای پشوی سەری ساڵ ئەو فەرمانبەرانە بۆ نوسینگەکانی کۆمیسیۆن دادەمەزرێن، بە پلەی یەکەم ئەو کەسانە
دەگرێتەوە کە پێشتر لەو نوسینگانە بە گرێبەست کاریان کردوە و دورخرابونەوە.