راپۆرت 06:08 - 07/04/2020

ئەردۆغان لەبەردەم نەیارێکى سەرسەختدا

+ -

(سبەى):

بەرپرسانی حکومەتى تورکیا لەسەرەتاى قەیرانى دەرکەوتنى ڤایرۆسى کۆرۆنا، زۆر بە متمانەوە لێدوانیان دەدا و پێیانوابو دەتوانن بەسەر ئەو پەتایەدا سەربکەون، بەڵام ئۆپۆزسیۆنى ئەو وڵاتە دواى مانگێک لە دەرکەوتنى ڤایرۆسەکە و تەشەنەسەندنى، پێیوایە حکومەتى ئاکەپە لە تاقیکردنەوەى کۆرۆنادا شکستى هێناوە، چاودێرانیش لەوبڕوایەدان کە ئۆپۆزسیۆن دەیەوێت دۆخى کۆرۆنا بۆ سنوردارکردنى ئەردۆغان بقۆزێتەوە.

متمانەى بەرپرسانى حکومەتى تورکیا لە بۆشاییەوە نەهاتبو، بەڵکو پشتئەستوربو بەو ژێرخانە تەندروستیەى لە تورکیا بونیاد نراوە، بەڵام کۆرۆنا لەوە بەهێزتر و مەترسیدارتر دەرکەوت، هیچ سیستمێک بتوانێت خۆى لەبەردەمدا راگرێت و لەهیچ شوێنێک بوارێکى بۆ غرورو لەخۆرازى بون نەهێشتەوە.  

هەر لەسەرەتاوە حکومەتەکەى رەجەب تەییب ئەردۆغان هەمو جۆرە رێکارێکى بۆ روبەڕوبونەوەى کۆرۆنا لە وڵاتەکەى گرتەبەر، بەڵام لە زۆر شوێنیش قەدەغەى تەواوەتى هاتوچۆى رانەگەیاند، وەک گەورەشارى ئیستانبوڵ، بەڵکو لەبرى ئەوە پشتى بە پشکنینى زۆر و هاندانى خەڵک بۆ ئەنجامدانى پشکنین و وەرگرتنى چارەسەر بەست، نەخۆشخانە و شوێنى مانەوەى زۆرى بۆ توشبوان تەرخانکرد، بەشێوەیەک تانەى لە وڵاتانى ئەوروپا دەدا، بەڵام لەگەڵ هەمو ئەمانەشدا هێشتا کۆرۆنا رۆژ بەرۆژ لەو وڵاتە لە هەڵکشاندایە و ئۆپۆزسیۆنیش پێىوایە ئیدارەدانى حکومەت بۆ قەیرانەکە هەر لەسەرەتاوە هەڵەبوە و شکستى هێناوە.  

لە تورکیا تائێستا نزیکەى (30) هەزار حاڵەتى توشبون و (578) حاڵەتی گیانلەدەستدان بە (کۆڤید19) تۆمارکراوە و زیاتر لە نیوەى حاڵەتەکانیش لە ئیستانبوڵن کە بە گەورەترین و ستراتیژى ترین شارى تورکیا دادەنرێت و شارەوانیەکەى بەدەست ئۆپۆزسیۆنەوەیە.

ئیستانبوڵ، خاڵى ناکۆکى حکومەت و ئیمامئۆغلۆ
هەرچەندە حکومەت دەسەڵاتى زیاترى بە سەرۆک شارەوانیەکاندا بۆ روبەڕوبونەوەى کۆرۆنا و گرتنەبەرى رێوشوێنى پێویست لەچوارچێوەى دەسەڵاتى خۆیاندا، بەڵام هەر لەسەرەتاوە سەبارەت بە ئیستانبوڵ ناکۆکى دەرکەوت لەنێوان سەرۆکى شارەوانى ئیستانبوڵ ئیمامئۆغڵۆ کە سەر بە ئۆپۆزسیۆنە لەگەڵ حکومەت.

سەرۆکى شارەوانى ئیستانبوڵ داواى کردبو شارەکە بەتەواوى دابخرێت، بەڵام حکومەت ئەمەى بەباش نەزانى و تەنها قەدەغەى هاتوچۆى بەسەر چەند چینێکى دیاریکراو لە بەتەمەن و گەنجانى خوار (18) ساڵ سەپاند، ئێستاش ئۆپۆزسیۆن پێیوایە چیتر هیچ سودێکى نیە ئەگەر ئیستانبوڵ بەتەواوەتیش دابخرێت، چونکە حاڵەتەکان تەشەنەى کردوە و نزیکەى (60%)ى توشبوانى تورکیا لەو شارەن.

نەیارێکى سەرسەخت بۆ ئەردۆغان
چاودێرانى تورکیا ، پێیانوایە ئەوەى ئەتوانێ روبەروى دەسەڵاتە فراوانخوازیەکەى ئەردۆغان ببێتەوە، ئۆپۆزسیۆنى تورکیا نیە، کە لە چەندین خولى پێشودا بەرامبەر ئەردۆغان شکستى هێناوە، بەڵکو نەیارە سەرسەختە نوێکەیە کە هەڕەشەى جدى لەسەر زۆرێک لە دەسەڵاتەکانى دنیا دروستکردوە و بە (کۆڤید 19) ناسراوە، نوسەرێکى نەیارى سەرۆک کۆمارى تورکیا، دەڵێت: "هیچ کات ئەردۆغان و حکومەتەکەى دوچارى دوژمنى ئەوەندە  سەرسەخت نەبونەتەوە".

هاوکات بەشێکى دیکەى چاودێران پێیانوایە ئەگەر حکومەتى ئاکەپە بتوانێت تورکیا بەکەمترین زیان لە قەیرانى کۆرۆنا دەرباز بکات، ئەوا جارێکى دیکە جەماوەرێتى ئەو پارتە بەرزدە بێتەوە کە لەئێستادا بەهۆى سەرکەشیەکانى ئەردۆغان و ریسکەکانى لەدەرەوە و دروستکردنى نەیارى زۆر لەناوەوە، تا ئاستێکى زۆر پێگە جەماوەریەکەى لاواز بوە و بە سەدان هەزار کەسیش لە رێکخستنەکانى ئەو پارتە لە چەند مانگى پێشوتر وازیان لەپارتەکە هێنابو.

چاودێران پێیانوایە؛ (کۆڤید 19) لەیەککاتدا "هەم هەڕەشە و هەم چانسى نوێبونەوەشە بۆ دەسەڵاتە پاوانخوازەکەى رەجەب تەیب ئەردۆغان".

ئۆپۆزسیۆن داواى ئازادکردنى زیندانیانى سیاسی دەکات
ئەگەر چى حکومەتى رەجەب تەیب ئەردۆغان داواى کرد بۆ روبەڕوبونەوەى قەیرانى کۆرۆنا هەماهەنگى نیشتیمانى ئەنجام بدرێت و ناکۆکیە سیاسەکان بخرێتە لاوە، بەڵام ئۆپۆزسیۆنى تورکیا متمانەیان بەم بانگەشەیەى حکومەت نیە و بە "درۆ" وەسفى دەکەن.

ئۆپۆزسیۆن دەڵێت: "لەکاتێکدا حکومەت دەیەوێت قەیرانى کۆرۆنا بکرێتە هۆکارێک بۆ یەکبونى نیشتیمانى، بەڵام لەولاوە بەردەوامە لە سەرکوتکردنى نەیارەکانى و دەستوەردان لە کاروبارى ئەو سەرۆک شارەوانیانەى سەر بە ئاکەپە نین وەک ئیستانبوڵ و ئەنکەرە".

ئۆپۆزسیۆن حکومەت بەوە تۆمەتبار دەکات کە بەردەوامە لە سەرکوتى سیاسى و تەنانەت نایەوێت لێبوردنى گشتى بەهۆى کۆرۆناوە زیندانیە سیاسەکان بگرێتەوە.

لەچەند رۆژى رابردودا لەگەڵ گفتوگۆکان بۆ ئازادکردنى زیندانیان وەک رێگرییەک لە سنوردارکردنى ڤایرۆسى کۆرۆنا، حکومەت رەتى کردەوە بەخشین زیندانیانى سیاسى بگرێتەوە، بەڵام ئۆپۆزسیۆن پێیوایە ئەگەر حکومەت راستدەکات دەیەوێت یەکبونى نیشتیمانى دروستببێت کەواتە با وەک نیازپاکى لەسەرەتاوە زیندانیانى سیاسى ئازاد بکات.

کۆرۆنا و شەڕى سیاسى
کەمال کلچدارئۆغڵو، سەرۆکى پارتى گەلى کۆمارى (جەهەپە)، پێىوایە حکومەت نەیتوانیوەپڕۆسەى بەرەنگاربونەوەى قەیرانى کۆرۆنا بکات بەباشى بەڕێوەببات، ئەو دەڵێت: "ئەگەر تورکیا لە روى تەندروستیشەوە سەرکەوتو بێت ئەوا لەروى ئابوریەوە دوچارى کێشەى گەورە دەبێتەوە"، بەڵام هەندێک لە چاودێرانى دۆخى سیاسى تورکیا پێیانوایە، ئۆپۆزسیۆنیش پلانێکى ئەڵتەرناتیڤى پێنیە و ئەوەى دەیکات تەنها شەڕێکى سیاسیە، چونکە ئۆپۆزسیۆن لەلایەک رەخنە لە دانەخستنى تەواوەتى ئیستانبوڵ دەگرێت، بەڵام لەلایەکى تریش رەخنە لە حکومەت دەگرێت کە داهاتوى دۆخى ئابورى پشتگوێ خستوە، لەکاتێکدا دانەخستنى ئەو شارە گەورەیە لەلایەن حکومەتەوە هۆکارى ئابورى لەپشت بوە.

ئۆپۆزسیۆنى تورکیا دەیەوێت کرێکارانى زۆربەى کەرتە جیاجیاکانى توکیا مۆڵەتى بە موچەیان پێبدرێت و پێىوایە بەمە بڵاوبونەوەى کۆرۆنا سنوردار دەکرێت، بەڵام حکومەت ئەوە بە زیان بۆ ئابورى وڵات دەبینێت.

گوڤەن ئۆزتان نوسەر و مامۆستاى زانکۆ، پێیوایە یەکەمجارە ئەردۆغان لەماوەى حکومڕانیەکەى خۆیدا توشى تێستێکى قورس دەبێتەوە، ئەو نوسیویەتى؛ "بۆیەکەم جارە ئەردۆغان توشى کێشەیەک دەبێتەوە کە ناتوانێت ئۆباڵەکەى بخاتە ئەستۆى هیچ دوژمنێکى دەرەکى، بەڵکو دەبێت خۆى روبەڕوى بێتەوە، ئێستا ئەو لەبەردەم سەختترین تاقیکردنەوەدایە لەوەتەى لەساڵى (2002) لە تورکیا دەسەڵاتى گرتوەتە دەست".