(سبەی):
بزوتنەوەی گۆڕان
و یەکێتی نیشتیمانی بەپێوستی دەزانن، بەپەلە وەفدێکی خاوەن بڕیاری حکومەتی ھەرێم پێکبھێنرێت
و بچێتە بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چارەسەرکردنی ریشەیی و کۆتایی کێشەی بودجە و
موچەی و یاسای بودجەی عێراق.
ئەمڕۆ یەکشەممە،
کۆبونەوەی لوتکەی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەڕێوەچو، لە راگەیەندراوی
کۆتایی کۆبونەوەکەدا پێشوازی لەھەنگاوەکانی بەرەوپێشچونی سیستمی لامەرکەزی کارگێڕی
و دارایی کرا و هەروەک هاوڕابون لەسەر زەمینەخۆشکردن بۆ کۆبونەوەی لایەنە سیاسیەکانی
کوردستان و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی روبەڕوی
واقیعی ھەرێم و عێراق دەبێتەوە.
وەفدی بزوتنەوەی
گۆڕان بە سەرۆکایەتی عومەر سەید عەلی رێکخەری گشتی و ژمارەیەک لە ئەندامانی خانەی
راپەڕاندن و جڤاتی نیشتیمانی لەگەڵ وەفدی باڵای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی
بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکان و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کۆبونەوە و دواتر راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە
کە ئەمە دەقەکەیەتی:
راگەیاندراوی رۆژنامەوانی
ئەمڕۆ یەکشەممە
(29/11/2020) کۆبونەوەی لوتکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لە دەباشان
بەڕێوەچو.
تەوەری سەرەکی کۆبونەوەکە
گفتوگۆکردن بو، لەسەر دواین گۆڕانکاری و پێشھاتە سیاسی و ئابورییەکانی ھەرێم و عێراق،
بەتایبەت خراپی بژێوی ژیانی ھاوڵاتیان و موچەخۆرانی ھەرێم، کە بەرئەنجامی قەیرانی
دارایی و بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دروست بوە، دواتریش بەدیارکراوی دوای دەرکردنی
یاسای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پەیوەندیدار بە کورتھێنانی بودجە و وەرگرتنی قەرز
قەیرانەکە قوڵتربوەتەوە .
سەڕەڕای جەختکردنەوە لەتوندو تۆڵکردنی پەیوەندی نێوان ھەردولا، بەپێویست
زانرا ھەنگاوی کرداری خێرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بنرێت، ھەروەک ھاوڕابوین لەسەر
ئەم بڕیارانەی خوارەوە:
1- بەپەلە وەفدێکی خاوەن بڕیاری حکومەتی ھەرێم
پێکبھێنرێت و بچێتە بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چارەسەرکردنی ریشەیی و کۆتایی کێشەی
بودجە و موچەی ھەرێمی کوردستان، لەھەمانکاتدا ئەم ھەنگاوە ببێتە بناغەیەکی پتەو بۆ
یاسای بودجەی (2021)ی فیدڕاڵی.
2- پێشوازی لەھەنگاوەکانی بەرەوپێشچونی سیستمی
لامەرکەزی کارگێڕی و دارایی دەکەین، ھەروەک لەکارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمدا
ھاتوە.
3- زەمینەخۆشکردن بۆ کۆبونەوەی لایەنە سیاسیەکانی
کوردستان و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی روبەڕوی
واقیعی ھەرێم و عێراق دەبێتەوە.
یەکێتیی نیشتمانیی
کوردستان بزوتنەوەی گۆڕان