(سبەی):
دوای (15) ساڵ
لە تیرۆرکردنی و شەش ساڵ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە، دادگای لاهای بڕیاری کۆتایی لەسەر
دۆسیەی تیرۆرکردنی رەفیق حەریر دەدات.
ئەمڕۆ سێشەممە
دادگای تایبەت بە دۆسیەی لوبنان لە دادگای لاهای بڕیاری کۆتایی لەسەر تیرۆرکردنی
رەفیق حەریری سەرۆک وەزیرانی پێشوتری لوبنان دەردەکات، کە مانگی شوباتی ساڵی (2005)
لە رێگەی تەقینەوەیەکەوە لە بەیروتی پایتەختی لوبنان کرایە ئامانج.
دادگای پێکهێنراوی نەتەوە یەکگرتوەکان تایبەت بە لوبنان لە شاری لاهای، بە
فەرمی تۆمەتی ئاڕاستەی چوار ئەندامی حیزبوڵای لوبنانی کرد وەک ئەنجامدەری سەرەکیی
تەقینەوەکە کە لە رێگەی بارهەڵگرێکی بۆمبڕێژکراوەوە حەریریان کردە ئامانج.
سەرۆکی دادگای
تایبەتمەند بە لوبنان لە لاهای رایگەیاند: تۆمەتباران سەر بە حیزبوڵان، پێش
تیرۆرکردنی بە وردیی چاودێری حەریریان کردوە، سەلیم عەیاش و مستەفا بەدر تۆڕەکانی
پەیوەندیان بۆ هەماهەنگی تیرۆرکردنی حەریری بەکارهێناوە.
سەرۆکی دادگاکە
رایگەیاند: تەقینەوەکە بە ئامانجی سیاسی و تیرۆریستی بوە و (2.5) تۆن مادەی تەقینەوە
بەکارهێنراوە، بوەتە هۆی کوژرانی (21) کەس و بریندارکردنی (226) کەس.
بەڕێوەچونی
دانیشتنی دادگاییەکە و بڕیاری کۆتایی بۆ ماوەی دو هەفتە دواخرا، ئەوەش بەهۆی
تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت کە بوە هۆی کوژرانی (180) کەس و برینداربونی شەش هەزار
کەس و زیانگەیاندن بە زیاتر لە (250) هەزار خانو و شوێنی نیشتەجێ بون و زیانی (15)
ملیار دۆلار بە بەیروتی پایتەختی لوبنان.
پڕۆسەی دادبینی بۆ دۆسیەی تیرۆرکردنی رەفیق
حەریری لە ساڵی (2014) دەستیپێکردوە و (415) رۆژ دانیشتنی دادگا ئەنجامدراوە، گوێ
لە وتەی (297) شایەت وەرگیراوە، سەرەتا دۆسیەکە لەسەر پێنج ئەندامی حیزبوڵا
کرایەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی مستەفا بەدرەدین یەکێک لەسەرکردە سەربازییەکانی
حیزبوڵا لە ساڵی (2016) لە سوریا کوژراوە، دۆسیەکەی لە لاهای لەسەر تیرۆرکردنی
حەریری داخرا.
تۆمەتبارانی
سەرەکیی ئێستا پێکهاتون لە سەلیم عەیاش ناسراو بە ئەبو سەلیم، ئەسعەد سەبرا، حەسەن
عنێسی کە دواتر ناوی خۆی گۆڕیوە بۆ حەسەن عیسا و حەسەن حەبیب مەرعی، کە تۆمەتبارن
بە ئەنجامدانی ژمارەیەک تاوان لە ناویاندا کردەوەی تیرۆریستی و ئەمڕۆ بەشێوەیەکی غیابی دادگایی کران.
بەرزترین سزا کە
بەسەر ئەو تۆمەتبارانەدا بسەپێنرێت سزای زیندانیی هەتا هەتاییە، بەهۆی ئەوەی سزای
لە سێدارەدان لەو دادگایانە دەرناکرێت کە سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکانن یان ئەو
رێکخراوە پاڵپشتییان دەکات.