جیهان 04:16 - 27/09/2020

تورکیا، چەکدارانی میلیشیا سورییەکان دەنێرێتە ئازەربایجان

+ -

(سبەی):
تورکیا یەکەم کاروانی چەکدارانی گروپە سورییەکان دەنێرێتە ئازەربایجان، بۆ روبەڕوبونەوەی ئەرمینیا.

روانگەی سوریی بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، کاروانی یەکەم لە چەکدارانی میلیشیا سورییە توندڕەوەکان لەلایەن تورکیاوە گەیەندراونەتە ئازەربایجان، گروپەکەش لە شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستانەوە کۆکراونەتەوە و گەیەندراونەتە ئازەربایجان.

بەپێی روانگەی سوریی، لەماوەی سێ رۆژی رابردودا (300) چەکداری سوریی سەر بە تورکیا کە زۆرینەیان لە گروپی (سوڵتان موراد و عەماشات) بون، گەیەندراونەتە سنوریەکانی ئازەربایجان بۆ پشتیوانیی لە حکومەتی ئەو وڵاتە دژی ئەرمینیا کە ئێستا کێشەیان لەناوچە سنورییەکانی قەرەباخ هەیە.

روانگەی سوری ئاشکرای کردوە؛ هەر چەکدارێک مانگانە (1500) بۆ (2000) دۆلار وەردەگرێت، ئەگەر لەسەر بڕیاری تورکیا، بچێتە لیبیا یان ئازەربایجان.

دوێنێ شەممە، روانگەی سوریی بڵاوی کردەوە؛ دوای تەواوبونی ئەرکەکانیان (1400) چەکداری سوریا لە لیبیاوە گەڕاونەتەوە، لە کۆی (18) هەزار چەکداری گروپە سورییەکانی لایەنگری تورکیا، لەناویاندا (350) منداڵی خوار تەمەن (18) ساڵ هەن، لەو ژمارەیەش (2500) کەسیان هەڵگری رەگەزنامەی تونسیین.

روانگەی سوری بڵاوی کردەوە؛ تائێستا (8500) چەکداری گروپە سورییەکان، دوای تەواوبونی ئەرکەکانیان لە لیبیاوە گەڕاونەتەوە سوریا.

ماوەیەکە، لە ناوچەی قەرەباخی سنوری نێوان هەردو وڵاتی ئەرمینیا و ئازەربایجان ئاڵۆزی سەربازیی دروست بوە و هەردولا دەستیان بە لەشکرکێشی کردوە بۆ سەر سنورەکانیان، هەوڵەکانی وڵاتانی جیهان بۆ دورخستنەوەی هەدولا وڵاتە لە جەنگی و ئاڵۆزی، بەڵام حکومەتی تورکیا بە فەرمی پشتیوانیی ئازەربایجان دەکات و هێزی و کەرەستەی سەربازیی بۆ ئەو وڵاتە دەنێرێت.