کوردستان 03:46 - 30/04/2020

لە سلێمانی خواست لەسەر کولێرە و ناوساجی و ناوەشکێنە زیادی کردوە

+ -

(سبەی):
کولێرەی تەنور، ناوەشکێنە و ناوساجی یەکێکن لەو بەرهەمانەی لە سەردەمی کۆنەوە لە گوند و شارەکاندا، هاوڵاتییان پشتیان پێبەستوە بۆ رازاندنەوەی سەر سفرە و خوانەکانیان.

گەنمی گوندەکان لەلایەن جوتیارەکانەوە پاش دورینەوەیان دەبرانە لای ئاشەوانێک و دەکرایە ئارد و لەوێوە ژنانی گوند کولێرە، ناوەشکێنە و چەندین جۆری تر لە نانی سەر خوانەکانیان پێ دروست دەکرد.

ئێستا و دوای ماوەیەکی زۆر لە دابڕانی هاوڵاتییانی شارەکان لەو جۆرە نانە خۆماڵیانە، جارێکی تر دەگەڕێنەوە سەر هەمان رێچکە و خواست لەسەر کولێرە، ناوەشکێنە و ناوساجی زیاد دەکات.

سەلمان تۆفیق کە لە کوچێکی شەقامی مەولەوی شاری سلێمانی دوکانێکی بچوکی هەیە، ماوەی پێنج ساڵە سەرقاڵی ئەو پیشەیەیە و رۆژانە لەسەر خواستی کڕیاران کولێرە، ناوەشکێنە و ناوساجی دروست دەکات.

سەلمان باس لەوە دەکات کە هاوشێوەی جارانی سلێمانی و گوندەکان، ئاردی بۆر لە بەرهەمەکاندا بەکاردەهێنن.

رەشکە و شمڵی تێکەڵ بە هەویرەکە دەکەن، بەبێ بەکارهێنانی سۆدە، تاوەکو ماوەیەکی زۆرتر بمێنێتەوە بێ ئەوەی هیچ زیانێکی پێ بگات.

سەلمان تۆفیق دەڵێت "ناوەشکێنە بە رۆنێکی تایبەت دروست دەکرێت کە لە ئێرانەوە دەیهێنین و بە ئاردێکی بۆر هەویرەکەی دەشێلین، تاوەکو جیڕیەکی گونجاوی هەبێت، ئەمە جگە لەوەی کە بۆ تەندروستی باشترە لەچاو ئاردی سپیدا".

ئەوان کە ئاردی سفر لە دروستکردنی جۆرە نانەکانیاندا بەکارناهێنن، بەشێوەیەکی باش ئاگاداری رەوشی تەندروستیی هاوڵاتییان دەبن.

سەلمان تۆفیق باس لەوە دەکات کە خەڵک حەزی بەم جۆرە ئاردە بۆرە هەیە، هەم لە روی تەندروستییەوە هەم بۆ تامەکەشی کە جیاوازە و خواردنێکی کوردەوارییە.

باس لەوە دەکات کە بەهۆی رێکارە تەندروستییەکانەوە کارەکەیان کز بوە، بەڵام لەچاو رەمەزانی ساڵانی پێشودا بەو چەشنە کەمی نەکردوە بگرە زیادی کردوە.

سەلمان دەڵێت: لە ئێستادا رۆژانە (300) کولێرە و ناوەشکێنە دەفرۆشن لەگەڵ ناوساجی و جۆرەکانی تری کولێرەدا، لەکاتێکدا لە رۆژانی ئاساییدا و لە پێشوتردا پێش راگەیاندنی قەدەغەکردنی هاتوچۆ، رۆژانە (600) کولێرە و ناوەشکێنەیان فرۆشتوە و هۆکاری ئەوەشی گەڕاندەوە بۆ قەدەغەکردنی هاتوچۆ و رێکارە تەندروستییەکان لەکاتێکدا تاکو سەعات پێنجی ئێوارە دەتوانن کار بکەن.

ئەو وەستایە باس لەوە دەکات کە هەرزانی نرخەکەی، رەچاوکردنی تەندروستیی هاوڵاتییان، وای کردوە کە ژمارەیەکی زۆر خەڵک بۆ نانی بەیانیان و ئێوارانیش بە دیلیڤەری داوای بکەن و ئاماژە بەوە دەدات کە دو کولێرە دەدەن بە هەزار دینار.

 لە ئێستادا لە سەعات نۆی بەیانییەوە تا پێنجی ئێوارە کار دەکەن، ئەو بەرهەمانەی کە لە رۆژێکدا دروستی دەکەن دەبێت بیفرۆشن و نەمێنێتەوە.