جیهان 11:40 - 30/03/2020

شارۆچکەی خەلیفان کەرەنتین دەکرێت

+ -

(سبەی):

دوای تۆمارکردنی شەش حاڵەتی توشبون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، شارۆچکەی خەلیفان کەرەنتین دەکرێت.

کرمانج عیزەت قائیمقامی قەزای سۆران بە (سبەی) راگەیاند: دوای تۆمارکردنی ژمارەیەک توشبو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بڕیاریانداوە شارۆچکەی خەلیفان بە تەواوەتی کەرەنتین بکەن و سەرجەم هاوڵاتیان لە ماڵەکانی خۆیان بمێننەوە.

پێشتریش، د. کاروان جەمال، بەڕێوەبەری تەندروستی سۆران بە (سبەی) راگەیاند: کۆبونەوەیەکی تایبەت بۆ بڕیاردان لەسەر دۆخی خەلیفان ئەنجام دەدەین، مەبدەئییەن رێککەوتوین شارۆچکەی خەلیفان کەرەنتین بکرێت.

ئەمڕۆ دوشەممە، وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم رایگەیاند: هەشت توشبوی نوێ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەولێر تۆمارکراون، کە پێنج لە توشبوان پیاو و ئافرەت و سێ منداڵن هەمویان کەسوکار و بەرکەوتوی توشبوەکەی دوێنێی ناحیەی خەلیفانن.

د.کاروان جەمال بەڕێوەبەری تەندروستی سۆران بە (سبەی) راگەیاند: دوای گەڕانەوەی لەوڵاتی بەریتانیا، دەرکەوتوە هاوڵاتییەکی ناحیەی خەلیفان هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنایە.

وتیشی :"ئەو هاوڵاتییە لە رۆژی (10)ی ئەم مانگە گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان، بەڵام رۆژی (14)ی مانگ حکومەتی هەرێم بڕیاریداوە کە ئەو هاوڵاتییانەی لە دەرەوەی وڵات گەڕاونەتەوە کەرەنتین بکرێن، هەر بۆیە ئەو هاوڵاتییە نەچوەتە کەرەنتینە، بەڵام دوای پشکنینەکان دەرکەوتوە کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنایە".

لەوبارەیەوە، کاروان کەریم خان بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان بە (سبەی) راگەیاند: ئەو هاوڵاتییە بەرکەوتنی لەگەڵ زۆرێک لە خزم و کەسوکاری هەبوە، رێکاری تەندروستی پێویست بۆ توشبوه‌كه‌ و خانەوادەکەی گیراوەتەبەر و ماڵی باوک و براکانی خراونەتە کەرەنتینەوە.

بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان داوا لە هاوڵاتیانی شارۆچکەکەی دەکات، پابەندی رێنماییەکانی تەندوستی بن و لەماڵەکانیان بمێننەوە و لەکاتی بونی هەر حاڵەتێک لە خۆیان و دەوروبەریان پەیوەندی بە هێڵی گەرمی وەزارەتی تەندروستی (122) یان نەخۆشخانەی خەلیفان بکەن.

سۆران - ئامانج ئەحمەد