کوردستان 01:34 - 08/08/2020

وەزارەتی كارەبا: بە مەرج کارەبا دەدەینە عێراق

+ -

(سبەى):
وەزارەتى کارەباى هەرێم رایدەگەیەنێت؛ بە مەرجى کەمنەبونەوەى کارەباى هەرێم ئامادەین کارەبا بدەینە عێراق.

وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد؛ حکومەتی عێراق بەنیازە بڕە کارەبایەک لە ھەرێمی کوردستان و تورکیا بۆ شارەکانی خۆی رابکێشێت و لە ئەگەری ئەو کارە، مەرجی خۆمان دەبێت.

ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبا راگەیاند: "زانیاریمان پێ گەیشتوە کە حکومەتی عێراق بەرنامەی ھەیە بڕە کارەبایەک لە ھەرێمی کوردستان و تورکیا بکرێت بۆ ئەو مەبەستە ئەو بابەتەمان وەک وەزارەتی کارەبا تاوتوێ کردوە، بەڵێنمان داوە بە مەرج رێگا پێدانەکە بە بەغدا بدەین".

وتیشی: "نابێت ئەو کارەبا پێدانە ھیچ کاریگەریەکی لەسەر کەمکردنەوەی کارەبای نیشتمانی لە ھەرێمی کوردستان ھەبێت و بەغداش سوتەمەنی بۆ یەکە لەکارکەوتوەکانی کارەبای ھەرێمی کوردستان دابین بکات و کارەباکە لەو یەکانەوە ببات".

باسی لەوەکرد: "ھەرچەندە ئەو یەکانەی لەکار کەوتون تایبەت بە وەبەرھێنەرانە، بەڵام ھەرکات حکومەتی عێراق ئەو مەرجانەی جێبەجێ کرد و حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش رەزامەند بون، ئەوکات رێگای پێ دەدرێت".