کوردستان 02:15 - 22/10/2020

جوتیار عادل: پێویست دەكات حكومەتی فیدراڵ رەچاوی قەیرانی سەختی دارایی هەرێم بكات

+ -

(سبەی):

وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند: هەرێمی کوردستان پابەندی كەمكردنەوەی بەرهەمی نەوتی خاو بوە لەژێر رۆشنایی بڕیارەكانی ئۆپێك پڵەس و بەشێوەیەكی دادپەروەرانە و بەو بڕەی لەكێڵگەكان بەرهەم هێنراوە.

جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رونکردنەوەیەکدا رایگەیاند: حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ لارییەکی لە كەمكردنەوەی بەرهەم نییە بەپێی رێژەیەكی دادپەروەرانە كە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ رێككەوتنی لەسەر بكرێت بەرانبەر ئەوە حكومەتی فیدراڵ بڕی شایستەی هەرێمی كوردستان دابین بكات لەو پارەیەی لەئەنجامی ئەم كەمكردنەوەیە لەدەستی دەدات، بەپێچەوانەوە هەرێم ناتوانێت كاروباری خۆی بەڕێوە ببات و ناشتوانێت خەرجیە سەرەكیەكانی خۆی دابین بكات لەسەروی هەموشیانەوە موچەی فەرمانبەران .

ئەوەیخستوەتەڕو کە؛ بودجەی دابینكراو بۆ بەشێك لەقەرەبوی فەرمانبەران لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە لە (450) ملیارەوە بۆ (320) ملیار دینار مانگانە كەم كرایەوە، ئەمە جگە لەدابەزینی ئاستی داهاتی غەیرە نەوتی بەهۆی كاریگەریەكانی پەتای كۆرۆنا (كوفید19) و نەناردنی بەشە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بۆ مانگی پێنج وشەش وحەوتی (2020)، ئەم بارودۆخە پێویستی بەوە دەكات حكومەتی فیدراڵ رەچاوی قەیرانی سەختی دارایی هەرێمی كوردستان بكات كە لە شوباتی (2014)ەوە پێیدا تێدەپەڕێت.

رونکردنەوەیەک لە وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پابەندبونی حکومەتی هەرێم بە رێككەوتنی ئۆپیک پڵەس

حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندی كەمكردنەوەی بەرهەمی نەوتی خاو بوە لەژێر رۆشنایی بڕیارەكانی ئۆپێك پڵەس (+OPEC ) بەشێوەیەكی دادپەروەرانە و بەو بڕەی لەكێڵگەكان بەرهەم هێندراوە.

وەك ئاشكراشە بەرهەمی نەوتی خاو لەهەرێمی كوردستان رێژەكەی لە 10% تێپەڕ ناكات لەكۆی بەرهەمی گشتی عیراق.

حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ لارییەکی لە كەمكردنەوەی بەرهەم نییە بەپێی رێژەیەكی دادپەروەرانە كە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ رێككەوتنی لەسەر بكرێت بەرانبەر ئەوە حكومەتی فیدراڵ بڕی شایستەی هەرێمی كوردستان دابین بكات لەو پارەیەی لە ئەنجامی ئەم كەمكردنەوەیە لەدەستی دەدات، بەپێچەوانەوە هەرێم ناتوانێت كاروباری خۆی بەڕێوەببات و ناشتوانێت خەرجیە سەرەكیەكانی خۆی دابین بكات لەسەروی هەموشیانەوە موچەی فەرمانبەران .

هەروەها بودجەی دابینكراو بۆ بەشێك لە قەرەبوی فەرمانبەران لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە لە 450 ملیار بۆ 320 ملیار دینار مانگانە كەم كرایەوە، ئەمە جگە لەدابەزینی ئاستی داهاتی غەیرە نەوتی بەهۆی كاریگەریەكانی پەتای كۆڕۆنا (كوفید- 19) ونەناردنی بەشە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بۆ مانگی پێنج وشەش وحەوتی 2020.

ئەم بارودۆخە پێویستی بەوە دەكات حكومەتی فیدراڵ رەچاوی قەیرانی سەختی دارایی هەرێمی كوردستان بكات كە لە شوباتی 2014ـەوە پێیدا تێدەپەڕێت.

ئەوەی شیاوی باسە، لەم بارەیەوە لەرۆژی 18/4/2020 رێككەوتنێك لەنێوان حكومەتی فیدراڵ وحكومەتی هەرێمی كوردستان كراوە، شاندی حكومەتی فیدراڵەوە کە لە جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە – وەزیری نەوتەوە سەرۆكایەتی كرا و شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لەلایەن وەزیری دارایی وئابوریەوە سەرۆكایەتی كرا، ئەم رێككەوتنە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا راگەیەندرا و هەردولاش دوپاتیان کردەوە كە پێویستە رەچاوی دادپەروەری بكرێت لە دەستنیشانكردنی رێژەی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە هەرێمی كوردستان و لەسەر بنەمای رێژەی كۆی بەرهەمی نەوتی خاوی عیراقەوە بێت و نەبێتە هۆكارێك بۆ زیانی زیاتری ماددی بۆ هەرێمی كوردستان.

د.جوتیار عادل
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
22 ئوکتۆبەر 2020