ئەو نەخشەیەی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لەسەر بنکە سەربازییەکانی بڵاوی کردەوە

کوردستان 10:38 - 09/10/2020

تورکیا بنکەی سەربازیی زیاتر لە هەرێمی کوردستان دروست دەکات

+ -

(سبەی):
بەرپرسێکی سوپای تورکیا ئاشکرای کرد؛ وڵاتەکەی پلانی هەیە ژمارەیەک بنکەی سەربازیی نوێ لە سنورەکان و لەناو خاکی عێراق دروست بکات.

گۆڤاری فۆڕین پۆڵیسی ئەمەریکی لەسەر زاری بەرپرسێکی پلە باڵای سەربازیی تورکیاوە بڵاوی کردەوە: تورکیا (10) بنکەی سەربازیی لە عێراق دامەزراندوە، لە پێناو پاراستنی سنورەکانی پلانی هەیە ژمارەیەک بنکەی سەربازیی دیکە دابمەزرێنێت.

ئەوە لەکاتێکدایە رۆژی (7/7/2020) سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە تویتەر نەخشەیەکی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە، تیایدا (38) بنکەی سەربازیی خۆی لەناو خاکی هەرێم ئاشکرا کرد کە هێزەکانی تێدا بڵاوکردوەتەوە، لەگەڵ ئەو ناوچانەی کە وەک بنکە و بارەگای پەکەکە دەستنیشانی کردون.

نەخشەکە دوا زانیاریی لەسەر ئەو بنکانە تێدایە کە ئەو رۆژە لەناو خاکی هەرێمی کوردستان و لەناوچە جیاوازەکانی جێگیریان کردون کە  لە باکوری رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستانەوە تا سنوری زاخۆ لە باکوری رۆژئاوای هەرێمی کوردستان لەخۆدەگرێت، هاوکات سێ خاڵی سەربازیشی لە نزیک هەولێر و باشیک و دهۆک دەستنیشان کردوە.

ئەوە لەکاتیکدایە کە وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە رۆژی (15)ی مانگی حوزەیران ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی لەژێر ناوی (چڕنوکی هەڵۆ) بۆ سەر سنورەکانی هەرێمی کوردستان بە پاساوی بونی بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان دەستپێکرد، دو رۆژ دوای ئەوەش ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی بەناوی (چنگی پڵنگ) لە ناوچەی حەفتانین لە سنوری زاخۆ دەستپێکرد و تائێستاش بەردەوامە.