(سبەی):
وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ تیمی
وەزاری گۆڕان دەنگی بە بڕینی رێژەی موچە نەداوە و دەشڵێت: ئەگەر لایەنەکانی ئەم
کابینەیە کار بۆ کۆتایی هێنان بەو دۆخە داراییە و بەهێزکردنی داهاتی ناوخۆ نەکەن، ئەم
نەهامەتیە درێژە دەکێشێت و چاکسازی ناکرێت، ئەوەش پێشێل کردنی بەرنامەی کابینەکەیە.
عەدنان عوسمان، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان و سکرتێری
جڤاتی نیشتیمانی رایگەیاند دوای ئەوەی دوێنێ دوشەممە (17/8/2020) حکومەتی هەرێم بڕیاری
دابەشکردنی موچەی بەداشکاندنەوە دا، ئێمە پێشتر دژ بەو هەنگاوە بوین و پەسەندمان نەکرد،
بەڵام بەڵێنی ئەوە درابوکە ئەمە کاتیە و تەنها بۆ یەکجارە، بۆیە تیمی وەزاری گۆڕان
هەفتەی رابردو وەک ئەوەی پێشتر بزوتنەوەکەیان بڕیاری دابو، دەنگیان بۆ ئەو رێژەی بڕینە
نەدابو.
وتیشی: سەرباری
نیگەرانی زۆرمان لەو هەنگاوە و دەستبردن بۆ قوتی موچەخۆران، پێمان وایە جدی نەبون
و پەلە نەکردن لە هەنگاوەکانی چاکسازی ریشەیی بە تایبەت لەبوارە گەورەکانی وەک نەوت
و دەروازەکان و قاچاخی سەرسنور و موچەخۆری وەهمی و دواکەوتنی رێکەوتنێکی هەمەگیر لەگەڵ
بەغدا، هۆکاری سەرەکی ئەو کورتهێنانەن.
وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان جەخت دەکاتەوە لەوەی ئەگەر لایەنەکانی ئەم کابینەیە بەئیرادەیەکی هاوبەش و خێرا
کار بۆکۆتایی هێنان بەو دۆخە داراییە و بەهێزکردنی داهاتی ناوخۆ کە سەرجەمی بڕژێتە
خەزینەی حکومەتەوە نەکەن، ئەوا ئەم نەهامەتیە درێژە ئەکێشێت و چاکسازیش ناکرێت، ئەوەش
پێشێلکردنی بەرنامەی راگەیەندراو وستراتیژی کابینەکەیە.