(سبەی):
ژمارەیەک پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان هەڵوێستی خۆیان لەبارەی دۆخی ئەمڕۆ
و خۆپیشاندانەکان دەخەنەڕو و مانگرتن لە پەرلەمانی کوردستان دەستپێدەکەین لە پێناو ئامانجی خۆپیشاندەران
و چاکسازی گشتگیرو ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمان.
ئەمڕۆ
چوارشەممە، ژمارەیەک لە پەرلەمانتاری فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانی کوردستان لە
راگەیەندراوێکدا هەڵوێستی خۆیان لەبارەی خۆپیشاندانەکان خستەڕو و جەختیان کردەوە کە دژی
توندوتیژین، بەڵام كە گەیشتە توندوتیژیی، خوێنی مرۆڤێكمان زۆر لا پیرۆزتر و گەورەترە
لە پەنجەرە و دەرگای بارەگایەكی حزبیی و، دەبێت بەرپرسانی حزبیی و حكومیی، بەرپرسانەتر
مامەڵە لەگەڵ ناڕەزاییەكانی شەقام دا بكەن ئەم خوێنڕشتن و توندوتیژیە كۆتای پێبهێنرێت.
هەروەک داوا لەسەرجەم
حیزبەکان دەکەن، لەو شار و شارۆچكانەدا كە گرژیی و ئاڵۆزییان تێدایە، بارەگاكانیان
چۆڵبكەن و خۆیان بەدوربگرن لە روبەڕوبونەوەی خۆپیشاندەران و نەهێڵن ئاگری خۆپیشاندانەكان
زیاتر پەرەبسێنێت.
ئەو پەرلەمانتارانە داوا لە خۆپیشاندەران
دەکەن، شێوازی
ئاشتییانە بگرنە بەر بۆ داواكردنی مافە رەواكانیان، وەك چۆن دەربڕینی ناڕەزایی،
مافێكی پیرۆزە و پشتیوانییان داوایان لێدەكەین داوا دەکەین خۆیان بپارێزن لە
توندوتیژیی و سوتاندنی شوینە گشتییەكان، كە موڵكی گشتیین.
هەڵوێستی بەشێک
پەرلەمانتاران لەسەر دۆخی ئەمڕۆی كوردستان و خۆپیشاندانەكان و پەكخستنی پەرلەمان
جەماوەری ستەمدیدەی
كوردستان
كەسوكاری سەربەرزی
شەهیدان و ئەو گەنجە غەدر لێكراوانەی بە ناهەق لە خۆپیشاندانەكاندا و لەسەر
داواكردنی مافە رەواكانیان شەهیدكران
خۆپیشاندەرانی ئازیز
ئێمەی پەرلەمانتارانی
كوردستان، وێڕای سوربونمان لەسەر یەكدەنگیی و بەرگریكردن لە مافە رەواكانی خەڵكی
كوردستان و پێداگریمان لەسەر باشكردنی ژیان و گوزەرانیان و هەروەها چارەسەركردنی قەیرانی
موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، بەم راگەیاندراوە فەرمییە، هەڵوێستی خۆمان بۆ
رایگشتیی كوردستان رادەگەیەنین:
1- سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێم خەمساردن
لە چارەسەركردنی ئەو قەیرانە دروستكراوانەی خۆیان بونەتە ئەندازیاری دروستكردنی و
هەرێمی كوردستانیان نغرۆی كارەساتی گەورەی دارایی و ئابوریی كردوە، كەچی هێشتا بەردەوامن
لە برسیكردنی خەڵك و ناشەفافییەتی داهاتەكانی نەوت و شاردنەوەی گرێبەستەكان و
قاچاخچێتیی لە سنورەكاندا، لەكاتێكدا رۆژانە گەنجی غەدر لێكراو و بێكاریش بە گولـلە
شەهید دەكرێن.
2- ئێمە دژی توندوتیژین، بەڵام كە گەیشتە
توندوتیژیی، خوێنی مرۆڤێكمان زۆر لا پیرۆزتر و گەورەترە لە پەنجەرە و دەرگای بارەگایەكی
حزبیی، دەبێت بەرپرسانی حزبیی و حكومیی، بەرپرسانەتر مامەڵە لەگەڵ ناڕەزاییەكانی شەقام
دا بكەن ئەم خوێنڕشتن و توندوتیژیە كۆتای پێبهێنرێت، داوایش لەهێزە ئەمنییەكان دەكەین،
خۆپیشاندەرانیش رۆڵەی ئەم هەرێمەن و ئەو غەدرەی لەوان كراوە و لەسەری دێنە سەر شەقام،
هەمان غەدر لەئێوەیش كراوە بۆیە لولەی تفەنگەكانتان لە بەرانبەریاندا رامەگرن.
3- داواكارین لە سەرجەم حیزبەكان، لەو شار
و شارۆچكانەدا كە گرژیی و ئاڵۆزییان تێدایە، بارەگاكانیان چۆڵبكەن و خۆیان بەدوربگرن
لە روبەڕوبونەوەی خۆپیشاندەران و نەهێڵن ئاگری خۆپیشاندانەكان زیاتر پەرەبسێنێت.
4- بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی
كوردستان، یاداشتێك ئاڕاستەی دەستەی سەرۆكایەتی
پەرلەمان دەكەین بۆ ئەوەی بەزوترین كات كۆببینەوە و حكومەت بێتە پەرلەمان بۆ ئەوەی
حكومەت مولزەم بكرێت چاکسازی ریشەیی بکات لە دۆسیەی نەوت و گەندەڵیی و قاچاخچێتیی
و دۆسیەی باج و کۆمپانیاکاری و چارەسەری ریشەی كیشەی موچەی فەرمانبەران و رێكکەوتنی
فیعلی لەگەڵ حكومەتی ناوەند و کۆتایی ھێنان بە توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران.
5- داوا لە خۆپیشاندەران دەكەین، شێوازی
ئاشتییانە بگرنەبەر بۆ داواكردنی مافە رەواكانیان، وەك چۆن دەربڕینی ناڕەزایی، مافێكی
پیرۆزە و پشتیوانییان داوایان لێدەكەین داوا دەکەین خۆیان بپارێزن لە توندوتیژیی و
سوتاندنی شوینە گشتییەكان، كە موڵكی گشتین.
جەماوەری دڵسۆزی
كوردستان
بەڵێنتان بۆ
دوپاتدەكەینەوە هەمیشە پشتیوان دەبین بۆ جێبەجێكردنی داخوازییەكانتان و ھەمو رێکارێکی
پەرلەمانی و مەدەنی لەم پێناوەدا دەگرینەبەر، بڕیارماندا بە مانگرتن لە پەرلەمانی
کوردستان لە پێناو ئامانجی خۆپیشاندەران و چاکسازی گشتگیرو ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمان.
لە پشتیوانیکردنی
ناڕەزاییەکان بەردەوام دەبین، تا ئەوكاتەی ئاسۆیەكی راستەقینە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی
خەڵكی كوردستان دەردەكەوێت و پەرلەمان كارادەكرێتەوە و كۆتایی بەم دۆخە نەخوازراوە
دەهێنرێت.
داوادەکەین سەرجەم
پەرلەمانتاران پشتیوانی خواستی دەنگی ناڕەزایی خەڵکی کوردستان بکەن .
بەشێک پەرلەمانتارانی
پەرلەمانی كوردستان
9/12/2020