جیهان 04:52 - 15/11/2020

ترەمپ: بایدن بە ساختەکاریی هەڵبژاردنی بردوەتەوە

+ -

(سبەی):
دوای زیاتر لە (12) رۆژ لە بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەکان، دۆناڵد ترەمپ دانی بە شکستی خۆیدا دەنێت و دەڵێت: بایدن بە ساختەکاریی هەڵبژاردنی بردوەتەوە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا و کاندیدی پارتی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، دانی بە سەرکەوتنی جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان و رکابەری سەرەکییدا نا و رایگەیاند: هەڵبژاردنەکەی بە ساختەکاریی بردوەتەوە.

ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر و لە وەڵامی راپۆرتێکی کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمەریکی سەبارەت بە چۆنیەتی بردنەوەی جۆ بایدن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، نوسیویەتی: بایدن پێش هەڵبژاردن باوەڕی بەوە هەبو کە دەیدۆڕێنێت، بەڵام بردیەوە چونکە هەڵبژاردنەکە ساختە بو.

ترەمپ جارێکی دیکە دوپاتیکردەوە؛ رێگریی لە چاودێران و سەرپەرشتیارانی پارتەکەی کراوە چاودێریی جیاکردنەوەی دەنگەکان بکەن، چونکە کۆمپانیای (دۆمینیۆن) سەرپەرشتی جیاکردنەوەی دەنگەکانی کردوە کە (چەپێکی توندڕەوە) و (ناوبانگێکی خراپی) هەیە.

ترەمپ رایگەیاندوە: ئەو کێشە هونەرییانەی لە رۆژی دەنگداندا هەبو، ئاماژەیەکی رون بو بۆ دزینی دەنگەکان، دەنگدان لە رێگەی پۆستەوە یارییەکی ناشرین بو.

دوای بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە رۆژی سێی ئەم مانگە و بردنەوەی جۆ بایدن بە جیاوازییەکی زۆر، ئەوە یەکەمجارە دۆناڵد ترەمپ بەوشێوەیە دان بە سەرکەوتنی بایدندا بنێت، بەردەوام جەختی دەکردەوە کە خۆی سەرکەوتوە و ساختەکاریی و دزی زۆر لە دەنگەکاندا کراوە.